
لە ڕۆژانی ڕابردوودا پاکستان سەرکەوتوو بوو لەبەرجەستەکردنی گرنگترین ڕۆڵی نێوەندگیریی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران، ئەو وڵاتە توانی بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت ئاگری ئەو جەنگە کز بکات کە شەش هەفتە بوو بەردەوام بوو. ئێستا پرسیاری ئەوە دروستبووە؛ ئایا دەکرێت پاکستان ببێتە جێگرەوەی سویسرا وەک نێوەندگیرێکی سەرکەوتوو لە ململانێ نێودەوڵەتییە هەستیارەکاندا؟
بۆ چەندین دەیەی درێژە، واشنتۆن پشتی بە “ژنێف”ی پایتەختی سویسرا دەبەستێت، بۆ گەیاندنی پەیامەکانی بە تاران، بەتایبەت دوای تێکچوونی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بەهۆی قەیرانی بارمتەکانەوە لە ساڵی 1979، بەڵام دوای ئەوەی قەتەر و عومان بەهۆی جەنگی ئێرانەوە زیانیان بەرکەوت، ئیسلام ئاباد وەک یاریزانێکی نوێ هاتە ناو گۆڕەپانەکە، سەرەڕای ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنیی ناوخۆیی و جەنگی گەرمی لەگەڵ ئەفغانستان.
پاکستان توانای خۆی بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکەی سویسرا سەلماند، بەڵام ئەم ڕۆڵە بەهۆی ئەو مەترسییە سیاسی و ئەمنییانەی دەوری ئەو وڵاتەیان داوە، هەر بە مەترسیداری دەمێنێتەوە و ڕەنگە سنوورێک بۆ تەماحە دیپلۆماسییەکانی دابنێت.
دیپلۆماسییەتی جەنەراڵ عاسم
جەنەراڵ عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان و دەسەڵاتداری ڕاستەقینەی وڵات، هەوڵێکی زۆری دا بۆ بەهێزکردنی پێگەی وڵاتەکەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ئەویش لە ڕێگەی نێوەندگیرییەکی ئاڵۆز لە نێوان تاران و واشنتۆن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگێکی وێرانکەر، کە کاریگەرییە ئابوورییەکانی هەموو جیهانی گرتبووەوە.
ڕۆژی سێشەممە، چەند کاتژمێرێک پێش کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتە یەکلاکەرەوەیەی کە دۆناڵد ترامپ بۆ تارانی دیاریکردبوو، شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، داوای لە واشنتۆن کرد ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی ڕابگەیەنێت، بۆ ئەوەی بوار بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکان بڕەخسێت، هەروەها داوای لە ئێرانیش کرد وەک نیشانەیەک بۆ نیازپاکی، گەرووی هورمز بکاتەوە.
شەریف لە سەکۆی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوەو گوتی: “هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاشتییانە بەرەو پێش دەچن.. بە دڵسۆزییەوە داوا لە سەرۆک ترەمپ دەکەم مۆڵەتەکە بۆ ماوەی دوو هەفتەی دیکە درێژ بکاتەوە.” هەروەها گوتی: “داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین پابەند بن بە ڕاگرتنی سەڕ لە هەموو شوێنێک بۆ ماوەی دوو هەفتە”.
ترەمپ بە خێرایی وەڵامی دایەوە و کەمتر لە 90 خولەک پێش کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکە، ڕێککەوتنی لەسەر ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی ڕاگەیاند، بە مەرجی کردنەوەی تەواو و ئارامی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە. هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، یەکەم خولی گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان واشنتۆن و تاران ڕۆژی هەینی لە ئیسلام ئاباد بەڕێوەدەچێت، ئەمەش یەکەمین ڕووداوی لەو شێوەیەیە لە دوای دەستپێکردنی ململانێکان لە کۆتایی شوباتی ڕابردووەوە.
نێوەندگیری و بەرژەوەندی
سەرکەوتنی ئاگربەست پشتئەستوورە بە بەرژەوەندییەکانی پاکستان؛ لە سنوورە هاوبەشە ئاڵۆزەکانی لەگەڵ ئێران کە بەدەست گرژییە نەتەوەییەکانەوە دەناڵێنێت، تا دەگاتە پشتبەستنی زۆری وڵاتەکە بەو نەوت و گاز و پەینەی کە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن.
هەروەها مونیر، کە “فەرماندە مەیدانییە دڵخوازەکەی” ترەمپە، ئەم ڕۆڵە وەک دەرفەتێک دەبینێت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دۆستانەکان لەگەڵ واشنتۆن. پاکستان لە ڕێگەی “ڕێککەوتنی ئیسلام ئاباد”ەوە، چوارچێوەیەکی کاری داڕشتووە کە بریتییە لە؛ ڕاگرتنی دەستبەجێی تەقە و پاشان گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر، ئەمەش دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییە “ماراسۆنییەکانی” نێوان مونیر و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا.
هەندێک کەس ئەم ڕۆڵە بە ڕۆڵی مێژوویی پاکستان لە ساڵی 1971 دەشوبهێنن، کاتێک ئاسانکاریی کرد بۆ نزیکبوونەوەی نیکسۆن لە چین، کە وایکرد پەکین لە ژێر باڵی مۆسکۆ دەربچێت. لەوکاتەدا ئیسلام ئاباد ئەوەی کرد کە لێی داوا کرابوو، بەڵام بە چاوەڕوانی پاداشتێک بوو کە بەدی نەهات.
پاکستان لە نێوەندگیرییەکەی ساڵانی حەفتاکاندا چاوەڕێی هاوکاری ئەمریکای دەکرد، بەڵام ئەوکات ئەوە ڕووی نەدا، ئەمەش “وانەیەکی سەخت بوو”. بەڵام لە دۆخی ئێستادا، لەوانەیە ئیسلام ئاباد دووبارە هەوڵی بەدەستهێنانی دەستکەوت بدات کە ڕەنگە “بەدی نەیەن”.
ئەلیزابێس تریڵکێڵد لە ناوەندی “ستیمسۆن” پێی وایە پاکستان هەوڵ دەدات ببێتە هێزێکی فشار، بەڵام ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی دەبێتەوە لە پەیوەندییە ئاڵۆزەکان لەگەڵ ئێران و شکستهێنان لە قایلکردنی چین بۆ گێڕانی ڕۆڵێکی گەورەتر، تا دەگاتە گرژییە ناوخۆییەکان لەگەڵ کەمینە شیعەی وڵاتەکە، کە مونیر لە لێدوانێکی مشتومڕاویدا بەرپرسیارێتی هەندێک لە توندوتیژییەکانی خستە ئەستۆیان.
بەشداریی دیپلۆماسیی پاکستان ئامانجی دوورخستنەوەی سەرنجەکانە لە کێشە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە و بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتیە، بەڵام ئیسلام ئاباد لە ناوخۆدا شەرعییەتی نییە. ئەگەرچی پەیوەندییە جۆراوجۆرەکانی لەگەڵ واشنتۆن و چین و ئێران وای لێ دەکات ببێتە نێوەندگیرێکی نموونەیی، بەڵام ئەلیزابێس تریڵکێڵد هۆشداری دەدات: “ئەگەر گفتوگۆکان بەرەو پێش نەچن، پاکستان دەبێتە قوربانی و زیاتر دەکەوێتە بەر مەترسی”.





