
لەکاتێکدا نیگەرانییەکان لە خزانی تەواوی ناوچەکە بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی کراوە زیاد دەکات، کە ڕەنگە هاوسەنگییە ئەمنی و سیاسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرلەنوێ دابڕێژێتەوە، تورکیا ئامادەیی سەربازیی خۆی بەرزکردەوە وەک پێشبینییەک بۆ هەر پەرەسەندنێک کە دەست بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ببات.
هاوتەریب لەگەڵ بەهێزکردنی بوونی سەربازی لە باکووری قوبرس لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی شەش فڕۆکەی جەنگی لە جۆری “F-16″، وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاوکردنەوەی سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتووی دوور مەودای “پاتریۆت”ی لە مەلاتیای باشوور ڕاگەیاند؛ ئەمەش بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی ئاسمانی و موشەکی لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک، کە لەوانەیە بەر ئاسمانیی وڵاتەکەی بکەوێت لەگەڵ فراوانبوونی بازنەی گرژییەکان.
هەرچەندە هەوڵەکانی تورکیا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی بەرگری لە چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی ناتۆدا دێت، بەڵام لای ئیسرائیل ئاماژەی ئەمنی و سەربازیی مەترسیداری هەڵگرتووە، بەجۆرێک دەیان وەزیر و بەرپرس و شرۆڤەکاری ئیسرائیلی دەستیان کردووە بە ناساندنی تورکیا وەک “دوژمنی داهاتوو” لە دوای ئێران. بەتایبەت کە توانای بەرگرییە پێشکەوتووەکانی تورکیا لە بوارە جیاوازەکاندا، لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە تا تانک و تۆپخانەکان، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا وای کردووە ببێتە یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکان لە بازاڕی چەکی جیهانیدا.
ڕاپۆرتێکی دەستەی ڕاوێژکاریی سەر بە حکومەتی ئیسرائیل کە تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی، هۆشداریی داوە لەوەی کە سیاسەتی ئەنقەرە بە ئامانجی سەرلەنوێ بونیادنانەوەی هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا، مەترسییەکی ستراتیژییە بۆ سەر ئیسرائیل، داواشی لە حکومەتی تەلئەبیب کردووە کە ئامادەکاری بکات بۆ ئەگەری هەڵگیرسانی ململانێیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تورکیا.
بەپێی ڕاپرسییەک کە دامەزراوەی (Areda Survey) لەژێر ناونیشانی “پیشەسازییە بەرگرییەکان و سیاسەتی دەرەوەی تورکیا” ئەنجامی داوە، 60.1%ـی بەشداربووان پێیان وایە کە ڕەنگە ڕۆژێک ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر تورکیا، لە کاتێکدا 54.7%ـی بەشداربووان جەختیان کردووەتەوە کە پێشانگای نێودەوڵەتیی پیشەسازییە بەرگرییەکان کە ساڵی ڕابردوو لە ئەستەمبوڵ بەڕێوەچوو، متمانەی پێ بەخشیون لە بەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکاندا.
سەرەڕای لێدوانە پڕ لە مشتومڕەکانی نەفتالی بێنیت، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل، کە وتی تورکیا بووەتە “ئێرانێکی نوێ” لە ناوچەکەدا و هۆشداری دا لە هەوڵەکانی ئەنقەرە بۆ “بونیادنانی بەرەیەکی سوننە لەپێناو گەمارۆدانی ئیسرائیل” بەڵام یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، جەختی کردەوە کە ئەگەری هەڵگیرسانی پێکدادانی ڕاستەوخۆ لە نێوان تورکیا و ئیسرائیل زۆر کەمە، بەتایبەت دوای ئەوەی کەناڵەکانی پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی ئیسرائیلی دروست کراون بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر گرژییەک.
لەلایەکی ترەوە، بەرپرسانی ناوەندی سیتا (SETA) بۆ توێژینەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەنقەرە هەوڵ دەدات هاوسەنگییەکی ورد لە نێوان پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوا و بەرژەوەندییە هەرێمییەکانی بپارێزێت. ئەمەش ئەو خاڵەیە کە “جالیا لیندنشتاوس” توێژەری ئیسرائیلی لە “پەیمانگای توێژینەوەکانی ئاسایشی نەتەوەیی” لە سەرەتای ئەم مانگەدا باسی کرد و نووسی: “تورکیا کە ڕکابەرێکی ستراتیژیی ئیسرائیلە، نایەوێت ڕاستەوخۆ بچێتە ناو جەنگ دژی ئێران و نایەوێت ڕژێمی ئەو وڵاتەش بڕوخێت، چونکە دەترسێت پێشهاتە ئەمنییەکان ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی پرسی کورد یان تێکچوونی هاوسەنگییە هەرێمییەکان”.
ڕۆژنامەی “یەدیعوت ئەحرونوت”ی ئیسرائیلی پێیوایە، گوتاری تورکیا هێشتا ڕەخنەی توندی تێدایە بۆ تەلئەبیب. تورکیا سەرکۆنەی موشەکبارانەکانی ئێرانی بۆ وڵاتان نەکرد و تەنیا ئەردۆغان جەختی لەسەر دوورکەوتنەوە لە جەنگ کردەوە.
زەینەب ڕیبوع، توێژەر لە پەیمانگای “هەدسن”ی ئەمریکی، پێی وایە جەنگ دژی ئێران “بەبێ گومان پێگەی تورکیا بە شێوەیەکی بەرچاو دەگۆڕێت”. لە ڕوانگەی ئەوەوە: “پاشەکشەی هێزی ئێران مەودایەکی فراوان بۆ ئەنقەرە دەکاتەوە تا هەژموونی هەرێمی و نێودەوڵەتیی خۆی بەهێزتر بکات، ئەمەش ترسێکی ڕاستەقینە لای ئیسرائیل دروست دەکات، کە تورکیا بوونی خۆی لە چەندین ناوچەدا فراوانتر بکات”.
تەلئەبیب هەوڵ دەدات هاوسەنگیی هێز بۆ بەرژەوەندیی خۆی ڕێکبخاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی تورکیا چاوخشاندنەوەی بە تواناکانی خۆیدا کرد و بوارەکانی بەرگریی ئاسمانی، موشەکی و ئاسایشی بەهێزتر کرد. هاوکات هەماهەنگیی ئەم دواییەی ئیسرائیل لەگەڵ قوبرس و یۆنان تەنها بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی سێقۆڵی و تەسککردنەوەی بازنەی هەژموونی تورکیا نەبووە، بەڵکو لەبەر ئەوە بووە کە ئەو دوو دەوڵەتە دەرفەتی بوونی سەربازییان لە نزیک کەناراوەکانی تورکیا بۆ ئیسرائیل ڕەخساندووە.
سەرەڕای پەیوەندییە ئەرێنییەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن لە مانگەکانی ڕابردوودا، بەڵام ئیسرائیل هەژموونی خۆی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان بەکاردەهێنێت بۆ دانانی بەربەست بۆ بەرنامەی پڕچەککردنی تورکیا.
بەپێی وتەی نووسەر و توێژەری سیاسی تەها ئۆغڵو، ئیسرائیل هەر باڵادەستییەکی تورکیا لە ڕووی سەربازیی و سیاسییەوە ڕەت دەکاتەوە، بەتایبەت ئەگەر ئەو وڵاتە دەستی بە فڕۆکەی “F-35” بگات. ئەو نووسەرە ئاماژەی بەوەش کردووە کە “لۆبیی ئیسرائیلی لەناو ویلایەتە یەکگرتووەکان خاوەنی هەژموونێکی بەهێزە و بە هەموو شێوەیەک گوشار دەخاتە سەر واشنتۆن بۆ ڕێگریگرتن لەوەی تورکیا ئەو فڕۆکە جەنگییانە بەدەستبهێنێت.”
وانە و پەندەکان
دوای شیکارییەکی ورد بۆ ئەو جەنگەی کە 12 ڕۆژی خایاند لە نێوان ئیسرائیل و ئێران لە حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا، ئەکادیمیای نیشتمانیی هەواڵگریی تورکیا (سەر بە دەزگای میت – MIT)، تۆێژینەوەیەکی گرنگی بۆ حکومەتی تورکیا بڵاوکردەوە. تێیدا ئامۆژگاری دەکات کە پێویستە تورکیا سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی “فڕە چەشن و فرە چین” بونیاد بنێت، دوای ئەوەی ئیسرائیل لەو جەنگەدا باڵادەستییەکی ئاسمانیی ڕەهای نیشاندا.
هەروەها توێژینەوەکە داوا دەکات وەبەرهێنان لە بواری موشەکە بالیستییەکان و موشەکە خێراکان (Hyper-sonic) خێرا بکرێت و بکرێتە کاری لە پێشینە؛ چونکە ئەم جۆرە موشەکانە هێزی خۆیان لە بڕینی سیستەمە بەرگرییەکانی ئیسرائیلدا سەلماند، کە سەرەڕای زۆرییان، نەیانتوانی ڕووبەڕووی موشەکە “هایپەرسۆنیک”ەکانی ئێران ببنەوە.
بەپێی توێژینەوەکە، جەنگی 12 ڕۆژەی ساڵی ڕابردوو مۆدێلێکی ئاڵۆزی “ئۆپەراسیۆنی فرە ڕەهەند” بوو، کە وشکانی، ئاسمانی، دەریایی، سایبەریی تێکەڵ کردبوو، لەگەڵ بەکارهێنانی چڕی تەکنەلۆژیای مەدەنی و شێوازی ناتەقلیدی لە بەڕێوەبردنی جەنگدا.





