
لە جەنگی ئێران و پشێوی ناوچەکە، ئوردن لە دۆخێکی دوودڵیدایە و لە نێوان خواستی بەرەنگاربوونەوەی ئەوەی پێی دەگوترێت “هیلالی شیعی” و ترس لە لە هەژموونی بەرفراوانی ئیسرائیل لە قۆناغی داهاتوودا خۆی دەبینێتەوە، ئەم دۆخە ئاڵۆزە نەک تەنها لە هەڵوێستی عەمان بەرامبەر بە ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵکو لە حیساباتی وردەوە سەبارەت بە ئەگەری هەژموونی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا سەرچاوە دەگرێت.
سەرەڕای ڕق و کینەیەکی ڕوون و دێرینی عەمان بەرامبەر بە تاران و پابەندبوونی بە هاوپەیمانێتی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکا، هەروەها پابەندبوونی بە پەیمانی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل، نیگەرانییەکانی ئوردن تەنیا لە ڕۆژهەڵاتدا سنووردار نییە، بەڵکو بەرەو ڕۆژئاواش درێژدەبێتەوە.
عەبدوڵڵای دووەم، کە پادشای ئوردنە، لە ساڵی 2004دا یەکەم کەس بوو کە دەستەواژەی “هیلالی شیعی”ی داهێنا، شا عەبدوڵڵا هۆشداریی دا لە فراوانبوونی هەژموونی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە ساڵانی دواتردا، بە هۆی چالاکییەکانی ئێران لە ناوچەکە، ئوردن هەوڵی لەگەڵ سەرۆکە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمریکا دەدا، ئێران وەك نەیارێکی ئوردن تەماشا بکەن.
ئەمجارە لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی نەڕەی شێر، ئوردن ئەمجارە ڕاستەوخۆ خۆی لەبەردەم چەقۆی تیژی ئێراندا بینیەوە، لەماوەی مووشەکبارانکردنی وڵاتانی ناوچەکەش لەلایەن ئێرانەوە، زیاتر لە 100 پارچە مووشەک لە خاکی ئوردن کەوتووەتە خوارەوە.
لەکاتێکدا مووشەک و فرۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران لەماوەی شەڕەکانی ڕابردوودا لە ئاسمانی ئوردن ڕێگرییان لێدەکرا بەر لەوەی بگەنە ئیسرائیل، بەڵام بەشێک لە هێرشەکانی ئەمجارە ڕاستەوخۆ خاکی ئوردنیان کردە ئامانج، میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە خاکی عێراقەوە هێرشەکانیان ئەنجامداوە.
ئامانجەکانی هێرشەکە بریتی بوون لە بنکە ئاسمانییەکانی ڕوەیشد و مووەفەق سالتی لە باکوری ئەو وڵاتە، کە فڕۆکە سەربازییەکانی ئەمریکا بە پێی ڕێککەوتنی هاوکاری ئەمنی کە لە ساڵی 2021لە نێوان ئوردن و ئەمریکا واژۆ کراوە، لەوێ جێگیرکراون.
هاوکات دەسەڵاتدارانی ئوردن پووچەڵکردنەوەی هێرشێکی ئەلیکترۆنی ئێرانیان ڕاگەیاند، کە یەدەگی ستراتیژیی گەنمی شانشینی ئوردنی کردە ئامانج، کە مەبەست لێی دەستکاریکردنی پلەی گەرمی هەڵگرتن بوو. ڕاگەیاندنەکانی ئوردن بە ڕووماڵێکی توند باسی ڕووداوەکەیان کرد، هەروەها بە هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی خۆراک و سەقامگیری کۆمەڵایەتی لە وڵاتەکەیان وەسفیان کرد.
سەرەڕای ئەو هێرشانەی ئێران، بەڵام هێشتا ئوردن خۆی پاراستووە لە وەڵامدانەوەی ئێران، تەنانەت لە هەوڵی بەشێک لە وڵاتانی کەنداو بۆ ڕووخانی ڕژێمی ئێران، ئوردن خۆی پاراستووە، جگە لەوە شا عەبدوڵڵای دووەم لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردوەتەوە لە پێویستی پەنابردنە بەر دیالۆگ و ڕێگەی دیپلۆماسی بۆ وەستاندنی جەنگەکە، هەروەها کارکردن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکان و گەیشتن بە ئاگربەست.
ئەوەی بۆ ئوردن بوەتە کێشە هەڵوێستی ناوخۆیی خەڵکی وڵاتەکەیە، لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا-ئیسرائیل بۆسەر ئێران، خەڵکی ئوردن بە تووڕەییەوە لە سۆشیەڵمیدیاکانیان باسیان لەوەدەکرد، وڵاتەکەیان هاوکاریی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات، بەڵام حکومەتی ئەو وڵاتە دڵنیایی دایە خەڵکەکە، کە خستنەخوارەوەی مووشەک و درۆنەکانی ئێران، لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی پاراستنی سەروەری ئوردنە، نەك بەشداریکردن لە بەرەی ئەو دوو وڵاتە دژی ئێران.
ڕاپرسییەک کە لە مانگی ئەیلولی 2015 ئەنجامدرا دەریخست کە %76.2ی خەڵکی ئوردن، ئیسرائیل بە هەڕەشەی سەرەکی بۆ وڵاتەکەیان دەزانن، لە کاتێکدا تەنها 9%ی خەڵکی ئوردن، ئێران بە هەڕەشەی سەرەکی دەزانن بۆ سەر وڵاتەکەیان.
شارەزایان بۆچوونیان وایە، بێلایەنیی ئوردن ڕەنگە بۆ ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان کاتێکی دیاریکراوی هەبێت، چونکە بابەتی گازی سروشتیی کە سەرچاوەی دابینکردنی زۆرینەی کارەبای ئوردنە لە ئیسرائیلەوە دەڕوات، بۆیە ئیسرائیل دەتوانێت ئوردن ناچار بکات بەدوای بەدیلێکی گرانتردا بگەڕێت.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان، هەڵاوسان و ڕێژەی هەژاری زیاتر کردووە، هاوکات دابەزینی کەرتی گەشتیاری کە بەزەحمەت دەستی بە چاکبوونەوە کردبوو بەهۆی جەنگی غەززەوە، زیانێکی زۆری بە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی هەلی کار و دراوی بیانی لە ئوردن دەگەیەنێت.
ئەوەی بۆ ئوردن کێشەیە، نەبوونی بەرچاو ڕوونییە لە ئایندەی ڕژێمی ئێران کە ئایا دەڕوخێت یاخود نا، بۆیە هاوپەیمانێتی ئاشکرای ئوردن لە دژی ئێران دەتوانێت بگۆڕێت بۆ قومارێکی مەترسیدار. تەنانەت لە ئەگەری داڕمانی ڕژێمی ئێرانیشدا، عەمان هێشتا هێڵکارییەکانی سیستمێکی نوێ و سەقامگیری ناوچەیی لە ئێراندا نابینێت. بەڵکو ترسی لە سیناریۆی خلیسکان بۆ ناو ئاژاوەگێڕی، شەڕی ناوخۆ، یان ململانێی دەسەڵات هەیە- هەموو ئەو ئەگەرانە کە دەتوانن ناسەقامگیری ناوچەکە زیاتر بکەن.
لە چاوی زۆرێک لە ئوردنییەکانەوە، ئەگەر ئیسرائیل بە سەرکەوتوویی و بەهێزتر لە جەنگی ئێران دەربچێت، ڕەنگە هەوڵی دووبارە کێشانەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدات بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییەکانی دراوسێی پشتگوێ بخات. هەندێک لەو ئەجێندایانەی کە ئیسرائیل بەدوای جێبەجێکردنیەوەیەتی بریتییە لە: لکاندنی بەشێک لە کەناری ڕۆژئاوا، هاندانی کۆچی فەلەستینییەکان و تێکدانی دۆخی ئێستا لە قودس، تەنانەت دروستبوونی هەڕەشەیەکی وجودیی لەسەر شانشینی ئوردن.





