
ئەندازیاری گۆڕینی باڵانسی شەڕی ناوخۆی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو. سەدام حسێن لە دواین ڕۆژەکانی دەسەڵاتەکەیدا فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرکرد، تاهیر حەبووش، ئەو پیاوەی زانیاریی لەسەر کۆگای چەک و تەقەمەنییەکانی ڕژێمی بەعس بە ئەمریکییەکان دا، لەبەرامبەر گەرەنتیکردنی پاراستنی خۆی و خانەوادەکەی.
ڕۆژی هەینی 3-4-2026 تاهیر جەلیل حەبووش، دواین بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی عێراق پێش ڕووخانی ڕژێمی بەعس، لە شاری هەولێر بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد، هەواڵی مردنەکەی لەلایەن سالم جومەیلی، بەرپرسی دۆسیەی ئەمریکا لە دەزگای هەواڵگریی عێراقی سەردەم حسێن، بڵاوکرایەوە.
تاهیر حەبووش پێشتر بەڕێوەبەری گشتی ئەمنی عێراق بووەو دواتر لە 1999وە تا ساڵی 2003 روخانی رژێمی بەعس بەرپرسی دەزگای هەواڵگری بووە.
تاهیر حەبووش کێیە؟
تاهیر جەلیل حەبووش ساڵی 1950 لە شاری تکریت لەدایکبووە، دەرچووی کۆلێژی پۆلیس بووە و لە چەندین پلەی حزبیی و حکومیی لە عێراق کاریکردووە. سەرەتا لە نوسینگەکانی حزبی بەعس دەستبەکار بووە، دواتر بووەتە پارێزگاری زیقار، پاشان وەزیری گشتی پۆلیس و دواتریش بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی عێراق، دواین پۆست کە تاهیر حەبووش وەریگرت سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق بووە، بەر لەوەی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003 بڕوخێت.
تەلەفۆنێک لە سەرۆکی عێراقەوە
ڕۆژی شەشی نیسانی ساڵی 2003 و بە دیاریکراوی کاتژمێر 10:30 خولەکی شەو، تانکەکانی ئەمریکا بە تەواوی لە کۆشکی کۆماریی (کۆشکەکەی سەدام حسێن) و هۆتێل ڕەشید جێگیر بوون. لەوکاتەدا زەنگی تەلەفۆنەکەی فەریقی یەکەم تاهیر حەبووش لێدەدات و ئەو کەسەی پەیوەندیکردووە عەبد حەمود، سکرتێری تایبەتیی سەدام حسێن بوو.
عەبد حەموود ڕستەیەکی بە حەبووش گوت کە وەک بۆمبێک وابوو. بە بەڕێوەبەری هەواڵگری وت: «دەمەوێت ڕێگای بەغدا – سەڵاحەدین و ڕێگای بەغدا – دیالەم بۆ کۆنترۆڵ بکەیت. حەبووش تاوتوێی ئەم داواکارییە سەیرەی لەگەڵ بەڕێوەبەری نووسینگەکەی لە بارەگای جێگری هەواڵگری کرد، بۆچوونەکان یەکدەنگ بوون لەسەر ئەوەی کە: سەدام حسێن لە بەغداوە دەچێتە دەرەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی دۆسیەی ڕووبەڕوبونەوەی ئەمریکا.
سەدام ڕۆژی دواتر بەغدای بەرەو هێت جێهێشت، شەوێکی لەوێ بەسەر برد و دواتر چوو بۆ فەلووجە، لەوێ و بە ئامادەبوونی قوسەی کوڕی و بەرپرسانی ئەمنی و حیزبی، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی کرد و تیایدا داوای کرد، کەمین بۆ هێزە ئەمریکییەکان دابنرێت. سەدام بە بەشداربوانی کۆبونەوەکەی گوتووە: بۆ ئەوەی بزانن عێراق پارووەکی ئاسان نییە. وتیشی کە سەدام ڕۆژی دواتر بەرەو بەغدا گەڕایەوە و لە بارەگایەکی جێگرەوە لە ناوچەی دۆرە چاوی بە ژمێریارانی دیوانی سەرۆکایەتی کەوتوە و بڕی ملیۆنێک و 250هەزار دۆلاری لێ وەرگرتوون.
ئەوەی لەوکاتەدا بۆ حەبووش ڕوون بووە ئەوە بووە کە سەدام حسێن نیازی جێهێشتنی عێراقی هەیە، بۆیە لەکۆتا ساتدا بڕیاریداوە کۆنترۆڵی ئەو ڕێگەیە نەکات کە سەدام بە سەلامەتی دەگەیەنێتە دەرەوە، نامەیەکی بۆ سەدام حسێن نووسی و پێیگوت: ئەو کارە ناکەم.
بۆردوومانکردنی ماڵەکەی سەدام حسێن و ڕزگاربوونی لە مردن
کاتێک ئەمریکییەکان کۆنترۆڵی بەغدایان کرد، زانیارییان پێگەیشیت سەدام حسێن لە یەکێک لە خانووەکانی ناوچەی (داودیە)یە لەبەغدا، هێزی ئاسمانی ئەمریکا چوونە ناوچەکە و بۆردوومانیان کرد، دواتر دەرکەوت چەند خولەکێکی کەم بەر لەو بۆردوومانە، سەدام حسێن شوێنەکەی بەجێهێشتووە.
دوای جێهێشتنی شوێنەکە، سەدام حسێن ڕاستەوخۆ فەرمان دەدات بە دانانی خالید سوڵتان تکریتی، وەك بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی عێراق لە جێگەی تاهیر حەبووش، چونکە سەدام پێیوابووە حەبووش “خیانەتی لێکردووە و زانیاریی بە ئەمریکییەکان داوە”. سەدام حسێن هەر لەو کاتەدا فەرمانی کوشتنی تاهیر حەبووشی دەرکردووە و گوتویەتی: لە هەر شوێنێک بینیتان بیکوژن.
تەقینەوە بەهێزەکەی بەغدا و حەبووش
سەرەتای مانگی نۆڤەمبەری 2003 تەقینەوەیەکی بەهێز شاری بەغدای هەژاند و بەهۆیەوە 30 کەس کوژران، دواتر دەرکەوت شوێنی تەقینەوەکە کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی رژێمەکەی سەدام حسێن بووە.
ئەوکاتە باس لەوەکرا ئەوەی زانیاریی بە ئەمریکییەکان داوە کە بۆردوومانی ئەو کۆگای چەک و تەقەمەنییە بکەن تاهیر حەبووش بووە، بەڵام بەو مەرجە زانیاریی پێداون کە خۆی و خانەوادەکەی پارێزراو بن و نە بکوژرێن، نە دەستگیربکرێن.
31ی ئاب لە یاداشتەکانی تاهیر حەبووش
لەبەشێک لەو یاداشتانەی بڵاویکردونەتەوە، تاهیر حەبووش باس لەوەدەکات، لەکۆتا ڕۆژەکانی مانگی ئابی 1996 مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندیی پێوەکردوون و داوایکردووە بەرامبەر هێرشە فراوانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کارێک بکەن، لەوکاتەدا سەدام حسێن ئەرکی جوڵاندنی هێزی عێراق بۆ شاری هەولێر بە فەریق تاهیر حەبووش دەسپێرێت، دواتریش ئەوەی ڕوویدا ئەوەبوو؛ سوپای عێراق چووە شاری هەولێرەوە، یەکێتی لە شارەکە دەرپەڕاند و هێرشیکردەسەر بارەگاکانی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراق (ئۆپۆزسیۆنی ئەوکاتەی عێراق).
حەبووش لە بەشێکی دیکەی یاداشتەکانیدا دەڵێت: “پەیوەندیم لەگەڵ مەسعود بارزانی لە ساڵی 2000 دەستی پێکرد کاتێک پۆستی سەرۆکایەتی دەزگای هەواڵگریم وەرگرت، یەکێک لە ئەرکەکانم هەماهەنگی بوو لەگەڵ هەردوو حیزبە کوردییەکە لە ناوچەی حوکمی زاتی. سەردانە دوولایەنەکانمان نەدەپچڕا و تێیاندا باسی هەموو پرسە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکانمان دەکرد. پەیوەندییەکانمان توندوتۆڵ و پاک بوون و هیچ ناکۆکییەک لێڵی نەکردبوون، هەر بۆیە دیدارەکانی ئەو و نێچیرڤانی برازای لەگەڵ سەرۆک کۆمار زۆر بوون، سەرۆک کۆماریش پەرۆش بوو بۆ جێبەجێکردنی هەموو داواکارییەکانیان. ئەمە بە پێچەوانەی پەیوەندییەکانمان بوو لەگەڵ جەلال تاڵەبانی، کە تەنها یەک جار لە سلێمانی سەردانم کرد، ئەو ڕۆژە نێچیرڤان بارزانی گلەیی لێ کردم کە بۆچی سەردانی تاڵەبانی-م کردووە و گوتی تاڵەبانی ڕاستگۆ نییە”.
هەروەها حەبووش دەشڵێت: مەسعود بارزانی هەمیشە سوپاسگوزاری و وەفاداری بۆ دەردەبڕین و لە هەموو دیدارێکدا ستایشی سەرۆک سەدام حوسێن و خۆشەویستییەکەی بۆ کورد دەکرد، هەروەها ستایشی سوپای عێراقیشی دەکرد کە ـ بە وتەی ئەو ـ لە هەموو بارودۆخە سەختەکاندا لەگەڵیدا وەستاوە. لە دوا دیدارماندا، چەند ڕۆژێک پێش هێرشی ئەمریکا، مەسعود بارزانی پێی گوتم ئەگەر سوپای تورکیا لە باکوورەوە بێتە ناوەوە، پێشمەرگە توانای بەرپەرچدانەوەی هەیە، داوای لێ کردم بە سەرۆک سەدام ڕابگەیەنم کە سوپا لە ناوچەکانی باکوور بکشێنێتەوە بۆ ئەوەی کەموکوڕییەکانی ناوچەکانی تری عێراقی پێ پڕ بکاتەوە”.





