حکومەتی هەرێمی کوردستان یان حکومەتی مووچەی کوردستان؟

  • حکومەتی هەرێمی کوردستان لەیەک ساڵدا لەجیاتی 48 کۆبوونەوە 19 کۆبوونەوەی کردووە
  • 19 جار لەکۆبونەوەکانیدا باسی مووچەی کردووە بەڵام 15 مووچە دابەشکراوە و دوو مووچە فەوتاوە

لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا (مانگی نیسانی 2025 تا نیسانی 2026) زۆر پرسی گرنگ و هەستیار لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوویاندا، بەتایبەت لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2026، بەڵام ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەماوەی ئەو یەک ساڵەدا کەمترین کۆبوونەوەی ئەنجامداوە، لەو کۆبوونەوانەش کە ئەنجامیداون بابەتەکانیان دووبارە بوون.

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی کورد مۆنیتەر، لەماوەی یەک ساڵدا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەبوایە 48 کۆبوونەوەی ئەنجامبدایە (هەفتەی یەک کۆبوونەوە و مانگانە بەلایەنی کەم چوار کۆبوونەوە لە دۆخی ئاسایدا) بەڵام لەو 12 مانگەدا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تەنها 19 کۆبوونەوەی ئەنجامداوە، ئەوەش بە واتای ئەوەی 29 کۆبوونەوەی ئەنجام نەداوە.

هەر بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کورد مۆنیتەر، لەو 19 کۆبوونەوەیەدا پرسی مووچەی فەرمانبەران تەوەری سەرەکی بووە و لەسەرجەمیاندا باسکراوە، بەبێ ئەوەی تا ئێستا چارەسەری بنەڕەتیی بۆ بدرۆزرێتەوە، واتا ئەنجومەنی وەزیران لەماوەی ساڵێکدا 19 کۆبوونەوەی بۆ بابەتێک ئەنجامداوە، کە هێشتا کێشەیە و چارەسەر نەبووە.

نمونەی بەشێک لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان؛

کۆبوونەوەی 30ی نیسانی 2025
“ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی دەکاتەوە کە حکومەتی هەرێم پابەندییەکانی خۆی بەتەواوی جێبەجێ کردووە بۆ هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و هیچ ئاستەنگ و بەربەستێک لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە نییە” لەوکاتەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە بەغدا دەکرد، بەڵام هەڵوێستێکی حکومەتی هەرێم لەمانگی ئاداری 2026 ڕێک بە پێچەوانەی ئەو هەڵوێستەوە بوو، کاتێک سەرەتا ڕێگەی نەدا نەوتی عێراق بە بۆری نەوتی کوردستان دا هەناردە بکرێت، بەڵام دوای فشاری ئەمریکا حکومەتی هەرێم ڕازی بوو.

کۆبوونەوەی 14ی ئایاری 2025

بەشێک لە راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە:
دەبێت حکومەتی فیدراڵ وەکوو هەرێمێکی فیدراڵ و قەوارەیەکی دەستووری ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات و ڕێز لە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت و بەشەبودجەی هەرێم وشایستە داراییەکانی لە بودجەی گشتیی فیدراڵ بێ کێشە دابین بکات، بە تایبەتیش کە هەرێمی کوردستان سەرجەم داواکارییە تەکنیکی و ژمێریاری و یاساییەکانی حکومەتی فیدڕاڵی سەبارەت بە لیستی مووچە و خانەنشینی و تەرازووی پێداچوونەوە و دابینکردنی ژمارەی کەسیی بێهاوتا بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم لە سەرجەم کەرتە جیاوازەکانی خزمەتی وەزیفی جێبەجێ کردووە و هیچ کەموکوڕییەکی تەکنیکی لەم ڕووەوە نەماوە، تا بکرێتە بەهانە بۆ ڕاگرتنی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم کە مافێکی یاساییی ڕەوای مووچەخۆرانە و دادگای باڵای فیدڕاڵیش بە ئاشکرا جەختی لەم مافە کردووەتەوە.

کۆبوونەوەی 28ی ئایاری 2025

بەشێک لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە:
لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا کرا. سەرۆک وەزیران گوتی وەزیری دەرەوە، ئامادەیی ئەمریکای دووپات کردەوە بۆ پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا و دابینکردنی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی هەرێم، کە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو”.

کۆبوونەوەی 4ی حوزەیرانی 2025

بەشێک لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە:
ئەنجومەنی وەزیران؛ بڕیاری راگرتنی مووچەی هەرێمی کوردستان بە نا دەستووریی و نایاسایی دەزانێت و داوای کرد ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، پێداچوونەوەی پێویست بەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بکات لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی، بۆ ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێم بێبەش نەبن لە شایستەکانی خۆیان وکار بە دوا ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وهەرێم بکرێت.

کۆبوونەوەی 18ی حوزەیرانی 2025

بەشێک لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە:
بە هەموو شێوەیەک، لە هەوڵ و کارکردنمان بەردەوامین بۆ چارەسەکردنی ئەم کێشەیە و بۆ ئەم مەبەستەش لەم یەک دوو ڕۆژەی دوایی، نامەیەکمان بۆ دادگای فیدراڵی ناردووە سەبارەت بە نایاسایی و نادەستووریبوونی بڕیاری بڕینی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە .

کۆبوونەوەی 25ی حوزەیرانی 2025

بەشێک لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە:
سەرۆک وەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پێزانینی بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژی مووچەخۆران و خەڵکی هەرێمی کوردستانی دەربڕی، کە بە هۆی نەناردنی شایستە داراییەکانیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، لە دۆخێکی دارایی سەختدان و ئەنجومەنی وەزیران تێگەیشتنی تەواوی بۆ بارودۆخی ناهەمواری هاووڵاتییان هەیە کە بەهۆی ئەم ڕێکارە ناڕەوایانەوە، بەڵام دڵنیاییشیدا کە هەموو هەوڵێک دەدەین مافەکانیان نەفەوتێ و لە گفتوگۆکانیش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوامن بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا، بگەینە چارەسەرێک بۆ کێشەی مووچە.

کۆبوونەوەی 2ی تەممووزی 2025

بەشێک لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە:
هەر پابەندییەک لە سەر هەرێمی کوردستان بووە، بەزیادەوە جێبەجێی کردووە و هەرێم هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕاندنەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ. ئێستا هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان، بە هەموو شێوەیەک ئامادەیی هاوکاریان لە گەل حکومەتی فیدڕال پێشان داوە بۆ هەناردە کردنەوەی نەوت ئەویش لە پێناوی بڕینی هەموو ئەو پاسا و بیانووانەی کە بەغدا بەکاریهێناون بۆ نەناردنی مووچەی موچەخۆرانی خەڵکی کوردستان.

کۆبوونەوەی 16ی تەممووزی 2025

بەشێک لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە:
ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر لەیەکترتێگەیشتنی نوێی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکان دا

کۆبوونەوەی 23ی تەممووزی 2025

بەشێک لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە:
ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان تەواوی پابەندییەکانی خۆی لەچوارچێوەی لەیەکتێگەیشتنی هاوبەش جێبەجێکردووه‌ بۆیە دەبێت حکومەتی فیدراڵیش لە زووترین کاتدا مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بنێرێت.

کۆبوونەوەی 30ی تەممووزی 2025

بەشێک لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە:
لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیران، ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کراوە و لە بەرامبەردا، دەبێت بەغدا مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات.

کۆبوونەوەی 3ی ئەیلوولی 2025

بەشێک لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە:
ئەنجومەنی وەزیران، شاندی دانووستانکاری ڕاسپارد کە لە کۆبوونەوەکانی سبەینێیان کە وا بڕیارە لە بەغدا لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵیی ئەنجام بدرێت، بەردەوام بن لە هەوڵەکانیان و پەلە بکەن لە گەیشتن بە چارەسەری گونجاو لە پێناوی هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ، بە تایبەتیش کە هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیای سۆمۆ، کۆنووسی هاوبەشی پڕۆتۆکۆلی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتیان واژۆ کردووە، و ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان بووە، بە زیادەوە کارئاسانی پێویست کراوە بۆ لابردنی بەربەستەکان، و هەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ گەیشتنەوە بە ئاستی بەرهەمهێنانی پێش هێرشە تیرۆریستەکانی ئەم دواییەی سەر کێڵگە و دامەزراوە نەوتییەکانی هەرێم.

کۆبوونەوەی 10ی ئەیلوولی 2025

بەشێک لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە:
لەگەڵ دەستەی خانەنشینی نیشتیمانیی فیدراڵ، ڕێکارە یاساییە پێویستەکان بگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی باشترین بژاردەی یاسایی کە دابینکەری باشترین مووچەی خانەنشینی بێت بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کە شایانی باشترین خزمەتن، بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی هێزەکانی پێشمەرگە وەک بەشێکی گرنگ لە سیستمی بەرگریی نیشتیمانی کە بەرپرسیاریەتیی بەرچاویان هەیە لە پاراستنی خاک و نیشتیمان، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد بۆ ئەوەی بە زووترین کات مووچەی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگە خەرج بکات کە دواکەوتووە.

کۆبوونەوەی 17ی ئەیلوولی 2025

بەشێک لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە:
لە بڕگەی یەکەم، دوا پێشهاتەکانی دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و بابەتی داهاتە نانەوتییەکان و مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم و تاووتوێکردنی میکانیزم و ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی پابەندیی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولا و لەیەکترگەیشتنی هاوبەشی پەسەندکرا لەلایەن هەردوو لاوە.

کۆبوونەوەی 1ی ئۆکتۆبەری 2025

بەشێک لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە:
ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات هاوشێوەی دۆسیەی نەوت، دۆسیەی داهاتی نانەوتیش یەکلایی بکرێتەوە و ڕێكکەوتنێکی هاوبەش لەمبارەیەوە بکرێت

کۆبوونەوەی 24ی ئەیلوولی 2025

بەشێک لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە:
ئەنجومەنی وەزیران ئامادەیی خۆی بۆ بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێکردنی پابەندیەکانی لەپێناوی دابینکردنی مووچە و شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

کۆبوونەوەی 15ی ئۆکتۆبەری 2025

بەشێک لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە:
ئەنجومەنی وەزیران لە پێناوی دابینکردنی مووچە و شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و زامنکردنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان، چەندین ڕاسپاردە و پێشنیاری پەسەند کرد و وەزارەتی دارایی ڕاسپێردرا بۆ دەرکردنی ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنیان، لە ناویشیاندا جێبەجێکردنی پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی نانەوتی و پێدانی پێشینە بەم بابەتە لە پێش هەموو خەرجییەکان، تاوەکوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ هیچ شتێک نەکاتە بیانوو بۆ نەناردنی مووچەی هەردوو مانگی ئاب و ئەیلوول و مانگەکانی دواتریش، کە ئێمە لە مانگی تشرینی یەکەمین و مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگەکانی هەشت و نۆیان هێشتا وەرنەگرتووە .

کۆبوونەوەی چوارشەممە 14-1-2026

بەشێک لە ڕاگەیەنراوی یەکەم کۆبوونەوەی ساڵی 2026ی حکومەتی هەرێم:
ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات هەردوو مووچەی مانگی یازدە و دوازدەی 2025 و مووچە خەرجنەکراوەکانی ساڵانی 2023 و 2024 خەرج بکات

کۆبوونەوەی چوارشەممە 11-2-2026

بەشێک لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە:
لە هەمان کاتدا، ئەنجومەنی وەزیران داوا لە سەرۆکایەتی کۆمار و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات، وەک ئەرکێکی دەستووریی و یاسایی و نیشتمانیی خۆیان ، بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەن و ڕێگە نەدەن دەستکاری ئەنجامەکانی ئەم سەرژمێرییە بکرێت و نابێت قبوڵی بکەن ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم لە ڕێژەی فەرمی ڕاگەیەنراوی خۆی کەم بکرێتەوە.

کۆبوونەوەی 25-2- 2026

بەشێک لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە:
ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات نەک تەنیا مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم بەڵکوو بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بەپێی ڕێژەی 14.1ی سەرژمێريی گشتیی دانیشتووانی عێراق بنێرێت

کۆبوونەوەی 19ی ئاداری 2025

بەشێک لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە:
ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داشکاندنی ڕێژەی %20 لە سزای سەرپێچيی هاتووچۆ بۆ شەش مانگی دیکە درێژ دەکاتەوە.

ساڵی 2026 و هێرشی گەورە بۆسەر هەرێمی کوردستان

لەکۆتا ڕۆژی مانگی شوباتی ئەمساڵ هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران دەستیپێکرد، ئێران و میلیشیا عێراقییەکان بە ئەندازەی وڵاتانی کەنداو ڕۆژانە هێرشیان دەکردەسەر هەرێمی کوردستان، تەنانەت لە بەشێک لەو هێرشانەدا زیاتر لە شەش پێشمەرگە شەهید بوون و سەرووی 30 پێشمەرگەش برینداربوون، بەڵام ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان هیچ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بۆ ئەو پرسە ئەنجام نەدا، تەنانەت لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی 19ی ئادار-یشدا باسی لێوە نەکرد.

هاوکات بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوتەوە عێراق ڕوبەڕوی گرفتی گەورەی دابینکردنی داهات بوەوە، کە مەترسیی دەکرا ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەبێت، هەربۆیە عێراق داوای لە هەرێمی کوردستان کرد ڕێگە بدات بەشێک لە نەوتەکەی، بە بۆری کوردستاندا ڕەوانەی بەندەری جەیهان بکات، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان مەرجی جێبەجێکردنی ئەو داواکارییەی بەستەوە بە جێبەجێنەکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام دواتر بە فشاری ئەمریکا حکومەتی هەرێم ڕەزامەند بوو، بەڵام نە رەتکردنەوەی داواکارییەکەی بەغدا لە سەرەتا دا و نە پەسەندکردنی لە دواتردا، بەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا تێنەپەڕی.

حکومەتی هەرێمی کوردستان یان حکومەتی مووچەی کوردستان؟

ئەوەی ئێستا بووەتە پرسیاری جددیی ئەوەیە؛ لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا حکومەتی هەرێم لە سەرجەم کۆبوونەوەکانیدا باسی لە کێشەی مووچەی فەرمانبەران کردووە بەبێ ئەوەی کێشەکە چارەسەر ببێت، تەنانەت لەکۆبوونەوەیەکەوە بۆ کۆبوونەوەیەکی دیکە، تۆنی قسەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، بۆنمونە ئەگەر لەکۆبوونەوەیەکدا بە گەشبینییەوە باس لە چارەسەرکردنی کێشەی مووچە کرابێت، لەکۆبوونەوەیەکی دیکەدا بە تووندی ڕەخنەی ئەوە لە بەغدا گیراوە کە کێشەی مووچەی بە چارەسەر نەکراوی هێشتووەتەوە.

ئەگەر تەواوی ساڵی 2025 تا مانگی نیسانی 2026 بکەینە پێوەر (15 مانگ)، فەرمانبەران دەبوایە 15 مووچەیان وەربگرتایە، بەڵام لەو ماوەیەدا تەنها 12 مووچەیان وەرگرتووە (دوو مووچەی ساڵی 2025 فەوتاوە و لەمساڵدا تا ئێستا دوو مووچە دابەشکراوە).

Back to top button