
پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) ڕوبەڕووی شەپۆلێکی دوورخستنەوەی بەکۆمەڵی سەرکردە دیارەکانی بووەتەوە، ئێستا لەنێو ئەو پارتە دۆخێک دروستبووە کە بووەتە مەترسی لەسەر هاوپەیمانێتیەکەی مەهەپە لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان.
کۆمەڵێک بەرپرسی مەهەپە لە بازنە جیاوازەکانی تورکیا لەکارەکانیان دورخراونەتەوە، کە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیی لە تورکیا، بەڵام ئەم هەوڵە ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوەی هاوپەیمانێتیەکەی مەهەپە و ئەکەپە بوەوە،کە زۆرینەی پەرلەمانییان هەیە و ڕێگری لە تێپەڕاندنی پێشنیازەکە دەکەن.
مەهەپە هەڵوەشاندنەوەی لقی سەرەکیی خۆی لە ئیستانبووڵ و 39 لقی دیکەی سەر بە بازنەی ئیستانبووڵی لە ناوچەکانی ئەو شارەدا ڕاگەیاند، کە 16 ملیۆن کەسی تێدا دەژی و گەورەترین قورسایی سیاسی و ئابووریی تورکیا پێکدەهێنێت.
بڕیاری دوورخستنەوەی سەرکردایەتیی پارتەکە لە ئیستانبووڵ و دەستنیشانکردنی سەرکردایەتییەکی کاتیی نوێ، دوای چەند ڕۆژێک لە دەستلەکارکێشانەوەی کتوپڕی عیزەت ئولفی یونتەر-ی جێگری سەرۆکی مەهەپە هات، کە پێدەچێت هۆکارەکەی ئەو گۆڕانکارییانە بێت کە لقی ئەستەنبوڵی گرتەوە.
شامل تەیار، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی داد و گەشەپێدان، ئەو دوورخستنەوانەی ناو مەهەپەی هاوپەیمانی ئەکەپەی بەستەوە بە دەستلەکارکێشانەوەکەی یونتەری جێگری سەرۆکی مەهەپە، کە دوای بڵاوکردنەوەی نووسینێک لە سەکۆی “ئێکس” هات کە تێیدا ڕەخنەی لە سەرکردەیەکی پارتەکەی گرتبوو بێ ئەوەی ناوی بهێنێت.
ئەو نووسینە مشتومڕێکی فراوانی دروستکرد، بەتایبەت کە مەهەپە بەوە ناسراوە دوورە لە ململانێکانی نێو سۆشیاڵ میدیا و وەک پارتێکی پارێزگار و یەکگرتوو دەردەکەوێت، ئەمەش وایکردووە وا بیربکرێتەوە کە دابەشبوونێک لە ناوخۆی حزبەکەدا هەبێت لەسەر پرسی جێگرەوەی باخچەلی، ڕێبەر و سەرۆکی بەهێزی ئێستای ئەو حزبە کە تەمەنی گەیشتووەتە 78 ساڵ.
پەرلەمانتارەکەی پێشووی ئەکەپە بۆچوونی وایە، بڕیارە نوێیەکانی باخچەلی دەسەڵاتەکانی بەهێزتر دەکەن و توانای مەهەپە بۆ خۆڕاگری لە بەرامبەر بارودۆخەکاندا زیاد دەکەن و بە یەکگرتوویی نیشانی دەدەن، هەروەها بەسەر هەر لاوازییەکدا لە ئاستی سەرکردایەتیدا دروست دەبێت، زاڵ دەبن.
دەرفەتی زێڕین بۆ ئۆپۆزسیۆن
ئۆزگور ئۆزێل، ڕێبەری پارتی گەلی کۆماری، دەستی بە گفتوگۆ کردووە لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی وڵات بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری بۆ پێشنیازەکەی سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیی لەم قۆناغەی ئێستادا، لەبری ئەوەی چاوەڕێی وادەی دیاریکراو بکرێت کە دەکەوێتە ساڵی 2028ەوە.
سەرچاوەیەک لە پارتی گەلی کۆماری کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە ڕایگەیاندووە، کە ئۆزێل و سەرکردەکانی حزبەکەی بە ئەرێنیەوە تەماشای پەرەسەندنە ناوخۆییەکانی مەهەپە دەکەن و بە هەلێکی دەبینن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکەیان لە هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.
دوورخستنەوەی بەکۆمەڵ لە ڕیزەکانی مەهەپە، نیشانەی دابەشبوونی ناوخۆیین کە لەوانەیە بگاتە ئاستی جیابوونەوەی پەرلەمانتارانی مەهەپە لە حزبەکەیان و چوونە پاڵ (ئیی پارتی) نەتەوەیی، کە لە ساڵی 2017دا لە لایەن ئەو سەرکردانەی مەهەپەوە دروستکرا، کە پێشتر لەڕیزی ئەو حزبەدابوون.هاوکات ئی پارتی پشتگیری لە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات.
ئۆزێل ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە لەگەڵ هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) کۆبووەوە، بەڵام هیچ نیشانەیەک بۆ پشتگیریکردنی ئەو پارتە بۆ هەنگاوی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەرنەکەوتووە.
دەم پارتی سەرقاڵی پڕۆسەی ئاشتییە لە نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، دەیەوێت پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن، لەو پڕۆسەیەدا بچێتە پێشەوە کە تێیدا ڕۆڵی نێوەندگیر دەبینێت لە نێوان ئەنقەرە و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە.
هاوپەیمانی فەرمانڕەوا کە ئەکەپەیە، خاوەنی زۆرینەی پەرلەمانیە و ڕێگری دەکات لە خستنەڕووی پێشنیازی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ڕێگەی پەرلەمانەوە، لەگەڵ ڕەتکردنەوەی دەم پارتیش بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو هەڵبژاردنە کە سێیەم گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانن، چانسی پارتی گەلی کۆماری بە لاوازی دەمێنێتەوە.
بەڵام ئۆزێلی ڕێبەری جەهەپە پلانی هەیە پەرلەمانتارانی حزبەکەی بەرەو دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵ هان بدات، بەجۆرێک کە کورسییەکانی پەرلەمان بە ڕێژەی 5% چۆڵ بن، ئەمەش لە ڕووی دەستوورییەوە ڕێگە خۆش دەکات بۆ داواکردنی هەڵبژاردنی تەواوکاریی ناوخۆیی کە دەبێتە هۆی شڵەژانی دیمەنی سیاسی تورکیا.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، جەختی لەسەر ڕەتکردنەوەی حزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، سەرنجی حزبەکەی لەسەر دۆسیە ناوخۆییەکان و پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ کوردەکان و دوورخستنەوەی تورکیایە لە لێکەوتەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە نزیک سنوورەکانی لە باشووری وڵات.
بەڵام ڕۆژنامەی “جمهوریەت”ی نزیک لە پارتی گەلی کۆماری ڕایگەیاند کە گۆڕانکاری و دابەشبوونی ناو مەهەپە، کە هاوپەیمانە بەهێزەکەی ئەردۆغانە، دوای لقی ئەستەنبوڵ حەوت لقی دیکەش دەگرێتەوە، ئەوەش ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ شڵەژانی دیمەنی سیاسی لە تورکیا،
هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕێگە بە ئەردۆغان دەدات بۆ خولی سێیەم خۆی کاندید بکاتەوە، چونکە خولی دووەمی هێشتا کۆتایی نەهاتووە، بەبێ ئەوەی پێویستی بە هەموارکردنی دەستوور یان پەسەندکردنی دەستوورێکی نوێ بۆ وڵات هەبێت، کە لە ئێستادا کاری لەسەر دەکرێت.





