ئەو شەوەی ترەمپ ویستی چەکی ئەتۆمیی دژی ئێران بەکاربهێنێت

 

لاری سی جۆنسۆن، شیکەرەوەی پێشووی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا (CIA)، ئاشکرای کرد کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا هەوڵی چالاککردنی “چەکە ئەتۆمییەکان”ی داوە دژی کۆمەڵێک ئامانج لە ئێران، ئەگەر دەستوەردانی جەنەڕاڵ دان کین، سەرۆکی ئەرکانی سوپا نەبووایە ئێستا بەکاریهێنابوو.

ئاماژەی بەوەش کرد کە “ڕاپۆرتەکان دەربارەی ئەو کۆبوونەوە بەپەلەیەی کە ئیدارەی ئەمریکا شەوی شەممە لە کۆشکی سپی سازی کرد، دەریانخستووە کە ترامپ ویستوویەتی چەکی ئەتۆمی یان ئەوەی پێی دەوترێت کۆدە ئەتۆمییەکان دژی ئێران بەکاربهێنێت، بەڵام جەنەڕاڵ دان کین وەستاوەتەوە و گوتوویەتی: “نەخێر”.

جۆنسۆن لە کاتی میوانداریکردنی لە پۆدکاستی “دادوەریی ئازادی” لەگەڵ دادوەر ئەندرۆ ناپۆلیتانۆ گوتی: “جەنەڕاڵ کین لە بەردەم ترامپدا وەستاوەتەوە و داواکەی ڕەتکردووەتەوە، ئەمەش بە پشتبەستن بە دەسەڵاتە سەربازییەکانی خۆی”.

ئەو بەرپرسە پێشووەی دژە تیرۆر لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەشکردووە، “وێنەی جەنەڕاڵ کین لە کاتی چوونە دەرەوەی لە کۆبوونەوەکەدا هەیە لە کاتێکدا سەری شۆڕ کردووەتەوە و نیشانەی توڕەیی پێوە دیار بووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ڕوودانی پێکدادانێکی توند لە کاتی کۆبوونەوەکە لەگەڵ ترامپ”.

تا ئێستا هیچ لێدوانێک نە لەلایەن ترامپەوە، نە وەزارەتی بەرگری “پێنتاگۆن” و نە کۆشکی سپی سەبارەت بە کۆبوونەوەکە یان ئەوەی تێیدا گوزەراوە دەربارەی چەکی ئەتۆمی بڵاونەکراوەتەوە.

شەوێکی توندووتیژ

ئەم هەواڵە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە دێت کە ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ” ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا وردەکاری سەرنجڕاکێشی دەربارەی کۆبوونەوەیەکی توندووتیژی شەوی شەممە ئاشکرا کردووە، کە پێدەچێت بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە جۆنسۆن باسی کردووە، بەبێ ئەوەی بە ڕوونی ئاماژە بە بابەتی چالاککردنی “کۆدە ئەتۆمییەکان” بکات.

ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندووە کە کەشێکی گرژ باڵی بەسەر کۆشکی سپیدا کێشابوو کە تا ڕادەیەک چۆڵ بوو، ئەمەش کەمێک دوای ئەوەی سەرۆک ترامپ زانیویەتی فڕۆکەیەکی ئەمریکی لە ئێران خراوەتە خوارەوە و دوو فڕۆکەوانیش ون بوون، کە تێیدا ترامپ بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بەسەر یاریدەدەرەکانیدا هاواری کردووە.

ڕۆژنامەکە لە زاری ئەو کەسانەی کە ئەو کاتە قسەیان لەگەڵ ترامپ کردووە گواستوویەتییەوە، کە وێنەکانی قەیرانی بارمتە ئێرانییەکانی ساڵی 1979-کە بە یەکێک لە گەورەترین شکستی سیاسەتی نێودەوڵەتی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە سەردەمی نوێدا دادەنرێت- بە توندی لە مێشکی ترامپدا ئامادەییان هەبووە.

ڕۆژنامەکە تیشکی خستە سەر لێدوانێکی ترامپ دەربارەی ئەو قەیرانە لە مانگی ئازاردا کە تێیدا گوتبووی: “ئەگەر سەیری ئەوە بکەن چی بەسەر جیمی کارتەردا هات… لەگەڵ هەلیکۆپتەرەکان و بارمتەکان، ئەوە بووە هۆی دۆڕاندنی هەڵبژاردن. چ پاشاگەردانییەک بوو!”، دوای ئەوەش داوای لە سوپا کردووە بچن بۆ ڕزگارکردنی فڕۆکەوانەکان.

بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کاتی ڕووخانی ئەو حکومەتەی کە بووە هۆی قەیرانی بارمتەکانەوە، لەسەر خاکی ئێران بوونی نەبووە، بۆیە دەبوو ڕێگەیەک بدۆزنەوە بۆ گەیشتن بە خاکە سەختەکانی ئێران و خۆدوورخستنەوە لە هێزە ئێرانییەکان.

بەرپرسێکی باڵای ئیدارەکە گوتی: “یاریدەدەرەکان سەرۆکیان لە دەرەوەی ژوورەکە هێشتەوە کاتێک سات بە سات زانیارییە نوێیەکانیان پێدەگەیشت”.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە “یەکێک لە فڕۆکەوانەکان بە خێرایی ڕزگارکرا، بەڵام ترامپ هەواڵی ڕزگارکردنی فڕۆکەوانی دووەمی پێ نەگەیشت تا درەنگانی شەوی شەممە، لە پرۆسەیەکی ڕزگارکردنی زۆر مەترسیداردا. ئەوەی کە دەکرا ببێتە خراپترین سات لە خولی سەرۆکایەتی ترامپدا، ڕووی نەدا. دوای کاتژمێر ٢ی بەیانی، ترامپ چوو بۆ خەوتن”.

مەترسییە کەسییەکان

کەسانی ئاگادار وتوویانە کە ترامپ دەناڵێنێت بەدەست مەترسییە کەسییەکانی خۆیەوە سەبارەت بە ناردنی هێز بۆ ناوچە مەترسیدارەکان، کە تێیدا هەندێکیان بریندار دەبن و هەندێکی تریشیان ناگەڕێنەوە ماڵەوە، هاوشێوەی سەرۆکەکانی تر کە جەنگیان ئەنجامداوە.

بۆ نموونە، ترامپ بەرگری کردووە لە ناردنی سەربازانی ئەمریکی بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی “خارگ”ی ئێرانی، کە خاڵی دەرچوونی 90٪ی هەناردەی نەوتی ئێرانە.

سەرباری ئەوەی پێی ڕاگەیەندراوە کە ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتوو دەبێت و دەستبەسەرداگرتنی دوورگەکە ڕێڕەوێک بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرەو گەرووەکە دەکاتەوە، بەڵام ترسابوو لەوەی زیانە گیانییەکانی ئەمریکا بگاتە ئاستێکی وەرنەگیراو، بەگوێرەی سەرچاوەکان. وتبووی: “ئەوان دەبنە پاروویەکی ئاسان”.

لەگەڵ ئەوەشدا، ترامپ لێدوانی پڕ سەرکێشی داوە بێ ئەوەی ڕاوێژ بە تیمی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی بکات، لەوانەش پۆستەکەی دەربارەی پلانی تێکدانی شارستانییەتی ئێران، و وتوویەتی کە نیشاندانی ناسەقامگیری ڕەنگە ئێرانییەکان ناچار بکات دانوستان بکەن.

 

Back to top button