جیاوازی نێوان ویلایەتی فیقهـ و مەرجەعیەتی نەجەف چییە؟

 

  • نمونەی موجتەبا لەعێراق دووبارە دەبێتەوە و محەمەد ڕەزا دەبێتە شوێنگرەوەی عەلی سیستانی؟
  • کوژرانی خامنەیی کێشە بۆ مەزهەبی شیعە دروستکردووە

مەزهەبی شیعە لەسەرانسەری جیهان دا دوای کوژرانی عەلی خامنەیی لە دوڕیانێکی قورسدان، بەر لەو ڕووداوە خۆیان لەنێوان قوم و نەجەف لە کێشەدا بوون، بەڵام ئێستا ململانێی نێوان “دەسەڵاتی ڕەهای قوم” و “ڕێبەرایەتی نەجەف” لە لووتکەدایە.

لەگەڵ دەستبەکاربوونی موجتەبا خامنەیی، وەك ڕابەری باڵای ئێران لەشوێنی عەلی خامنەیی باوکی (خامنەیی 37 ڕابەری باڵا و قسەکەری یەکەمی ویلایەتی فیقهـ بوو) ئێستا شوێنکەوتەی شیعەکانی ئێران لەبەردەم واقعێکی تا ڕادەیەک شۆکهێنەردان؛ ئایا بە ڕاستی ئێستا تەوریس جێگەی توانای گرتووەتەوە؟ دوای موجتەبا کوڕەکەی دەبێتە میراتگری ویلایەتی فیقهـ؟

مەرجەعییەتی شیعە لە دوای خامنەیی و لەژێر سێبەری تەمەنی درێژی عەلی سیستانی (95 ساڵ) ڕووبەڕووی قەیرانی شەرعییەت بووەتەوە. لێکترازانی گەورەی بۆچوونی شیعەکان ئەوکاتە ڕوویدا کە ئیمام خومەینی (یەکەم ڕابەری باڵای ئێران بوو، ماوەی 10 ساڵ لەو پۆستەدا بوو) بیرۆکەی “وەکیلایەتیی ئیمام”ی لە ساڵی 1979دا کردە سیستمێکی دەسەڵاتداریی سیاسی و دەستووری.

بۆچوونی سیاسی و ئاینیی شیعەکان دابەشی دوو بەرەی گەورە بوون، سیستانی لە نەجەف بڕوای بە “ویلایەتی حەسبییە” هەیە؛ واتە مەرجەع تەنیا لە کاتی پێویستدا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی دەستوەردان دەکات. لە بەرامبەردا، سیستمی ئێران بڕوای بە “ویلایەتی فەقیهی ڕەها” هەیە کە تێیدا ڕێبەر هەموو دەسەڵاتە ئایینی و سیاسییەکانی ئیمامی غائیبی لەدەستدایە و فەرمانەکانی وەک فەرمانی خودا دەبینرێن.

دەستبەکاربوونی موجتەبا خامنەیی وەک شوێنگرەوەی باوکی، تەواوی نەریتە ئایینییەکانی شیعەی تێکشکاند کە پێشتر جەختیان لەسەر “ئەعلەمییەت” (زاناترین) دەکردەوە. ئەم وەرچەرخانە سیاسییە وای کردووە تەنانەت لە نەجەفیش باس لەوە بکرێت کە محەمەد ڕەزا سیستانی، کوڕی مەرجەعی باڵا، بەهۆی ژیری و ئەزموونی 30 ساڵەی لە بەڕێوەبردنی مەرجەعییەتدا ببێتە جێگرەوەی باوکی؛ ئەمەش دەبێتە سەرەتایەک بۆ “خێزانییبوونی” مەرجەعییەتەکان.

ئێستا “ویلایەتی فەقیهـ” زیاتر وەک ناوەندێکی سیاسی دەردەکەوێت نەک ئایینی. زۆربەی شوێنکەوتووانی خامنەیی لە دەرەوەی ئێران، تەنیا وەک ڕێبەرێکی سیاسی سەیریان دەکرد و بۆ کاروباری پەرستش و ئایین شوێن سیستانی دەکەوتن. ئێستا کێشەی موجتەبا ئەوەیە کە ناتوانێت ئەو هەژموونە ئایینییە بۆ خۆی مسۆگەر بکات کە باوکی ساڵانێکی زۆر هەوڵی بۆ دا، ئەمەش مەرجەعییەتی ئێران لاواز دەکات.

ئەم دۆخە دوای 1,086 ساڵ لە “غەیبەتی گەورە” و چاوەڕوانیی گەڕانەوەی ئیمامی دوازدەیەم (ئیمام مەهدی) دێت. بیرۆکەی “ویلایەتی فەقیهـ” کە خومەینی دایمەزراند، وەک نوێنەرایەتییەکی کاتیی ئیمام بینرا، بەڵام دوای مردنی خومەینی و دەستبەکاربوونی خامنەیی، دەستوور هەموار کرایەوە تا مەرجی “زاناترین” لاببرێت و ڕێگە بۆ کەسانی سیاسی خۆش بکرێت. ئێستا کوژرانی خامنەیی و هاتنی کوڕەکەی، ئەو سیستمە بەرەو قۆناغی “شانشینی ئایینی” دەبات.

مەرجەعییەتی شیعە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە؛ یان دەبێت بگەڕێتەوە بۆ شێوازە تەقلیدییەکەی نەجەف و خۆی لە سیاسەت دوور بخاتەوە، یان ڕادەستی مۆدێلە نوێیەکەی قوم بێت کە تێیدا کوڕ لە باوکییەوە دەسەڵاتەکان بە میرات وەردەگرێت. داهاتووی ئەم ململانێیە چارەنووسی ملیۆنان شیعە لە جیهاندا دیاری دەکات کە ئایا مەرجەعەکەیان وەک “قەشە” دەبینن یان وەک “پاشا”.

لە بیروباوەڕی شیعەی دوازدە ئیمامیدا، پێیان وایە ئیمامی دوازدەیەم (محەممەد مەهدی) نەمردووە، بەڵکوو لە چاوی خەڵک شاراوەتەوە. ئەم ونبوونە دوو قۆناغی هەبووە: “غەیبەتی بچووک” کە نزیکەی 70 ساڵی خایاند و لە ڕێگەی 4 نوێنەرەوە پەیوەندیی بە خەڵکەوە دەکرد، هەروەها “غەیبەتی گەورە” کە لە ساڵی 941ی زایینییەوە دەستی پێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە؛ واتە هیچ نوێنەرێکی ڕاستەوخۆی نییە تا ئەو ڕۆژەی بە فەرمانی خودا دەردەکەوێت بۆ چەسپاندنی دادپەروەری لە جیهاندا.

Back to top button