
لە ژێر ناونیشانی “پێشمەرگەی موسڵمان” ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیکردووە بە دروستکردنی چەندین هێزی جیاواز، بەڵام ناونیشانی ئەو هێزانە جێگەی مشتوومڕە، هەرچەندە ئەو کەسانەی دەچنە ئەو هێزەوە کوردن بەڵام وا دەردەکەوێت دژی دۆزی نەتەوەکەیان بن، بەڵام ناونیشانی “پێشمەرگەی موسڵمان” جۆرێکە لە سوکایەتیپێکردن بە نەتەوەیەک کە پێشمەرگەکانی هەر لە بنەڕەتەوە موسڵمانن.
سوپای پاسدارانی ئێران ئامادەکاریی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕاپەڕینی جەماوەیی کردووە، ئەوەش بە دروستکردنی هێزێکی چەکدار کە زیاتر لە دوو مانگە کاری بۆ دەکات. هێزەکە ناونراوە “پێشمەرگەی موسڵمان”، وردەکاریی دروستکردنەکەشی لە ڕێگەی چەکدارکردنی ئەندامانی عەشیرەتە کوردیەکانەوەیە.
ئەم زانیارییانە لەلایەن شایەتحاڵەکان و ئەندامانی خێزانی ئەو کەسانەی پەیوەندییان بەو هێزانەوە کردووە، بۆ کەناڵی ئەلحوررە پشتڕاستکراوەتەوە.
سەرباز (ناوێکی خوازراوە) باوکی یەکێک لە ئەندامانی “پێشمەرگەی موسڵمان”ی سەر بە سوپای پاسدارانە و دەڵێت: “لە مانگی ئاداری ڕابردووەوە پەیوەندیم بە کوڕەکەمەوە نەکردووە، نازانم لە ژیاندا ماوە یان کوژراوە”.
سەرباز کە دانیشتووی شاری سەقزی باکووری ڕۆژئاوای ئێرانە، ئاماژە بەوە دەکات کە کوڕە تەمەن سی ساڵانەکەی لە سەرەتای مانگی یەکی ڕابردوودا لە ڕێگەی یەکێک لە هاوڕێکانییەوە پەیوەندی بە هێزە ناوخۆییەکانی ناسراو بە “پێشمەرگەی موسڵمان” کردووە، ئەوەش لە بەرامبەر وەرگرتنی مووچەیەکدا.
سەرباز نیگەرانی خۆی لە چارەنووسی کوڕەکەی دەردەبڕێت، دوای ئەوەی زۆربەی بنکەکانی سوپای پاسداران لە کوردستانی ئێران لە ماوەی 40 ڕۆژی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران، لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە خاپوورکراون.
سەرباز دەشڵێت: “دوای ئەو بۆردومانانەی کرانە سەر بنکەکانی سوپا لە سەقز، مەریوان و کرماشان، لەگەڵ ژمارەیەک لە خێزانەکانی دیکەی ئەندامانی ئەو هێزانە هەوڵمان دا سۆراخی چارەنووسی کوڕەکانمان بکەین، بەڵام هیچ وەڵامێکمان لە فەرماندەیی سوپاوە وەرنەگرت، تەنها پێیان گوتین کە کوڕەکانمان باشن، بەڵام من متمانەیان پێ ناکەم و تا ئێستاش نەمتوانیوە هیچ زانیارییەک لەسەر کوڕەکەم بزانم”.
هێزەکانی پێشمەرگەی موسڵمان هێزێکی ناوخۆیی سەر بە سوپای پاسدارانە، لە ساڵی 1979 لە پارێزگای کرماشان دامەزراوە، جگە لە لایەنگرانی ڕژێمەکە، ئەو کوردانەشی تێدایە کە دژی پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانن لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئامانج لە دامەزراندنیان ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی و ئەمنیی خەڵک و حزبە کوردییەکان بوو.
سوپای پاسداران لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستی کردووەتەوە بە پڕۆژە کۆنەکەی بۆ چەکدارکردنی ژمارەیەکی بەرچاو لە گەنجانی کورد لە ڕیزەکانی ئەم هێزانەدا، هەروەها لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕدا پرۆسەی چەکدارکردنەکەی چڕتر کردووەتەوە، بەتایبەت دوای لەدەستدانی زۆرێک لە فەرماندە و ئەندامانەکانی پاسداران لە هێرشە ئاسمانییەکاندا، بۆیە هەوڵ دەدات ڕیزەکانی بە شەڕکەری ناوخۆیی لە زۆربەی ناوچەکان قەرەبوو بکاتەوە و جەخت لەسەر بڵاوکردنەوەیان لەسەر سنوورەکان و ناو شارەکان دەکاتەوە، بۆ ئەوەی یارمەتیدەری بن لە کۆنترۆڵکردنی بارودۆخی ناوخۆ و پووچەڵکردنەوەی هەر هەوڵێک بۆ ڕاپەڕینی جەماوەری دژی ڕژێم.
سوپای پاسداران “پێشمەرگەی موسڵمان”ی بەسەر سێ فەیلەقدا دابەش کردووە: یەکەمیان فەیلەقی حەمزە سەیدولشوهەدا یان ناسراو بە بنکەی حەمزە کە لە شاری ورمێ لە باکووری ڕۆژئاوای ئێرانە و تایبەتە بە ڕووبەڕووبوونەوەی پارتە کوردییەکان و هێرشکردنە سەریان و چاودێریکردنی جووڵەکانیان لە کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستان. فەیلەقی دووەم، “بەیتولموقەدەس”ە کە بنکەکەی لە پارێزگای سنەیە و ئەویش تایبەتە بە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی پارتە کوردییەکان و لە ساڵانی ڕابردوودا بەشداری کردووە لە ئەنجامدانی هێرشی موشەکی و درۆنیی بۆ سەر بارەگای پارتە کوردییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان.
بەپێی سەرچاوەکان، فەیلەقی سێیەم، فەیلەقی “نەبی ئەکرەم”ە و بنکەکەی لە پارێزگای کرماشانە، سەرپەرشتی ئۆپۆراسیۆنەکانی پاسداران دژی پارتە کوردییەکان لە هەردوو پارێزگای کرماشان و ئیلام لە کوردستانی ئێران دەکات.
لە ناو فەیلەقەکانی سوپادا، ئەندامانی هێزەکانی “پێشمەرگەی موسڵمان” بەسەر 3 گرووپدا دابەش کراون: هێزێکی تایبەت بە شەڕە زەمینییەکان، هێزێکی تێکەڵاو لەگەڵ بەسیج کە تایبەتە بە کاروباری ناوخۆ و ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندان و جووڵە ناوخۆییەکان، لە کاتێکدا بەشێکی دیکەیان تایبەتن بە کاری هەواڵگری و سیخوڕی و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر پارتە کوردییە ئۆپۆزیسیۆنەکان و هێرشکردنە سەریان لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران، وەک هەمان سەرچاوەکان جەختی لێ دەکەنەوە.
بەپێی زانیاریی سەرکردە کوردەکان، ئەندامانی هێزە کوردییەکانی لایەنگری پاسداران ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لەو هێرشە موشەکی و درۆنانەی کە لە مانگی شوباتەوە بە شێوەیەکی بەردەوام بارەگا و کەمپەکانی ئەم پارتانە لە هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج.
خەلیل نادری، وتەبێژی فەرمیی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) بۆ کورد مۆنیتەر قسەی کرد و جەختی لەوە کردەوە، سوپای پاسداران کار بۆ چەکدارکردنی کورد و گەلانی دیکە لە ئێران دەکات و لە مانگی ئاداری ڕابردوودا بانگەوازێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لە ئێرانییەکان کرد بە خۆبەخش چەک هەڵبگرن.
نادری گوتیشی: بەشێک لە ڕۆڵەکانی عەشیرەتە کوردەکان وەڵامی بانگەوازەکەی ڕژێمیان دایەوە و چوونە ڕیزی ئەو هێزانە. هەندێک لەوانەی چوونەتە ناو ئەو هێزانە لایەنگری ڕژێمن، هەندێکی تریان لە ترسان چوون و هەندێکی تریشیان بۆ بەدەستهێنانی مووچە. بەداخەوە هێشتا کەسانێک هەن هاوکاری ئەم ڕژێمە دەکەن، چ بە هەڵگرتنی چەک بێت یان وەک سیخوڕ”.
نادری ئاماژە بەوە دەکات کە پاسداران بە چەکی سووک و مامناوەند ئەو کەسانە پڕچەک دەکات کە پەیوەندییان پێوە دەکەن، ئامانج لە چەکدارکردنی زیاتری هاووڵاتیانی کورد لە ڕیزەکانی ئەم هێزانەدا، بۆ ئەوەیە بەکاریان بهێنن بۆ بەرگریکردن لە ڕژێم کاتێک مەترسی ڕووخانی لەسەرە بەتایبەت کاتێک ئێران ڕووبەڕووی هێرشی زەمینی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بووەوە، هەروەها بەکارهێنانیانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی پارتە کوردییەکان”.
نادری پێی وایە دەسەڵاتدارانی ئێران دەخوازن بە جیهانی نیشان بدەن کە هێشتا جەماوەریان هەیە و هێزی پێویستیان بۆ شەڕ هەیە، بەڵام جەخت دەکاتەوە لەوەی کە ئەم هێزانە ناتوانن ڕژێم لە ڕووخان بپارێزن و لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیلدا خۆیان ڕاناگرن.
بەپێی زانیارییەکانی نادری کە پشتی بە ڕێکخستنەکانی پارتی ئازادی و یەکەکانیان لە ناو کوردستانی ئێران بەستووە، ئەو کەسانەی کە ڕژێم بە ڕەسمی لەم هێزانەدا دایان دەمەزرێنێت، مانگانە نزیکەی 300 دۆلاری ئەمریکی وەردەگرن کە دەکاتە نزیکەی 48 ملیۆن تمەنی ئێرانی. بەڵام خۆبەخشەکان بڕێکی کەمتر لەوە وەردەگرن، خۆبەخشیش هەیە تا ئێستا هیچ مووچەیەکی وەرنەگرتووە جگە لەو تفەنگانەی بەسەریاندا دابەش کراوە.
لە سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵ، عەباس محەمەدی، فەرماندەی هێزەکانی “پێشمەرگەی موسڵمان” پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە ئاژانسی “تەسنیم”ی سەر بە سپایپاسداران لە پلاتفۆرمی “ئێکس” بڵاوی کردەوە، تێیدا هەڕەشەی لە پارتە کوردییەکانی نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستان کرد و هەڕەشەی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جموجوڵێکی پێشمەرگەی ئەو پارتانەی کرد، ئەگەر هەوڵ بدەن سنوورەکان ببەزێنن و بچنە ناو شارەکانی کوردستانی ئێران.
شارەزایان دەڵێن، ژمارەی ئەو کەسانەی چوونەتە ڕیزی ئەو هێزانەی ڕژێم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر کەمە و ناگاتە 1٪ی ژمارەی کورد لە ئێراندا. ئەمانە چەندین دەیەیە چوونەتە ناو پاسداران و هێشتا هەر لەگەڵیانن، بۆیە ڕاگەیاندنی پاسداران لەسەر چوونە ناوەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆڵەکانی عەشیرەتە کوردەکان بۆ ناو ڕیزەکانی، ڕاست نییە.
پاسداران ناو بەناو گرتەی ڤیدیۆیی و لێدوانی چەکدارانی ئەم هێزانە لە ڕێگەی میدیاکانی ئێرانەوە بڵاو دەکاتەوە، کە هەندێکیان بە دەمامکەوە دەردەکەون و ئامادەیی خۆیان بۆ شەڕکردن و بەرگریکردن لە ڕژێم ڕادەگەیەنن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سەر بەم یان ئەو عەشیرەتە کوردەن، بەڵام ئەمانە کەسانێکی نەناسراون و عەشیرەتە کوردەکان لێیان بەرین.





