لە کاتێکدا جەنگی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە گەڵ ئێران کڵپەی سەندووە، کیشوەری ئەفریقا هێدی هێدی دەبێتە حەوشەی پشتەوەی لێکەوتەکانی ئەم ململانێیە.
سەرەڕای لێدوانە توندەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وا دەرناکەوێت توندیی ڕووبەڕووبوونەوەکان ڕوو لە کەمبوونەوە بێت، بەڵکو شوێنەوارەکانی لە گەرووی هورمزەوە درێژ بووەتەوە بۆ بازاڕەکانی نەوتی جیهان و لەوێشەوە بۆ ئابووریی وڵاتانی ئەفریقا.
بەڵام ئەوەی واشنتۆن بە شێوەیەکی خێرا نیگەران دەکات، ئاسایشی هاووڵاتیان و دامەزراوە سەربازی و دیپلۆماسییەکانیەتی لە سەرانسەری کیشوەرەکەدا. هەر ئەمەش وای کرد وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە 22ی مارسدا هۆشدارییەکی دەگمەن بدات و داوا لە هاووڵاتیانی لە دەرەوە بکات “زۆر بەئاگا بن” و هۆشداری دا لەوەی “گروپە پاڵپشتیکراوەکانی ئێران ڕەنگە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەنە ئامانج”. ئەمە پێنجەمین هۆشدارییە لە ماوەی 10 ڕۆژدا کە پەیوەندی بە بارودۆخی ئەمنی ناوچەکەوە هەبێت، ئەمەش نیشانەی نائاساییبوونی ئەم قۆناغەیە.
نێجیریا.. ئەو شوێنەی تاران دەیچێنێت و لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەدا دەیدوورێتەوە
لە ڕۆژئاوای ئەفریقا، ڕووداوەکان قەبارەی تۆڕی ئێرانییان لەوێ ئاشکرا کرد؛ لە یەکی مارسدا، ڕێک ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵا، هەزاران لایەنگری بزووتنەوەی ئیسلامی لە نێجیریا (IMN) کە ڕێکخراوێکی شیعەی لایەنگری تارانە، لە چەندین شاری باکووری ئەو وڵاتە خۆپیشاندانی گەورەیان ئەنجام دا.
تا چواری هەمان مانگ، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەبوجا هۆشداری دا لە مەترسییەکی بەرزی خۆپیشاندان کە پەیوەندی بە ململانێی بەردەوامەوە هەیە. سەرچاوەیەکی ئەمنی نیشتەجێ لە ڕۆژئاوای ئەفریقا بە میدیای ئەمریکی ڕاگەیاندووە، ئەگەری تۆڵەسەندنەوەی ئەم گروپانە دژی دامەزراوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هەر ماوە، هەرچەندە ئاماژەی بەوەش کردووە کە تا ئێستا هیچ هەڕەشەیەکی دەستبەجێ و دیاریکراو بوونی نییە.
“کامپ لیمۆنیێ” لە بەردەم هێرشی حوسییەکاندا
ئەفریقا بە مەترسیدارترین ناوچە بۆ تۆڵەکردنەوەی ئێران ناوی دێت، بەتایبەت جیبۆتی کە بنکەی “کامپ لیمۆنیێ”ی تێدایە، کە یەکێکە لە گرنگترین بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا. ئەم شوێنە بووەتە ئامانجێک بۆ ئێران یان بریکارەکانی، لە سەرووی هەموویانەوە میلیشیای حوسییەکان لە یەمەن. لە 10ی مارسدا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە جیبۆتی هۆشدارییەکی بۆ هاووڵاتیانی بڵاوکردەوە، وەزارەتی دەرەوەش کەمکردنەوەی ژمارەی فەرمانبەرانی لە نێردە دیپلۆماسییەکەیدا ڕاگەیاند.
تاران: هەر شوێنێک ئەمریکییەکی لێ بێت ئامانجێکی ڕەوایە
ئێران هیچ گومانێک لەبارەی نییەتەکانی خۆی نەهێشتووەتەوە؛ لە 26ی مارسدا ئەبوفەزل شکارچی، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران، بە زمانێکی هەڕەشەئامێز و ڕاشکاو وتی: “کاتێک ئێران وەڵام دەداتەوە، دەبێت لەو شوێنانە بدات کە ئەمریکییەکانی لێیە”.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کە ئامادە نەبوو وردەکاری ڕێکارەکان بۆ میدیای ئەمریکی و “زە ئەفریکا ڕیپۆرت” ئاشکرا بکات، تەنها وتی: “بە بەردەوامی هەڵسەنگاندن بۆ هەڕەشەکان دەکەین و لە کاتی پێویستدا دۆخی نێردە دیپلۆماسییەکانمان دەگۆڕین”.
بەڵام زیادبوونی هۆشدارییەکان ئەوە دەردەخەن کە کیشوەری ئەفریقا کەوتووەتە ناو جەرگەی هاوکێشەکانی ئەم ململانێیەوە و چیتر لە پەراوێزدا نییە.





