مەرگی دەوڵەتداریی؛ ڕۆژانێک هەرێمی کوردستان حکومەت و پەرلەمانی هەبوو

کاتێک بە ناو بازاڕ و شەقامی شارەکانی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕ دەبیت، لە سیمای خەڵکەکەی ماندووبوون و خراپیی دۆخی دارایی و ئابووریی دەخوێنیتەوە، کاتێکیش خەڵکیی دەدوێنی هەست بەوە ناکەیت کێشەیان لەگەڵ پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کارانەبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دا هەبێت، لە هەرێمە تاقانەکەی عێراق دا خەریکە ئەو بۆچوونە جێگیر دەبێت، کە بوونی پەرلەمان تەنیا بۆ ماکیاژکردنی دەسەڵاتدارانە لەلای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

2-12-2024 خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان یەکەم و دواین دانیشتنی خۆی تا ئێستا ئەنجامداوە، لەو کاتەوە بۆ ئەمڕۆ نزیکەی ساڵێک و چوار مانگە پەرلەمان کۆنەبووەتەوە، پەرلەمانتاران بە رێکەوتیش بەلای باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان دا نەڕۆیشتوون، تەنیا پابەندبوونی پەرلەمانتاران بە خولی شەشەمەوە وەرگرتنی مووچەکانیانە، مووچەیەک کە لەبەرامبەر “هیچ نەکردن”دا وەریدەگرن، مووچەیەک کە بە هەموو یاسا زەمینیی و ئاسمانییەکان، وەرگرتنی تێبینی لەسەرە.

پارتی دیموکراتی کوردستان (39 کورسی) یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (23 کورسی) براوەی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانن، بەڵام پەرلەمان بۆ ئەوان، بۆ بەکارهێنانی یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی دیموکراسیەت لە گەشەسەندنی کۆمەڵگە نیە، وەك چۆن بۆ ئەوەش نیە پەرلەمان ئەرکی سەرەکی خۆی کە یاسادانانە جێبەجێبکات، بەڵکو بۆ پارتی و یەکێتی پەرلەمانی کوردستان ئەرکە سەرەکیەکەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ڕاسپاردنی سەرۆک وەزیرانە. هەر شتێک لەدوای ئەو دوو بابەتەوە دێنە پێشەوە، بۆ ئەو دوو حزبە لاوەکین.

تەنانەت جەنگی ئێران-یش نەبووە هۆکارێک بۆ ئەوەی پارتی و یەکێتی دەستبەرداری مەرجەکانیان بۆ یەکتر ببن و بڕیاری کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بدەن، ئێستا دۆخێک لە هەرێمی کوردستان دروستبووە نە پەرلەمان هەیە نە حکومەتێکی ماوە یاسایی، تەنانەت کابینەی 9 کە ئێستا بووەتە کاربەڕێکەر، ناتوانێت هەفتانە کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامبدات، وەزارەتەکان ئیشی ڕۆتینی خۆیان ئەنجامدەدەن، بەڵام لەهەرەمی دەسەڵاتدا دیدگایەکی ڕوون بۆ بەرێوەبردنی هەرێمەکە بوونی نییە.

کاوە عەلی، ئەندامی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی بە کورد مۆنیتەر-ی گوت: بەداخەوە بە مەبەست دەسەڵاتداران نایانەوێت دامەزراوە شەرعیەکان کارا بن، نایانەوێت دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت، هەرچەندە لەسەرەتادا چەند هەوڵێک درا، بە تایبەت لە یەکەم ڕۆژی سوێند خواردنی پەرلەمانتاران، بەڵام بە ڕێکەوتنی پارتی و یەکێتی و هێشتنەوەی چەند ئەندامێکی کەمیان لە هۆڵی پەرلەمان و ناردنە دەرەوەی زۆربەیان، نیسابی یاساییان شکاند، بە هەڵنەبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لیژنەکانی پەرلەمان پێکنەهات و ناتوانرێت پێک بهێنرێت، واتە پەرلەمان بە شێوەیەکی دروست و یاسایی بەدواداچوون و چاودێری بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردن بکات، وە هەموو ئەو دەزگا و دامەزراوە چاودێریانەی تریش پەک خراوە و تەنها قەباغی ماوەتەوە ، دیوانی چاودێری دارایی ناتوانێت کارەکانی بەڕێکات ، دەستەی دەستپاکی ، دەستەی مافی مرۆڤ ، داواکاری گشتی، هەموویان لە ئێستا دا گرفتی یاساییان بۆ دروست بووە و نیمچە پەککەوتنێک پەکخراوە و لاواز کراوە، لەبەرامبەر بەهێزکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن کە نزیکەی سێ ساڵە بە نایاسایی کار دەکات و کاربەڕێکەرە و سەرجەم دەسەڵاتەکانی تریش مومارەسە دەکات و ڕێنمایی دەردەکات پێچەوانەی یاسا ، یاسا پێشێل دەکات و هیچ لێپرسینەوە نییە”.

ئێران و ئەمریکا زیاتر لە مانگێکە لە جەنگێکی سەختدان، شەوی ڕابردوو جەنگەکەیان راگرت لەکاتێکدا دەیان دۆسیەی هەستیار و قورس لەنێوانیاندایە، بەڵام بڕیاری گەیشتنە ڕێککەوتنیان داوە، لەکاتێکدا پارتی و یەکێتی کە ناکۆکیەکانیان بە وڵاتانی زلهێز بەراورد ناکرێت، کەچی ماوەیەکی زۆرە هەرسێ دەسەڵاتەکەی هەرێمی کوردستانیان بە بارمتە گرتووە، لەو بارەیەوە کاوە عەلی گوتی: پارتی و یەکێتی لەبەرژەوەندی هەردوولایانە هەر یەکەو لە دەسەڵاتی زۆنی خۆی بەم شێوەیە بە بێ بوونی چاودێری و لێپرسینەوە بەردەوام بن، بە پێی دروستبوونی کابینەی پێشوو ، ڕێکەوتنی ستراتیژی نێوانیان هەرگیز لەبەرامبەر بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی قەوارەی هەرێم و ڕێزگرتن لە دامەزراوەکانی هەرێم تەنازولیان بۆ یەک نەکردووە بەڵکو تاوەکو فشاری دەرەوە لەسەریان نەبووبێت، پێک نەهاتوون”.

بەوتەی پەرلەمانتارەکەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان “ئۆپۆزسیۆن یان دەرەوەی ئەو دوولایەنە هەم پەرتەوازەن هەم لاوازن لە ڕووی ژمارە و لە ڕووی کاریگەرییان، جووڵەیەکی کەم هەیە بەڵام تا ئێستا هەنگاوەکان کاریگەری ئەوتۆی نەبووە ، هیچ لایەکی دەسەڵات تا ئێستا باکی نییە کە ئایندەی هەرێم بە هۆی پەکخستنی دامەزراوە شەرعیەکان چی بەسەر ھاتووە و دێت”.

کورد مۆنیتەر هەوڵیدا لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی فراکسیۆنەکانی پارتی یاخود یەکێتی لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان قسەبکات، بەتایبەت کە چاوەڕێدەکرێت ئەو دوو حزبە پێکهێنەری سەرەکی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بن، بەڵام بە پاساوی ئەوەی “لەلایەن حزبەکەیانەوە داوایان لێکراوە لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت قسە نەکەن” ئامادەنەبوون سەرنجی خۆیان بخەنەڕوو.

پارتی و یەکێتی شاندی دانوستانکاریان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام وا دەردەکەوێت شاندەکانیان کە لە بەرپرسانی باڵای هەردوو حزب پێکهاتوون، دەسەڵاتی بڕیاردانیان نەبێت، چونکە ئەمڕۆ ڕۆژی 14ی ئابی 2025 لە مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەهەولێر، هەردوو شاندی دانوستانکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بڕیاریاندا: ئەیلولی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان دەست بە کارو چالاکیی ئاسایی خۆی بکات” وا نزیک دەبینەوە لە ئەیلولی 2026 و ئەو کۆبوونەوەیەی دەبوو لە ئەیلولی 2025 لە پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت، هێشتا ئەنجام نەدراوە.

سەرچاوەیەکی باڵا لە پارتی دیموکراتی کوردستان بەدووریزانی تا دوای پێکهێنانی حکومەتی عێراق، باس لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت، ئەو سەرچاوەیە بە کورد مۆنیتەر-ی گوت: دۆخەکە تا پێش ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ شتێک بوو، ئێستاش شتێکی دیکەیە. چونکە وا دەردەکەوێت لایەنی سێیەم کە نەوەی نوێیە بیەوێت بەشداریی لە کابینەی نوێی حکومەت بکات، ئێمە لاریمان لە بەشداریکردنی هێزە سیاسییەکان نیە، بەڵام لەشێوازی دابەشکردنی پۆستەکاندا جیاوازیی لە تێڕوانینی پارتی و یەکێتی هەیە”.

لەبارەی جیاوازەکە ئەو سەرچاوەیە گوتی: یەکێتی پێیوایە دەبێت نۆ وەزارەت وەربگرێت، سێ وەزارەت و دەستەش بدرێتە نەوەی نوێ، بەڵام پارتی ئەوەی رەتدەکاتەوە و بەرکەوتەی هەڵبژاردنی هەردوو حزبەکە پێکەوە (یەکێتی و نەوەی نوێ) مادام هاوپەیمانن، لە دیدی ئێمەوە 10 وەزارەتە، ئەوان سەرپشکن لەوەی چۆن لەنێوان خۆیاندا دابەشی دەکەن”.

محەمەد فەتاح، دووکاندارێکە لە نێو جەرگەی بازاڕێکی قەرەباڵغی شاری سلێمانی، ئەو بە زەردەخەنەیەکەوە کە هەستت دەکرد کە ڕەنگدانەوەی خەم و بارگرانیی ژیانی بوو بە کورد مۆنیتەر-ی گوت: حکومەت پێکبێت یان نا هیچ لە دۆخی ئێمە ناگۆڕێت و لەوانەیە بارگرانیەکان زیاتر بن، چونکە هەرکاتێک پارتی و یەکێتی نێوانیان باشبێت بڕیاری سەپاندنی باج و ڕسوماتی نوێ بەسەر کاسبکاران دا دەسەپێنن، کەواتە حکومەت پێکنەیەت بۆ ئێمە باشترە”.

ئەو دووکاندارە باسی لەوەشکرد: لەهەموو دنیادا حکومەت بۆ ئەوە پێکدێت شتێک بۆ باشتر بگۆڕێت، بەڵام لەم کوردستانەی ئێمەدا حکومەت بۆ ئەوە پێکدێت هەموو شتێک تێک بدات، پێش هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی کوردستان (خولی پێنجەم) ئێمە حاڵمان باشتر بوو، کار و کاسبی هەبوو، بەڵام لەوە بەدوا هەموو بەیانیەک بڕیارێکی نوێ بۆ سەپاندنی باج و ڕسوومات دەردەچوو، ئێمە هەشت ساڵە دۆخمان ساڵ بە ساڵ خراپتر دەبێت”.

بەڵێنی حزبەکان لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان

دامەزراوەی پەی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، نزیکەی کۆی گشتی بەڵێنی حزبەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە ساڵی 2024 ئەنجامدرا، هەمان بەڵێنەکانی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ساڵی 2018ی ئەو حزبانەیە:

كۆی‌ بەڵێنەكانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بۆ دەنگدەرانی‌، لەهەڵبژاردنی ساڵی (2018) بریتیی بوو لە (62) بەڵێنی‌ هەڵبژاردن (77%)ی بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم لە ساڵی (2024)، (85%)ی بەڵینەکانی دووبارەبوون.

بەڵێنەكانی‌ یەکێتی نیشتمانی كوردستان بۆ دەنگدەرانی‌، لەهەڵبژاردنی ساڵی (2018) بریتیی بوو لە (181) بەڵێنی‌ هەڵبژاردن (92%)ی بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم لە ساڵی (2024)، (96%)ی بەڵینەکانی دووبارەبوون.

بەڵێنەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دەنگدەرانی‌، لەهەڵبژاردنی ساڵی (2018) بریتیی بوو لە (228) بەڵێنی‌ هەڵبژاردن (99%)ی بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم لە ساڵی (2024)، (93%)ی بەڵینەکانی دووبارەبوون.

بەڵێنەکانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ دەنگدەرانی‌، لەهەڵبژاردنی ساڵی (2018) بریتیی بوو لە (50) بەڵێنی‌ هەڵبژاردن (100%)ی بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم لە ساڵی (2024)، (100%)ی بەڵینەکانی دووبارەبوون.

بەڵێنەکانی یەکگرتووی ئیسلامی بۆ دەنگدەرانی‌، لەهەڵبژاردنی ساڵی (2018) بریتیی بوو لە (126) بەڵێنی‌ هەڵبژاردن (99%)ی بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم لە ساڵی (2024)، (94.5%)ی بەڵینەکانی دووبارەبوون.

بەڵێنەکانی کۆمەڵی دادگەری بۆ دەنگدەرانی‌، لەهەڵبژاردنی ساڵی (2018) بریتیی بوو لە (69) بەڵێنی‌ هەڵبژاردن (97%)ی بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم لە ساڵی (2024)، (77.4%)ی بەڵینەکانی دووبارەبوون.

دەرئەنجامی ئەو ئامارە پێمان دەڵێت لە هەرێمی کوردستان دۆخێک دروستبووە، دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆن لەو شوێنەدا کە ناتوانن بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن هیچ جیاوازییەکیان نامێنێت، کاتێکیش پرسیاری هۆکاری جێبەجێنەبوونی بەڵێنەکان لە حزبەکان دەکەیت، دەسەڵاتداران (پارتی و یەکێتی و گۆڕان) دەڵێن: دۆخی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە یارمەتیدەر نەبوو، هەرکاتیش لە حزبەکانی ئۆپۆزسیۆن دەپرسیت بۆچی بەڵێنەکانتان بەدینەهاتن، لەوەڵامدا دەڵێن: پارتی و یەکێتی نەیانهێشت.

Back to top button