
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران هەر تەنها کارەسات نییە بۆ ئابووریی و ژێرخانی ئێران و وڵاتانی ناوچەکە، بەڵکو کارەساتە بۆ کەشوهەوا-ش.
لە کاتێکدا فڕۆکە جەنگییەکان، درۆنەکان و موشەکەکان هەزاران کەس دەکوژن، ژێرخانەکان تەخت دەکەن و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕن بۆ ناوچەیەکی قوربانیی ژینگەیی گەورە، یەکەم شیکاری بۆ تێچووی کەشوهەوا دەریخستووە کە ئەم ململانێیە لە 14 ڕۆژی یەکەمیدا بووەتە هۆی دەردانی 5 ملیۆن تۆن گازی گەرمکەر.
ئەم شیکارییە کە ڕۆژنامەی گاردیان بڵاویکردوەتەوە، ڕەهەندێکی تر بۆ ڕاپۆرتەکانی پەیوەست بەو زیانە ژینگەییە کارەساتبارانە زیاد دەکات، کە بەهۆی هێرشکردنە سەر ژێرخانەکانی سووتەمەنی، بنکە سەربازییەکان، ناوچە مەدەنییەکان و کەشتییەکان دروستبوون.
پاتریک بیگەر، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە پەیمانگای کەشوهەوا و کۆمەڵگە و یەکێک لە ئامادەکارانی شیکارییەکە دەڵێت: “هەر هێرشێکی موشەکی، پێشەکییەکی ترە بۆ هەسارەیەکی گەرمتر و ناجێگیرتر، ئەمەش هیچ کەس پارێزراو ناکات” هەروەها گوتیشی: “هەر ئاگرکەوتنەوەیەکی پاڵاوگە و هێرشکردنەسەر تانکەرەکان، وەبیرهێنانەوەیەکە کە جیۆپۆلەتیکی پشتئەستوور بە سووتەمەنی فۆسیڵی لەگەڵ هەسارەیەکی شیاو بۆ ژیان ناگونجێت.
ئەم جەنگە جارێکی تر ئەوە نیشان دەداتەوە کە خێراترین ڕێگە بۆ زیاتر تێکدانی قەیرانی کەشوهەوا ئەوەیە ڕێگە بدەین، بەرژەوەندییەکانی سووتەمەنی بەردین سیاسەتی دەرەوە دیاری بکەن.
بەرەی ئەمریکا-ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەزاران ئامانجیان لە ناوخۆی ئێران بۆردومان کردووە، ئیسرائیل سەدان ئامانجی تری لە لوبنان پێکاوە. ڕاپۆرتەکانی هەردوو وڵات وێرانکارییەکی بەرفراوانی ژێرخانەکان نیشان دەدەن.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی مانگی سووری ئێرانی، نزیکەی 20 هەزار باڵەخانەی مەدەنی لە ئەنجامی ململانێکان زیانیان بەرکەوتووە، شیکارییەکە دەڵێت تەنها دەردانی گازەکان لەم کەرتە 2.4 ملیۆن تۆن هاوتای دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە.
سووتەمەنی دووەم گەورەترین توخمە؛ فڕۆکە بۆمبهاوێژە قورسەکانی ئەمریکا لە ناوچە دوورەکانی وەک ڕۆژئاوای بەریتانیاوە دەفڕن بۆ ئەنجامدانی هێرش لە ئاسمانی ئێراندا. شیکارییەکە دەڵێت لە نێوان 150 بۆ 270 ملیۆن لیتر سووتەمەنی لەلایەن فڕۆکە و کەشتی و ئۆتۆمبێلە پاڵپشتیکارەکانەوە لە 14 ڕۆژی یەکەمدا بەکارهێنراوە، کە کۆی گشتی 529 هەزار تۆن دوانۆکسیدی کاربۆنی بەرهەمهێناوە.
یەکێک لە شۆکترین وێنەکانی جەنگەکە، ئەو هەورە ڕەش و بارانە ڕەشە بوو کە بەسەر تاراندا باری دوای ئەوەی ئیسرائیل چوار کۆگای گەورەی سووتەمەنی لە دەوروبەری شارەکە بۆردومان کرد و ملیۆنان لیتر سووتەمەنی گڕیان گرت. شیکارییەکە دەڵێت لە نێوان 205 بۆ 509 ملیۆن بەرمیل نەوت لەو هێرشە و هێرشە هاوشێوەکاندا سووتاون، واتا بە وەڵامدانەوەکانی ئێران بۆ سەر دراوسێیەکانی لە کەنداو، کە دەردانی 1.88 ملیۆن تۆن دوانۆکسیدی کاربۆنی لێ کەوتووەتەوە.
لە 14 ڕۆژی یەکەمدا، ئەمریکا 4 فڕۆکەی لەدەستداوە، لە کاتێکدا ئێران 28 فڕۆکە، 21 پارچە دەریایی و نزیکەی 300 سەکۆی هاوێشتنی موشەکی لەدەستداوە. ئەم کەرەستە سەربازییە تێکدراوانە بەرپرسن لە دەردانی 172 هەزار تۆن دوانۆکسیدی کاربۆن.
هەروەها خودی بۆمب و موشەک و درۆنەکان کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە بەکارهێنراون، بەشێکن لە تێچووەکە. بەپێی ئەو بانگەشانەی کە دەڵێن لە 14 ڕۆژی یەکەمدا ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر لە 6 هەزار ئامانجیان لە ناو ئێران بۆردومان کردووە، و ئێران بە هەزار موشەک و دوو هەزار درۆن وەڵامی داوەتەوە، شیکارییەکە دەڵێت تەقەمەنییەکان نزیکەی 55 هەزار تۆن $دوانۆکسیدی کاربۆنیان بەرهەمهێناوە.
بە کورتی، دوو هەفتەی یەکەمی ململانێیەکە بووەتە هۆی دەردانی 5.55.16 تۆن دوانۆکسیدی کاربۆن کە هاوتایە لەگەڵ131.43.416 تۆن لە ساڵێکدا، ئەمەش بە نزیکەی هاوتایە لەگەڵ ئابوورییەکی مامناوەندی وەک کوێت کە زۆر پشت بە سووتەمەنی بەردین دەبەستێت. بەڵام هاوکات هاوتایە لەگەڵ دەردانی دوانۆکسیدی کاربۆنی 84 وڵاتی جیهان کە کەمترین گازی زیانبەخش دەردەکەن، ئەگەر هەموویان بەیەکەوە کۆبکرێنەوە.
فرێد ئۆتو لاربی، ئامادەکاری سەرەکی توێژینەوەکە لە زانکۆی وزە و سەرچاوە سروشتییەکان لە گانا، گوتی: “چاوەڕوان دەکەین دەردانی گازەکان بە خێرایی زیاد بکەن لەگەڵ بەردەوامی جەنگی ئێران دا، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی کە دامەزراوە نەوتییەکان دەکرێنە ئامانجی”.
ئاسۆیەکی تاریک
تا مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو، زانایانی کەشوهەوا ئەوەیان خەمڵاندبوو کە مرۆڤ دەتوانێت تەنها 130 ملیار تۆن گازی تری CO2 دەربکات بۆ ئەوەی 50% چانسمان هەبێت ڕێگری بکەین لە بەرزبوونەوەی گەرمای زەوی بە زیاتر لە 1.5 پلەی سیلیزی. بەم ڕێژەی ئێستای دەردان کە 40 ملیار تۆنە لە ساڵێکدا، خێراتر لەوەی چاوەڕێدەکرا، پلەی گەرمای زەوی بەرزتر دەبێتەوە.
لە مێژوودا، هەر شۆکێکی وزە کە ئەمریکا دروستی کردبێت، بەدوایدا شەپۆلێکی هەڵکەندنی بیری نوێ و دروستکردنی ژێرخانی سووتەمەنی بەردینی نوێ هاتووەتە ئاراوە. ئەم جەنگە مەترسی ئەوەی هەیە نەوەیەک دروست بکات کە ببێتە پاشکۆی کاربۆن.
شارەزایان دەڵێن: ئەمە جەنگ نییە بۆ ئاسایش. ئەمە جەنگە بۆ ئابووریی سیاسیی و سووتەمەنی بەردین، ئەو کەسانەی باجەکەی دەدەن هاووڵاتیانی مەدەنی ئێران و چینە کرێکارەکانی سەرتاسەری جیهانن.





