ئەو تەلەفۆنە هەڕەشەئامێزەی ئێران بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد چی بوو؟

 

لە شەشەمین ڕۆژی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وەڵامی ئەو پرسیارانەی دایەوە کە دەربارەی هێرشێکی زەمینی هێزە کوردییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بڵاوکرابوونەوە. ترەمپ وتی پێیوایە هێرشی کورد لەناو خاکی ئێران، کە بنکەکانیان لە عێراقە کارێکی “ناوازە” دەبێت.

بەڵام لە هەشتەمین ڕۆژی جەنگەکەدا، ترەمپ تۆنی قسەکانی گۆڕی، ئەو لەناو فڕۆکەی “ئێر فۆرس وەن”دا گوتی: “ئێمە چاوەڕێی ئەوە نین کوردەکان بێنە جەنگەکەوە، من ئەو ئەگەرەم ڕەتکردووەتەوە”.

ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز لەسەر سنووری ئێران و عێراق دەری دەخات، چۆن ئەو هیوایانەی ئەمریکا و ئیسرائیل هەیانبوو کە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوکارییان بکەن، لەژێر دوو فشاردا هەرەسی هێنا: یەکەم، پەیامە تێکەڵ و ناڕوونەکانی واشنتۆن و ئۆرشەلیم و دووەم، هەڵمەتێکی بەردەوامی هێرش و هەڕەشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران دژی کوردەکان لە هەردوو دیوی سنوور.

ترەمپ لە 7ی نیساندا ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی ڕاگەیاند، ئەمەش دەرگای بۆ دانوستان و ئەگەری کۆتاییهاتنی جەنگەکە واڵا کرد. بەڵام ئەمە کۆتایی بە هەڵمەتی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناهێنێت کە لە عێراق پەنابەربوون و ساڵانێکی زۆری تەمەنیان بۆ ڕووخاندنی حکومەتەکەیان تەرخان کردووە.

لە ڕۆژە سەرەتاییەکانی جەنگی ئێراندا، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران بە نامەی مۆبایل هۆشدارییان دایە هاووڵاتیانی کوردی وڵاتەکەیان و هەڕەشەیان لێکردن کە هاوکاریی “بەکرێگیراوەکان”ی ئەمریکا و ئیسرائیل نەکەن. شەپۆلێکی دووەمی نامەکان هەڕەشەی لەو کوردانەی ئێران دەکرد کە سەردانی ماڵپەڕە بیانییەکانیان کردبوو.

تا کۆتایی مانگی ئادار، ئۆتۆمبێلەکانی حکومەت کە ئامێری پشکنینیان لەسەر بوو لە شەقامەکاندا دەسووڕانەوە بۆ دۆزینەوەی ئاماژەی پەیوەندییە سەتەلایتییە قەدەغەکراوەکان. بە گوتەی دانیشتووان، ئەم گەڕانە دیجیتاڵییانە لە شار و شارۆچکە کوردنشینەکاندا، هەڵکوتانە سەر ماڵانی لەلایەن ئەفسەرانی سوپای پاسدارانەوە بەدوای خۆیاندا هێنا.

لە عێراقی دراوسێ، سوپای پاسداران هەڵمەتێکی توندی فشارکردنی لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێکرد، کە هەم هێزی سەربازیی خۆی هەیە و هەم داڵدەی حزبە کوردەکانی ئێران دەدات. بە گوتەی دوو بەرپرسی کورد بۆ ڕۆیتەرز، سوپای پاسداران هەڕەشەی هێرشکردنە سەر هێزە کوردییەکانی عێراقیان کردووە لە نزیک سنوورن، ئەگەر لە ماوەی یەک کاتژمێردا پاشەکشە نەکەن.

کوردانی عێراق لە سنوور پاشەکشەیان کرد و بە ڕوونی ڕایانگەیاند کە نایانەوێت ڕابکێشرێنە ناو جەنگەکە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش کەوتنە بەر هێرشی کوشندەی درۆنەکانی ئێران. هاوکات، درۆن و موشەکەکانی سوپای پاسداران پێشمەرگەکانیان دەکردە ئامانج و حەوت پێشمەرگەیان شەهیدکرد، هاوکات ئەو بنکانەیان وێران کرد کە پێیان وابوو پارێزراون.

ڕۆیتەرز هەشت هەفتەی لە هەرێمی کوردستان بەسەر برد، لەوێ قسەی لەگەڵ حزبە ڕۆژهەڵاتیەکان و بەرپرسانی باڵای عێراقی کرد، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی لە ناو ئێران و هێرشەکانی ئێرای بۆ سەر کوردەکانی شیکردەوە، هەروەها بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ دانیشتووانی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کرد.

هەر گروپێک ئەجێندا و ئەزموونی تایبەت بە خۆی لە جەنگەکەدا هەبوو: حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئاوارەی عێراق ببون، دەیانویست حکومەتی تاران بڕووخێنن، کوردانی عێراق دەیانویست سەقامگیری و قەوارەی ئۆتۆنۆمی خۆیان بپارێزن، زۆرێک لەوانەی ناو ئێرانیش تەنها هیوایان دەخواست لە زیندان بەدوور بن.

تا پێش ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکە، ئێران سەرکەوتوو بوو لە ترساندنی هێزە کوردییەکانی عێراق بۆ ئەوەی نەچنە ناو جەنگەکەوە. ڕێگاکانی بریتین بوون لە بەکارهێنانی سیخوڕ و بە ئامانجگرتنی وردی نووسینگە و بارەگاکانی کوردانی ئێران لە عێراق – کە دواینیان ڕۆژی دووشەممە بوو. سەرکردە کوردەکانی عێراق دەڵێن زۆربەی هێرشەکان لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ناوخۆی عێراقەوە ئەنجامدراون، لە دیوی ئێران، دانیشتووانی ناوچەکە بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە کە سوپای پاسداران بە پاس هێزی زیادەی ڕەوانە کردووە بۆ ڕێگریگرتن لە هەر ڕاپەڕینێک.

ئەمیر کەریمی، هاوسەرۆکی پژاکە، ئەو گوتی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپای پاسداران هێزەکانی لە ناو دارستان، مزگەوت، قوتابخانە و تەنانەت نەخۆشخانەیەکیشدا جێگیر کردووە. فەرماندەیەکی سوپای پاسداران لە 22ی ئاداردا سەردانێکی ئاشکرای ناوچەکەی کرد.

کەریمی، کە لە کۆتایی مانگی ئاداردا قسەی بۆ ڕۆیتەرز کرد گوتی، لەو کاتەدا بۆی ڕوون نەبووە کە ئەمریکییەکان دەیانەوێت چی بکەن.

کوردەکان کە گەلێکن خاوەن زمان و کولتوورێکی جیاوازن و لە نێوان تورکیا، سوریا، ئێران و عێراقدا دابەشبوون، یەکێکن لە گەورەترین گروپە نەتەوەییەکانی جیهان کە دەوڵەتیان نییە. لە مێژوودا لەلایەن حکومەتەکانەوە چەوسێنراونەتەوە و تەنها لە عێراق قەوارەیەکی فەرمییان بەدەستهێناوە. زۆرێک لە کوردەکانی ئێران (کە نزیکەی 10%ی دانیشتووانە 90 ملیۆنییەکەی ئێران پێکدەهێنن)، پەنایان بۆ لای براکانیان لە هەرێمی کوردستان بردووە.

زۆرێک لە کوردەکانی ناو ئێرانیش هیوای ئۆتۆنۆمی دەخوازن و ئامانجێکی بەردەوامی سەرکوتکردنن لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە. لە کاتی جەنگەکەدا، وەک گونجاوترین هاوپەیمانی سەربازی لە ناوخۆی ئێراندا بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا سەیر دەکران.

بەگوێرەی شیکارییەکی ڕۆیتەرز بۆ داتاکان، لە سەرەتای جەنگەوە تا کۆتایی مانگی ئادار، ئێران و هاوپەیمانەکانی لانی کەم 388 موشەک و درۆنیان ئاراستەی ناوچە کوردییەکانی عێراق کردووە. نزیکەی نیوەیان گروپە سیاسییە کوردییەکان و هێزەکانیانی کردووەتە ئامانج. هەروەها بەگوێرەی شیکارییەکانی ڕۆیتەرز، هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل 140 جار لە ناوچە کوردنشینەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئێرانیان داوە.

حکومەتی ئیسرائیل لێدوانی نەداوە لەسەر ئەوەی چی بۆ هێزە کوردییەکان لە خەیاڵدایە. بەڵام لە ڕۆژی یەکەمی جەنگەکەدا، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای لە ئێرانییەکان کرد ڕاپەڕن و گوتی: “هاووڵاتیانی ئێران: فارس، کورد، ئازەری، ئەبخازی و بەلوچەکان. ئێستا کاتی ئەوەیە هێزەکانتان یەکبخەن، ڕژێم بڕووخێنن و داهاتووتان مسۆگەر بکەن”.

کۆشکی سپی و حکومەتی ئیسرائیل ڕەتیانکردەوە لێدوان لەسەر پلانەکانیان بۆ کوردەکان بدەن. حکومەتی ئێرانیش وەڵامی داواکارییەکانی بۆ لێدوان لەسەر مامەڵەکردنی لەگەڵ هاووڵاتیان لە ناوچە کوردنشینەکان یان هێرشەکانی بۆ سەر عێراق نەدایەوە.

لە بەیاننامەیەکدا بۆ ڕۆیتەرز کە پێش ئاگربەستەکە نێردراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە هیچ نییەتێکی نییە ڕابکێشرێتە ناو جەنگەکەوە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: “لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا ڕێگە نادرێت خاکی هەرێمی کوردستان وەک بنکەیەک بۆ هێرش، هەڕەشە، یان کارە دوژمنکارییەکان دژی هیچ وڵاتێکی دراوسێ بەکاربهێنرێت”.

بۆمب لە هەردوو لاوە

ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و عێراق لە هەردوو دیوی سنوورەوە بۆردومان کران. شیکارییەکی ڕۆیتەرز بۆ داتاکان نیشانی دەدات کە ئێران و هاوپەیمانەکانی لانیکەم 388 موشەک و درۆنیان گرتووەتە هەرێمی کوردستان. هەندێک شوێن چەندین جار کراونەتە ئامانج.

بۆردومانەکانی ئێران و هاوپەیمانەکانی بەردەوام بوون – تەنها لە 19ی ئاداردازیاتر لە 20 درۆن و موشەک ئاراستەی حزبەکانی ڕۆژهەڵات کراون. لەگەڵ ئەوەشدا، پێشمەرگەی ئەو حزبانە کە پێش ئاگربەستەکە ڕۆیتەرز چاوپێکەوتنی لەگەڵ کردبوون، گوتیان ئامادەن لە ساتێکی گونجاودا بەرەو باکووری ڕۆژئاوای ئێران بگەڕێنەوە. لەو کاتەدا، هەندێکیان لەناو ئەو تونێلانەدا بوون کە لە چیاکانی سەر سنوور هەڵیانکەندبوو.

کوردەکان ئامادەکاری دەکەن، ئێران سەرکوتکاری دەکات

ڕێباز شەریفی، فەرماندەی یەکێک لە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتە، مانگەکانی یەکەمی زستانی لە گردێکی قوڕاوی لە هەرێمی کوردستان بەسەر برد، ئەو خەریکی مەشق بوو بە پێشمەرگە گەنجەکان بۆ پەرەپێدانی تۆڕێکی زانیاریی.

هێزەکەی ئەو بە پارتی ئازادی کوردستان ناسراوە، یەکێکە لەو چەند هێزە کوردییەی ئێران کە بنکەیان لە عێراقە و دەیانەوێت حکومەتی ئاینی ئێران بڕووخێنن. ژمارەیان چەند هەزار پێشمەرگەیەک دەبێت. شەریفی کە تەمەنی 38 ساڵە، ماوەی 22 ساڵە لە عێراقە. ئەو گەشبین بوو بە بەرگرییە ناوخۆییەکانی ناو ئێران کە لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا گەیشتە لوتکە.

ئەو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆیتەرز لە مانگی شوباتدا، پێش دەستپێکردنی جەنگەکە، گوتی: “پێشتر دەبوو بەدوای خۆبەخشدا بگەڕێین، ئێستا ئەوان خۆیان دێن بۆ لامان.” وتیشی “پاک” پێش جەنگ 300 دۆلاری داوە بە قاچاخچی و پاسەوانانی سنوور لە ئێران بۆ هەر پێشمەرگەیەک کە بە قاچاخ دەهێنرێتە ناو عێراق.

بۆ زیاتر تێکەڵبوونی بابەتەکە، ترەمپ ڕۆژی یەکشەممە گوتی ئەمریکا لە ڕێگەی کوردەکانەوە چەک و تەقەمەنی بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران ناردووە و گوتی: “پێموایە کوردەکان چەکەکانیان بردووە.” بەڵام فەرماندەکانی دوو گەورەترین حزبی ڕۆژهەڵات بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند کە پێشمەرگەکانیان هیچ چەکێکی ئەمریکییان پێ نەگەیشتووە.

گارێس ستانسفیڵد، پرۆفیسۆری سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئێکسیتەر، وتی پێشمەرگە ئاوارەکان ژمارەیان کەمە بۆ ئەوەی بتوانن ناوچەیەکی بەرچاو بگرن و بیپارێزن. بەڵام ئەوان ئەوەندە لێهاتوون کە بە پشتگیری دەرەکی دەتوانن ناوچەیەک لە ناو ئێراندا جیابکەنەوە بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆنێکی فراوانتری ئێران کاری تێدا بکات، ئەمەش جۆرێک لە کاریگەری دروست دەکات کە پێی دەگوترێت “کاریگەریی تۆپی بەفر”.

ئەمریکا ئاماژە دەدات، ئێران هێرش دەکات

کاتێک بۆمبەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ڕۆژی یەکەمی جەنگدا لە شارەکانی ئێرانیان دەدا، شەریفی پەیامێکی پڕ لە جۆش و خرۆشی بۆ ڕۆیتەرز نارد و گوتی: “ئێمە دەچین بۆ ئێران.” پاشان گوتی: “بەڵام جارێ نا – دەبێت ببینین پلانەکە چییە و هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا چ کاریگەرییەکیان دەبێت.” باسی لەوەشکرد، نە ئەو ڕۆژە و نە دوای چەند هەفتەیەک، هیچ ئاماژەیەک نەبووە بۆ ئەوەی پلانی ئەمریکا و ئیسرائیل چی دەبێت.

لە واشنتۆنەوە لە ڕۆژی یەکەمدا، ترەمپ پەیوەندی بە مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کرد. دوو بەرپرسی کورد گوتیان ترەمپ ستایشی پێشمەرگەی کردووە و هەوڵیداوە ڕازییان بکات بۆ جەنگەکە. بەرپرسانی کورد گوتیان بارزانی بە ڕوونی وتوویەتی کە دەیەوێت لەجەنگ دوور بێت، چونکە نیگەرانی ئەوە بوون کە کوردانی عێراق “باجی” هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران بدەن.

لە کوردستانی ئێران، تەلەفزیۆنی دەوڵەتی پەیامی هۆشداری بۆ خەڵکی ناوچەکە بڵاودەکردەوە کە هاوکاری “بەکرێگیراوە” کوردەکان یان ئەمریکا و ئیسرائیل نەکەن.

لەو چەند ڕۆژەی یەکەمدا، هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لانی کەم 20 هێرشی ئاسمانییان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران ئەنجامداوە، کە لانی کەم 12 سەربازگەی سوپای پاسداران و بنکەی پۆلیس و پاسەوانی سنووریان کردووەتە ئامانج.

شەریفی لە ڕۆژی سێیەمدا لە نامەیەکدا نووسی: “هێشتا زۆر زووە.”

لەو کاتەدا، بەرپرسان لە ئەمریکا، ئیسرائیل، عێراق و گروپە کوردییەکانی ئێران گێڕانەوەی جیاوازیان بە ڕۆیتەرز دەدا دەربارەی ئەوەی هێرشی کوردەکان بۆ سەر ئێران چەند نزیکە و سی ئای ئەی و ئیسرائیل چەندە هاوکاری کوردەکان دەکەن بۆ ئامادەکاری.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی چوارەمدا هێزەکانی بەرەو سنووری ئێران جوڵاند بۆ ڕێگریکردن لە هەر چوونە ناوەوەیەکی کورد لە عێراقەوە بۆ ناو ئێران.

دەستبەجێ پەیوەندی تەلەفۆنی لە سوپای پاسدارانەوە بە پەیامێکی توندەوە گەیشت: لە ماوەی کاتژمێرێکدا پاشەکشە بکەن، ئەگەرنا موشەکتان تێ دەگرین. حکومەتی هەرێم ناڕەزایەتی دەربڕی و گوتی هێزەکان بۆ ڕێگریکردن لە جوڵەی سەر سنوور جێگیر کراون، نەک هەڕەشە بۆ سەر ئێران. بەڵام سوپای پاسداران گوێی بەوە نەدا و گوتیان هیچ بوونێکی چەکداری لەسەر سنوور قبوڵ ناکەن. کوردانی عێراق پاشەکشەیان کرد.

بەیانی ڕۆژی دواتر، شەریفی پەیامێکی دڵتەنگی نارد و گوتی: “تازە بە موشەکی بالیستی ئێرانی لێمان درا، پێشمەرگەیەکمان شەهید بوو و سێی تریش بریندار بوون.” هێرشەکە زۆر ورد بووە و ڕێک لەو خانووەی داوە کە گروپەکەی وەک نووسینگە بەکاریان دەهێنا.

لە ڕۆژانی دواتردا، هێزەکەی شەریفی و دەیان هێزی دیکەی کوردی دیکە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان کرانە ئامانج. بە گشتی، هێرشەکان لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بوونە هۆی کوژرانی لانی کەم پێنج پێشمەرگەی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها زیانیان بەو بنکانە گەیاند کە وایان دەزانی لە شارۆچکە بچووکەکان و لەسەر لووتکەی چیا دوورەدەستەکان بە باشی حەشار دراون.

کەریم پەروێزی، فەرماندە لە گروپێکی دیکە بە ناوی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، گوتی: “ئێرانییەکان دەیانزانی بنکەکانمان لە کوێن. ئەوان کەسی خۆیان هەیە کە چاودێری جووڵەکانمان دەکەن.”

پەروێزی ماوەیەک دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئێران، لە ناو کۆمەڵگەیەکدا کە پێشمەرگەکانی گروپەکە و خێزانەکانیانی لێ بوو، چاوی بە ڕۆیتەرز کەوت. خێزانەکان بۆ سەلامەتییان دوای هێرشەکانی ئێران لەوێ گوازرابوونەوە، پەروێزی پێش چاوپێکەوتنەکە و لە کاتی چاوپێکەوتنەکە و دوای ئەویش، هەر لە ناو ژوورەکەی مایەوە.

گێژاوی ترەمپ و ئێران

هەڕەشەکانی ئێران دژی کوردانی هەرێمی کوردستان هەر لەوێدا نەوەستان. دوو سەرچاوە کە لە ئەمریکان بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند، ئیسرائیل ماوەیەکە کار لەسەر حزبەکانی ڕۆژهەڵات دەکات. سەرچاوەکان دەڵێن ئیسرائیلییەکان هەرگیز بۆ هێزە کوردییەکانیان ڕوون نەکردووەتەوە کە ڕۆڵیان چی دەبێت. ئەو فەرماندە کوردانەشی کە ڕۆیتەرز چاوپێکەوتنی لەگەڵ کردوون، گوتیان هیچ زانیارییەکیان لەسەر پلانێکی دیاریکراو نییە.

لە ڕۆژی شەشەمی جەنگەکەدا، ترەمپ وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆیتەرزی دایەوە سەبارەت بەو ڕاپۆرتانەی باس لە هێرشێکی زەمینی کوردان دەکەن. سەرۆک گوتی: “پێم وایە ئەوە نایابە کە ئەوان دەیانەوێت ئەوە بکەن، من هەموو پشتگیرییەکیان دەکەم.” وتیشی دەبێت ئامانجی کوردەکان “سەرکەوتن” بێت.

هەر ئەو ڕۆژە، ئێرانییەکان هۆشدارییەکیان بە شێوەی ڕاستەوخۆ گەیاندە حکومەتی هەرێمی کوردستان. سەرکردەیەکی باڵای کورد گوتی: “کەسایەتییەکی باڵای کۆماری ئیسلامی سەردانی کردین و پەیامە نوێیەکە ئەمە بوو: پێکهاتەی فەرماندەیی ئێران گۆڕاوە”.

ئەو سەرکردە کوردە گێڕایەوە کە ئەفسەرە باڵاکانی تاران ئیتر مەرج نییە فەرمانی ڕاستەوخۆ دەربکەن، بەڵکو فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە مەیدانەکەدا و هاوپەیمانەکانیان لە عێراق بە ئارەزووی خۆیان کار دەکەن. ئەمەش واتای ئەوە بوو کە لە کاتی هێرشێکی ئێراندا، هەر داوایەکی سەرکردە کوردەکان لە سوپای پاسداران لە تاران بۆ دانبەخۆداگرتن، ڕەنگە هیچ کاریگەرییەکی نەبێت. ئەو بەرپرسە باسی وەڵامی حکومەتی هەرێمی کوردستانی نەکرد، بەڵام گوتی سەردانەکە دەریخست کە ئەوان چەندە بێ بەرگرین.

هێرشێکی دیکە لە باڵەخانەیەکی پێشووی میوانانی نەتەوە یەکگرتووەکانی دا لە سلێمانی. هێرشەکانی دیکە ئاراستەی بنکەیەکی سەربازی کران کە هێزەکانی ئەمریکای لە هەولێری پایتەختی هەرێم تێدایە، لەو هێرشەدا سەربازێکی فەرەنسی کوژرا، هەروەها هێرش کرایە سەر خودی هێزە ئەمنییەکانی هەرێم. حکومەتی هەرێم لە 24ی ئاداردا ڕایگەیاند شەش موشەکی بالیستی ئێرانی بووە هۆی کوژرانی شەش پێشمەرگە و برینداربوونی 30 کەسی دیکە.

سەرکردە باڵاکەی کورد و چەند بەرپرسێکی تری ئەمنی گوتیان زۆربەی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە کاتی جەنگەکەدا، هێرشی درۆنی میلیشیا عێراقییەکان بوون.

سەرکردە کوردەکە و دوو بەرپرسی تری کورد گوتیان زۆربەی درۆنەکان لە عێراق بەرهەم دەهێنرێن. سیروان بارزانی، فەرماندەی پێشمەرگەش گوتی درۆنەکان زۆرجار مۆدێلە کۆنەکانی “شاهید”ی ئێرانین، نەک نوێترین مۆدێلیان. پەیامنێرێکی ڕۆیتەرز دوو درۆنی لەو شێوەیەی بینی کە هەمان شێوەی شاهیدە کۆنەکانیان هەبوو کە لە کاتی زنجیرە هێرشەکانی 18ی ئاداردا بەسەر ئاسمانی هەولێردا دەفڕین.

لە واشنتۆن، یاسادانەرانی ئەمریکا هۆشدارییان لە لایەن وەزیری دەرەوەی تورکیاوە پێگەیشت. تورکیا خۆی بزوتنەوەیەکی کوردی هەیە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە، داوای لە ئەمریکا دەکرد دژی هەر تێوەگلانێکی حزبەکانی ڕۆژهەڵات بێت لە جەنگی ئێراندا. بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فیدان هۆشداری داوە کە ئەمە دەبێتە هۆی ناسەقامگیرییەکی نوێ نەک تەنها لە ئێران، بەڵکو لە تورکیا و تەنانەت سوریاش.

لە ڕۆژی هەشتەمی جەنگەکەدا، وەک دیار بوو ترەمپ هیوای بە دروستکردنی بەرەیەکی کوردی دژی ئێران نەما و بە ڕۆژنامەنووسانی ناو فڕۆکەی سەرۆکایەتی گوت کە ئەو ئەگەرەی “ڕەتکردووەتەوە” دوای ئەوە سلێمانی شەوێکی بێ بۆردومانی بەخۆوە بینی.

ئێمە هەر دەکوژرێین

چەند ڕۆژێک دوای پاشەکشەکەی ترەمپ، شەریفی چیاکانی جێهێشت بۆ پشوویەک و بە ئۆتۆمبێلێکی گوللەنەبڕ بەرەو هەولێری پایتەخت بەڕێکەوت. لە کافتریایەک دانیشت، بەڵام زۆری نەخایاند پشووەکەی تێکچوو. مۆبایلەکەی زەنگی لێدا و هەواڵی ئەوەی پێگەیشت کە پێشمەرگەکانی بە درۆنێکی تر کراونەتە ئامانج، هەرچەندە ئەمەیان نەتەقیوەتەوە.

لە جیاتی پلاندانان بۆ کردەوەی سەربازی لە ئێران، شەریفی کاتەکانی بە خۆدزینەوە لە هێرشە ئاسمانییەکان بەسەر دەبرد، لەوانە دوو هێرش لە هەفتەی یەکەمی نیساندا، هەروەها هەوڵیدەدا گەمارۆی ئینتەرنێتی ئێران بشکێنێت بۆ وەرگرتنی هەواڵ لە ناوخۆی وڵاتەکەوە.

ئەو گوتی گواستنەوەی پێشمەرگە لە نێوان ئێران و عێراقدا بووەتە مەحاڵ، تەنانەت کاتێک بڕی پارەی قاچاخچی و پاسەوانانی سنووریان بۆ 500 دۆلار زیاد کردووە. زیادبوونی سوپای پاسداران لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران سنوورەکەی داخستبوو.

شەریفی گوتی پێش جەنگ چەکدارە کوردەکان توانیویانە ئامێری “ستارلینک” بۆ چالاکوانانی ناو ئێران بنێرن، کە ئەوانیش سات بە سات زانیارییان دەربارەی جووڵەی سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکان بۆ ئەو دیوی سنوور دەگواستەوە. گوتیشی هەندێک جار، کارمەندێکی ناوخۆیی هێزە کوردییەکانی ناو عێراقی لە هاتنی موشەکێک ئاگادار کردووەتەوە و تەنها کاتی ئەوەیان هەبووە خۆیان بشارنەوە.

بە گوتەی شەریفی و پەروێزی فەرماندەی حدکا و دانیشتووانی ناوچە کوردنشینەکان، ئێرانییەکانیش لە دیوی خۆیانەوە زیانیان پێگەیشتووە. گوتیان هێرشە ئاسمانییەکان زۆرێک لە بنکەکانی سوپای پاسداران و بنکەکانی پۆلیسی ناوخۆییان لەو ناوچەیە تەخت کردووە. هێرشەکان وایان کردووە هێزە ئەمنییەکانی ئێران شوێنەکانیان بگۆڕن، هەندێکیان بەرەو چیا دوورەدەستەکان هەڵاتوون و هەندێکی تریان لە ناو ئۆتۆمبێلەکانیاندا دەخەون بۆ ئەوەی نەکرێنە ئامانج. خێزانەکانی ئەندامانی سوپای پاسدارانیش ماڵەکانیان چۆڵ کردووە.

فەرماندە کوردەکانی ئێران گوتیان ئاماژەکان بۆ لاوازبوونی حکومەتی ئێران دەچن. بەڵام باسیان لەوەکرد تەنانەت حکومەتێکی لاوازیش دەتوانێت دووبارە خۆپیشاندەران بکوژێت و زۆربەی خەڵک بترسێنێت. شایەتحاڵەکان لە گوندێکی نزیک شاری بانەی ئێران، لە نزیک سنووری ئێران و عێراق، بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە کە ڕۆژی 22ی ئادار کاروانێکی 50 پاسیان بینیوە کە پڕ بوون لە سوپای پاسداران و بەرەو سنوور دەچوون.

فەرماندە کوردەکانی ئێران گوتیان، بەبێ ڕاپەڕین لە ناوخۆی ئێراندا، چوونی پێشمەرگە بۆ ئێران زۆر مەترسیدارە. بۆیە ئەوان لە دیوی عێراق چاوەڕێ دەکەن و بۆ ڕۆژێکی تر ئامادەن. هەرچەندە ئاگربەستەکە هیوایەکی ئەوتۆی بە شەریفی نەبەخشیوە.

ئەو گوتی: “ئێمە هێشتا لە ژێر داگیرکاریی کۆماری ئیسلامیداین. ئەگەر ڕێککەوتنێکیش لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەبێت، ئێمە هەر دەکوژرێین و لەسێدارە دەدرێین”.

Back to top button