
یوسف پزیشکیان، کوڕی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران کە دکتۆرای لە فیزیا دا هەیە، لە ڕێگەی چەناڵەکەی لە تێلیگرام یادداشتی ڕۆژانی جەنگ لە ئێران تۆماردەکات، هەرچەندە بەشێک لە یادداشتەکانی ستایشکردنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، بەڵام بەشێکی دیکەی نیشاندانی ئەو ترس و ئەو بۆشاییەیە کە سەرکردایەتی ئێران تێیکەوتووە.
لە ژێر فشاری هێرشە ئاسمانییە بێوچانەکان و لە کاتی دیارنەمانی سەرکردایەتی ئێران و خۆشاردنەوەیان لە ژێر زەمینەکاندا لەو کاتەوەتەی شەڕ لە 28 ی شوبات دەستیپێکردووە، یاداشتەکانی یوسف پزیشکیان کە هەم کوڕ و هەم ڕاوێژکاری مەسعود پزیشکیانە، وەک بەڵگەنامەیەکی دەگمەن دەرکەوت کە ڕادەی ترس و سەرلێشێواوی ناوەندەکانی بڕیاردان لە تاران ئاشکرادەکات.
ترس لە پشت گوتاری فەرمیەوە
سەرەڕای ئەو وتارە فەرمیانەی کە بەرهەڵستی بەرپرسانی ئێران نیشاندەدەن، یاداشتەکانی پزیشکیان وێنەیەکی جیاواز نیشان دەدەن و ئاماژە بە ترس و تۆقین لە نێو هەندێک لە کەسایەتییە سیاسییەکاندا دەکەن. لە شەشەم ڕۆژی جەنگدا یوسف نووسیویەتی “هەندێک کەسایەتی سیاسی لە ترسدا دەژین” ئەو نوسیبووی:”خەڵک لە سەرکردەکان خۆڕاگرترن”.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی بەرپرسان بووەتە ئەولەویەتی سەرەکی و وەستاندنی کوشتنەکان بووەتە “مەسەلەیەکی شەرەف” و هۆشداری دا کە بەردەوامبوونیان لەوانەیە ببێتە هۆی دۆڕاندنی جەنگ.
سەبارەت بە تیرۆرکردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی عەلی لاریجانی نووسیویەتی: “نەمدەویست باوەڕ بەوە بکەم کە … نەدەبوو ڕێگە بە دوژمن بدەین کوشتنێکی سەرکەوتووی تر ئەنجام بدات.”
بەڕێوەبردنی بەکۆمەڵی دەسەڵات
لە میانەی ئەو هێرشانەدا، سەرچاوە باڵاکانی ئێران ڕایانگەیاند، بەڕێوەبردنی وڵات ئێستا لە ڕێگەی لیژنەیەکی سەرکردایەتیکردنەوە بەڕێوە دەچێت. سوپای پاسداران سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەکات، لە کاتێکدا فەرماندەی نوێی سوپای پاسداران، ئەحمەد وەحیدی، لایەنی تاکتیکی شەڕەکە بەڕێوە دەبات و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی نزیک لە بازنەکانی ڕێبەری باڵا، بڕیارە ستراتیژییەکان بەڕێوە دەبات.
لە هەمان کاتدا، مەسعود پزیشکیان و جێگرەکەی محەمەد ڕەزا عارف بەردەوامن لە بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانەی دەوڵەت بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی کارکردنی دامەزراوەکانی.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، شیکەرەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ڕژێمی ئێران گۆڕاوە بۆ سیستەمێکی نەرم و فرە ناوەند کە توانای هەڵمژینی هێرشەکان و بەردەوامبوون لە بەڕێوەبردنی شەڕی هەیە.
یوسف پزیشکیان ئاماژەی بە یەکێک لە مشتومڕترین ساتەکانی جەنگ کردووە، کە پەیامێکی ڤیدیۆیی بوو باوکی لە 7 ی ئازاردا بڵاویکردەوە، تێیدا داوای لێبوردنی لە وڵاتانی عەرەبی کرد، بۆ هێرشە موشەکییەکانی سەر خاکەکانیان وەک “وەڵامێکی تۆڵەسەندنەوە” لە دژی بنکەکانی ئەمەریکا.
هەرچەندە سەرکردەکانی سوپا و پارێزگارەکان سەرۆکیان ناچار کرد لە بەڵێنەکانی پاشگەز ببێتەوە بۆ وەستاندنی شەڕ لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا، بەڵام یوسف بە پەلە بەرگری لە باوکی کرد و بە تۆنێکی ئەخلاقی توند نووسی: “داوای لێبوردن لە دراوسێکان ئەرکێکی ئەخلاقییە نەک یاسایی… ئەو خەڵکانەی لە وڵاتانی عەرەبیی کەنداو دەژین تاوانبار نین و بەهۆی ئەم شەڕەوە ژیانیان سەرەو ژێر بووە”. ئەم هەڵوێستە ڕەنگدانەوەی ناکۆکیی قووڵ بوو لەناو دەسەڵاتی ئێران دا.
ناکۆکی لەسەر بەردەوامبوونی شەڕەکە
یادداشتنامەکان ناکۆکی ناوخۆیی سەبارەت بە ئاسۆی کۆتاییهاتنی جەنگ دەردەخەن، چونکە یوسف گفتوگۆیەکی کۆبوونەوەی حکومەت لە هەفتەی یەکەمی جەنگەکە گێڕاوەتەوە، گفتوگۆکە لە دەوری ئەم پرسیارانە خول دەخۆن: “تا کەی شەڕ دەکەین؟ بۆ هەمیشه؟ تا ڕووخانی ئیسرائیل و کشانەوەی ئەمریکا؟ یان تا ڕووخانی ئێران و خۆبەدەستەوەدانی؟”.
یوسف پزیشکیان هەروەها نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت بۆ بەئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی عەرەبی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لەوانەیە ئەنجامێکی پێچەوانە بێت و نووسیویەتی: “جێگەی داخە کە ئێمە بەرگری لە خۆمان دەکەین بە لێدانی بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی دۆست”.
یادەوەرییەکانی نێوان جەنگ و ژیان
یادداشتنامەکانی یوسف پزیشکیان لەنێوان سیاسەت و ژیانی ڕۆژانەدا دەسوڕێنەوە، یوسف وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەی خۆی دەگێڕێتەوە، وەک یاریکردن لەگەڵ منداڵەکانی، چوونە دەرەوە بۆ باخچە، پابەندبوونی بە وەرزش بۆ پاراستنی هاوسەنگی دەروونی.
هەروەها باسی لەوە کرد، نامەیەکی نادیاری پێگەیشتووە کە پێی وابوو تەڵەی ئیسرائیلە، کە بانهێشتنامە بووە بۆ شکاندنی ڕۆژوو. هەروەها باسی سەردانی داپیری کرد کە ئاگای لە جەنگ نەبوو، ئەو ڕووداوانەی بە سەرسوڕهێنەر زانیوە و نووسیویەتی: “دوای 19 ڕۆژ لە جەنگ، چەند جارێک کەوتم و گریام.”
هەروەها نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە باوکی و ئاماژەی بەوەدا کە لە سەرەتای جەنگەوە نەیتوانیوە بیبینێت، سەرەڕای دەرکەوتنی کورت لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی دژی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا هیوای خواست کۆتایی خولی سەرۆکایەتیی، ڕێگە بە گەڕانەوەی بۆ ژیانی ئاسایی بدات.
سەعد ئەلحەمید، شیکەرەوەی سیاسی پێی وایە کە یادداشتنامەکان بەڵگەنامەیەکی دەگمەنن لەبارەی ئەوەی لە پشت پەردە و ڕاڕەوەکانی ڕژێمی ئێراندا ڕوودەدەن و ڕوونی دەکاتەوە کە “ترس و سەرلێشێواوی و دڵەڕاوکێیەک لەناو سەرکردایەتی ئێران دا دەردەخەن، کە جیاوازە لە باروودۆخی شەقامەکان”.
ئەلحەمید دەشڵێت ئەم یادداشتانە کە سەرنجی میدیای نێودەوڵەتییان ڕاکێشاوە، جیاوازی ناوخۆیی دەردەخات سەبارەت بە بەردەوامی شەڕ و ئامانجەکانی لەنێوان ئەوانەی کە بەدوای سەرکەوتن دەگەڕێن و ئەوانەی بیر لە مانەوە دەکەنەوە.





