
بەدیار تەرمی کەسوکارەکانیانەوە کە لەڕیزەکانی حەشدی شەعبین و بە بۆردوومانەکانی ئەمریکا کوژراون دەگرین. هاوار و ناڵەی کەسوکارەکانیان دەگاتە ئاسمان، خۆ ئەگەر بەر لە کوژرانیان پرسیاری جددیی و ڕاشکاوت لێ بکردنایە کە لەپێناو چیدا شەڕ دەکەن؟ وەڵامەکەیان بە دروستیی نەزانیایە. ڕەنگە وەڵامی ئەو پرسیارە لای فەرماندەکانیان بێت، ئەو فەرماندانەی حەشدی شەعبی کە هێندەی دڵیان بۆ ئێران دەسوتێت، دڵنیان بۆ عێراق بسوتایە، ئێستا وڵاتەکەیان لە جێگەیەکی شایستەدا بوو.
چەند ساڵێکە ئەو میلیشیایانەی ناویان لەخۆیان ناوە “بەرەی مقاوەمە” لەگەڵ ئەو ڕاستیەدا دەژین کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بووەتە واقعێکی نەگۆڕ و چیتر هێرشکردنەسەر ئەو هێزانە و دروشمی قەبە بۆ دەرکردنیان، سودێکی ئەوتۆی نییە، بۆیە فەرماندەی ئەو میلیشیایانە بەتایبەت فەرماندە پلە یەکەکانیان، زیاتر سەرقاڵی کاری بازرگانیی و ڕاوی دۆلار بوون، تەنانەت لە جەنگی 12 ڕۆژەشدا ئامادە نەبوون دۆلارەکانیان بگۆڕنەوە بە بەرگریکردن لە ئێران و بێدەنگییان هەڵبژارد.
جەنگی ئەمجارە جیاوازە، بەرەی مقاوەمە تێگەیشتووە لەو ڕاستیەی؛ هێرشەکان لە تارانن، بەڵام ئازارەکەی دەگاتە بەغدا و ئەنبار، دەگاتە نەجەف و کەربەلاش، بۆیە لە بڕیارێکدا کە هاوشێوەی “خۆکووژی بوو” بڕیاریاندا بچنە جەنگی ئێرانەوە و پشتیوانیی لەو وڵاتە بکەن کە ئەوانی دروستکردو پڕچەکی کردن، بەڵام ئەگەر سەرکردە پلە یەکەکانی ئێران لە بەرەی پێشەوەی ڕوبەرووبونەوەی ئەمریکا بن، ئەوانەی بەرەی مقاوەمە کەس نازانێ لە کوێن، سەدان چەکداری خۆیان ناردووەتە گۆڕەپانی قەسابخانەی جەنگ و بە دەنگێکی پڕ لە فەرمانەوە هاوار دەکەن: لە ئەمریکییەکان بدەن، بەڵام کەس نازانێ ئەو دەنگەی فەرمان دەکات خۆی لە کوێ حەشارداوە.
لەماوەی دەستپێکردنی جەنگی ئێران تا ئەمڕۆ زیاتر لە 65 چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون کە بەشێکیان فەرماندەی حەشد بوون، هەروەها زیاتر لە 130 چەکداریش بریندار بوون، نەخشەی هێرشەکانیش لەم ناوچانە بوون: بەغدا، نەینەوا، سەڵاحەدین، کەرکوک، دیالە و ئەنبار.
پێکهاتەی بەرەی مقاوەمە:
کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی
عەسائیبی ئەهلی حەق
بزوتنەوەی نوجەبا
کەتائیبی سەید شوهەدا
بزوتنەوەی ئەنساروڵلا ئەوفیا
کەتائیبی ئیمام عەلی
بەشێک لەم گروپە میلیشیاییانە لە پەرلەمانی عێراق نوێنەریان هەیە و حزبی سیاسییان دروستکردووە، بەشێکیان لە حکومەتی عێراقدا پۆستیان وەرگرتووە، بەشێکن لەو سیستمە دارایی و ئابوورییەی ئەمریکا نەخشەکەی کێشاوە و هەڵسوڕێنەریەتی، بەڵام بۆ سەرکردەکانی ئەو گروپە گرنگ گەیشتنی دۆلارەکانیانە بە جێگەی مەبەست، نەك قوربانیدانی چەکدارەکانیان.
هەرکاتێک ئەمریکا هۆشداریی توند بداتە گروپەکانی بەرەی مقاوەمە، ئەوان بە پاساوی پاراستنی سەروەریی عێراق و پەلکێش نەکردنی وڵات بۆ لێواری کارەسات، هێرشەکانیان بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا ڕادەگرن، بەڵام لە جەوهەردا ترسی ئەوان ترسە لە لەدەستدانی ئەو سامانەی ساڵانێکە لە ژێر پەردەی “بەرەی مقاوەمە دژی ئەمریکا و زایۆنیزم” کۆیانکردووەتەوە.
پێگەی میدڵ ئێست مۆنیتەر لە ڕاپۆرتێکدا دەربارەی ئەو گروپانەی ناویان لەخۆیان ناوە مقاوەمە دەڵێت: ئەمانە نیشتمانپەروەر نین، بەڵکو کۆمەڵێک تەماحکارن. ئەوان ئایدۆلۆژی نین، بەڵکو دەسەڵاتدارن. ئەوان بە ئیمانەوە ناجەنگن، بەڵکو بە دوای سەروەت و سامانەوە. ئەوان وەزیر و پەرلەمانتار نین، بەڵکو سەرکردەی خێڵن بە جلوبەرگی حکومییەوە. فەرماندەیی گروپە میلیشیاکان و فەرمانی ڕفاندن و بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسانیان پێیە”. ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە ساڵی 2003ەوە عێراق تاڵان دەکەن بەڵام وەک هەموو تاوانباران یەک هەڵەی گەورەیان کردووە: شوێنەواری داراییان بەجێهێشتووە”.
چەکدارەکانی ئەو گروپانە لە ژێر بۆردومانی قورسی ئەمریکادان، باڵەخانە و بارەگاکانیان بەسەردا دەڕوخێت، بەڵام سەرکردەکانیان سەرقاڵی ناردنی سامانەکانیانن بۆ خەزێنەکانی سویسرا و بانکەکانی ئێران و کۆمپانیاکانی خانووبەرە لە ئەوروپا و ئەمریکای باکوور و ئەمەریکا. ئەو سەرکردانە ترسیان لە سەرباز و بۆمبەکانی ئەمریکا نییە، بەڵکو لە هەژاری و ئیفلاس بوون دەترسن.
پێگەی میدڵ ئێست مۆنیتەر ئاماژەی بەوەشداوە، لای ئەو گروپانە دڵسۆزی کاڵایەکە و هاوپەیمانییەکان دەخرێنە موزایەدەوە، نیشتمانپەروەری تێیدا ساختە دەکرێت. ئەگەر ئەمریکا بیەوێت حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە، ئەگەر بیەوێت دەستی تاران بشکێنێت، دەبێت یەک شت بەکاربهێنێت، کە ئەم پیاوانە لێی دەترسن: “پارە” نەک ڕاستی، نەک پرەنسیپ، نەک دادپەروەری.
چەکدارەکانی حەشدی شەعبی باجی نەزانیی سەرکردەکانیان دەدەن، ئەو سەرکردانەی ئامادەن لەپێناو ئێراندا سەری خۆیان ببەخشن، لەکاتێکدا پێشتر حەسەن نەسروڵڵا، یەحیا سنوار، ئیسماعیل هەنیە و زۆری دیکە سەری خۆیان بەخشی و ئێران جگە لە هەندێک پرتەوبۆڵە، هیچ کاردانەوەیەکی ستراتیژیی نەبوو. بەڵام وەك هەر سەرکردەیەکی دیکە کە بڕیارێکی هەڵەشە دەدات و میللەتەکەی دەخاتە باوەشی شەڕ و کارەساتەوە، سەرکردەی میلیشیا شیعەکانیش دوای ساڵانێک لە هێوربوونەوەی دۆخی عێراق و کەمێک بووژانەوەی ئابورییەکەی، خەریکە لەپێناو “هیچ”دا وڵاتەکەیان دەخەنە نێو ئاگرێکی بەتینەوە.
پێش دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا دژی ئێران، واشنتۆن چەند مەرجێکی توندی بۆ عێراق هەبوو، کە لە سەرووی هەموویانەوە کێشانەوەی چەک بوو لە دەستی گروپە چەکدارەکان و هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگ و بەشداریکردنی ئەو گروپانەی لەژێر چەتری حەشددا، ئەو ئاماژەیەی بە ئەمریکا دا، کە حەشد بریاریداوە دژی هێزەکانیان بجەنگێت، هەربۆیە هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بەئامانجگرتنی حەشدی شەعبی کردووەتە کاری ڕۆژانەی خۆی.
پێشهاتەکانی ئەم دواییە و بەئامانجگرتنی حەشدی عەشایەری و حەشدی فەرمی، ئەوە دەسەلمێنێت کە هەموو جۆرە حەشدەکان بە هەر ناوێکەوە بن، حەشدی سوننە، تورکمان، یان مەسیحی، لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە ڕەتکراوەن و وەک لایەنی دوژمن پۆلێن دەکرێن. هەر بۆیەش بەئامانجیان دەگرێت بە بێ گوێدانە ئەوەی ئایا هەندێک لە سەرکردەکانیان سەر بە ئێرانن یان نا؛ بەو بەڵگەیەی کە هەندێک سەرکردە یان حەشدی مەرجەعیەت و حەشدی عەشایەری هەن کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە نییە و هیچ کاتێک بنکە ئەمریکییەکانیان بۆردومان نەکردووە.





