
سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا دەڵێت بیری لە کشانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێکخراوی ناتۆ کردووەتەوە، هەنگاوێک کە دڵی ڕووسیا و چینی خۆشکردووە، بەڵام ئاخۆ جیهان دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ناتۆ چۆن دەبێت؟
دۆناڵد ترەمپ بە رۆژنامەی “تیلیگراف”ی بەریتانی راگەیاند، دوای ئەوەی هاوپەیمانیی ناتۆ ئامادە نەبوو لە جەنگی دژی ئێران دا هاوکاری بێت، بە جیدی بیر لە کشانەوەی ئەمریکا لەو هاوپەیمانییە سەربازییە دەکاتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ماوەی رابردوودا هاوپەیمانیی ناتۆی بە “بێ کاریگەر” ناوبرد و دەڵێ، کشانەوەی ئەمریکا لەو هاوپەیمانییە بەرگرییە ئێستا “لە قۆناخی پێداچوونەوە تێپەڕیوە” [واتە بڕیارەکە خەریکە یەکلا دەبێتەوە].
ئەمە بەهێزترین ئاماژەیە تاوەکو ئێستا کە پیشانی دەدات کۆشکی سپی چیدیکە ئەورووپا وەک هاوبەشێکی جێگەی متمانەی بەرگری نابینێت، ئەوەش دوای ئەوەی هاوپەیمانەکان داواکارییەکەی ترەمپیان بۆ ناردنی کەشتیی جەنگی بە مەبەستی کردنەوەی تەنگەی هورمز رەتکردەوە.
کاتێک پرسیار لە ترەمپ کرا، ئایا دوای کۆتاییهاتنی ئەم جەنگە، پێداچوونەوە بە ئەندامێتیی ئەمریکا لە ناتۆدا دەکات؟ لە وەڵامدا گوتی، “بەڵێ، دەڵێم [ئەم بڕیارە] لە پێداچوونەوە تێپەڕیوە. هەرگیز لە ژێر کاریگەریی ناتۆدا نەبووم. هەمیشە دەمزانی کە بێ کاریگەرن، پووتینیش ئەوە دەزانێت.”
ئەندامەکانی ناتۆ دوودڵ بوون لە هاوکاریکردن بۆ کردنەوەی تەنگەکە، کە بە شێوەیەکی ئاسایی 20%ی نەوتی جیهانی لێوە تێدەپەڕێت. تاران بۆ چەندین هەفتەیە بە کردەیی تەنگەکەی داخستووە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بێوێنەی نرخی نەوت و گاز و هەڕەشەی دروستبوونی سستبوونی ئابووریی جیهانی دەکات.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، هەر کاتێک پێویست بووبێت، ئەمریکا لەگەڵ ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانیی ناتۆ بووە و گوتی، “ئێمە بێ بیرکردنەوەی لەگەڵیان بووین ، لەوانەش بۆ ئۆکراینا. ئۆکراینا کێشەی ئێمە نەبوو، ئەوە تاقیکردنەوەیەک بوو، ئێمە لەوێ بووین بۆیان و هەمیشەش لەوێ دەبووین، بەڵام ئەوان بۆ هاوکاریکردنی ئێمە نەبوون.”
ئەگەر ئەمریکا لە ناتۆ بکشێتەوە چی ڕوودەدات؟
شارەزایان کۆمەڵێک سیناریۆ باس دەکەن لە حاڵەتی کشانەوەی ئەمریکا لە ناتۆ و لێکەوتەکانی ئەو بڕیارە:
یەکەم: لاوازبوونی توانای سەربازیی ئەوروپا
ئەمریکا گەورەترین بودجەی سەربازی لە جیهاندا هەیە و بەشێکی زۆری خەرجییەکانی ناتۆ دابین دەکات.
ئەوروپا بۆ پاراستنی خۆی پشتی بە چەکە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا بەستووە. بەبێ ئەمریکا، ئەوروپا ناچار دەبێت بەرگرییەکی سەربەخۆ دروست بکات کە تێچوویەکی خەیاڵی دەوێت.
زۆربەی زانیارییە هەواڵگرییەکان و مانگە دەستکردەکان و فڕۆکە گواستنەوە زەبەلاحەکان سەر بە ئەمریکان. بێ ئەوان، سوپای وڵاتانی ئەوروپا تووشی ئیفلیجی دەبن لە ئۆپەراسیۆنە خێراکاندا.
دووەم: زیادبوونی هەژموونی ڕووسیا
ڕووسیا هەمیشە ناتۆ بە مەترسی لەسەر خۆی دەبینێت. کشانەوەی ئەمریکا گەورەترین دیاری دەبێت بۆ کرێملین.
هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی بەڵتیک: وڵاتانی وەک (ئیستۆنیا، لاتیڤیا، لیتوانیا) کە هاوسنووری ڕووسیان، دەکەونە مەترسییەکی ڕاستەوخۆوە.
ڕووسیا دەتوانێت فشاری سیاسی و ئابووری زیاتر بخاتە سەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ژێر ڕکێفی خۆی.
سێیەم: لێکترازانی یەکێتیی ئەوروپا
ناتۆ تەنیا هاوپەیمانییەکی سەربازی نییە، بەڵکو هێمای یەکگرتوویی وڵاتانی ڕۆژئاوایە، بەبێ سەرکردایەتی ئەمریکا، ڕەنگە کێبڕکێ و ناکۆکی لە نێوان هێزە گەورەکانی ئەوروپا (وەک ئەڵمانیا و فەرەنسا) دروست ببێت لەسەر ئەوەی کێ سەرکردایەتی بەرگری ئەوروپا بکات.
هەندێک وڵاتی ئەوروپی ڕەنگە هەوڵبدەن بە جیا ڕێککەوتن لەگەڵ ڕووسیا یان چین بکەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان.
چوارەم: کاریگەری لەسەر پێگەی خودی ئەمریکا
ئەم بڕیارە تەنیا زیان بە ئەوروپا ناگەیەنێت، بەڵکو زیان بە ئەمریکاش دەگەیەنێت، بۆ نمونە لەدەستدانی بنکە سەربازییەکان.
ئەمریکا بنکەی سەربازی گەورەی لە ئەڵمانیا، ئیتالیا و تورکیا هەیە. ئەمانە کلیلی کۆنترۆڵکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقان، بۆیە هاوپەیمانەکانی تری ئەمریکا لە ئاسیا (وەک ژاپۆن و کۆریای باشوور) تووشی گومان دەبن لەوەی ئایا ئەمریکا لە کاتی پێویستدا دەیانپارێزێت؟
پێنجەم: گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ناتۆ و ئەمریکا پێکەوە کاریگەرییان لەسەر هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. کشانەوەی ئەمریکا دەبێتە هۆی:
بۆشایی هێز: ڕەنگە چین و ڕووسیا ئەم بۆشاییە پڕ بکەنەوە.
وڵاتانی ناوچەکە ناچار دەبن ستراتیژییەتی نوێ دابڕێژن و ڕەنگە ئەمەش ببێتە هۆی پێشبڕکێی چەکداری زیاتر.
کشانەوەی ئەمریکا لە ناتۆ بە واتای کۆتایی هاتنی ئەو سیستمە جیهانییە دێت کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە دروست بووە. جیهان بەرەو دۆخێکی “چەند جەمسەری” و پڕ لە نادڵنیایی دەڕوات کە تێیدا ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی گەورە زیاتر دەبێت.





