
پێشتر ئەمریکا داوای لە ئێران کردبوو بۆ ماوەی 48 رۆژ ئاگربەست ڕابگەیەنن، ئێران ڕەتیکردبوەوە، بەڵام ئێستا داوا لە ئەمریکا دەکات بۆ ئەو ماوەیە ئاگربەستێکی کاتیی ڕابگەیەنن.
ماڵپەڕی “ئەکسیۆس”ی ئەمریکی ئاشکرای کرد کە نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران، لەگەڵ کۆمەڵێک نێوەندگیری ناوچەیی، سەرقاڵی گفتوگۆن لەسەر مەرجەکانی ئاگربەستێکی کاتیی بۆ ماوەی 45 ڕۆژ.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕە ئەمریکییەکە کە پشتی بە 4 سەرچاوەی ئەمریکی، ئیسرائیلی و ناوچەیی “ئاگادار لە گفتوگۆکان” بەستووە، ئاگربەستەکە “رەنگە ببێتە هۆی کۆتاییهاتنی هەمیشەیی شەڕەکە”.
بەڵام سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، هەلی گەیشتن بە ڕێککەوتن لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا “لاوازە”، هەروەها ئەوەشیان خستوەەتەڕوو: ئەم هەوڵە کۆتاییە، تەنها دەرفەتە بۆ دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندنێکی گەورەی شەڕ، کە ڕەنگە هێرشی بەرفراوان بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی لە ئێران بگرێتەوە، لەگەڵ وەڵامدانەوەی ئێران، کە دامەزراوەکانی وزە و ئاو لە کەنداو بکاتە ئامانج”.
پێشبینی دەکرا مۆڵەتی دە ڕۆیەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئێرانی دیاری کردبوو، ئێوارەی دووشەممە کۆتایی بێت، بەڵام بۆ ماوەی 20 کاتژمێر درێژی کردەوە ک، ترەمپ کاتێکی نوێی لە ئێوارەی سێشەممە کاتژمێر هەشتی شەو بەکاتی کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکان دیاری کرد، ئەوەش لە ڕێگەی پۆستێک لەسەر پلاتفۆرمی تروس سۆشیاڵ.
ترەمپ ڕۆژی یەکشەممە بە ماڵپەڕی “ئەکسیۆس”ی ڕاگەیاندووە، ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرقاڵی دانوستانێکی قووڵە لەگەڵ ئێران و گەیشتن بە ڕێککەوتن پێش کۆتایی هاتنی مۆڵەتەکە ئەگەری هەیە.
هەروەها وتیشی: “هەلێکی باش هەیە، بەڵام ئەگەر ڕێککەوتن نەکەن، هەموو شتێک لەوێ تێکدەشکێنم”.
پێشتر ترەمپ هەڕەشەی تێکشکاندنی ژێرخانە هەستیارە مەدەنییەکانی ئێرانی کردبوو لە ئەگەری شکستهێنانی گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران.
سەرچاوەیەک بە ئەکسیۆس-ی گوتووە: “ئۆپەراسیۆنی بۆردومانی بەرفراوانی ئەمریکی-ئیسرائیلی کە دامەزراوەکانی وزەی ئێران دەکاتە ئامانج ئامادەیە بۆ جێبەجێکردن، بەڵام درێژکردنەوەی مۆڵەتەکە ئامانج لێی پێدانی دوا دەرفەتە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن”.
سەرچاوەکان بە ماڵپەڕە ئەمریکییەکەیان ڕاگەیاندووە، “دانوستانەکان لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانی وەک پاکستان، میسر و تورکیاوە بەڕێوەدەچن، جگە لە ئاڵوگۆڕی پەیامی تێکستی لە نێوان ستیڤ ویتکۆف نێردەی ترەمپ و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران”.
بەرپرسێکی ئەمریکی ڕوونی کردەوە، ئیدارەی ترەمپ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین پێشنیازی پێشکەش بە ئێران کردووە، بەڵام تا ئێستا قبوڵ نەکراون.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، “نێوەندگیرەکان لەگەڵ لایەنەکان تاوتوێی مەرجەکانی ڕێککەوتنێکی دوو قۆناغی دەکەن؛ قۆناغی یەکەم ئاگربەستێک بۆ ماوەی 45 ڕۆژ، کە لەو ماوەیەدا دانوستان لەسەر کۆتاییهێنانی هەمیشەیی شەڕەکە دەکرێت”.
یەکێک لە سەرچاوەکان ئاماژەی بەوە کردووە، “ئاگربەستەکە ڕەنگە درێژ بکرێتەوە ئەگەر دانوستانەکان پێویستیان بە کاتی زیاتر بێت، لەکاتێکدا قۆناغی دووەم ڕێککەوتنێکی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە لەخۆدەگرێت”.
سەرچاوەکان پێیان وایە “دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز بە تەواوی و چارەسەرکردنی دۆسیەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاست بەرز لە ئێران چ لە ڕێگەی بردنە دەرەوەی لە وڵات یان کەمکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی، تەنها لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی کۆتاییدا بەدی دێت.
بەپێی ماڵپەڕەکە، “نێوەندگیرەکان کار لەسەر ڕێکارەکانی بنیاتنانی متمانە دەکەن کە ئێران بیگرێتەبەر سەبارەت بە دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز و کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستبەرز”.
ئەم دوو پرسە بە گرنگترین کارتی دانوستان لای ئێران دادەنرێن، بە دووری دەزانرێت تاران ڕازی بێت بە تەواوی دەستبەرداریان بێت لە بەرامبەر ئاگربەستێکی کاتی کە تەنها 45 ڕۆژ بێت، بەپێی وتەی دوو سەرچاوە.
نێوەندگیرەکان هەوڵدەدەن بزانن ئایا ئێران ئامادەیە هەنگاوی کرداریی لەم دوو دۆسیەیەدا لە ماوەی قۆناغی یەکەمدا بنێت، هەروەها کار لەسەر ڕێکارەکان دەکەن کە ڕەنگە ئیدارەی ترەمپ بیگرێتەبەر بۆ پێدانی گەرەنتی بە ئێران کە ئاگربەستەکە کاتی نابێت و شەڕەکە لە دوای ئەوەوە دەستپێناکاتەوە.
بەرپرسانی ئێران بۆ نێوەندگیرەکانیان دووپات کردووەتەوە کە نایانەوێت سیناریۆی غەززە یان لوبنان دووبارە ببێتەوە، کە ئاگربەستەکە تەنها “لەسەر کاغەز” بێت، لەکاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل هەر کاتێک بیانەوێت دەتوانن هێرشەکان دەستپێبکەنەوە.
هەروەها نێوەندگیرەکان کار لەسەر ڕێکاری زیاتری بنیاتنانی متمانە لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە دەکەن بۆ جێبەجێکردنی هەندێک لە داواکارییەکانی ئێران.
کۆشکی سپی ئامادە نەبووە لێدوان لەسەر ئەو پرسە بدات، بەپێی “ئەکسیۆس”.
نێوەندگیرەکان بۆ بەرپرسانی ئێرانیان دووپات کردووەتەوە کە کات بۆ بەفیرۆدان نەماوە، 48 کاتژمێری داهاتوو “دوا دەرفەتە” بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و دوورکەوتنەوە لە وێرانکارییەکی بەرفراوان. لە بەرامبەردا، بەرپرسانی ئێران هێشتا بە ئاشکرا هەڵوێستێکی توندیان هەیە و ڕەتیدەکەنەوە سازش بکەن.
هێزی دەریایی لە سوپای پاسدارانی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، بارودۆخی گەرووی هورمز هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ پێش شەڕەکە، بەتایبەتی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل.





