دەوروبەرەکەی موجتەبا خامنەیی گەمارۆی سەرۆکی ئێران دەدەن و پزیشکیان لەبەردەم هەڕەشەدایە

 

شارەزایانی کاروباری ئێران پێیان وایە کە بازنەی دەوری موجتەبا خامنەیی ڕابەری باڵای ئێران کە بە بازنەی توندڕەویی ناسراون، شورایەکی ئەمنی و سیاسیی خنکێنەریان دروست کردووە کە ڕێگری لە جموجوڵەکانی سەرۆک کۆماری ئێران دەگرێت.

شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە فەرماندەکانی سوپای پاسداران جڵەوی بڕیارە هەستیارەکانیان بەدەستەوەیە؛ ئەمەش بووەتە هۆی جۆرێک لە شڵەژانی سەروەریی لە بڕیاردارنی سەرۆکایەتی کۆمار ، چ لە ڕێگەی هێورکردنەوەی دۆخەکە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە یان دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ واشنتۆن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ.

ئەم گەمارۆیانەی پیاوەکانی موجتەبا خامنەیی (کە چارەنووسی موجتەبا هێشتا شاراوەیە) هەوڵەکانی پزیشکانیان بۆ ڕزگارکردنی ڕژێم خستووەتە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ چاوچنۆکیەکانی باڵی پاسداران، کە ئەوان فراوانکردنی گرژییەکان بە گەرەنتی بۆ مانەوەی خۆیان تەماشا دەکەن.

چارەنووسی موجتەبا خامنەیی بووەتە مەتەڵ

دکتۆر نەبیل حەیدەری، مامۆستای زانکۆ، پێی وایە چارەنووسی موجتەبا بووەتە مەتەڵێک، بەتایبەت بۆ بەرپرسانی حکومەت و تەنانەت سەرۆک کۆمار، لەو کاتەوەی وەک ڕێبەر ناسێنراوە، نە بە دەنگ و نە بە ڕەنگ دەرنەکەوتووە.

ئەو پێی وایە ئەو بەیاننامانەی بەناوی ئەوەوە بڵاودەکرێنەوە، بێئاگایی ئەو بڵاودەکرێنەوە، گومان دەکرێت عەلی لاریجانی، ئەمینداری پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی، یەکەم بەیاننامەی نووسیبێت، دووەمیشیان بە دەستی ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی سوپای پاسداران نووسرابێت.

ئەگەری بەهێز ئەوەیە موجتەبا لە ڕووسیا چارەسەری برینە سەختەکانی بکات، کە بریتین لە شێوانی دەموچاو و بەشەکانی تری جەستەی، لەگەڵ بەهێزبوونی ئەو ئەگەرەی کە لە ژیاندا نەماوە. بۆیە ئەگەر بچووکترین ئاگاداریی لە چارەنوسی موجتەبا بەردەست بوایە، لانی کەم بە دەنگ دەردەکەوت، چونکە لە ڕووی سیمبولییەوە ئێران پێویستییەکی زۆر بە بوونی ڕێبەر هەیە.

حەیدەری دەشڵێت، ئێران لەلایەن گروپێکی تەسک لە سوپای پاسدارانەوە بەڕێوە دەبرێت، بەتایبەت باڵی توندڕەو کە عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشوو دایمەزراندوون و سەر بە بازنەی کوڕەکەین. ئەم توندڕەوییە لە مامەڵە دەرەکییەکانیاندا دەردەکەوێت، کاتێک هێرشدەکەنە سەر هەموو وڵاتانی کەنداو.

ململانێی پزیشکیان و پاسداران

ململانێی نێوان سەرۆک کۆمار و باڵی توندڕەوی پاسداران (کە تەنها ئەوان چارەنووسی موجتەبا دەزانن) لەوەدایە ڕێگری دەکەن لە گەیشتنی هەر زانیارییەکی سیاسی، سەربازی و دانوستانکارانە بە ڕێبەر، هەروەها ئاستەنگ بۆ پەیوەندی پزیشکیان لەگەڵیدا دروست دەکەن.

بەهۆی ئەمەوە، باڵی توندڕەوی پاسداران بڕیاری ڕێبەر بەسەر پزیشکیان دەسەپێنن، لە کاتێکدا سەرۆک کۆمار هیچ دەسەڵاتێکی نییە، تەنها ئەوە نەبێ جارجارە داوای لێبووردن لە وڵاتانی دراوسێ دەکات، بەڵام باڵی توندڕەو بە هەڕەشەکانیان ئەو داوای لێبووردنانەش شکستپێدەهێنن، ئەمەش دەری دەخات کە ئەوان لە مەیدانەکەدا لەو بەهێزترن.

سڕینەوەی میانڕەوەکان لە ئێران

محەمەد زەنگەنە، توێژەری کاروباری هەرێمیی، دەڵێت ڕژێمی ئێران هەموو تواناکانی بۆ پاراستنی بەرپرسان بەکاردێنێت نەک بۆ پاراستنی دەوڵەت. ئاماژەی بەوەش کرد کە تیمە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە ئاستی کوشتنی ئەو بەرپرسە میانڕەوانەی کە واشنتۆن و ڕۆژئاوا، داوای دانوستان یان بەرزکردنەوەی پلەکانیانی کردبوو وەک نیشانەیەک بۆ نیازپاکی.

بە بڕوای زەنگەنە، سەرۆک کۆمار لە ئێران تەنها فەرمانبەرێکی ڕێبەرە و نابێت هیچ هێزێکی سیاسی یان جەماوەریی هەبێت. ونبوونی موجتەبا لە دوای وەرگرتنی پۆستەکەی بووەتە هۆی توندڕەوی لە بڕیارەکان و پەرتەوازەیی سیاسی.

 

Back to top button