
هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی سیاسی، کارگێڕی و ئابووریی زیاتر دەبێتەوە، ئەمەش دەرئەنجامی کەڵەکەبوونی قەیرانە ناوخۆییەکان، لەوانەش دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم دوای ساڵ و نیوێک لە هەڵبژاردنی پەرلەمان، هەروەها پەککەوتنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی نزیکەی سێ ساڵ، بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و ئیمتیازاتەکان.
چەندین خولی دانوستان لە نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە تشرینی یەکەمی 2024، بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ و کاراکردنەوەی پەرلەمان شکستیان هێنا. هەردوولا هیوایان وابوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە تشرینی دووەمی 2025 یارمەتیدەر بێت بۆ کۆتاییهێنان بە چەقەبەستوویی سیاسی لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی گشتگیر لەسەر دابەشکردنی پۆستە سەرەکییەکان لە حکومەتی هەولێر و بەغدا، بەڵام گرێکوێرەی سەرۆک کۆمار و پۆستی وەزیری ناوخۆی هەرێم، ڕێگربوون لەوە.
هەڵبژاردنی نزار ئامێدی لە پشکی یەکێتی، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، بە زۆرینەی 227 دەنگی پەرلەمانتاران، سەرەڕای ناڕەزایەتی پارتی و بایکۆتکردنی دانیشتنەکە، دۆخەکەی ئاڵۆزتر کرد و شەپۆلێکی نوێی لە قەیرانی سیاسی هەڵگیرساند، کە کاریگەری لەسەر هەلی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و هاوکێشەکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراقیش دەبێت.
سەرۆکە نوێیەکەی عێراق لە ڕێگەی تەوافوقێکی سیاسی لە نێوان یەکێتی و هەندێک لە حزبە کوردستانیەکان، هەروەها ڕێککەوتن لەگەڵ شیعە و سوننە هەڵبژێردرا، بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمەش پڕۆسەی سیاسی عێراق دەخاتە بەردەم سیناریۆی ئاڵۆز، بەتایبەت لە سایەی جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە تێیدا دوو لایەنی شەڕکەر، کارەکتەری سەرەکین لە پێکهێنانی حکومەتەکانی عێراقدا.
لە یەکەم کاردانەوەی تونددا، پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەتیکردەوە دان بە شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی عێراق دا بنێت و بە نایاسایی وەسفی کرد، وهەروەها پارتی بڕیاری دا نوێنەرانی خۆی لە پەرلەمانی عێراق و حکومەتی فیدراڵی بگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، هەنگاوێک کە ئاڵۆزییە سیاسییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر زیاتر دەکات.
مامەڵەنەکردن لەگەڵ سەرۆکی نوێ
وەک کاردانەوەیەکی ڕاستەوخۆ بەرامبەر دانیشتنەکەی پەرلەمان، پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەتیکردەوە دان بە ئەنجامەکەدا بنێت. لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کە لە مەکتەبی سیاسی ئەو حزبەوە دەرچوو دەرچووە، پارتی جەختی کردەوە کە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ لە دەرەوەی بنەمای سازان بووە.
لە دەرهاویشتە گرنگەکانی پەیامەکەی پارتی، ڕەتکردنەوەی ڕێککەوتنە سیاسییەکانە لەلایەن ئەو حزبەوە، هەروەها هەڕەشەکردنە بۆ وەڵامدانەوەی شکستە بەردەوامەکانی لە جەنگی کاندیدی سەرۆکایەتی کۆماردا لە بەرامبەر ڕکابەرەکەی (یەکێتی) کە وەک هاوپەیمانی هێزە شیعەکان هەژمار دەکرێت.
پارتی بۆ سێ خولی یەک لەسەریەک هەوڵی دەدا پۆستی سەرۆک کۆمار بەدەستبهێنێت، کە گەڕی یەکەمی ململانێکە لە ساڵی 2018 دەستی پێکرد کاتێک یەکێتی (بەرهەم ساڵح)ی کاندید کرد لە بەرامبەر (فوئاد حوسێن)ی کاندیدی پارتی، کە تێیدا فوئاد حوسێن دۆڕا و بەرهەم ساڵح بووە سەرۆک کۆمار. هەمان دیمەن لە ساڵی 2021 دووبارە بووەوە کاتێک پارتی جارێکی تر فوئاد حوسێن و دواتر ڕێبەر ئەحمەدی کاندید کرد، بەڵام سەرکەوتنیان بەدەست نەهێنا.
دابەشبوونەکانی نێو ماڵی شیعە
ناکرێت ئەنجامی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار تەنها وەک ئەنجامی ناکۆکییە کوردی-کوردییەکان لێکبدرێتەوە، بەڵکو ئاماژەکان دەریدەخەن ئەوەی ڕوویدا بەرهەمی ململانێیەکی تر بوو کە پەیوەستە بە لێکترازانی ناو ماڵی شیعە، کە بووە هۆی جۆرێک لە هەڵوەشانەوەی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی (خاوەن پارە و چەک)، ئەمەش چانسی نوری مالیکی (سەرۆک وەزیرانی پێشوو و هاوپەیمانی مەسعود بارزانی) بۆ گەڕانەوە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لەناو برد.
ئەم دابەشبوونەی شیعەکان ڕەنگە قووڵتر بێتەوە کاتێک ئەو وادەیە بەرەو کۆتاییهاتن دەچێت کە سەرۆک کۆمار بۆ گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانیی داناوە، بۆئەوەی کاندیدی سەرۆک وەزیران پێشکەش بکەن.
سەرەڕای ئەوەی یەکێتی لە ساڵی 2005ەوە پۆستی سەرۆک کۆماری لایە، بەڵام ئەمجارە پارتە عێراقییەکانی تریش هاتنە ناو ململانێکەوە دژ بە پارتی. یەکێک لە دیارترینیان محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پارتی تەقەدوم و سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانە، کە ئێستا بووەتە ڕکابەری سەرۆکی پارتی. قەیرانەکە زیاتر بوو کاتێک بارزانی لە چاوپێکەوتنێکی پێشتریدا جەختی کردەوە کە مەحاڵە ڕێگە بە حەلبوسی بدرێت بۆ خولی دووەم بگەڕێتەوە سەرۆکایەتی پەرلەمان.
ناکۆکی نێوان بارزانی باوک و حەلبوسی کاریگەری ئەرێنی هەبوو لەسەر پێگەی یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی، چونکە وایکرد تاڵەبانی و حەلبوسی هاوپەیمانێتییەکی سیاسی پێکبهێنن کە پارتە نزیکەکانی ئێران و خاوەن گروپە چەکدارەکان، لەگەڵ هێزە سوننەکانی نزیک لە قەتەر و ئیمارات و کەمینەکان لەخۆبگرێت. ئەم هاوپەیمانێتییە گوزارشتە لە ئاراستەیەکی نوێ لە پڕۆسەی سیاسیدا، بەتایبەت کە لەلایەن سەرکردەی گەنجەوە سەرکردایەتی دەکرێت کە توانییان چەقبەستوویی هاوپەیمانێتییە تەقلیدییەکانی سەرکردە کۆنەکان بشکێنن.
هاوپەیمانێتییە نوێیەکە بۆ پاڵپشتی کاندیدی یەکێتی هات و لە هەمان کاتدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هاوپەیمانییەی کە بارزانی لەگەڵ مالیکی پێکیهێنابوو، کە هیواکانی مالیکی بە تویتێکی ترەمپ لەناو چوون، کاتێک بە روونی گوتی دژی ئەوەیە مالیکی ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران.
بافڵ تاڵەبانی و محەمەد حەلبوسی توانییان چەقبەستوویی سیاسی بشکێنن کە سێ مانگی خایاند و ڕێگر بوو لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و کاندیدی سەرۆک وەزیران. هاوپەیمانێتییەکەیان کۆتایی بە تێپەڕاندنی وادە دەستوورییەکان هێنا و لە ڕێگەی ڕێککەوتنی تاکتیکی لەگەڵ کوتلە سوننە و شیعەکان، بەتایبەت لەگەڵ عەممار حەکیم و قەیس خەزعەلی، جگە لە سودانی و کەسانی تر، سەرکەوتوو بوون. ئەم هاوپەیمانێتییە بەشدار بوو لە دابەشکردنی چوارچێوەی هەماهەنگی و دوورخستنەوەی مالیکی لە سەروەری ماڵی شیعە و پاشان کۆکردنەوەی دەنگە پێویستەکان بۆ هەڵبژاردنی نزار ئامێدی، بەو مەرجەی ڕاسپاردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران لە هەمان ڕۆژدا نەبێت، بەڵکو لە ماوەی 15 ڕۆژدا بێت وەک دەستوور دەڵێت.
کاندیدی شیعە بۆ پێکهێنانی حکومەت
ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کاندیدی پارتە شیعەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت بە دیاریکراوی کاندیدی خەزعەلی و حەکیم بێت، بۆیە چانسی محەمەد شیاع سودانی زۆرە بۆ پێکهێنانی حکومەت، یان بە ڕێژەیەکی کەمتر کاندیدێکی تر لە ناو بازنەی حەکیم و خەزعەلی بێت، بەڵام ڕاسپاردنی مالیکی دوورە.
ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیەی عێراق، سوود لە ڕەتکردنەوەی “شیعە-سوننە” دەبینێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران لەلایەن مالیکییەوە بەهۆی پاشەکشە ئەمنییەکانی خولی دووەمی لە ساڵی 2014و دەرکەوتنی داعش. هەروەها سوود لە مەزاجی گشتی وەردەگرێت دژی سیاسەتەکانی پارتی و بارزانی باوک، دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ساڵی 2017.
بڕیاری ڕیفراندۆم بووە هۆی پێکدادانی سیاسی لە نێوان حزبە سوننە و شیعەکان لە بەغدا لە لایەک، هەروەها پارتی لە لایەکی تر. تا ئێستاش لایەنە شیعە و سوننەکان بەردەوام کار دەکەن بۆ لاوازکردنی هەژموونی سیاسی پارتی لە بەغدا و پێنەدانی ئەو مەودا فراوانەی پێشتر هەیبوو. سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی نۆ ساڵ بەسەر ڕیفراندۆم، هێزە دەسەڵاتدارەکانی بەغدا هێشتا بە چاوی دوژمنکارییەوە سەیری هەرێم دەکەن و هەوڵ دەدەن سزای سیاسی، ئابووری و دارایی بدەن، بەتایبەت لە مەلەفی بودجە و دواکەوتنی مووچەدا.
هەروەها هەڵوێستی پارتی کە بە کردەیی حکومەتی هەرێم بەڕێوە دەبات، لەسەر ڕەتکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆری هەرێم-جیهان (دواتر بە فشاری ئەمریکا ڕازی بوو) لە سەرەتای جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و پارتی ئاڵۆزتر کرد و هەرێمی خستە “بازنەی تۆمەت”ی لاوازکردنی عێراقەوە.
پارتە شیعەکان ئەو هاوپەیمانێتییە سیاسییەش لەبیر ناکەن کە بارزانی دوای هەڵبژاردنی 2021 لەگەڵ حەلبوسی و سەدر پێکیهێنا، کە بووە هۆی دابەشبوونی ناوماڵی شیعە، بەڵام ئەو هاوپەیمانێتییە دوای کشانەوەی سەدر هەرەسی هێنا. لەو کاتەوە توڕەیی شیعە بەرامبەر پارتی زیادی کردووە، ئەوەش بە ڕوونی کاتێک دەرکەوت کە هێزە گەورەکان دەنگیان بە کاندیدی یەکێتی دا و پێشتریش کاندیدێکی پارتییان بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ڕەتکردەوە.
سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان چین؟
لە ژێر ڕۆشنایی ئەم ئەنجامانەدا، عێراق ڕووبەڕووی سیناریۆی ئاڵۆز دەبێتەوە بەهۆی ناکۆکییە (کوردی-کوردی) و (شیعە-شیعە)ـیەکانەوە. ڕەنگە فشارە ئابووری و داراییەکان لەسەر هەرێم زیاد بکەن سەبارەت بە مووچە و نەوت و ناوچە جێناکۆکەکان، بەتایبەت ئەگەر پارتی هەوڵی پەکخستنی کاندیدی شیعە بدات بۆ پێکهێنانی حکومەت.
جگە لەوەش، هەرێمی کوردستان لەناو بازنەی قەیرانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمدا دەمێنێتەوە بەهۆی قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی، بۆیە پەرلەمان و دامەزراوەکانی لە حاڵەتی ئیفلیجیدا دەمێننەوە و ناتوانن قەیرانی دواکەوتنی مووچە و گرانی و بێکاری و گەندەڵی چارەسەر بکەن.
بەڵام مەترسیدارترین سیناریۆ بۆ سەر عێراق، قووڵبوونەوەی ململانێ ناوخۆییەکانی شیعەیە، بەتایبەت کە زۆربەیان چەکیان هەیە، وەک ململانێی حەکیم و خەزعەلی دژی مالیکی، و نەبوونی تەبایی لەگەڵ سودانی، هەروەها مەرجە قورسەکانی ئەمریکا و هەڕەشەی سزاکان، ئەمەش ڕەنگە گۆڕانکارییەک دروست بکات کە موقتەدا سەدر بگەڕێنێتەوە بۆ مەیدانی سیاسی. گۆڕانکاری لە مەیدانی شیعەدا چاوەڕوانکراوە و ڕەنگە تەنانەت هاوپەیمانی سەدر و مالیکیش ببینین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەوەی دووەم (حەکیم و خەزعەلی).
ئەوانەی لە دەرەوەی بازنەی بڕیارن، کار دەکەن بۆ لاوازکردنی حکومەتی نوێ، جا بە سەرۆکایەتی سودانی بێت یان هەر کەسێکی تر، بە بەکارهێنانی قەیرانی ئابووری و هاندانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و پەکخستنی بودجە، تاوەکو حکومەتی نوێ ڕووبەڕووی توڕەیی شەقام ببێتەوە.
سەبارەت بە نێوماڵی سیاسی سوننەکان، ناکۆکییەکان سنووردار دەمێننەوە چونکە حەلبوسی بووەتە خاوەن هەژموونی یەکەم، بەڵام ئەم ماڵە لە ناو بازنەی ململانێی پڕۆژەی وڵاتانی ئیقلیمی و واقیعی دەسەڵاتی زۆرینەی شیعەدا دەمێنێتەوە.
سەرەڕای هەموو ململانێکان، پێدەچێت سەقامگیرییەکی لەرزۆک لە عێراقدا بمێنێتەوە بەهۆی هاوسەنگی هەژموونی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی؛ واشنتۆن لە وردەکارییەکاندا دەمێنێتەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی، تاران بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتی گروپە شیعەکان، تورکیاش کە لە پارتییەوە نزیکە، لە ئامادەباشیدا دەبێت بۆ بەرگری لێی و پارێزگاری لە هەژموونی خۆی لە هەرێمی کوردستان.





