شارە مووشەکییەکان ئێران، ئەو قەڵا نەبەزیوانەی لە قووڵایی 500 مەتری زەویدا حەشار دراون

 

لە کاتێکدا فڕۆکە جەنگییەکان ئاسمانی ناوچەکە دەشکێنن، لە ژێر پێی سوپای وڵاتاندا جیهانێکی تر هەیە کە کەس نایبینێت، ئەمە تەنها کۆگایەکی سادە نییە، ئەمانە شارە مووشەکییەکانی ئێرانن، تۆڕێکی ئاڵۆز لە ئەندازیاریی سەربازی کە هاوکێشەی جەنگەکەی گۆڕیوە.

شارێک لە مووشەک و درۆن لە دڵی شاخەکاندا:

ئێران لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی کردووە بە دروستکردنی تونێل و کۆگای گەورە لە قووڵایی زەویدا، ئەم شوێنانە تەنها کۆگا نین، بەڵکو بنکەی ئۆپەراسیۆنی تەواون کە سیستەمی هەواگۆڕکێ، نەخۆشخانە و کارگەی بەرهەمهێنانیان تێدایە.

ئەم شارانە تەنها کونی ناو چیاکان نین، بەڵکو بەپێی ستانداردێکی سەربازیی زۆر باڵا دروست کراون، ئەم تونێلانە لە نێوان 200 بۆ 500 مەتر لە ژێر تاشەبەردە سەختەکانی چیاکانی زاگرۆس و ئەلبورز هەڵکەندراون.

ئەم قووڵاییە وایکردووە تەنانەت بەهێزترین بۆمبی سەنگەرشکێنی ئەمریکی (MOP) کە کێشەکەی نزیکەی 14 تۆنە، نەتوانێت زیانیان پێ بگەیەنێت.

دەرچەکانی ئەم شارانە بە دەرگای ئەستووری پۆڵایین داخراون کە تەنها لە کاتی هەڵدانی مووشەکەکاندا دەکرێنەوە.

ئەوەی شارەزایانی سەرسام کردووە، شێوازی گواستنەوەی مووشەکەکانە لە ناو ئەم شارانەدا، لە ناو هەندێک لەم تونێلانەدا، هێڵی ئاسنین جێگیر کراوە، مووشەکی وەک عیماد و خەیبەر شکێن، لەسەر سەکۆی گەڕۆک بە ناو تونێلەکاندا دەجوڵێنرێن.

ئێران دەتوانێت لە یەک کاتدا دەیان مووشەک لە چەندین دەرچەی جیاوازەوە ئامادە بکات، ئەمەش وایکردووە دەستنیشانکردنی شوێنی هەڵدان بۆ مانگە دەستکردەکان مەحاڵ بێت.

کارگەیەک لە قووڵایی زەویدا:

ئەم شوێنانە تەنها بۆ شاردنەوە نین، بەڵکو کارگەی سەربەخۆن، لە ناو تونێلەکاندا بەشی کۆکردنەوە و چاککردنەوەی مووشەک هەیە، واتە ئەگەر سەر زەویش وێران بێت، لە ژێر زەوییەوە مووشەک بەرهەم دەهێنرێت و دەخرێتە سەر سەکۆی هەڵدان.

ئەم شارانە خاوەنی تاقیگەی تایبەت، کۆگای سووتەمەنیی گەورە و سیستەمی ئۆکسجین و کارەبای سەربەخۆن کە ڕێگەیان دەدات بۆ چەندین مانگ بەبێ پەیوەندی بە جیهانی دەرەوە کار بکەن.

نەخشەی دابەشبوون، لە کرماشانەوە بۆ کەنداو:

ئەم شارانە ڕاستەوخۆ لەژێر دەسەڵاتی هێزی هەوافەزای سوپای پاسداراندان.

بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان، ئێران خاوەنی دەیان شاری لەو شێوەیەیە کە لە زۆربەی پارێزگاکان دابەشکراون، بەڵام چڕبوونەوەی سەرەکییان لەم ناوچانەیە:

یەکەم: ڕۆژئاوا کرماشان، نزیکترین خاڵە بۆ ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا، مووشەکە لێرەوە کەمتر لە حەوت خولەکی دەوێت بۆ گەیشتن بە ئامانج.

دووەم: کەناراوەکان (کەنداو)، شارە مووشەکییەکانی سەر دەریا، کە مووشەکی دژە کەشتییان تێدایە و دەتوانن لە چەند چرکەیەکدا گەرووی هورمز دابخەن، ئێستا ئەو شارەموشەکییانە گەرووی هورمزیان پەکخستووە.

سێیەم: دەوروبەری تاران و ناوەڕاست، ناوەندی پەرەپێدانی مووشەکە دووربڕەکان کە مەوداکەیان دەگاتە چوار هەزار کیلۆمەتر.

جۆر و ژمارەی مووشەکەکان:

ئێران خاوەنی گەورەترین عەمباری مووشەکییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، نهێنی سەربازیی ژمارەی مووشەکەکانی بە نادیاری هێشتووەتەوە، جۆر و تایبەتمەندییەکانی مووشەکەکان بەمشێوەیە:

– خوڕەمشار 1ـ 4، کێشی کڵاوەکەی هەزار و 500 کیلۆیە و مەودای دوو هەزار کیلۆمەتر دەبڕێت
– سەجیل، ئەم موشەکە بە خێراییە زۆرەکەیدا دەناسرێتەوە و دوو هەزار بۆ دوو هەزار و 500 کیلۆمەتر دەبڕێت
– حاج قاسم، وا ناسراوە کە زۆر وردە لە پێکانی ئامانجدا و مەوداکەی هەزار و 400 کیلۆمەترە
– خەیبەر شکێن، ئەم موشەکە کێشی کەمە و توانای بڕینی سیستەنی بەرگری هەیە و مەودای هەزار و 450 کیلۆمەتر دەبڕێت
– کروز، بەوە نسراوە کە بە نزمی دەڕوات و زۆرجار 15 ـ 100 مەتر لە زەوییەوە دوورە، مەودای هەزار و 650 مەتر دەبڕێت
– فاتیح 110، موشەکێکی کورتمەدایە، بەڵام وردە لە پێکانی ئامانجەکەیدا، مەوداکەی تەنها 300 مەترە

شارە درۆنییەکانی ئێران:

لە ساڵانی دواییدا، ئێران جۆرێکی نوێی لە شارە ژێرزەوییەکان نیشان دا کە تایبەتن بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، درۆنەکانی ئێرام بەوەناسراون کە تێچووی کەمە و ژمارەیان زۆرە، بەشێوەیەک بەرەی مقاوەمەی لە لوبنان و یەمەن و عێراق پێ پڕچەککراوە.

– شاهد 136، درۆنی خۆکوژ (کامیکازێ) کە مەوداکەی دوو هەزار و 500 کیلۆمەترە
– مۆهاجێر 6، بۆ کاری سیخوڕی و هێرشبردن بە مووشەکی وردبڕ
– ئەرەش، درۆنی خۆکوژی گەورە بۆ تێکشکاندنی ڕادارەکان
– کەمان 22، هاوشێوەی درۆنە ئەمریکییەکانە و مەودایەکی دووری هەیە

شێوازی کارکردن و کێڵگەی مووشەکی:

یەکێک لە تەکنیکە نوێیەکانی ئێران کە لە ساڵی 2020دا پەردەی لەسەر لادرا، سیستەمی کێڵگەی مووشەکی یان تەقێنەری ڕیزبەندییە.

لەم شێوازەدا، مووشەکەکان لەناو قووڵایی زەویدا بە شێوەی ستوونی ئامادە دەکرێن و لە کاتی پێویستدا لەناو چاڵەکانەوە کە بە قەپاتێکی کۆنکرێتی داپۆشراون دەتەقێندرێن، بێ ئەوەی پێویست بە نیشاندانی بنکەکە یان چوونە دەرەوەی ئۆتۆمبێلی هەڵگر هەبێت.

نهێنی شارەمووشەکییەکان چۆن ئەمریکایان توشی شۆککرد؟

شارە مووشەکییەکانو ئەو هۆکارە سەرەکییەن کە وایکردووە هێرشە ئاسمانییەکان نەتوانن کۆتایی بە هەڕەشەی مووشەکیی ئێران بهێنن. ئەمە جەنگێکە لە نێوان “ێشکەوتووترین فڕۆکەکانی جیهان و قووڵترین قەڵاکانی مێژوو.

شاردنەوەی ئەم شارە مووشەکییانە لە چاوی تیژی مانگە دەستکردەکان و فڕۆکە سیخوڕییە بێفڕۆکەوانەکان، جەنگێکی تەکنەلۆژیی بێدەنگە، ئێران بۆ ئەم مەبەستە چەندین تاکتیکی فریودانی سۆمایی و ئەلیکترۆنی بەکاردەهێنێت کە وایکردووە دەستنیشانکردنی کاتی هەڵدانی مووشەکەکان نزیک بێت لە مەحاڵ.

یەکێک لە زیرەکترین تاکتیکەکان، دروستکردنی دەیان دەرچەی ساختەیە لە چیاکاندا، ئەندازیارانی سەربازی دەرچەی وا دروست دەکەن کە لە مانگی دەستکردەوە وەک دەروازەی مووشەکی دەردەکەون، بەڵام لە ڕاستیدا تەنها کونی بەتاڵن، ئەمە وا دەکات دوژمن بۆمبە گرانبەهاکانی لە ئامانجی بێبەهادا خەرج بکات.

دەروازە ئەسڵییەکان بە جۆرێک دیزاین کراون کە لەگەڵ ڕەنگ و شێوەی سروشتیی چیاکەدا یەکدەگرنەوە، تەنانەت بە جۆرێک داپۆشراون کە سێبەری نائاسایی دروست نەکەن.

ئەم شارانە خاوەنی سیستەمێکی هەڵدانی کتوپڕن، مووشەکەکان لە ناو قووڵایی چیاکەدا ئامادە دەکرێن و سووتەمەنییان تێدەکرێت، تەنها بۆ ماوەی چەند خولەکێک دێنە دەرەوە، دەتەقێنرێن و دەستبەجێ سەکۆکە دەگەڕێتەوە ناو تونێلەکە.

ئەم پرۆسەیە هێندە خێرایە کەمتر لە 10 خولەکە، کە سیستمە سیخوڕییەکان ناتوانن لەو ماوە کورتەدا فەرمانی بۆردومانکردنی شوێنەکە دەربکەن.

دەرچەکانی هەڵدان خاوەنی سیستەمی ساردکەرەوەی پێشکەوتوون بۆ ئەوەی گەرمی بەرەو دەرەوە دەرنەچێت و لە چاوی مانگە دەستکردە گەرمییەکاندا وەک ناوچەیەکی سارد و ئاسایی دەربکەون.

هەموو چالاکییەکان بە کارەبای ژێرزەوی ئەنجام دەدرێن، بۆ ئەوەی هیچ دووکەڵ یان گەرمییەکی نائاسایی لە سەر زەوی بەدی نەکرێت.

چۆن سیحری بۆمبی حەشار شكێنی ئەمریکا بەتاڵکرایەوە؟

گەیشتن بە شارەمووشەکییەکانی ئێران، کە لە دڵی شاخەکاندا دروستکراون، تەنها بە قسە خۆشە، بۆیە ئەمریکا بۆ لەناوبردنی هەرشارێک کە بەلایەنی کەمەوە 200 مەتر لە ناخی شاخەکاندایە، پێویستی بە دروستکردنی بۆمبێکە کە زیاتر لەو توانایەی هەبێت.

ئەمریکا هەمیشە فەخر بە ” GBU-57 MOP” دەکات، کە 13 هەزار و 600 کیلۆگرام پۆڵایە، 60 مەتر کۆنکرێتی چەسپاو دەبڕێت، بەڵام دەبێت ئەم بۆمبە تواناکەی چەند هێندە بکرێتەوە، بۆئەوەی بگات بە شارەمووشەکییەکانی ئێران.

Back to top button