
هەڵبژاردنی نزار ئامێدی، کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک سەرۆک کۆماری عێراق، پەردەی لەسەر هاوپەیمانێتییەکی نوێ لە عێراق هەڵماڵی. ئەم هاوپەیمانێتییە تەنیا بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەوە ناوەستێت، بەڵکو دەیەوێت نەخشەی حوکمڕانیی داهاتووی عێراق و تا ڕادەیەک هەرێمی کوردستانیش دابڕێژێت.
بافڵ تاڵەبانی و محەمەد حەلبوسی کارەکتەری سەرەکین:
هاوپەیمانێتییەکە بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە و هیچ ناوێکیشی نییە، بەڵام ئەو لایەنانەی لەناو هاوپەیمانێتییەکەدان تێڕوانینیان بۆ ئایندی حوکمڕانی لە عێراق لە یەکترەوە نزیکە.
سەرچاوەیەکی باڵا لە بەغدا بە “کورد مۆنیتەر”ی ڕاگەیاند، هەریەک لە قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلی حەق، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە بەشێکن لە هاوپەیمانێتییەکە. لایەنە کوردییەکانیش جگە لە پارتی، هەموویان بەشێکن لە هاوپەیمانێتییەکە و سوننەکانیش لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکەدان.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، لە ئێستادا هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم، ڕابەرایەتیی ئەو هاوپەیمانێتییە دەکەن. جگە لە سێ لایەنە سەرەکییەکەی شیعەکان، لایەنە سوننەکان و لایەنە کوردییەکان نایانەوێت بە ئاشکرا لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکەدا بن.
کارەکتەری سەرەکیی پشت هاوپەیمانێتییەکە کێیە؟
بەهێزترین کارەکتەری عێراق لە پشت هاوپەیمانێتییەکەوەیە و بەربەستە یاسایی و دەستوورییەکانی بەردەم کاری هاوپەیمانێتییەکەی لە ئەستۆ گرتووە، ئەویش فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقە.
فایەق زێدان ڕۆڵی گەورەی بینیوە لە نزیککردنەوەی لایەنەکانی ناو هاوپەیمانێتییەکە. ئامانجی زێدان بەلاوەنانی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایە، کە تا ئێستا سوورە لەسەر کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق.
ئامانجەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری نیوەی بەدەستهاتووە، ئەویش بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار؛ واتە سەرۆک کۆمار کاندیدی سەرۆک وەزیران ڕادەسپێرێت و ئەگەرێکی لاوازە بەبێ ڕەزامەندیی هاوپەیمانێتییە نوێیەکە کاندیدێک ڕاسپێرێت.
جگە لەوەش، بە دروستکردنی ئەم هاوپەیمانێتییە، فایەق زێدان دەتوانێت کێشەی نیساب (ڕێژەی یاسایی) بۆ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دروست بکات، لە ئەگەری ئەوەی کاندیدی سەرۆک وەزیران جێگەی ڕەزامەندی نەبێت.
هاوپەیمانێتییەکە و پێکهێنانی حکومەت:
لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا، سێ لایەنە شیعەکەی ناو هاوپەیمانێتییەکە و لایەنە سوننەکان، بڕیاری خۆیان دایە دەست بافڵ تاڵەبانی و محەمەد حەلبوسی، هەر بۆیە هەردووکیان چوونە ناو هۆڵی پەرلەمان و لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا پۆستی سەرۆک کۆماریان یەکلایی کردەوە.
بۆ پێکهێنانی حکومەت، پێدەچێت دۆخەکە پێچەوانە ببێتەوە و سوننە و بەشێک لە کورد بڕیاری خۆیان بدەنە دەست ئەو لایەنە شیعیانەی ناو هاوپەیمانێتییەکە، یان پێکەوە پشتیوانیی ئەو کاندیدە بکەن کە سێ لایەنەکەی شیعە دیاریی دەکەن.
بەپێی زانیارییەکانی کورد مۆنیتەر، هاوپەیمانێتییەکە دەیەوێت دۆخێکی نوێ لە عێراق دروست بکات، ئەویش دوورخستنەوەی بەرەی “موقاوەمە” لە ناوەندی بڕیار و کردنەوەی دەرگا بە ڕووی وڵاتانی کەنداودا، بۆ ئەم پرسە حەلبوسی ڕۆڵی گەورە دەبینێت.
سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی بە کورد مۆنیتەری وت: هاوپەیمانێتییەکە هاوڕان لەسەر دوورخستنەوەی نوری مالیکی لە کاندیدبوونی بۆ سەرۆک وەزیران، ئەو سەرچاوەیە وتیشی: بەردەوامبوونی کاری ئەم کابینەیە یان دووبارە کاندیدکردنەوەی سودانی، خواستی هاوپەیمانێتییەکەیە.
یان پێکهێنانی حکومەتی هەرێم یان هەڵوەشانەوەی پەرلەمان:
وەک چۆن لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراقدا هاوپەیمانێتییەکە گوێی بە خواستی پارتی و بە تایبەت مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی نەدا، بە هەمان شێوە لە پرسی پێکهێنانی حکومەتدا دەستێوەردان دەکات و پارتی دەخاتە بەردەم دوو بژاردە.
سەرچاوە باڵاکەی کورد مۆنیتەر ئاماژەی بەوە کرد کە هاوپەیمانێتییەکە لە ڕێگەی لایەنە کوردییەکانی ترەوە (ڕەوتی هەڵوێست، یەکگرتووی ئیسلامی و نەوەی نوێ) لەگەڵ یەکێتی هەوڵی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دەدەن؛ ئەگەر هەوڵەکە سەرکەوتوو نەبێت، پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەت وەک دوایین بژاردە دەخەنە بەردەم پارتی.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە کرد، هاوپەیمانێتییەکە سوورە لەسەر ئەوەی وەک چۆن دەیەوێت سیاسەتی لەسەر نەخشەی سیاسیی عێراق ڕەنگ بداتەوە، ئاواش دەیەوێت لەسەر هەرێمی کوردستانیش ڕەنگ بداتەوە؛ بۆیە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لە ڕێگەی دادگای فیدراڵی و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن، کارتێکی بەهێزی فشارە بەدەست هاوپەیمانێتییەکەوە.
دەرکەوتنی ئەم هاوپەیمانێتییە نانەریتییەی نێوان (تاڵەبانی – حەلبوسی – زێدان) ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە هاوسەنگیی هێز لە عێراقدا، ئامانجی سەرەکی تەنیا دابەشکردنی پۆستەکان نییە، بەڵکو پەراوێزخستنی جەمسەرە کلاسیکییەکانی وەک نوری مالیکی لە بەغدا و پارتی دیموکراتی کوردستانە لە هەرێم.
بەکارهێنانی دادگای فیدراڵی وەک چەکێکی یاسایی لەلایەن فایەق زێدانەوە، دەری دەخات کە ململانێی داهاتوو لەسەر بنەمای یاسا و دەستوور دەبێت بۆ گۆڕینی واقیعی سیاسی، ئەمەش پارتی و لایەنە ناڕازییەکانی ناو شیعە دەخاتە بەردەم قۆناغێکی سەخت کە ڕەنگە نەخشەی سیاسیی هەرێم و عێراق بۆ چەند ساڵی داهاتوو بە تەواوی بگۆڕێت.





