چین و ڕووسیا چۆن لەپشت پەردەوە هاوکاریی سەربازیی ئێران دەکەن؟

 

تاران لە شەڕی دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیلدا بە تەنیا نییە، بەڵکو لە پشت پەردەی بەرگریی ئێرانەوە “تۆڕێکی شاراوەی هاوکاری سەربازی” هەیە کە دەگاتە تاران.

ڕۆژنامەی “ئێندپێندنت”ی ئیسپانی لە ڕاپۆتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، مۆسکۆ و پەکین ساڵانێکە بەشدارن لە بەهێزکردنی تواناکانی ئێران، لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە بگرە تا تەکنەلۆژیای هەواڵگریی مانگی دەستکرد و ئاڕاستەکردنی موشەک. ئامانجی هاوبەشی ئەم سێ وڵاتە تێکشکاندنی باڵادەستیی سەربازیی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ئەم هاوکارییانە سنووری دیاریکراویان هەیە.

نزیکبوونەوەی ئێران، ڕووسیا و چین لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیا نییە، بەڵکو بەهۆی هەبوونی دوژمنێکی هاوبەشە کە ئەویش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. دوای شەڕی ئۆکرانیا لە 2022، تاران هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “شاهید” و موشەکی بالیستی مەودا کورتی بۆ مۆسکۆ دابین کردووە.

لەبەرامبەریشدا مۆسکۆ فڕۆکەی مەشقی (Yak-130)، هێلیکۆپتەر و زرێپۆشی داوە بە ئێران. هەروەها ئەزموونی خۆی لە بواری ئاسایشی سایبەری و جەنگی ئەلیکترۆنیدا لەگەڵ تاران بەش کردووە، جگە لەوە ڕووسیا وێنە و زانیاریی مانگە دەستکردەکانی دەربارەی جووڵەی هێزەکان و کەشتییەکانی ئەمریکا لە کەنداو داوەتە ئێران، کە ئەمە سوودێکی ستراتیژی گەورەی بۆ تاران هەیە.

بەڵام مۆسکۆ تا ئێستا ئامادە نەبووە پێشکەوتووترین چەکەکانی وەک فڕۆکەی (Su-35) یان سیستەمی (S-400) بداتە ئێران، چونکە نایەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو تێک بچێت.

ڕۆڵی شاراوەی چین

چین ڕۆڵێکی کەمتر ئاشکرا بەڵام گرنگتر دەگێڕێت، بەتایبەت لە نوێکردنەوەی ژێرخانی تەکنەلۆژیای ئێران، سیستەمی “بایدۆ” (Beidou) کە ئێران دەستی پێی گەیشتووە، کە ڕکابەری (GPS)ی ئەمریکییە. ئەمە وای کردووە موشەک و درۆنەکانی ئێران زۆر وردتر بن و کەمتر بکەونە ژێر کاریگەریی جەنگی ئەلیکترۆنیی ڕۆژئاوا، هەروەها چین ڕاداری وەهای داوە بە ئێران کە توانای دۆزینەوەی فڕۆکە شەبەحەکانی ئەمریکای هەیە،

فابیان هینز، شرۆڤەکار لە پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان دەڵێت، بەشێکی زۆری هاوکارییەکانی چین ناڕوونن بۆ نموونە دیار نییە ئایا گرێبەستی موشەکی دژە کەشتی یان سیستەمی گەورەی بەرگری ئاسمانی بە تەواوی جێبەجێ کراون و ڕادەستی ئێران کراون یان نا.

عەلی واعیز، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئێران لە گرووپی نێودەوڵەتی قەیرانەکان، دەڵێت هەرچەندە ئەم یارمەتییانە گرنگن، بەڵام ناتوانن هاوسەنگیی هێز بە شێوەیەکی بنەڕەتی بگۆڕن لە بەرژەوەندی ئێران، بەرامبەر بەو باڵادەستییە تەکنەلۆژییە زەبەلاحەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل هەیانە.

موشەکە نیگەرانکەرەکان

کڕینی موشەکی CM-302ی دژە کەشتی کە خێراییەکەی لە دەنگ زۆرترە، یەکێکە لە هەستیارترین ئەو ڕێککەوتنانەی کە لەم دواییانەدا لە نێوان ئێران و چین گفتوگۆی لەسەر کراوە.

موشەکەکە مەوداکەی نزیکەی 300 کیلۆمەترە و خێراییەکەی دەگاتە نزیکەی 3 ماخ (سێ ئەوەندەی خێرایی دەنگ). ئەم موشەکە بە شێوەیەک دروست کراوە کە لە بەرزییەکی زۆر نزمدا بفرێت و بەرگرییە دەریاییەکان ببڕێت. شرۆڤەکارانی سەربازی پێیان وایە ئەم موشەکە هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر کەشتیگەلە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا کە لە کەنداودا بڵاوەیان پێ کراوە.

سەرەڕای گەشەکردنی ئەم هاوکارییە سەربازییانە، ڕووسیا و چین هاوسەنگیی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەپارێزن، راستە هەردووکیان پێویستیان بە ئێرانە وەک هاوبەشێکی ستراتیژی، بەڵام ئامادە نین بەرژەوەندییە هەرێمییەکانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە بۆ ڕزگارکردنی ڕژێمی ئێران.

نیسان ڕەفاتی، شرۆڤەکار لە گرووپی نێودەوڵەتی قەیرانەکان، لەم بارەیەوە دەڵێت: چین ماددەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی موشەکی بالیستی دەداتە ئێران و ڕووسیاش زانیاریی هەواڵگریی لەگەڵ دەگۆڕێتەوە. بەڵام پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی ئێران و پابەندییە سەربازییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، سنوورێک بۆ بڕی ئەم هاوکارییانە دادەنێن.

پەکین تەنیا پێویستی بە نەوتی ئێران نییە، بەڵکو پشتیش بە سەقامگیریی گەروی هورمز دەبەستێت، کە نزیکەی 45٪ـی هاوردەی نەوتە خاوەکەی لەوێوە تێدەپەڕێت.

فشارەکانی پەکین بۆ سەر تاران دەریدەخەن کە چین زیاتر جەخت لەسەر پاراستنی ڕێڕەوەکانی وزە دەکاتەوە کە ئابوورییەکەی لەسەر وەستاوە، نەک دەستوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆ. لە ڕاستیدا، چین دەیەوێت ئێران “بەرگری بکات” بەڵام نەک لەسەر حیسابی ئاگربارانکردنی ئەو شادەمارەی کە بەشێکی زۆری پێداویستییەکانی چین دابین دەکات.

مۆسکۆ هەوڵ دەدات کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بە کراوەیی بهێڵێتەوە، خۆی لە بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن بەدوور بگرێت و پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیە و ئیمارات نەخاتە مەترسییەوە. بە گشتی، یارمەتییەکان بوونیان هەیە، بەڵام ملکەچی حساباتی وردن.

Back to top button