فوئاد حوسێن، ئەو پیاوەی لە سێبەری یەکێتییەوە هات بەڵام لەژێر چەتری پارتیدا دەرگای کۆشکی سەلامی لێ داخرا

 

ڕۆژانێک بەرپرسی ڕێکخستنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو لە فەرەنسا و هۆڵەندا، بەڵام بڕیاری وازهێنای لەو حزبە دا. هەرچەندە لە ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان پۆستی باڵای بەدەستهێنا، بەڵام پێدەچێت کۆشکی سەلام کۆتایی بە ژیانی سیاسی ئەو هێنابێت.

فوئاد محەمەد حسێن بەگی مەلکشاهی، ناسراو بە فوئاد حسێن، ساڵى 1946 لە شارى خانەقین لەدایک بووە، ساڵى 1971 بەشى پەروەردەى زمانى ئینگلیزى لە زانکۆى بەغدا تەواو کردووە، ساڵى 1984 زانستە سیاسیەکانى خوێندووە، بڕوانامەى دکتۆراى لە پەیوەندییە نێوەدەوڵەتییەکان لە زانکۆی ئەمستردام بەدەست هێناوە.

مێژووی سیاسیی فوئاد حوسێن پەیوەندییەکی قووڵی بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە هەیە، بەتایبەت لە سەرەتاکانی دامەزراندنی ئەو حزبەدا، ئەو لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا یەکێک بوو لەو گەنجە خوێندەوار و چالاکوانانەی کە نزیک بوو لە بازنەی بڕیار لەناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد. کاتێک لە ساڵی 1975 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شام دامەزرا، فوئاد حوسێن یەکێک بوو لەو کەسانەی پەیوەندی بەو حزبە نوێیەوە کرد.

بەهۆی شارەزایی لە زمانە بیانییەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی، فوئاد حوسێن بۆ ماوەیەکی درێژ وەک نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هۆڵەندا و فەڕەنسا کاری کردووە. لەوێ ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە ناساندنی دۆزی کورد بە وڵاتانی ئەوروپا و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییەکانی فەڕەنسا لەوانە دۆستایەتییە بەهێزەکەی لەگەڵ دانیال میتێران.

لە ناوەڕاستی هەشتاکان فوئاد حوسێن وردە وردە لە کاری ڕێکخراوەیی ناو یەکێتی دوورکەوتەوە. بووە کەسایەتییەکی سەربەخۆ و زیاتر وەک ئەکادیمیست و پسپۆڕێکی سیاسی کاری دەکرد، بەڵام هەمیشە وەک دۆستێکی نزیکی مام جەلال مایەوە.

دوای ساڵی 2003 و ڕووخانی ڕژێمی بەعس، فوئاد حوسێن گەڕایەوە عێراق. بەهۆی متمانەی زۆری مەسعود بارزانی بە تواناکەی، وەک سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەستنیشانکرا (کاتێک بۆ یەکەمجار یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دەرچوو). هەرچەندە بۆ ماوەیەکی زۆر وەک کەسایەتییەکی سەربەخۆ لەو پۆستەدا مایەوە، بەڵام لە ڕووی سیاسی و کارگێڕییەوە بوو بە بەشێکی دانەبڕاو لە پارتی، تا دواجار ساڵی 2022 بە فەرمی بوو بە ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە.

فوئاد حوسێن نموونەی ئەو سیاسییانەیە کە لەناو یەکێتیەوە خەباتی سیاسی دەستی پێکردووە، بەڵام دواتر بەهۆی نزیکی لە مەسعود بارزانی و گۆڕانی هاوکێشەکان، بوو بە یەکێک لە سەرکردە هەرە باڵاکانی پارتی، ئەو دوای دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لەکابینە جیاوازەکانی حکومەتی عێراق دا لە پۆستەکانی وەزیری دەرەوە، وەزیری دارایی کاریکردووە.

فوئاد حوسێن کاندیدی پارتی بوو بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، بەڵام تەنیا 16 دەنگی بەدەستهێنا و نەیتوانی بگاتە کۆشکی سەلام. لەبەرامبەردا نزار ئامێدی، کاندیدی یەکێتی زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی بەدەستهێنا و بووە پێنجەم سەرۆک کۆماری عێراق.

گرنگترین وێستگە سیاسییەکانی فوئاد حوسێن

– لەبەر چالاکییە سیاسییەکانی، وەک کەسایەتییەکی سیاسیی بەشداری لە کۆنگرەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکات لەوانە کۆنگرەی بەیرووت ساڵی 1991، کۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراق ساڵی 1992 لە ڤیەننا و کۆنگرەکانی ساڵی 1999 لە واشنتۆن و پیرمام و کۆنگرەی لەندەن لە ساڵی 2002دا.

– دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی 2003، گەڕایەوە عێراق و لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەستبەکار دەکات.

– لە ساڵی 2005، سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بووە لە هەرێمی کوردستان .

– بەڕێوەبەری کارگێڕی رێکخراوی پەنابەرانی حکوومی بووە لە 1995-1996.

– لە ماوەی نێوان ساڵانی 1996-٢٠٠٣2003بەڕێوەبەری نووسینگە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ لێکۆڵینەوە و راهێنان بووە.

– لەگەڵ دامەزراندنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2005، دەبێتە سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.

– ساڵی 2019لە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی دەبێتە وەزیری دارایی عێراق.

– ئەمڕۆش وەک کاندیدی کورد بۆ وەزیری دەرەوەی عێراق لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەی پێدرا.

– رۆڵی کاریگەری هەبوو لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2017دا، بەمهۆیەوە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق، حەیدەر عەبادی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە.

– بە کەسێکی نزیک لە سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی دادەنرێت.

– بەشداریی لە دەیان کۆڕ و کۆڕبەندی نێودەوڵەتی و جیهانی لەسەر پرسەکانی سیاسیی و ئابووری و ئەمنی لەوانە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی داڤۆس، کۆنفرانسی ئاسایشی مینونخ، کۆنفرانسی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر لە واشنتۆن لە 2017، هەروەها بەشداریی لە لووتکەی ئابووری و وزە لە ساڵی 2014لە ئیستانبوڵ کردووە.

 

 

Back to top button