
بۆ کۆکردنەوەی ملیۆنان کەس کە ئامادەن گیانی خۆیان ببەخشن، تەنها بانگەوازێک بەسە، کە لەلایەن نوسینگەکەیەوە دەربچێت، کەچی بەو پێگە بەهێزەوە بەهیچ شێوەیەک بەشداری سیاسەت ناکات و کەمترین قسەیشی لەسەری هەیە، بەڵام وا خەریکە فەتوایەکی دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی ناوخۆیی و سوتانی تەڕ و وشک پێکەوە.
ئەو فەتوایەی دەیان هەزار کەسی پڕچەککرد:
چیرۆکی دامەزراندنی حەشدی شەعبی، یەکێکە لە وەرچەرخانە گرنگەکانی مێژووی هاوچەرخی عێراق، کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە هاتنی داعش و مەترسییەکانی سەر بەغداوە هەبوو.
دوای ئەوەی لە 10ـی حوزەیرانی 2014دا شاری موسڵ بە شێوەیەکی کتوپڕ کەوتە دەست چەکدارانی داعش و سوپای عێراق لەو ناوچانەدا پاشەکشەی کرد، مەترسییەکی گەورە لەسەر بەغدا و شارەکانی شیعە دروست بوو، لەو کاتەدا حکومەتەکەی نوری مالیکی لە بارودۆخێکی سەختدا بوو و هێزە ئەمنییەکان تووشی شۆک بووبوون.
لە 13ـی حوزەیرانی 2014، ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق، لە ڕێگەی نوێنەرەکەیەوە لە وتاری هەینیدا فەتوای “جیهادی کیفائی” ڕاگەیاند، ناوەڕۆکی فەتواکە داوای لەو کەسانە دەکرد کە توانای چەک هەڵگرتنیان هەیە، بە شێوەیەکی خۆبەخشانە پەیوەندی بە هێزە ئەمنییەکانەوە بکەن بۆ پاراستنی وڵات و پیرۆزییەکان لە مەترسی داعش.
قۆستنەوەی دەرفەت بۆ بەهێزکردنی پێگەی سیاسی و عەسکەری:
هەرچەندە فەتواکە بۆ خۆبەخشان بوو، بەڵام گروپە چەکدارە شیعەکانی وەک ڕێکخراوی بەدر، عەسائیب ئەهلولحەق، کەتائیبی حیزبوڵڵا، کە پێشتر هەبوون، بوونە ناوکە سەرەکییەکەی ئەم هێزە، هەزاران گەنجی شیعە لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە وەڵامی فەتواکەیان دایەوە و مەشق و ڕاهێنانیان پێکرا.
فەتواکەی سیستانی بوو بە خێر و بەرەکەت بۆ کۆمەڵێک سیاسی عێراق و هەڵتۆقینی فەرماندە و سیاسی نوێ، دەیان فەوجی حەشدی شەعبی دروستکران و مانگانە ملیۆنان دۆلاریان لە حکومەت وەردەگرت، لە ساڵی 2016دا، پەرلەمانی عێراق یاسای دەستەی حەشدی شەعبی پەسەند کرد، بەپێی ئەم یاسایە، حەشد بووە هێزێکی فەرمی و بەشێک لە سیستەمی بەرگری عێراق و ڕاستەوخۆ بەستراوەوە بە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان.
لەکاتەوە حەشدی شەعبی هێزێکی پڕچەکی عێراقە و گروپەکانی سەر بە حەشد دەسەڵاتیان لەسەرو فەرماندەی گشتی هێزەچەکدارەکانەوەیە و خاوەنی درۆنی خۆکوژی و موشەکی دوورمەودان.
پێکهاتەی ئێستای حەشدی شەعبی:
هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ژمارەیەکی زۆر لیوا پێکهاتوون کە زۆربەیان سەر بە گروپە چەکدارە دیارەکانی پێش ساڵی 2014ن، یان دوای فەتواکەی مەرجەعییەت دروستبوون و بەشێکیان ڕاستەوخۆ سەر بە مەرجەعییەتی نەجەفن و بەشێکی تریان نزیکایەتییان لەگەڵ ئێران هەیە.
ڕێکخراوی بەدر (لیواکانی 9، 10، 21، 24)، بە سەرۆکایەتی هادی عامری، یەکێکە لە گەورەترین و کۆنترین پێکهاتەکان و عەسائیب ئەهلولحەق (لیواکانی 41، 42، 43)، بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلیو کەتائیبی حیزبوڵڵا (لیواکانی 45، 46، 47)، یەکێکە لە هێزە هەرە مەشقپێکراو و پڕچەکەکان.
سەرایا سەلام (لیواکانی 313، 314، 315)، باڵی سەربازی ڕەوتی سەدر (موقتەدا سەدر)ە و زیاتر لە سامەڕا جێگیرن، حەرەکەت نوجەبا (لیوای 12)، گروپێکی چالاکن، ئەم گروپانە خاوەن قورسایی سەربازی و سیاسی گەورەن لە عێراقدا.
فەتوا و مووچە لە عێراق و فەرمان لە تاران:
بەشێک لە لیواکانی حەشدی شەعبی بە ئاشکرا پابەندی خۆیان بە بڕیاری تاران و بەتایبەت فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران دەربڕیوە، ئەم گروپانە لەلایەن ئێرانەوە بە درۆنی خۆکوژ و موشەک پڕچەککراون و راهێنانیان پێکراوە و بە بەرەی مقاوەمە ناسراون و بڕوایان بە چەمکی ویلایەتی فەقێ هەیە.
هەریەک لە کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق و حەرەکەت نوجەبا بە سەرۆکایەتی ئەکرەم کەعبی، کەتائیبی سەیدولشوهەدا بە سەرۆکایەتی ئەبو ئالا وەلائی، سەرایا خۆراسانی، بزوتنەوەی ئەنساروڵلا ئەوفیا و کەتائیبی ئیمام عەلی، لە گوپە چالاکەکانی ناو بەرەی مەقاوەمەن.
تا ساڵی 2021 ژمارەی چەکدارانی حەشدی شەعبی 170 هەزار چەکداربوو، بەڵام تا ساڵی 2025 ئەم ژمارەیە بۆ 238 هەزار چەکدار بەرزبووەوە، لە یاسای بوجەی پەسەندکراوی ساڵی (2023، 2024، 2025)ـى عێراقدا، بڕی سێ ترلیۆن و 800 ملیار دینار بۆ مووچە و پێویستییەکانی حەشدی شەعبی تەرخانکراوە.
بڕیارێکی سودانی هەرێمی کوردستان دەکات بە نێچیری میلیشیاکان:
رۆژی 25ـى ئادار، ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتی هێزەچەکدارەکانی عێراق کۆبووەوە و بڕیاردرا، هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی سەرپشکن لە رووبەڕووبوونەوە و وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە سەربازییانەی بە فڕۆکەی جەنگی و درۆن دەکرێنە سەر بارەگا و پێکهاتە ئەمنییە فەرمییەکانی دەستەی حەشدی شەعبی و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی هێزە چەکدارەکان بە هەموو ئامرازە بەردەستەکان، ئەوەش لەسەر بنەمای مافی وەڵامدانەوە و بەرگری لەخۆکردن.
دوای دەرچوونی بڕیارەکە هێرشە درۆنی و موشەکییەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، دووجار ماڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک کرایە ئامانج، لە کاتێکدا ناوەڕۆکی بڕیارەکە باس لە وەڵامدانەوە دەکات، بەڵام لە هەرێمی کوردستانەوە هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر گروپەکانی حەشدی شەعبی.
رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی بڵاویکردەوە، لە یەک مانگی شەڕەکەدا، 474 هێرش بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە کە سوپای پاسدارانی ئێران 179 هێرش و گروپە هاوپەیوەندەکانی لە عێراق 295 هێرشیان ئەنجامداوە، 359 هێرشیان لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ ئەنجامدراون و 104 هێرشی تریان لە ڕێگەی موشەکەوە بووە.
ئێستا عێراق لە نێوان فەتوایەکی سیستانی و بڕیارێکی سودانیدا رووبەڕووی دۆخێکی سەخت بووەتەوە، لەگەڵ ئەوەی بەردەوام بەرپرسانی عێراق جەخت لەوەدەکەنەوە کە بەشێک نین لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، بەڵام بەدەستی خودی ئەو گروپانەی مووچە و بودجە لە عێراق وەردەگرن کراوە بە بەشێک لە جەنگەکە.





