
کاتێک خەریکبوو مۆڵەتەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئێران خەریک بوو کۆتایی دەهات، موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ یەکەمجار لە دەستپێکی جەنگەوە فەرمانی بە دانوستاندنکارەکانی دا بەرەو رێککەوتن هەنگاو بنێن، ئەوەش بەرپرسانی واشنتۆنی تووشی سەرسوڕمان کردووە و گوتویانە: کەواتە پێشهاتێکی نوێیە.
ترەمپ بە ئاشکرا هەڕەشەی سڕینەوەی شارستانیەتی ئێرانی دەکرد، بەڵام لە پشت پەردەوە نیشانەکانی جووڵەی دیپلۆماسی دەرکەوتن، تەنانەت سەرچاوە نزیکەکانی ترەمپیش تاوەکو ساتەوەختی راگەیاندنی ئاگربەستەکە نەیاندەزانی چ ئەنجامێک بەدەست دێت.
پێگەی ئەکسیۆس-ی ئەمریکی زانیاریی وردیی لەبارەی کاتژمێرەکانی کۆتایی مۆڵەتەکەی ترەمپ بۆ ئێران ئاشکراکردووە و دەڵێت، زانیارییەکانی لەلایەن بەرپرسێکی ئیسرائیلی، بەرپرسێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادار لە بابەتەکە پشتڕاستکراونەتەوە.
بەرپرسێکی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت: “نەماندەزانی چی روودەدات.” هاوکات هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە خۆیان بۆ تۆڵەسەندنەوەیەکی بێ وێنەی ئێران ئامادە دەکرد و لە ناوخۆی ئێرانیش هەندێک لە هاووڵاتییان ماڵەکانیان جێدەهێشت تاوەکو لە زەبری هێرشەکان دوور بکەونەوە. دۆخەکە پێشبینی نەکراو بوو.
چیرۆکەکە بەمشێوەیە دەستیپێکرد
رۆژی دووشەممە کاتێک ترەمپ لەنێو ئاهەنگی جەژنی هەستانەوە لە کۆشکی سپی ئامادەبوو، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ بە “تووڕەییەکی لەڕادە بەدەرەوە” سەرقاڵی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی بوو. ستیڤ ویتکۆف بە نێوەندگیرەکانی گوت، ئەو پێشنیازە 10 خاڵییەی کە ئێران ناردوویەتی “قبوڵکردنی کارەساتە”.
ئەمە بووە سەرەتای رۆژێکی “پڕ لە مەترسی و پشێویی” بۆ گۆڕانکاری لە ئێران و ناوچەکە. نێوەندگیرە پاکستانییەکان رەشنووسەکانیان لەنێوان ویتکۆف و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەگواستەوە. وەزیرانی دەرەوەی میسر و تورکیاش هەوڵیان دەدا کەلێنەکان پڕ بکەنەوە، ئەوە بوو پێش کاتژمێر 12ی شەوی دووشەممە، نێوەندگیرەکان رەزامەندیی ئەمریکایان بۆ پێشنیازێکی نوێی ئاگربەستی دوو هەفتەیی بەدەستهێنا، دواتر بڕیارەکە کەوتە دەست موجتەبا خامنەیی کە بە گوتەی سەرچاوەکان، رۆژانی دووشەممە و سێشەممە چالاکانە لە پڕۆسەکەدا بەشدار بوو.
موجتەبا بە نهێنی چ ڕۆڵێکی گێڕا؟
بەشداریی رێبەری باڵا بە شێوەیەکی نهێنی بووە، بەوپێیەی هەم دەگوترێت بریندار بووە و دوای کوژرانی باوکی چارەسەری وەرگرتووە، هەم بەهۆی هەبوونی هەڕەشەی تیرۆرکردن لەلایەن ئیسرائیلەوە، موجتەبا خامنەیی تەنیا لە رێگەی نێردراوەکانەوە (کە نامەی نووسراویان پێبووە) پەیوەندی کردووە. دوو سەرچاوە دەڵێن، رەزامەندیی خامنەیی بۆ دانوستاندنکارەکانی تاوەکو رێککەوتن بکەن، “وەرچەرخانێکی گەورە” بوو.
سەرچاوەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئەکسیۆس-ی گوتووە، عەباس عێراقچی رۆڵێکی سەرەکی گێڕا لە بەڕێوەبردنی دانوستاندنەکان و رازیکردنی فەرماندەکانی سوپای پاسداران بۆ رازیبوونی بە رێککەوتنەکە. هەروەها چین هانی ئێرانی دا کە رێگەیەک بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە بدۆزێتەوە، بەڵام دواجار هەموو بڕیارە سەرەکییەکان لای خامنەیی بوون و بەبێ گڵۆپی سەوزی ئەو، رێککەوتن نەدەبوو.
ساتەوەختە یەکلاکەرەوەکە
بەیانیی رۆژی سێشەممە دیار بوو کە بەرەوپێشچوون هەیە، بەڵام ئەوە رێگر نەبوو لەوەی ترەمپ تووندترین هەڕەشەی خۆی بکات و بڵێت: “ئەم شەو تەواوی شارستانییەتێک دەمرێ.” هەندێک میدیای ئەمریکی رایانگەیاند، ئێران دانوستاندنەکانی وەستاندووە، بەڵام سەرچاوەکانی “ئەکسیۆس” دەڵێن وا نەبووە و لە راستیدا پڕۆسەکە بەرەو پێش دەچوو.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک لە هەنگاریاوە خەریکی پەیوەندی بوو لەگەڵ پاکستانییەکان. هاوکات بنیامین نەتەنیاهۆ بە بەردەوامی لەگەڵ ترەمپ و تیمەکەی لە پەیوەندیدا بوو، هەرچەندە ئیسرائیلییەکان نیگەران بوون لەوەی کۆنترۆڵی پڕۆسەکەیان لەدەستداوە. نزیکەی نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە لێکتێگەیشتنێکی گشتی دروستبوو کە لایەنەکان بەرەو ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی دەچن.
سێ کاتژمێر دواتر، شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، مەرجەکانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوکردەوە و داوای لە هەردوولا کرد رازی بن. ترەمپ دەستبەجێ پەیوەندی و نامەی زۆری لەلایەن بەشێک لە هاوپەیمانەکانییەوە پێگەیشت کە داوایان لێدەکرد رەتی بکاتەوە. دۆخەکە هێندە تەمومژاوی بوو، تەنانەت ئەو کەسانەی کاتژمێرێک پێشتر لەگەڵ ترەمپ قسەیان کردبوو، وایان دەزانی ئاگربەستەکە رەتدەکاتەوە، بەڵام قبووڵی کرد.
بەر لەوەی وەڵامەکەی بڵاوبکاتەوە، ترەمپ لەگەڵ نەتەنیاهۆ قسەی کرد تاوەکو پابەندیی ئەو بۆ ئاگربەستەکە وەربگرێ. پاشان لەگەڵ عاسیم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان قسەی کرد بۆ قۆناغی کۆتایی و رێککەوتن لەسەر بەندەکانی رێککەوتنەکە.
تەنیا 15 خولەک دوای پۆستەکەی ترەمپ، فەرمان گەیشتە هێزەکانی ئەمریکا کە ئۆپەراسیۆنەکان رابگرن. دواتر عێراقچی رایگەیاند، ئێران پابەندی ئاگربەستەکە دەبێت و گەرووی هورمز بە رووی ئەو کەشتییانەدا دەکاتەوە کە “بە هەماهەنگیی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ئێران” کاردەکەن.
چی چاوەڕێی جیهان دەکات
ئێستا جیهان چاوەڕێیە ببێنێت ئێران تا چ ئاستێک رێگە بە دەستپێکردنەوەی کەشتیوانی دەدات، یاخود نەتەنیاهۆ تا کەی پابەندی ئاگربەستەکە دەبێت؟بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل بە “ئەکسیۆس”ی راگەیاندووە کە نەتەنیاهۆ دڵنیایی وەرگرتووە کە ئەمریکا لە دانوستاندنەکانی ئاشتیدا جەخت لەسەر رادەستکردنی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە، وازهێنانی ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم و لەناوبردنی توانای مووشەکی بالیستی دەکاتەوە.
بڕیارە جەی دی ڤانس سەرۆکایەتیی شاندی ئەمریکا بکات لەو گفتوگۆیانەی رۆژی هەینی لە پاکستان بەڕێوەدەچن، ئەمەش دەبێتە گرنگترین ئەرکی سیاسی لە ژیانی ئەودا. هێشتا جیاوازیی گەورە لەنێوان دیدگەی تاران و واشنتن هەیە، ئەمەش ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ بە کراوەیی دەهێڵێتەوە.





