چرپەی ڕۆح؛ تەکنەلۆژیایەکی تەمومژاوی کە فڕۆکەوانە ئەمریکییەکەی لە ئێران ڕزگار کرد

 

سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک بەسەر ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنەکەدا، هێشتا زۆرێک لە وردەکارییەکانی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئەمریکییەکە و چارەنووسی فڕۆکەوانی دووەم لە ناوخۆی ئێراندا بە تەواوی ئاشکرا نەکراون. ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاوکراونەتەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە فڕۆکەیەکی F-15E ڕۆژی هەینی، 3ی نیسانی 2026، لە باشووری ڕۆژئاوای ئەسفەهان کەوتووەتە خوارەوە، لە کاتێکدا فڕۆکەوانی دووەم، کە ناوە سەربازییەکەی “دیود 44 برافۆ” بوو، ناچار بووە لە ناوچە شاخاوییە سەختەکانی ئێراندا خۆی حەشار بدات، پێش ئەوەی دۆزینەوەکەی ببێتە یەکێک لە تەمومژاویترین و پڕبایەخترین قۆناغەکانی ئۆپەراسیۆنەکە.

تا ئێستا، هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمیی ورد لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بڵاونەکراوەتەوە، کە بە ئاشکرا بیسەلمێنێت فڕۆکەوانەکە لەڕێگەی ئەو تەکنەلۆژیایەوە دۆزراوەتەوە کە پێی دەگوترێت سیستمی “چرپەی ڕۆح” وەک بەو شێوەیەی لە میدیاکاندا باسی لێوە دەکرێت، ئەمەش شتێکی چاوەڕواننەکراو نییە، چونکە ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانە لە بنەڕەتدا لە ناو چوارچێوەیەکی نهێنی تونددا بەڕێوە دەبرێن، ئەوەس بۆ پاراستنی تواناکانی هەواڵگری و شێوازەکانی جێبەجێکردن.

سیستمی “چرپەی ڕۆح” جەخت لەسەر گەرمی جەستە ناکاتەوە، بەڵکو هەوڵ دەدات شوێنەوارێکی ناوەکی زۆر قوڵتر بگرێت کە پەیوەستە بە لێدانی دڵ خۆیەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، نەبوونی پشتڕاستکردنەوەی فەرمی لە گرنگی ئەوەی دزەی پێکراوە کەم ناکاتەوە، بەڵکو ئاماژەیەکی قووڵتر دەگەیەنێت کە واشنتۆن ویستوویەتی، یان لانی کەم ڕێگەی داوە، وێنایەکی وا دروست بێت کە خاوەنی ئامرازی زۆر پێشکەوتووە لە گەڕان، ڕزگارکردن و هەواڵگریدا کە لە چوارچێوە تەقلیدییەکان تێدەپەڕێت.

بە دەربڕینێکی تر، وردەکارییە تەکنیکییەکان بە تەواوی ورد بن یان نا، پەیامە سیاسی و ستراتیژییەکە ڕوونە: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵ دەدات بە نەیارەکانی بڵێت کە توانای هەیە بگاتە کەسەکانی خۆی تەنانەت لە دوژمنکارانەترین ژینگەکانیشدا، و گۆڕەپانی ململانێی سەربازی چیتر تەنها لە فڕۆکە و موشەکدا کورت نابێتەوە، بەڵکو درێژبووەتەوە بۆ بوارەکانی وەک هەستەوەرە کوانتەمەکان، ژیریی دەستکرد و جەنگی زانیاری.

لە ڕووی تەکنیکییەوە، گێڕانەوە دزەپێکراوەکە دەربارەی “چرپەی ڕۆح”ە ئاماژە بەوە دەکات کە ئێمە باسی ئامێرێکی چاودێریی تەقلیدی ناکەین، بەڵکو باس لە سیستمێکی تەواوکار دەکەین کە لە نێوان هەستەوەرە کوانتەمەکان، چارەسەرکردنی ئاماژەکان و تەکنیکەکانی ژیریی دەستکرددا. بیرۆکە سەرەکییەکەی لەسەر هەوڵدان بۆ گرتنی ئەو ئاماژە کارۆموگناتیسییە زۆر لاوازە وەستاوە کە دڵ لە کاتی لێداندا دەری دەکات، پاشان بەکارهێنانی ئەم ئاماژەیە بۆ زنجیرەیەک قۆناغی چارەسەرکردنی ورد بە مەبەستی جیاکردنەوەی لە ژاوەژاو.

بەپێی ئەوەی لەو دزەپێکردنانەدا هاتووە، ڕەگەزە بنەڕەتییەکە پێکهاتووە لە بەکارهێنانی هەستەوەری یەکجار هەستیار کە پشت بە تەکنیکی پێشکەوتوو دەبەستێت لە ناو ئەڵماسی دروستکراوی تاقیگەییدا، کە لە میدیاکاندا وەک دەستکەوتێکی گرنگ لە بواری پێوانەکردنی کایە موگناتیسییە زۆر وردەکان نیشان دراوە، ئەمەش ڕێگە دەدات بە دەستنیشانکردنی ئەو ئاماژانەی کە پێشتر دیاریکردنیان قورس بوو. دوای ئەوە، ڕۆڵی ژیریی دەستکرد دێت لە شیکردنەوەی ئاماژەکە و جیاکردنەوەی، و هەوڵدان بۆ ناسینەوەی لێدانی دڵێکی مرۆیی ڕاستەقینە لە ناو بڕێکی یەکجار زۆری ئاماژە سروشتی و ئەلیکترۆنییە تێکەڵاوەکاندا. هەروەها هەمان گێڕانەوە ئاماژە بەوە دەکات، کە ژینگەی بیابانیی کراوە کە فڕۆکەوانەکە تێیدا بووە، لەگەڵ نزمبوونەوەی ئاستی ژاوەژاوی کارۆموگناتیسی و کەمیی بوونەوەرە زیندووەکانی نزیک لێی، یارمەتیدەر بووە لە دابینکردنی بارودۆخێکی نزیک لە نموونەیی بۆ تاقیکردنەوەی ئەم جۆرە توانایانە لە مەیدانەکەدا.

هەندێک لە پسپۆڕان ئەو ئەگەرەیان خستە ڕوو کە ڕەنگە چیرۆکەکە خۆی بەشێک بێت لە ستراتیژییەکی چەواشەکاری، کە تێیدا ئامرازێکی دیاریکراو دەخرێتە بەرچاو لەسەر حیسابی شاردنەوەی ئامرازەکانی تر کە ڕەنگە تەقلیدیتر یان نهێنێتر بن.

بەڵام گرنگترین شت لەم گێڕانەوەیەدا ئەوەیە کە سیستمی “چرپەی ڕۆح”، تەنانەت بەپێی ئەوەی دزەی پێکراوە، وەک توانایەکی ڕەها دەرناکەوێت کە لە هەموو کات و شوێنێکدا بە کارایی کار بکات. ئەمە خاڵێکی جەوهەرییە، چونکە ڕوونی دەکاتەوە کە ئێمە باسی ئامێرێک ناکەین کە مرۆڤی حەشارداو بە ئاسانی بدۆزێتەوە وەک چۆن ڕادار فڕۆکەیەک لە ئاسماندا دەدۆزێتەوە، بەڵکو باس لە توانایەکی ڕێژەیی سنووردار دەکەین کە ڕەنگە پێویستی بە ڕێکخستنی بارودۆخی دیاریکراو هەبێت تاوەکو لە مەیدانەکەدا کاریگەر بێت.

تەنانەت هەندێک لەو زانیارییانەی لە میدیاکاندا باسکراوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە تەکنەلۆژیاکە بە شێوەیەکی سەربەخۆ کاری نەکردووە، بەڵکو لە ناو چەندین چینی پشکنیندا بووە، وەک ساتی هاتنەدەرەوەی فڕۆکەوانەکە لە حەشارگەکەی بۆ ناردنی ئاماژەی فریاگوزاری، یان سوودوەرگرتن لە جیاوازی گەرمی نێوان جەستەی زیندوو و زەویی بیابان لە شەودا. ئەمەش واتای ئەوەیە کە، ئەگەر بوونی “چرپەی ڕۆح” بەو شێوەیە ڕاست بێت، ئەوا جێگرەوەی ئامرازەکانی تری ڕزگارکردن نەبووە، بەڵکو بەشێک بووە لە سیستمێکی فراوانتر بۆ تێکەڵکردنی داتاکان، کە لە نێوان ئاماژە زیندووەکان، تایبەتمەندییەکانی ژینگە، کات و تەنانەت ڕەفتاری ئامانجەکەشدا کۆدەکاتەوە.

لێرەدا ئاستەنگە ڕاستەقینەکان دەردەکەون، چونکە ژمارەیەک لەو زانایانەی لەم بوارەدا کار دەکەن ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئاڵنگارییەکە لە ژیریی دەستکرددا نییە، هێندەی ئەوەی پەیوەندی بە سنوورەکانی خودی فیزیاوە هەیە. کایەی موگناتیسیی بەرهەم هاتوو لە لێدانی دڵی مرۆڤ یەکجار لاوازە، تا ئەو ئاستەی کە پێوانەکردنی لە مەودای زۆر نزیک لە جەستە و لە ناو ژینگەی تاقیگەیی کۆنترۆڵکراودا ئەنجام دەدرێت. پسپۆڕێک ڕوونی کردەوە کە ئەم ئاماژەیە بە زەحمەت هەستی پێ دەکرێت تەنانەت لەسەر ڕووی سنگ، واتە لە مەودای نزیکەی 10 سانتیمەتر و بە خێراییەکی زۆر لەگەڵ زیادبوونی مەودادا نامێنێت، بە جۆرێک کە دوورکەوتنەوە بۆ یەک مەتر دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە تیایدا. بە واتایەکی تر، گواستنەوە لە پێوانەکردنی لێدانی دڵ لەسەر ئاستی سانتیمەترەکان بۆ دۆزینەوەی لەسەر ئاستی میلەکان، تەنها گەشەسەندنێکی پلەبەندی نییە، بەڵکو بازدانێکی گەورەیە کە پێویستی بە لێکدانەوەیەکی زانستی نائاسایی هەیە.

پاشان ئاستەنگێکی دووەم دەردەکەوێت کە کەمتر نییە لەوەی پێشوو، ئەویش ژاوەژاوە. هەر سیستمێکی لەم جۆرە مامەڵە لەگەڵ لێدانی دڵی مرۆڤ لە بۆشاییەکی دابڕاودا ناکات، بەڵکو ڕووبەڕووی شەپۆلێکی فراوان لە ئاماژە تێکەڵاوەکان دەبێتەوە، هەر لە کایەی موگناتیسیی زەوییەوە بگرە، تا دەگاتە تەزووە کارەباییە سروشتی و دەستکردەکان، هەروەها ئاماژەی بوونەوەرەکانی تری ناو ژینگەی دەوروبەر.

وێنەگرتنی گەرمیی پشت دەبەستێت بە دۆزینەوەی گەرمی جەستە، واتە گەڕان بەدوای تەنێکدا کە گەرمتر بێت لە دەوروبەرەکەی، کە تەکنیکێکی زۆر کاریگەرە بەڵام دەکەوێتە ژێر کاریگەریی سروشتی زەوی و توانای ئامانجەکە بۆ خۆشاردنەوە لە نێوان بەردەکان.

لێرەدا پێویستە بە وردی جیاوازی لە نێوان دوو ژمارە بکرێت: ژمارەی یەکەم 200 میلە، کە ئاماژە بۆ مەودای تەکنەلۆژیای “چرپەی ڕۆح” ناکات، بەڵکو ڕەنگدانەوەی قووڵایی بوونی فڕۆکەوانەکەیە لە ناو خاکی ئێراندا، واتە چەندە چووەتە ناو شانۆی ڕووداوەکانەوە، ئەمەش قەبارەی ئاڵنگارییەکە و ئاڵۆزی ئەرکی ڕزگارکردنەکە ڕوون دەکاتەوە. بەڵام ژمارەی دووەم 40 میلە، ئەو ژمارەیەیە کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا لە کاتی باسکردنی دۆزینەوەی فڕۆکەوانەکەدا ئاماژەی پێ کرد، کە پەیوەندی بە شوێنی فڕۆکەوانەکەوە نییە لە ناو ئێران، بەڵکو پێدەچێت ئاماژە بێت بۆ مەودای نیشانەکردن یان ئەو قۆناغەی کە تێیدا ئامرازەکانی شوێنکەوتن توانیویانە شوێنەوارەکەی بگرن، یان شوێنەکەی بە پلەیەکی بەرزی وردی جێگیر بکەن. بە دەربڕینێکی تر و بەپێی ئەوەی ترەمپ ڕایگەیاندووە، فڕۆکەوانەکە لە قووڵاییەکی زۆردا بووە لە ناو ئێران، بەڵام دەستنیسانکردنی یان پشتڕاستکردنەوەی شوێنەکەی لە مەودایەکی نزیکەی 40 میلەوە لە قۆناغێکی دیاریکراوی ئۆپەراسیۆنەکەدا ئەنجامدراوە، نەک لە تەواوی مەودا 200 میلیەکەدا.

کەواتە، هێزی ڕاستەقینە لەم ئۆپەراسیۆنەدا لە تەکنەلۆژیایەکی دیاریکراودا نەبووە، بەڵکو لە توانای ویلایەتە یەکگرتووەکاندا بووە بۆ تێکەڵکردنی چەندین ئامرازی جیاواز لە ناو یەک سیستمدا، بە جۆرێک کە مەودای گەڕانەکە وردە وردە کەم ببێتەوە تا گەیشتن بە فڕۆکەوانەکە ئاسان بێت. ئەم وێنەیە لە وەسفەکەی بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا بۆ ئۆپەراسیۆنەکەدا ڕەنگی دایەوە، کاتێک ئاماژەی بەوە کرد کە بە پلەیەکی بەرزی لێهاتوویی و بێ هیچ هەڵەیەکی ئەوتۆ ئەنجامدراوە.

Back to top button