تاران جیهان کەرەنتینە دەکات، جوڵەیەک ملیاران دۆلار زیانی لە کۆمپانیاکانی ئەمریکا و رۆژئاوا داوە

 

تەنگژەی سووتەمەنی و داخرانی گەرووی هورمز کەرتی فڕۆکەوانی جیهانی تووشی شۆک کردووە، هەزاران گەشت هەڵوەشێندرانەوە و نرخەکان ڕیکۆرد دەشکێنن، نرخی سوتەمەنی دووهێندە و نیو بەرزبووەتەوە.

ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ملی ڕێگاکانی دابینکردنی سووتەمەنییان گرتووە و نرخەکانیان بەرەو هەور بردووەو ساڵێک لەمەوبەر، تێچووی یەک تۆن سووتەمەنی فڕۆکە 742 دۆلار بوو، بەڵام ئێستا 1710 دۆلاری تێپەڕاندووە، ئەمەش بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز کە پێنج یەکی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.

کەمبوونەوەی سووتەمەنی و مەترسیی سفر بوونەوە:

نرخی نەوتی خاوی برێنت ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی جیهان بە 104 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا، جگە لە بەرزی نرخ، ترسی گەورە لە نەمانی سووتەمەنی فڕۆکە هەیە، بەریتانیا چاوەڕێ دەکات دوایین باری سووتەمەنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە لەم هەفتەیەدا پێ بگات.

ئەلێکس ماچێراس، شیکەرەوەی بواری فڕۆکەوانی، هۆشداری دا، کە کەمییەکی توندی سووتەمەنی فڕۆکە کەمتر لە هەفتەیەکی ماوە لە چەندین بازاڕی جیاوازدا، لەوانەش چەندین فڕۆکەخانەی سەرەکی ئەوروپا.

ماچێراس ئاماژەی بەوەش کردووە، کە فڕۆکەخانەکان خەریکی ئاگادارکردنەوەی کۆمپانیاکانن بۆ خۆئامادەکردن بۆ سیناریۆی هیچ سووتەمەنییەک لێرە بەردەست نییە.

کێشەیەکی جیهانیی بێوێنە:

ئەمە تەنها کێشەی ئەوروپا نییە، کۆمپانیاکانی ئاسیا، ئەمریکای لاتین و ئەفریقا خەریکی داڕشتنی پلانی بەدیلن، کە بریتییە لە ناچارکردنی فڕۆکەکان بۆ نیشتنەوە لە چەندین وێستگەی نێوان ڕێگا بۆ سووتەمەنی وەرگرتن، لە کاتێکدا نرخەکان بە شێوەیەکی خەیاڵی بەرز دەبنەوە.

ئەیر نیوزیلاند: هەزار و 100 گەشتی تا سەرەتای مانگی ئایار هەڵوەشاندووەتەوە.

کۆمپانیای SASی سکاندیناڤی: هەزار گەشتی مانگی داهاتووی هەڵوەشاندووەتەوە.

فڕۆکەوانی ڤێتنام هۆشداری داوە، کە ئەگەر نرخی بەرمیلێک سووتەمەنی بگاتە 160-200 دۆلار، ناچار دەبن 20%ـی گەشتەکانیان کەم بکەنەوە.

کۆمپانیاکان بەنا بۆ بەرزکردنەوەی نرخی بلیت دەبەن بۆ 20%:

کۆمپانیای یونایتد ئەیرلاینزی ئەمریکی، کە گەورەترین کۆمپانیای جیهانە لە ڕووی توانای گواستنەوەوە، 5%ـی گەشتەکانی کەم کردووەتەوە، سکۆت کێربی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە بە بلومبێرگی ڕاگەیاند، ئەگەر نرخی نەوت بەم شێوەیە بمێنێتەوە، 11 ملیار دۆلار تێچووی زیادەمان دەکەوێتە سەر، ئەمەش وا دەکات نرخی بلیت 20% بەرز بکەینەوە تەنها بۆ ئەوەی زەرەر نەکەین.

کێربی پێشبینی دەکات، لە خراپترین سیناریۆدا، نرخی نەوت بگاتە 175 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک و تا ساڵی 2027 لە سەروو 100 دۆلار بمێنێتەوە.

کاریگەرییەکان لەسەر گەشتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

جگە لە تێچووی سووتەمەنی، پشێوییە ئەمنییەکان بوونەتە هۆی ڕاگرتنی گەشتەکان، کۆمپانیاکانی وەک بریتیش ئەیروەیز، “ئەیر فرانس-کەی ئێڵ ئێم و لوفتانزا، گەشتەکانیان بۆ ناوچەکە ڕاگرتووە.

بەپێی داتاکانی (Cirium)، نزیکەی 7%ـی کۆی گەشتە بڕیاردراوەکانی جیهان (حەوت هەزار و 49 گەشت) تەنها لە ڕۆژی دووشەممەدا هەڵوەشێندراونەتەوە، ئەم دۆخە لە ئەمریکای باکوور زۆر توندترە، کە ڕێژەی هەڵوەشاندنەوە گەیشتووەتە 14.6% لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو تەنها 4.4% بووە.

کاتێک تاران نەخشەی ئاسمانی جیهان دەکێشێتەوە:

ئەم قەیرانە تەنها پەککەوتنی چەند هێڵێکی فڕۆکەوانی نییە، بەڵکو نیشاندان و سەلماندنی ئەو ڕاستییە تاڵەیە کە دەسەڵاتی تاران لە ڕێگەی جوگرافیای سیاسییەوە، چۆن دەتوانێت دەمارە سەرەکییەکانی ئابووریی ڕۆژئاوا و جووڵەی گۆی زەوی ئیفلیج بکات.

داخرانی گەرووی هورمز تەنها مانای نەمانی نەوت نییە، بەڵکو مانای پچڕانی زنجیرەی دابینکردنی جیهانی، بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان بۆ ئاستی پێوانەیی، و خستنەخوارەوەی باڵادەستیی ئاسمانیی وڵاتانی ڕۆژئاوایە.

ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، جیهان ڕووبەڕووی سەردەمێکی کەرەنتینەی ناچاریی ئابووری دەبێتەوە، کە تێیدا بڕیاری فڕین یان نیشتنەوەی فڕۆکەکان لە واشنتۆن و لەندەنەوە نادرێت، بەڵکو لەو شوێنەوە دیاری دەکرێت کە تێیدا تاران دەستی بەسەر شەدەما”ی وزەی جیهاندا گرتووە. ئەمە گەورەترین تاقیکردنەوەی مێژووییە بۆ خۆڕاگریی ڕۆژئاوا بەرامبەر بە هێزێک کە دەتوانێت بە یەک ئاماژە، ئاسمانی جیهان چۆڵ بکات.

 

Back to top button