پەیامە توندەکەی ترەمپ گەیشتە عێراق

 

بڕیارەکەی واشنتۆن بۆ هەڵپەساردنی هاوکارییە ئەمنییەکان و دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ دەزگا ئەمنییە عێراقییەکان، بەغدا دەخاتە بەردەم قۆناغێکی مەترسیدارتر، کە سنووری وەڵامدانەوەی هێرشی میلیشیا چەکدارەکان دەبەزێنێت و دەچێتە چوارچێوەی داڕشتنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق.

هەنگاوەکانی ئەم ڕۆژانەی ڕابردووی ئەمریکا دژی عێراق، دوای زنجیرەیەک هێرش هات کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا و بنکە سەربازییەکان و ئەو شوێنانەی کردە ئامانج کە هێزە بیانییەکانی تێدایە لە ناو عێراقدا، کە ژمارەیەک لەو هێرشانە لەلایەن میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجامدران.

ئەم میلیشیایانە کە خاوەنی پێگەی سیاسی و سەربازین، لە سەرەتای جەنگەوە کە 28ی شوباتی ڕابردوو دەستیپێکرد ئۆپەراسیۆنەکانیان توندتر کردووەتەوە، لە ڕێگەی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەوە، پێگە جیاوازەکانی ناو بەغدا و هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج.

سەیف ڕەعد، توێژەر لە کاروباری ئەمنی و ستراتیژیی ڕایگەیاند: “جوڵەی ئێستای ئەمریکا ناتوانرێت دابڕاو بێ لە چوارچێوەی ناوچەیی جەنگەکە، چونکە واشنتۆن لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە دەستی کردووە بە هەوڵدان بۆ ڕێکخستنەوەی ئەو گۆڕەپانە جیاوازانە سەر بە هەژموونی ئێرانن، ئەوەش لە ڕێگەی دابڕینی بالەکان و جیاکردنەوەیان لە ناوەندی بڕیار لە تاران”. ئاماژەی بەوەش کرد کە “عێراق یەکێکە لە گرنگترین ئەم گۆڕەپانانە، بەهۆی تێکەڵاوبوونی ڕەهەندی سیاسی و سەربازیی گروپەکان لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا”.

ڕەعد ئاماژەی بەوەش کرد کە “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سیاسەتی کۆنترۆڵکردنەوە گواستوویەتییەوە بۆ بەکارهێنانی ئامرازی فشار، کە سزای دارایی، فشار خستنە سەر مەلەفی دۆلار و هەڵپەساردنی هاوکارییە ئەمنییەکان دەگرێتەوە، بە ئامانجی دروستکردنی ژینگەیەکی توندی پڕ لە فشار لەسەر حکومەتی عێراق “.

هەڵپەساردنی پاڵپشتییە ئەمنییەکان لە کاتێکدایە کە هێزە عێراقییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو پشت بە هاوکارییەکانی ئەمریکا دەبەستن، چ لە بوارەکانی مەشق و ڕاهێنان یان پاڵپشتی لۆجستی یان هەماهەنگی هەواڵگریی، بەتایبەتی لە ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی “داعش”دا، ئەمەش وا دەکات ئەم بڕیارە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر تواناکانی سوپا هەبێت، بەتایبەت لە هێزی ئاسمانیدا.

سڕکردنی پارەکانی عێراق

هاوتەریب لەگەڵ ئەوەدا، ئامرازەکانی فشاری دارایی وەک فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە بەرامبەر عێراق بەکاردەهێنرێت، دوای ئەوەی ڕاپۆرتەکان باسیان لە سڕکردنی نزیکەی نیو ملیار دۆلار لە داهاتی نەوتی عێراق لە بانکەکانی نیویۆرکدا کرد، لەگەڵ هەڵپەساردنی ناردنی کاشی دۆلار. ئەم ڕێکارانە پەیوەستن بەو سیستەمە داراییەی کە عێراق بۆ بەڕێوەبردنی داهاتە نەوتییەکانی پشتی پێ دەبەستێت، ئەمەش ئابووری وڵات دەخاتە بەردەم ئاڵنگاریی گەورە لە سایەی کەمبوونەوەی داهاتەکان بەهۆی تێکچوونی بازاڕەکانی وزە و داخستنی گەرووی هورمز.

لە بەرامبەردا، عیماد محەمەد، توێژەر لە کاروباری سیاسی، پێی وایە “ئەوەی ڕوودەدات تەنها ڕێکارێکی سزادان نییە، بەڵکو گەیشتووەتە ئاستی دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی و ئەمنی لە ناو عێراقدا”. ڕوونیشی کردەوە کە “ئەمریکا کۆکراوەی فشاری ئەمنی و ئابووری بەکاردەهێنێت بۆ هاندانی بەغدا بەرەو ڕێکخستنەوەی ئەولەوییەتەکانی، بەتایبەتی لە مەلەفی گروپە چەکدارەکاندا”.

عیماد محەمەد باسی لەوەشکرد: “قۆناغی ئێستا جیاوازە لە ساڵانی ڕابردوو، چونکە ئامانجی ئەمریکا چیتر تەنها سنووردارکردنی ڕەفتاری گروپەکان یان کەمکردنەوەی هێرشەکانیان نییە، بەڵکو بەرەو کەمکردنەوەی هەژموونیان لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دەچێت، گرێدانی هەر پاڵپشتییەکی داهاتوو بە ڕادەی پابەندبوونی حکومەت بەم مەرجەوە بەستراوەتەوە”. ئاماژەی بەوەش کرد کە “ئەم گۆڕانکارییە لەگەڵ هەڵوێستی واشنتۆن بەرامبەر بە هەندێک هێزی سیاسی یەکدەگرێتەوە، بەتایبەتی لە سایەی مشتومڕەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێ”.

پەیامە توندەکانی واشنتۆن

واشنتۆن چەندین پەیامی ئاڕاستەی حکومەتی عێراق کردووە سەبارەت بە پێویستی کۆنترۆڵکردنی میلیشیا چەکدارەکان و ڕاگرتنی ئەو هێرشانەی کە بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن لە عێراق دەکەنە ئامانج، هەروەها هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە دەبێتە هۆی گرتنەبەری ڕێکاری توندتر. بەڵام ئەم داوایانە لەسەر زەوی ڕووبەڕووی هەنگاوی جێبەجێکردنی یەکلاکەرەوە نەبوونەوە، چونکە چارەسەرەکان لە چوارچێوەی سیاسی و ڕاگەیاندندا مانەوە، بێ ئەوەی هیچ جوڵەیەکی ئەمنی ڕوون هەبێت.

فشارە ئەمریکییەکان لەگەڵ واقیعێکی ناوخۆیی ئاڵۆزدا یەکدەگرنەوە، کە خۆی لە دابەشبوونی هێزە سیاسییەکان، گەشەکردنی هەژموونی میلیشیا چەکدارەکان و بەردەوامبوونی پشتبەستن بە ئابووریی “ڕەیعی”ی پەیوەست بە داهاتی نەوتدا دەبینێتەوە، ئەمەش توانای مانۆڕکردنی حکومەت سنووردار دەکات.

هەروەها بەردەوامبوونی هێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، لە بەرامبەر نەبوونی ڕێکاری حکومی یەکلاکەرەوە، گریمانەی گواستنەوەی واشنتۆن بۆ قۆناغێکی توندتر، بەهێز دەکات، کە ڕەنگە فراوانکردنی سزاکان یان گرتنەبەری هەنگاوی زیاتر لە هەردوو بواری دارایی و ئەمنیدا بگرێتەوە.

Back to top button