هورمز دەرگای چین بۆ 363 پڕۆژەی جیهانی دەکاتەوە

 

جەنگی ئێران کە گەیشتووەتە حاڵەتی چەقبەستوویی لە گەرووی هورمز، سەرنجی جیهانی دووبارە ئاراستەی دەریاکان کردووەتەوە وەک ژێرخانێکی شاراوە بەڵام یەکلاکەرەوە بۆ بازرگانی نێودەوڵەتی.

گۆڤاری “فۆرین پۆڵسی” لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوەکردووە، ئەوەی ڕوودەدات تەنها پەککەوتنێکی کاتیی دابینکردنی کاڵاکان نییە، بەڵکو ڕاستییەکی قووڵتر ئاشکرا دەکات کە بریتییە لە دووبارە داڕشتنەوەی کۆنترۆڵی ڕێڕەوە دەریاییەکان لە ڕێگەی وەبەرهێنانی درێژخایەنەوە، کە چین بە شێوەیەکی سیستماتیک سەرکردایەتی دەکات.

“فۆرین پۆلیسی” ڕوونی دەکاتەوە چین لە دەروازەی هەژموونی سەربازیی ڕاستەوخۆوە نەچووەتە ناو کەرتی بەندەرە جیهانییەکان، بەڵکو لە ڕێگەی ئامرازەکانی دارایی و ژێرخانەوە چووە، بە سوودوەرگرتن لەو بۆشاییە گەورەیەی کە دامەزراوە ڕۆژئاواییەکان لە دابینکردنی دارایی پڕۆژەکانی گواستنەوە و لۆجیستیک لە وڵاتە تازەپێگەیشتووەکاندا جێیان هێشتبوو.

بەپێی داتاکانی ئەم دواییە، لایەنە فەرمییەکانی چین و کۆمپانیاکانی سەر بە دەوڵەت، دارایی نزیکەی 363 پڕۆژەی پەیوەست بە بەندەرەکانیان لە 90 وڵاتدا لە نێوان ساڵانی 2000 بۆ -2025 دابین کردووە، بە بەهای نزیکەی 24 ملیار دۆلار؛ ئەمەش ئامادەییەکی فراوان بە پەکین دەبەخشێت لە جومگەکانی بازرگانی جیهانیدا.

ئەم ئامادەییە تەنها لە حاڵەتە دیارەکاندا نییە، وەک بەندەری “پیرایۆس” لە یۆنان، بەڵکو پڕۆژەی کەمتر ناسراویش دەگرێتەوە لە وڵاتانی وەک: غانا، کامیرۆن، و بروونای؛ ئەمەش ئاماژەیە بۆ ستراتیژییەکی ئاسۆیی کە چەندین خاڵ لە سیستەمی بازرگانی جیهانیدا دادەپۆشێت. ئەم بڵاوبوونەوەیە تەنها ڕەنگدانەوەی فراوانبوونی وەبەرهێنان نییە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ بنیاتنانی تۆڕێکی پێکەوەبەستراو لە خاڵە دەریاییەکان، کە ئەو توانایە دەداتە چین ئامادەیی خۆی لە زنجیرەکانی دابینکردنی پێویستییەکانی جیهاندا بچەسپێنێت و توانایەکی زیاتری پێ دەدات بۆ کاریگەری دروستکردن لەسەر لێشاوەکانی بازرگانی.

گۆڤارەکە ئاماژە بەوە دەکات کە قۆناغی یەکەمی ستراتیژەکەی چین تیشکی خستبووە سەر بەدەستهێنانی قازانجی دارایی لە ڕێگەی دابینکردنی دارایی پڕۆژەکانی بنیاتنان یان فراوانکردنی بەندەرەکان، بە سوودوەرگرتن لە زیادەی دارایی خۆی و پێویستیی بازاڕە نوێیەکان بە ژێرخان. بەڵام ئەم مۆدێلە وردە وردە گەشەی کرد بەرەو نزیکبوونەوەیەکی ئاڵۆزتر؛ چونکە ئامانجەکە چیتر تەنها قازانج نییە، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ زامنکردنی گەیشتن بە شوێنە ستراتیژییەکان لە ڕێڕەوە دەریاییەکاندا.

ئەم وەرچەرخانە ڕێگە بە چین دەدات دابینکردنی کاڵا هەستیارەکانی وەک نەوت، گاز و کانزاکان زامن بکات، لە هەمان کاتدا هەژموونێکی درێژخایەن بنیات بنێت لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی بابەتە لۆجیستییە سەرەکییەکانەوە.

بەڕێوەبردنی بەندەرەکان

پەکین تەنها بە دابینکردنی دارایی بۆ بنیاتنانی بەندەرەکان نەوەستاوە، بەڵکو سوور بووە لەسەر بەشداریکردن لە کارپێکردن و بەڕێوەبردنیاندا، ئەمەش هەژموونێکی کردەیی پێ دەبەخشێت کە لە ژمارەکانی وەبەرهێنان تێدەپەڕێت. “فۆرین پۆڵسی” دەڵێت نزیکەی 35٪ی ئەو پڕۆژانەی بەندەرەکان کە چین داراییان دابین دەکات، خاوەندارێتی یان مافی کارپێکردنیشیانی هەیە؛ ئەمەش ڕێگە بە کۆمپانیا چینییەکان دەدات کاریگەرییان هەبێت لە بەڕێوەبردنی کارەکانی وەک خشتەی کەشتییەکان، تەرخانکردنی لەنگەرەکان و هەماهەنگی زنجیرەکانی دابینکردن. ئەم جۆرە هەژموونە توانایەکی ناڕاستەوخۆ بە پەکین دەبەخشێت بۆ دووبارە ئاراستەکردنەوەی جوڵەی بازرگانی، یان پێدانی ئەولەویەت بە هاوبەشە دیاریکراوەکان، ئەمەش ئامادەیی لە ئابووری جیهانیدا بەهێزتر دەکات بێ ئەوەی پێویستی بە ئامرازە تەقلیدییەکانی فشار هەبێت.

لە شیکارییەکەیدا، “فۆرین پۆڵسی” پێی وایە تۆڕی بەندەرە چینییەکان نوێنەرایەتی شتێک دەکات هاوشێوەی “سیستەمێکی لۆجیستی هاوتەریب”، کە ڕێگە بە پەکین دەدات پشتبەستنی بەو ژێرخانانە کەم بکاتەوە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا باڵادەستن تێیدا. ئەم سیستەمە تەنها بەندەرەکان ناگرێتەوە، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ پەیوەندی نێوان ئەوان و پڕۆژەکانی هێڵی ئاسنین، کانەکان و ناوچە پیشەسازییەکان.

گۆڤارەکە ئاماژە بە ڕێککەوتنێکی 104 ملیار دۆلاری دەکات کە لە ئەیلوولی 2025 واژۆ کراوە بۆ پەرەپێدانی هێڵێکی ئاسنین کە تەنزانیا و زامبیا پێکەوە دەبەستێتەوە و لە بەندەری “دارولسەلام” کۆتایی دێت؛ ئەمەش ڕێگە دەدات بە گواستنەوەی سەرچاوەکان لە ناوچە گەمارۆدراوەکان بە وشکانییەوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان. هەروەها داتاکان دەریدەخەن کە زیاتر لە نیوەی ئەو بەندەرانەی چین پشکی تێیاندا هەیە، شاهیدی جوڵەی کەشتییەکانی هێزی دەریایی چین بوون؛ ئەمەش نیشاندەری تێکەڵبوونی گەشەسەندوی ڕەهەندە ئابووری و سەربازییەکانە لەم ستراتیژییەتەدا.

گۆڤارەکە جەخت دەکاتەوە لەوەی خاڵی بنەڕەتی لە مۆدێلە چینییەکەدا لە یەک توخمدا نییە، بەڵکو لە تەواکاریی هەموو سیستەمەکەدایە؛ پەکین تەنها بە دابینکردنی دارایی پڕۆژەکان ناوەستێت، بەڵکو پاکێجێکی تەواو پێشکەش دەکات کە بنیاتنان، کارپێکردن، دابینکردنی ئامێرەکان، و بەستنەوەی بەندەرەکان بە تۆڕە جیهانییەکانی گواستنەوە دەگرێتەوە، جگە لە سیستەمە دیجیتاڵییەکان؛ ئەمەش توانای ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ وەرگرتنەوەی پێگەی خۆی لە بەندەرە دەریاییەکاندا کەم دەکاتەوە.

لە ژێر ڕۆشنایی ئەم وەرچەرخانانەدا، گرنگی ڕێڕەوە دەریاییە ستراتیژییەکان، وەک گەرووی هورمز، دووبارە دەگەڕێنەوە پێشەوە، نەک تەنها وەک ڕێڕەوی وزە، بەڵکو وەک خاڵی جێگیربوونی ململانێ جیۆپۆلەتیکییەکان. “فۆرین پۆڵسی” ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ڕێڕەوانە زیاتر کەوتوونەتە بەر هەڕەشە ناتەقلیدییەکان، وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مینی دەریایی، ئەمەش فشۆڵیی سیستەمی بازرگانی جیهانی زیاد دەکات و پێویستی بە تۆڕی جێگرەوە و نەرمتر بەهێزتر دەکات.

لە بازرگانییەوە بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی هێز

گۆڤارەکە بەوە کۆتایی بە ڕاپۆرتەکەی دەهێنێت کە ئەوەی لە کەرتی بەندەرەکاندا ڕوودەدات ناتوانرێت لە دووبارە دابەشکردنەوەی هێز لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا جیابکرێتەوە؛ چونکە بەندەرەکان چیتر تەنها ژێرخانێک نین بۆ بازرگانی، بەڵکو گۆڕاون بۆ ئامرازی هەژموون کە دیاری دەکەن کێ خاوەنی توانای کۆنترۆڵکردنی کاڵا، وزە و داتاکانە. لەم چوارچێوەیەدا، ستراتیژەکەی چین مۆدێلێکی پێشکەوتووی ئەو شتەیە کە دەکرێت ناوی بنرێت “هێزی لۆجیستی”، کە تێیدا وەبەرهێنان و ژێرخان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی ئابووری و جیۆپۆلەتیکی لە یەک کاتدا بەکاردەهێنرێن.

 

 

Back to top button