یەکگرتووی ئیسلامی هاوکێشەی هەرێم یەکلایی دەکاتەوە

 

هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دەستیان بە مانۆڕێکی سیاسی کردووە، بۆەئەوەی زۆرترین کورسی پەرلەمانی کوردستان لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە و بەرامبەر یەکتری لە پێکهێنانی کابینەی 10ـى حکومەتی هەرێم بەکاری بهێنن، هەر یەک لەو دوو لایەنە بۆ سەرکەوتی بەسەر ئەوی تریاندا پێویستی بە کورسییەکانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە دروستکردنی هاوپەیمانێتییەک لەگەڵ نەوەی نوێی و بزوتنەوەی گۆڕان ژمارەی کوردسییەکانی گەیاندووەتە ژمارەی کورسییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆیە پارتی لەبەرامبەر ئەم هەنگاوەی یەکێتیدا دەستەوەستان نەوەستاوە و جوڵەیەکی نوێی دەستپێکردووە.

سەنگەر قایمکردن بە کورسی لایەنەکان

یەکێتی نیشتمانی کوردستان خاوەنی 23 کورسی پەرلەمانی کوردستانە و بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ نەوەی نوێ کورسییەکانی دەبێت بە 38 کورسی، بەپێی زانیارییەکانی کورد مۆنیتەر، تەنها کورسییەکەی بزوتنەوەی گۆڕان دەچێتە بەرەی یەکێتی و نەوەی نوێوە و یەکێتی لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕن رێککەوتووە.

ئێستا یەکێتی بە هێزی 39 کورسییەوە ئامادەی گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ پارتی، کە خاوەنی 39 کورسییە، رۆژی 16ـى ئەم مانگە، کاروان گەزنەیی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا وتی: “دۆخێکی نوێ هاتووەتە پێشەوە و لەسەر بنەمای ژمارەی کورسی دەچنەوە گفتوگۆ لەگەڵ پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی 10ـى حکومەتی هەرێم”، ئەمەش بەو واتایەی یەکێتی وەک پارتی پشکی دەیەوێ لە پۆستە باڵاکانی هەرێم.

لەبەرامبەر هەوڵەکانی یەکێتی بۆ راکێشانی کورسی لایەنەکانی دەرەوەی پارتی بۆ بەرەکەی خۆی، پارتی هەوڵێکی چری دەستپێکردووە، بۆئەوەی بەشێک لە کورسییەکانی نەوەی نوێ و هەڵوێست و کرسییەکی کۆمەڵی دادگەری بباتە بەرەی خۆیەوە.

کورد مۆنیتەر لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە زانیاریی ئەوەی دەستکەوتووە، پارتی لەگەڵ سێ پەرلەمانتاری ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان قسەیکردووە، بۆئەوەی لە دەرەوەی فراکسیۆنەکانیان ڕای جیاوازیان هەبێت و نەچنە ئەو بەرەیەوە کە یەکێتی بەنیازە لەگەڵ نەوەی نوێ دروستیبکات، وەک ئەو سەرچاوەیەی کورد مۆنیتەر گوتی: پەرلەمانتارەکان بریتین لە هێرۆ عەتار، بەدەل بەرواری و سیپان ئامێدی.

هەرچەندە هێشتا یەکلانەبووەتەوە ئەو پەرلەمانتارانە دەچنە بەرەی پارتیەوە یاخود نا، بەڵام سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر باسی لەوەکرد، گفتوگۆی پارتی لەگەڵ ئەو سێ پەرلەمانتارە بەردەوامە، هەروەها هەوڵ هەیە تاکە کورسیەکەی بەرەی گەل لە هەولێر بچێتە بەرەی پارتیەوە.

یەکگرتووی ئیسلامی هاوکێشەکە یەکلایی دەکاتەوە

لەگەڵ بەردەوامی هەوڵەکانی پارتی و یەکێتی بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین کورسی لە بەرەی خۆیان، بەڵام لە کۆتاییدا هیچ لایەکیان ناتوانن زۆرینەی پەرلەمانی بەدەست بهێنن، بۆیە حەوت کورسییەکەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان هاوکێشەکە لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا یەکلایی دەکاتەوە.

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستا، بە فەرمی ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی راگەیاند و رەتیکردوە بەشداری پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بکات.

لە ئەگەری گۆڕینی هەڵوێستی یەکگرتتوی ئیسلامیدا بۆ بەشداریکردنیان لە حکومەت یان خۆ یەکلاییکردنەوەیان لە نێوان بەرەی پارتی و یەکێتیدا، رەنگە فراکسیۆنەکەیان ببێت بە دوو بەشەوە و بەشێکیان پشتیوانی بەرەی پارتی و بەشەکەی تر پشتیوانی بەرەی یەکێتی بکەن، وەک سیناریۆکەی ساڵی 2015 کە لە پرسی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمدا بوون بە دوو بەشەوە.

ئەو لایەنانەی خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە

خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 100 کورسی پێکهاتووە، دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژرادن لە ساڵی 2024، کۆمەڵی دادگەری کە سێ کورسیئ بەدەستهێنابوو بایکۆتکردنی ئەم خولەی پەرلەمانی راگەیاند و بەو هۆکارەی کە ئەنجامەکە دەستکاریکراوە، بەڵام هێرۆ عەتار کە یەکێک بوو لە کاندیدە دەرچووەکانی کۆمەڵی دادگەری پابەندی بڕیاری حزبەکەی نەبوو، سوێندی یاسایی خوارد، هەروەها لاهور شێخ جەنگی کە یەکێک بوو لە کاندیدە دەرچووەکان سوێندی یاسایی نەخوارد، بۆیە ئێستا پەرلەمانی کوردستان لە 97 ئەندام پێکهاتووە.

تائێستا یەکێتی نیشتمانی کوردستان 41 کورسی لە بەرەکەی خۆی کۆکردووەتەوە (23 یەکێتی، 15نەوەی نوێ، یەک کورسی بزوتەوەی گۆڕان و دوو کورسی کۆتاکان)، پارتی دیموکراتی کوردستان 42 کورسی لە بەرەکەی خۆی کۆکردووەتەوە(39 پارتی و سێ کورسی کۆتاکان)، ئەگەر سێ کورسییەکەی هەڵوێست و کۆمەڵ و بەرەی گەل بە فەرمی خۆیان یەکلایی بکەنەوە، کورسییەکانی پارتی دەگاتە 45 کورسی.

لەگەڵ ئەوەی پارتی و یەکێتی هەریەکەیان لە هەوڵی بەهێزکردنی بەرەی خۆیاندا، بەڵام 11 کورسی پەرلەمان ماوە، کە بچنە پاڵ هەر بەرەیەکیان ئەوا هاوکێشەکە لە قازانجی ئەو بەرەیە یەکلایی دەکاتەوە، کە پێکهاتووە لە حەوت کورسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و سێ کورسی رەوتی هەڵوێست و یەک کورسی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کورد مۆنیتەر، جگە لە هەوڵدان بۆ راکێشان یان بەبێ لایەن مانەوەی ئەو 11 کورسییەی پەرلەمان، پارتی لەنێو 15 پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ کاردەکات و هەوڵدەدات بەشێکیان بەتایبەت ئەوانەی سنوری هەولێر و دهۆک، بۆنێو هاوپەیمانێتیەکەی خۆی ڕابکێشێت.

Back to top button