“ئیمپراتۆریەتی شەمخانی” بۆ قاچاخچێتی لە ئێران بەهێزترین گورزی ئەمریکای بەرکەوت

 

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە پاکێجێکی نوێی سزاکان، تۆڕێکی قاچاخچێتی نەوتی ئێرانی کردە ئامانج کە پەیوەستە بە کوڕی عەلی شەمخانی، ئەو پیاوەی لە سەرەتای جەنگی دژی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە سزا نوێیەکان لە چوارچێوەی هەڵمەتی “تووڕەیی ئابووری” ئەمریکادان، تۆڕێکی قاچاخچێتی نەوتیان کردووەتە ئامانج کە لەلایەن محەمەد حسێن شەمخانی، کوڕی عەلی شەمخانییەوە بەڕێوەدەبرێت.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکان لە وەزارەتی گەنجینەدا دێت، کە ئامانجی چڕکردنەوەی فشارەکانە لەسەر ژێرخانی ئێران بۆ گواستنەوەی نایاسایی نەوت.

تەڵەکانی خۆدزینەوە

سزاکان زیاتر لە 20 کەس و کۆمپانیا و کەشتییان گرتووەتەوە، کە لە چوارچێوەی تۆڕی جەمسەری کەشتیوانی نەوتی ئێران بەسودی محەمەد حسێن شەمخانی کاردەکەن، ئەمەش بەپێی ئەوەی لە بەیاننامەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا هاتووە.

ئەم ڕێکارە تەواوکارییەکە بۆ دانانی انوی “تۆڕی شەمخانی” بۆ ناو لیستی سزاکان لە تەمموزی 2025٥دا جێبەجێکرا، کە بە “بەهێزترین گورز” دادەنرێت تا ئێستا، لەو کاتەوەی ئیدارەی ترەمپ هەڵمەتی ئەوپەڕی گوشاری بۆ سەر ئێران زیندوو کردووەتەوە.

کوڕەکەی شەمخانی سەرۆکایەتی “ئیمپراتۆریەتێکی” فرۆشتنی نەوتی ئێرانی-ڕووسی دەکات بە ملیارەها دۆلار، کە خێزانێکی پەیوەست بە بەرزترین ئاستەکانی ڕژێمی ئێران دەوڵەمەند دەکات، ئەمەش لەسەر حیسابی گەلی ئێران.

“تۆڕی شەمخانی” لە ڕێگەی کۆمەڵێک کۆمپانیاوە خۆی لە سزاکان دەدزێتەوە، کارەکانیان لە ڕواڵەتدا شەرعی دیارن و لە بوارەکانی بەڕێوەبردن، ڕاوێژکاری و کەشتیوانیدا کاردەکەن، بەڵام ئەم کۆمپانیایانە و کارمەندەکانیان ئامادەییەکی بەهێزیان هەیە بۆ دابینکردنی بەرگێکی شەرعی بەکارەکەیان، بەڵام بەوپەڕی تواناوە کاردەکەن بۆ پشتیوانیکردنی ڕژێمی ئێران و دەوڵەمەندکردنی خێزانی شەمخانی.

سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، جەختی کردەوە کە وەزارەتەکەی بە توندی لە چوارچێوەی هەڵمەتی (تووڕەیی ئابووری)دا دەجوڵێتەوە، ئەو نوخبە دەسەڵاتدارانەی ڕژێمی ئێران دەکاتە ئامانج، وەک خێزانی شەمخانی کە لەسەر حیسابی گەلی ئێران قازانج دەکەن.

بیسێنت گوتی: “وەزارەتی گەنجینە بەردەوام دەبێت لە بڕینی تۆڕی قاچاخچێتی نایاسایی و تۆڕە تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێران”، هۆشداریشی دایە دامەزراوە داراییەکان لە پشتیوانیکردنی چالاکییە تیرۆریستییەکانی ئێران.

وەزیرە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەش کرد: “پێویستە دامەزراوە داراییەکان تێبگەن کە وەزارەتی گەنجینە هەموو ئامراز و دەسەڵاتە بەردەستەکان بەکاردەهێنێت، لەوانەش سزای لاوەکی، دژی ئەوانەی بەردەوامن لە پشتیوانیکردنی چالاکییە تیرۆریستییەکانی تاران”.

پێشتر عەلی شەمخانی یەکێک بوو لە دیارترین کەسایەتییە ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران و یەکێک بوو لە نزیکەکانی ڕێبەری کۆچکردوو عەلی خامنەیی؛ ئیسرائیل هەردوو پیاوەکەی لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگدا بە جیاوازی چەند ڕۆژێک کوشت، بە جۆرێک کە شەمخانی لە سەرەتای جەنگەکەدا لە دوو هێرش ڕزگاری ببوو.

سزاکانی ئەمجارە، نوێترین خولی سزاکانن کە فرۆشی نەوتی ئێران و بریکارەکانی وەک “حزبوڵڵا” دەکەنە ئامانج، تا ئێستا سزاکانی ئەمریکا زیاتر لە هەزار کەس و کەشتی و فڕۆکەی گرتووەتەوە وەک بەشێک لەم هەڵمەتە. ترەمپ دەسەڵاتی دیاریکردن و سەپاندنی سزا بەسەر کەرتە سەرەکییەکانی ئابووری ئێراندا دەداتە وەزیری گەنجینە، بە ڕاوێژ لەگەڵ وەزیری دەرەوە.

Back to top button