نوسەرێکی تورک: هەڵبژاردنی نزار ئامێدی دوای 23 ساڵ هاوکێشەی سیاسی عێراقی گۆڕی

لە 11ی نیسانی 2026دا، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نزار ئامێدی، کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوای بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەکان وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژارد. بەگوێرەی سیستەمی پشکپشکێنە لە نێوان هێزە سیاسییەکانی عێراقدا، پۆستی سەرۆک کۆمار بە پشکی پێکهاتەی کورد دادەنرێت، لە کاتێکدا پۆستی سەرۆک وەزیران بۆ پێکهاتەی شیعە و پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پێکهاتەی سوننەیە.

ناوەندی “ئۆرسام” وتارێکی “فەیزوڵڵا تونا ئایگون”، نووسەری تورکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا تیشکی خستووەتە سەر کاریگەرییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق لەسەر سیاسەتی ناوماڵی و ڕێڕەوی پێکهێنانی حکومەت لە بەغدا. هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار وێستگەیەکی سیاسی چارەنووسسازە و لە ڕێکارێکی دەستووری تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی ببێتە ڕووداوێک کە ڕەنگدانەوەی دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگیی هێز بێت لە عێراقدا، بەتایبەت لە نێوان پێکهاتە کوردی، شیعە و سوننەکان، لەگەڵ کاریگەرییە ناوچەییەکاندا کە ڕوویان لە زیادبوون کردووە.

هەڵبژاردنی نزار ئامێدی هێڵی سیاسی لە بەغدا و هەولێر پێکەوە کێشایەوە و دەرگای بە ڕووی قۆناغێکی نوێی جێگیربوونی سیاسی کردەوە، چ لە ناو ماڵی کوردیدا بێت یان لە نێو پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵیدا.

نووسەرە تورکەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە چوارچێوەیەکی دەستووری ئاڵۆزدا بەڕێوەچوو، کە پشت بە مەرجی زۆرینەی ڕەها لە نێو پەرلەمانێکی 329 ئەندامی دەبەستێت، بە جۆرێک هەڵبژاردنی سەرۆک پێویستی بە بەدەستهێنانی 220 دەنگ هەیە. ئەم مەرجە وای کرد پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە سیفەتێکی پێشبڕکێی دوو خولی وەربگرێت و دوای ئەوەی هیچ کاندیدێک نەیتوانی ڕێژەی پێویست لە خولی یەکەمدا بهێنێت، پڕۆسەکە بۆ خولی دووەم گواسترایەوە.

لە خولی یەکەمدا نزار ئامێدی بە بەدەستهێنانی 208 دەنگ پێشەنگ بوو، بەڵام نەیتوانی پۆستەکە یەکلایی بکاتەوە. دوای ئەو موسا ئەمین بە 17 دەنگ و فوئاد حسێن بە 16 دەنگ هاتن، 9 دەنگی پووچەڵیش تۆمارکرا و 77 پەرلەمانتاریش بەشداری دەنگدانەکەیان نەکرد. ئەم خولە پێشبڕکێیەکی سنوورداری نیشان دا، کە بەشێکی کاریگەر بوو بە غیابی هێزە دیارەکانی وەک هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و پارتی دیموکراتی کوردستان.

بەڵام لە خولی دووەمدا، پێشبڕکێکە لە نێوان دوو کاندیدی دیاردا قەتیس بوو، ئامێدی 227 دەنگی بەدەستهێنا و وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا، لە بەرامبەر 16 دەنگ بۆ ڕکابەرەکەی، لەگەڵ 7 دەنگی پووچەڵ و ئامادەنەبوونی 80 پەرلەمانتار. نووسەر بۆچوونی وایە ئەم گۆڕانکارییە لە خولی دووەمدا تەنها وەک گۆڕانی ژمارەیی دەنگەکان ناخوێنرێتەوە، بەڵکو گوزارشتە لە دووبارە جێگیربوونەوەی سیاسی لە نێو پەرلەمان، کە تێیدا هەندێک هێز دوای دەرکەوتنی ئاڕاستەی یەکلاییکردنەوە، هەژمارەکانی خۆیان داڕشتەوە و وایان کرد دەنگەکانی ئامێدی 19 دەنگ زیاد بکات.

کۆتایی کێبڕکێکە بە سوێندخواردنی دەستووریی سەرۆکی نوێ کۆتایی هات، بەمەش دەسپێکی قۆناغێکی سیاسی نوێ ڕاگەیەندرا، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی وادە دەستوورییەکە بۆ ڕاسپاردنی سەرۆک وەزیران لە ماوەی 15 ڕۆژدا بەپێی ماددەی 76ی دەستووری عێراق.

ئەوەشی خستەڕوو کە هەڵبژاردنی نزار ئامێدی دانەبڕاوە لەو گۆڕانکارییە قووڵانەی ناو گۆڕەپانی سیاسی کورد، کە ساڵانێکە گەورەبوونی پێشبڕکێی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بەخۆیەوە بینیوە. ئەم پێشبڕکێیە تەنها لەناو هەرێمی کوردستاندا قەتیس نەما، بەڵکو گەیشتە بەغدا و کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر جۆری نوێنەرایەتی کورد لە دامەزراوە فیدراڵییەکاندا.

دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024، قەیرانی پێکهێنانی حکومەت لە هەرێم قووڵتر بووەوە، ئەمەش لاوازی توانای هەردوو حزبە سەرەکییەکەی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سەقامگیر نیشان دا. لەگەڵ گواستنەوەی ئەم دابەشبوونە بۆ گۆڕەپانی فیدراڵی، هێزە کوردییەکان لە بەغدا توانای دانوستانیان بە یەک هەڵوێستی یەکگرتوو کەمتر بووەوە.

لەو چوارچێوەیەدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک لایەنێکی نەرمتر لە بونیادنانی هاوپەیمانییەکاندا دەرکەوت، بەتایبەت لە سلێمانی. هەروەها هەندێک گۆڕانکاری ناوخۆیی وەک ئازادکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، یارمەتیدەر بوو لە دووبارە داڕشتنەوەی لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان، کە بووە هۆی لێکنزیکبوونەوەی یەکێتی و ئەو جوڵانەوەیە و لە کرداریشدا لە پشتگیریکردنی کاندیدی یەکێتی بۆ سەرۆکایەتی کۆمار ڕەنگیدایەوە.

نەخشەی سیاسی کوردی چیتر لەسەر دوو جەمسەری پارتی و یەکێتی ناوەستێت، بەڵکو دەستپێکی دروستبوونی هاوپەیمانی نوێ و نەرمتر نیشان دەدات، ئەمەش دیمەنەکە ئاڵۆزتر دەکات و ئەگەری یەکخستنی هەڵوێستی کورد لە بەغدا لاواز دەکات. لە بەرامبەردا، پارتی دیموکراتی کوردستان بە پشتبەستن بە قورسایی هەڵبژاردنی خۆی بەردەوامە لە بەهێزکردنی پێگەکەی، ئەمەش پاڵی پێوە دەنێت بۆ داواکردنی پۆستە سیادییانەی کە بە شێوەیەکی نەریتی بە پشکی یەکێتی دادەنران، لە سەروو هەمووشیانەوە پۆستی سەرۆک کۆمار.

هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەبێتە خاڵی دەستپێکی ڕاستەقینە بۆ پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق. چونکە دەستوور ماوەی ١٥ ڕۆژ دەداتە سەرۆکی نوێ بۆ ڕاسپاردنی کاندیدی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمەش واتای ئەوەیە قۆناغی دانوستانە سیاسییەکان چووەتە ناو قۆناغی یەکلاییکردنەوە.

هەرچەندە چوارچێوە دەستوورییەکە ڕوون دەردەکەوێت، بەڵام ئەزموونی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتەکان زۆرجار بەهۆی تێکەڵبوونی بەرژەوەندیی نێوان کوتلە سیاسییەکانەوە، بە ئاڵۆزی و دواکەوتن دا تێدەپەڕێت. لەگەڵ ئەوەشدا، تەواوبوونی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار نوێنەرایەتی ساتی گواستنەوە دەکات لە دۆخی شێواوی سیاسییەوە بۆ قۆناغی دانوستانی دامەزراوەیی دیاریکراوتر.

وادیارە هەلی بەردەوامبوونی نوری مالکی وەک کاندیدی سەرەکی لەژێر سایەی هاوسەنگییەکانی ئێستادا لاواز بووە. ئەمەش دەرگا بە ڕووی ناوەکانی تردا دەکاتەوە؛ وەک محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی ئێستا، یان باسم بەدری سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، یان حەمید شەتری سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق، وەک کەسایەتییەک کە زیاتر قبوڵکراون.

نووسەر ئەوەشی زیاد کردووە کە ئەستەمە پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت لە بەغدا لە چوارچێوە ناوچەییە گرژەکە داببڕدرێت، بەتایبەت لە سایەی ئەو جەنگەی لە 28ی شوباتی 2026لە نێوان ئەمریکا/ئیسرائیل و ئێراندا هەڵگیرسا. ئەم ململانێیە ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی بۆسەر عێراق دەبێت، وەک گۆڕەپانێک بۆ هەژموونی هەردوولا، هەروەها وادەکات پێکهێنانی حکومەتی عێراق ببێتە بەشێک لە هاوسەنگییە ناوچەییە فراوانەکان.

دانوستانە ئەمریکی-ئێرانییەکان، چ ڕاستەوخۆ بن یان ناڕاستەوخۆ، کاریگەرییان لەسەر مەودای جوڵەی سیاسی لە ناو عێراقدا هەیە و کۆت و بەند دەخەنە سەر جۆری هاوپەیمانییەکان. هەروەها هەر گرژییەک یان هێوربوونەوەیەک لەم ململانێیەدا، دەستبەجێ ڕەنگدەداتەوە سەر داینامیکی دانوستانی نێوان کوتلە عێراقییەکان. کەواتە پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت تەنها لەناو پەرلەمان یان لە نێوان هێزە سیاسییەکانی عێراقدا بەڕێوە ناچێت، بەڵکو هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیش تێکەڵی دەبن.

سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان

لە سایەی ئەم ئاڵۆزییەدا، هەموو سیناریۆکان بە کراوەیی دەمێننەوە. لە ئەگەری شکستهێنانی هێزە سیاسییەکان لە گەیشتن بە ڕێککەوتن، ڕەنگە عێراق ڕووبەڕووی قەیرانی پێکنەهێنانی حکومەتی نوێ ببێتەوە، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی حکومەتی زۆرینەی سیاسی لە جیاتی حکومەتی تەوافوقی، کە گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە سروشتی سیستمی سیاسی عێراقدا.

هەروەها ناتوانرێت سیناریۆی ڕۆشتن بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە پشتگوێ بخرێت لە ئەگەری بەردەوامی چەقبەستوویی سیاسی، یان مانەوەی دۆخەکە لە چوارچێوەی ئیدارەیەکی کاتی دا.

نووسەرە تورکەکە لە کۆتاییدا دەڵێت: هەڵبژاردنی نزار ئامێدی بۆ سەرۆکایەتی کۆمار دەکرێت نوێنەرایەتی شتێکی زیاتر بکات لە تەنها گۆڕینی پۆستێکی سیادی، چونکە گوزارشتە لە ساتێک بۆ دووبارە داڕشتنەوەی قووڵ لە بنەمای سیستەمی سیاسی عێراقدا. لە لایەکەوە، ناوماڵی کوردی بەرەو دابەشبوونی زیاتر و فرە ناوەندیی بڕیار دەڕوات، ئەمەش توانای دانوستانی کورد لە بەغدا لاواز دەکات. لە لایەکی ترەوە، پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت لە چوارچێوەیەکی زۆر ئاڵۆزدا دەستپێدەکات کە تێیدا لێکدانەوە دەستوورییەکان لەگەڵ هاوسەنگییە سیاسییە ناوخۆییەکان و کێشمەکێشمە ناوچەییەکاندا تێکەڵدەبن.

حکومەتی داهاتووی عێراق تەنها بەرهەمی هاوسەنگی ناوخۆیی نابێت، بەڵکو ڕەنگدانەوەی کارلێکێکی ئاڵۆز دەبێت لە نێوان ناوخۆی عێراق و ناوچەی دەوروبەریدا، ئەمەش وادەکات قۆناغی دوای هەڵبژاردن یەکێک بێت لە هەستیارترین قۆناغەکان لە مێژووی دەوڵەتی هاوچەرخی عێراقدا.

Back to top button