
دوای 21 کاتژمێر لە دانوستانی چڕ؛ فانس شکستی گفتوگۆکانی لەگەڵ تاران ڕاگەیاند و سێ بژاردەی “ناخۆش” لەبەردەم ترامپدا ماونەتەوە.
دوای 21 کاتژمێر لە دانوستانی چڕوپڕ لە ئیسلام ئاباد، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، شکستی گفتوگۆکانی ڕاگەیاند و ئیدارەی دۆناڵد ترامپی لەبەردەم سێ بژاردەدا جێهێشت کە بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “نیویۆرک تایمز” هەموویان “ناخۆش و قبوڵنەکراون”.
بژاردە “ناخۆشەکان” کورتدەبنەوە لە نێوان: دانوستانی درێژخایەن و ئاڵۆز لەگەڵ تاران دەربارەی داهاتووی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، یان دەستپێکردنەوەی جەنگێک کە 38 ڕۆژی خایاند و بووە هۆی گەورەترین پەککەوتنی دابینکردنی وزە لە سەردەمی نوێدا، یان تێوەگلان لە ململانێیەکی درێژخایەن لەسەر کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز.
وادیارە ئەم خولەی دانوستان جیاواز نەبووە لە دانوستانەکانی جنێڤ لە کۆتایی شوباتی ڕابردوو کە گەیشتبووە بنبەست؛ ئەوەش وای لە ترامپ کرد ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوان دەستپێبکات و زیاتر لە 13 هەزار ئامانجی سەربازی و پیشەسازی لە ناوخۆی ئێراندا بکاتە ئامانج. ڤانس بۆ ڕۆژنامەنووسانی ڕوون کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان پێشنیازی کۆتایی پێشکەش کردووە و تێیدا داوای کۆتاییهێنانی یەکجاری بە بەرنامە ئەتۆمییەکە کردووە، بەڵام تاران ڕەتی کردووەتەوە.
بەپێی “نیویۆرک تایمز”، گرەوی ترامپ لەسەر ئەوە بوو کە “نیشاندانی هێزێکی گەورە” تاران ناچار بە پاشەکشە دەکات، بەڵام ئێرانییەکان “پێیان وایە زیانە مرۆیی و ماددییەکان تەنها سووربوونی ئەوانی زیاتر کردووە”؛ ئەمەش بژاردەکانی کۆشکی سپی لە خولی نوێی ململانێکەدا بۆ سێ بژاردە کورت دەکاتەوە.
دانوستانی درێژخایەن
دانوستانێکی ماراسۆنی بۆ ترامپ دەبێتە مۆتەکەیەکی سیاسی، چونکە ئەو بە تەواوی ڕەتی دەکاتەوە ئەزموونی ڕێککەوتنەکەی باراک ئۆباما دووبارە بکاتەوە کە دوو ساڵی خایاند و دەستبەرداربوونی گەورەی تێدابوو، هەروەها ڕێگەی دا بە ئێران بڕێکی دیاریکراو لە یۆرانیۆم لای خۆی بهێڵێتەوە و بە شێوەیەکی پلەبەندی سزا و سنووردارکردنەکان تا ساڵی 2030 سوک بکرێن.
ئێرانییەکان پێشنیازی “هەڵپەساردنی” کاتیی چالاکییە ئەتۆمییەکانیان بۆ چەند ساڵێکی کەم کردووە، بێ ئەوەی دەستبەرداری کۆگای یۆرانیۆمی نیمچە پیتێنراو یان توانای پیتاندنیان ببن، چونکە ئەوە بە “مافێکی ڕەوا” دەزانن بەپێی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی. بەڵام ئیدارەی ئەمریکا ئەمە وەک ئاماژەیەک دەبینێت بۆ نییەتی تاران بۆ هێشتنەوەی بژاردەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
لە کاتێکدا ترامپ پێی وایە لە جەنگەکەدا سەرکەوتووە و داوای “خۆبەدەستەوەدانی” تەواوەتی ئێران دەکات، بەڵام ڕاستییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەر دانوستانێکی نوێ درێژخایەن دەبێت و ڕەنگە پڕ بێت لە دەستبەرداربوون؛ ئەمەش لەگەڵ وێنەی ئەو وەک سەرکردەیەکی “بەهێز و یەکلاکەرەوە” دژدەکاتەوە، و لە ئەنجامدا خولی نوێی جەنگەکە دەسەپێنێت کە 38 ڕۆژ بەردەوام بوو.
جەنگە گەورەکە
ئاگربەستە فشەڵەکە لە 21ی نیسانی ئەم مانگەدا کۆتایی دێت، ترامپ کارتی هەڕەشەکردن بە لێدانی نوێی بەدەستەوەیە، بەڵام گەڕانەوە بۆ جەنگ بە واتای گەڕانەوەی داخستنی نیمچەیی یان تەواوەتی گەرووی هورمز دێت؛ ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی %20ی دابینکردنی نەوتی جیهان.
دەستپێکردنەوەی شەڕ دەبێتە هۆی داڕمانی بازاڕەکان کە بەهۆی ئاگربەستەکەوە گەشانەوەیان بەخۆوە دیبوو، هەروەها دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان کە لە ئێستاوە گەیشتووەتە 3.3%.
ئەگەرچی ترامپ ڕایگەیاندووە کە ئاگربەست بنەمایەکە بۆ سنووردارکردنی ئەم کاریگەرییانە، بەڵام ئەو درک بەوە دەکات کە دەستپێکردنەوەی جەنگ وەک شکستێکی سیاسی ناوخۆیی دەبینرێت، بەتایبەت لە سایەی ناڕەزایەتیەکانی خەڵی ئەمریکا بەرامبەر بە بەرزبوونەوەی نرخەکان.
سەرەڕای ئەوەش، بژاردەی گەڕانەوەی “جەنگە گەورەکە” ئەگەرێکی کراوەیە لە سایەی ئەو لێدوانانەی لە ئیدارەی ترامپەوە دەدرێن، بەتایبەت ئەوانەی پێش ئاگربەستەکە بوون و تێیدا هەڕەشەی “کۆتاییهێنان بە شارستانیەتی ئێران” کرابوو، لەگەڵ گوشاری ئیسرائیل بۆ بەردەوامبوونی ململانێکە تا بەدیهێنانی “تەواوی ئامانجەکان”.
ململانێی درێژخایەن لەسەر هورمز
بەپێی “نیویۆرک تایمز”، کورتکردنەوەی ململانێکە تەنها لەسەر گەرووی هورمز ئاڵۆزترین بژاردەیە، چونکە ئێران دووبارە کردنەوەی گەرووەکەی بەستووەتەوە بە داواکارییەکانی تری وەک قەرەبووی زیانەکانی جەنگ و لابردنی ئەو سزایانەی زیاتر لە دوو دەیەیە بەسەریدا سەپێنراون.
واشنتۆن قەرەبووەکەی ڕەت کردووەتەوە و پێشنیاری لابردنی پلەبەندی سزاکانی کردووە لە بەرامبەر جێبەجێکردنی پابەندییەکانی ئێران، بەڵام لەگەڵ داڕمانی دانوستانەکان، هەر ململانێیەکی درێژخایەن لەسەر هورمز بازاڕەکانی وزە لە دۆخی گرژیی بەردەوامدا دەهێڵێتەوە و ئابووری ئەمریکا و جیهان ماندوو دەکات.





