دانا ئەحمەد مەجید، ئەو پیاوەی ناتوانێت بە ئاسوودەیی لەسەر کورسیەکەی نەوشیروان مستەفا دابنیشێت

 

تا نزیکەی 15 ساڵ بەر لە ئێستا، کەم ماڵ هەبوو لایەنگر و دەنگدەرێکی بزوتنەوەی گۆڕانی تێدا نەبێ، خەڵکیی گوڕ و تینی لایەنداریی حزبیی تێگەڕابوەوە، هەندێک کەس کورسیی ماڵەکانیان دەبرد و لە کەرنەڤاڵ و گردبوونەوە جەماوەرییەکانی گۆڕاندا دایان دەنا، بەڵام ئێستا ڕێکخەرەکەی کورسییەکی نییە لەسەری دابنیشێت، چیرۆکی بزوتنەوەی گۆڕان، زیاترە لە چیرۆکی کەوتنی حزبێکی سیاسی، چیرۆکی بێئومێدبوونی نەوەیەکە کە بزوتنەوەکەیان بە دواین هیوا بۆ گەیشتن بە خەونەکانیان دەبینی، بەڵام پێدەچێت ئەو نەوەیە بە تەواوی بێهیوا بووبن.

لە نوێترین بریاریدا ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقی ره‌تكرده‌وه‌، كه‌ تێیدا ئه‌ندامێتی (دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید) له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی په‌سه‌ندكردووه‌. سكاڵاكار له‌م دۆسیه‌یه‌دا (یاسین حه‌مه‌ عه‌لی)یه‌ كه‌ رێگه‌پێدراوی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان/ زه‌رگه‌ته‌یه‌.

دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید له‌سه‌ر بنه‌مای په‌سه‌ندكردنی ئه‌ندامبوونی له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان خۆی بۆ پۆستی رێكخه‌ری گشتی كاندید كردووه‌و بووه‌ به‌ رێكخه‌ری گشتی، بۆیه‌ به‌ له‌ده‌ستدانی ئه‌ندامێتییه‌كه‌ی، پۆستی رێكخه‌ری گشتی له‌ رووی یاساییه‌وه‌ له‌ده‌ستده‌دات. ئەوەش گەڕێکی نوێی سەرهەڵدانەوەی کێشەی نێوان دوو باڵەکەی گۆڕان (کوردسات و گردی زەرگەتە)یە.

ڕۆژی 19ـى ئەیلوولی 2024، عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، بریکارنامەی گشتیی بە زیاتر لە 100 دەسەڵاتەوە بۆ دانا ئەحمەد مەجید کرد و سەرجەم دەسەڵاتەکانی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە پێ سپارد، ئەو هەنگاوە بزووتنەوەى گۆڕانى کرد بە دووبەرەى دژ بەیەک کە یەکێکیان، زۆرینەى جڤاتى گشتین لە گردى زەرگەتە، ئەوى دیکەیان دانانى ئەحمەد مەجید، رێکخەرى گشتى و زۆرینەى جڤاتى نیشتمانین.

رۆژی 28-09-2024، بەشێک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی، رێوڕەسمێکیان بۆ رێزلێنان و ماڵئاوایی لە عومەر سەیدعەلی، رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان و دەستبەکاربوونی دانا ئەحمەد مەجید وەکو رێکخەری نوێی بزووتنەوەکە رێکخست.

بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەکە لە پارکی ئازادی دوای ئەوە بوو، کوڕانی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری کۆچکردووی بزووتنەوەکە بۆ رێگری لەو رێوڕەسمە رۆژی هەینی (27-09-2024) دەرگای مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕانیان بە بەربەستی کۆنکرێتی داخست، دەوام لە ژوور و دامەزراوەکانی بزووتنەوەکەش راگیرا.

دوای ئەو ناکۆکییانە، 4ـی 10ـی 2024، بزووتنەوەی گۆڕان و رێکخەرە نوێیەکەی بارەگایەکی نوێیان لە گەڕەکی کوردسات لە شاری سلێمانی کردەوە و رەتیانکردەوە، جارێکی دیکە بگەڕێنەوە گردی زەرگەتە.

رۆژی 24-05-2025، بزووتنەوەی گۆڕان کۆنفرانسێکی هاوبەشی لە شاری سلێمانی کرد، بەڵام بەهۆی ناکۆکی هەردوو ئاراستەکەوە بێ ئەنجام کۆتایی هات و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق پەسندی نەکرد.

لە 05-04-2025 ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەکە کۆنفرانسی گشتی کرد؛ ئاراستەکەی دیکەی بزووتنەوەکە 26ـی نیسانی هەمان ساڵ کۆنفرانسێکی بەڕێوەبرد، بەڵام هیچیان بۆ خاوەنداریکردن لە حیزبەکە پەسندکردنیان لە کۆمیسیۆنەوە پێنەدرا.

بەگوێرەی دەستووری ناوخۆی گۆڕان، بزووتنەوەکە پێکدێت لە خانەی راپەڕاندن، جڤاتی نیشتمانی، جڤاتی گشتی، ژوورەکان، فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەنجوومەنی قەزاکان و تیمی گۆڕان لە حکومەت.

جڤاتی نیشتمانی (ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەر) باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لە گۆڕاندا.

ململانێی نێوان ئەم دوو باڵە، گوزارشت لە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە گرژییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکات، کە دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا لە ساڵی 2017 بە شێوەیەکی بەرچاو سەریهەڵدا. ئەم ململانێیە تەنها کێبڕکێیەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو ململانێ بوو لەسەر شەرعییەت، دارایی و ئاراستەی داهاتووی بزوتنەوەکە.

باڵی گردی زەرگەتە (کوڕانی نەوشیروان مستەفا)، ئەم باڵە نوێنەرایەتی چیا و نما کوڕانی کۆچکردوو نەوشیروان مستەفا دەکات. هێزی ئەم باڵە لەوەدایە کە موڵکایەتی زەوی گردی زەرگەتە (مەکۆی سەرەکی گۆڕان) و کۆمپانیاکانی وشە-یان بەدەستە، کە لە ڕووی یاساییەوە بە ناوی ئەوانەوە تۆمار کراوە. ئەوەش هێزێکی بەو دوو برایە بەخشیوە کە خاوەنی سەرچاوەی دارایی بزوتنەوەکە بن.

باڵی کوردسات (یان باڵی دەستڕۆیشتووی ناو جومگەکان) ئەم باڵە زیاتر ئەو سەرکردە و کەسانەن کە لە ناو جومگەکانی بڕیاردان (وەک خانەی ڕاپەڕاندن) مابوونەوە و پێیان وابوو، پێویستە بزوتنەوەکە وەک حزبێکی سیاسی بەڕێوە بچێت نەک وەک میراتێکی خێزانی.

تا نزیکەی 15 ساڵ لەمەوبەر، بزوتنەوەی گۆڕان وەک یەکەم هێزی کاریگەری ئۆپۆزسیۆن لە باشووری کوردستان، توانیبووی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) بخاتە گۆشەیەکەوە، بە تایبەت کە بزوتنەوەکە 25 کورسی لە پەرلەمانی کورستان بەدەستهێنا، کە لەو کاتەدا (ساڵی 2009) یەکێتی کە ڕکابەری سیاسی و ناوچەیی گۆڕان بوو، نیوەی ئەو کورسیانەی بەدەست نەهێنا، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە هاوپەیمانێتیەکدا بوو لەگەڵ پارتی، قەبارەی ڕاستەقینەی کورسییەکانی یەکێتی بە تەواوی دەرنەکەوت.

لەدوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا، بزووتنەوەی گۆڕان تەنها یەک کورسی لە کۆی 95 کورسی پەرلەمان بەدەستهێنا، بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانیشیەوە ڕێگەی پێنەدرا بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە ساڵی پار ئەنجامدرا، بکات.

لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2009، بزووتنەوەی گۆڕان 445 هەزار و 24 دەنگی بەدەستهێنا، بەمەش 25 کورسی پەرلەمانی بردەوە، لەکاتێکدا یەکێتی و پارتی کە ڕکابەری گۆڕانیان دەکرد و بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردنیان کرد 59 کورسییان بەدەستهێنا.

دوای تێپەڕبوونی 16 ساڵ بەسەر دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان دا، ژمارەی کورسییەکانی گۆڕان لە 25 کورسییەوە بۆ یەک کورسی کەمیکرد، لە کاتێکدا پارتی و یەکێتی 59 کورسییەکەیان گەیاندە 60 کورسی.

نەوشیروان مستەفا، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە ساڵی 2009 بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند دوای ئەوەی ناکۆکییەکانی لەگەڵ یەکێتی تەقییەوە، ئەوکات ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی پاڵپشتی خۆیان بۆ نەوشیروان مستەفا ڕاگەیاند.

Back to top button