
سایکۆپات جۆرە تێکچوونێکی کەسایەتییە، لە زانستی دەروونناسی و سیاسەتدا، چەمکی سایکۆپات بۆ ئەو کەسایەتییانە بەکاردێت کە ناتوانێت هەست بە ئازاری کەسانی دیکە بکات، هەرگیز هەست بە تاوان ناکات بەرامبەر ئەو کارە خراپانەی ئەنجامی دەدات و تەنیا بەرژەوەندی خۆی دەبینێت و هەمووان وەک ئامراز بەکاردێنێت.
کاتێک ئەم چەمکە دەخرێتە ناو چوارچێوەی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی وڵاتەوە، مەبەست لێی ئەو سەرکردانەیە کە بەرژەوەندیی گشتی دەکەنە قوربانی، ئامادەن وڵات وێران ببێت، تەنیا بۆ ئەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا بمێننەوە، یاسا و ڕێساکان تەنیا وەک ئامرازێک بۆ سزادانی نەیارەکانیان بەکاردێنن، نەک بۆ چەسپاندنی دادپەروەری، ئەم جۆرە کەسانە لە ناو توندوتیژی و قەیراندا گەشە دەکەن و بەردەوام دوژمنی وەهمی بۆ گەل دروست دەکەن بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵک لەسەر شکستی خۆیان لادەن.
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە یان چوارچێوەیەک بۆ وێرانکردنی عێراق؟
ئەگەر لە نوری مالکی بپرسیت بۆ ناتەوێت محەمەد شیاع سودانی بۆ ویلایەتی دووەمی سەرۆکایەتی حکومەت کاندید ببێتەوە، ناڵێت بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە خزمەتی خەڵکی عێراق بکات، بەڵکو پێیوایە کەسێک لەو جیابوبێتەوە شیاوی ئەوە نیە ویلایەتی دووەم هاوشێوەی خۆی وەربگرێت.
ئەگەر لە سودانی-ش بپرسیت بۆ ناتەوێت مالکی کاندید بێت، ناڵێت بەهۆی ئەوەی لەسەردەمی ئەودا عێراق بەدەست شەڕی تائیفیەوە دەیناڵاند و لەکۆتایشدا عێراقی بۆ داعش جێهێشت، بەڵکو دەڵێت چونکە دۆناڵد ترەمپ ڤیتۆی لەسەر مالکی هەیە.
کاتێک لە قەیس خەزعەلی دەپرسیت بۆچی ناتەوێت مالکی ببێتە سەرۆک وەزیران، ناڵێت بەهۆی ئەوەی هەندێک لە میلیشیاکان کۆت و بەند دەکات و ڕەنگە عەسائیبی ئەهلی حەق یەکێک بێت لەوان، بەڵکو دەڵێت دەبێ عێراق بچێتە دەستێکی ئەمینەوە.
ئەمە دۆخی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەیە، چوارچێوەیەک کە 12 سەرکردەی تیادا کۆبووەتەوە و دوای زیاتر لە پێنج مانگ هێشتا لە مشتوومڕی ئەوەدان کاندیدی سەرۆک وەزیران بە حەوت دەنگ یان هەشت دەنگ یەکلایی بکەنەوە، تۆپەکە بخەنە گۆرەپانی پەرلەمان یان پەنا بۆ کاندیدێک بەرن کە هەموان لەسەری کۆکن؛ ئەگەر ئەوەی کۆتایی ڕووبدات دەبێتە سەیر و سەمەرەترین بڕیار، چونکە دەکرا هەر لە سەرەتاوە کەسێک دەستنیشان بکەن کە هەموان لەسەری کۆکبن.
کۆبوونەوە دووقۆڵییەکەی ئەمڕۆی سوودانی و مالیکی بۆ چارەسەکردنی پرسی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران بێ ئەوەی هیچی لێ بەرهەم بێت کۆتایی هات، هاوکات کۆبوونەوەکەی ئەمشەوی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ سبەی دواخراوە.
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە تا ئێستا زیاتر لە حەوت کۆبوونەوەی کردووە، بۆ ئەوەی لەسەر ناوی کاندیدێکی دیاریکراو یەکدەنگ بن، هەرچەندە پێشتر بە کۆی دەنگ نوری مالکیان کاندید کرد، بەڵام ڤیتۆکەی ترەمپ لەسەر مالکی هەموو شتێکی لەسەرکردە شیعەکان تێکدا.
بەپێی دەستوور دەبێت سبەینێ یەکشەممە شیعەکان کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران یەکلایی بکەنەوە، ئەگەر نا عێراق دەکەوێتە نێو بۆشایی یاساییەوە. هاوکات چوارچێوەی هەماهەنگی شەرعیەتی سیاسی وەک کوتلەی گەورە لە پەرلەمان لەدەست دەدات (ئەگەر فایەق زێدان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق پاساوێکی یاسایی و دەستووریی بۆ نەدۆزێتەوە).
ئەوەی لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە دەگوزەرێت نامۆ و سەیر و سەمەرەیە، نوری مالکی سەرەرای ڤیتۆی ئەمریکا هێشتا کاندیدی سەرۆک وەزیرانە و 12 سەرکردە شیعەکە نەیانتوانیوە ناوەکەی بکشێننەوە. لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا پاداشتی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ هەر کەسێک داناوە کە زانیاریی لەسەر ئەبو ئالا وەلائی، فەرماندەی کەتائیبی سەیدو شەوهەدا بداتە ئەمریکا، بەڵام ڕۆژی هەینی لەکۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەبو ئالا بە ئاشکرا خۆی کرد بە ژووری کۆبوونەوەکەدا.
ئێستا پەرلەمانتاران خەریکی کۆکردنەوەی واژۆن بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ داوا لە سەرۆک کۆمار بکەن کەسایەتییەک ڕابسپێرێت، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی ڕێککەوتنی لایەنەکان بن، بەڵام ئایا سەرۆک کۆمارێکی کورد کاری وەها دەکات کە سەربەخۆیانە کەسێکی شیعە بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕابسپێرێت؟
هەر ئەمڕۆ، هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق رایگەیاند، “چوارچێوەی هەماهەنگی چەند مەرجێکی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران داناوە کە دیارترینیان، هەبوونی رەزامەندیی نیشتمانی، پابەندبوون بە دیدگای مەرجەعییەتی باڵا و بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی عێراقە.” ئەو قسانەش لەکاتێکدایە مەرجەعیەتی باڵای عێراق ئامادەنیە هیچ سیاسییەکی ئێستای وڵات ببینێت، بەهۆکاری ئەوەی کەسیان نەیانتوانیوە لە ئاست خزمەتکردنی خەڵک دا بن.
سەدرەدین قەپانچی، پێشنوێژ و وتاربێژی هەینی مزگەوتی گەورەی نەجەف، هۆشداری لە دەستوەردانی وڵاتانی دەرەوە لە دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەدات و دەڵێ، خەڵکی لە ململانێ سیاسییەکان و دواکەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران ناڕازییە، هاوکات گوتیشی: بە سەرکردە عێراقییەکان دەڵێم رێگە مەدەن ویستی بیانی سەربەخۆیی سیاسییتان لێ زەوت بکات. ئێران لە رێگەی نێردراوەکەیەوە پێی راگەیاندووین کە دەست وەرنادەن و بڕیار لای خۆتانە، بەڵام ئەمریکا نامەی تووندی ناردووە و ناوی فڵان کەسی رەتکردووەتەوە، پاشان هەفتەیەک لەمەوبەر نامەیەکی دیکەی ناردووە و ناوی کەسێکی دیکەی رەتکردووەتەوە”. ئەو قسانەی قەپانچی لەکاتێکدایە، شیعەکان پابەندی ڤیتۆکەی ئەمریکان و ئامادەن نوری مالکی بگۆڕن، بەڵام نازانن بە چ میکانیزمێک ئەو کارە بکەن.
سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار، ئەمڕۆ شەممە بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند کە دوای کۆبوونەوەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی هومام حەمودی لە ئێوارەی هەینی، کۆبوونەوەی دووەم لە ماڵی نوری مالکی ئەنجامدراوە، بە مەبەستی تاووتوێکردنی ڕێڕەوی پێکهێنانی حکومەتی داهاتو و دابەشکردنی وەزارەتەکان بەسەر لایەنە سیاسییەکاندا.
سەرچاوەکە بۆ کورد مۆنیتەر باسی لەوەشکرد، کۆبوونەوەکە هەریەکە لە نوری مالکی، عامر فایز، موحسین مەندەلاوی و ئەبو ئالا وەلائی ئامادەیبوون، تێیدا باس لە شێوازی ئەو ڕێککەوتنە کراوە کە لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا دەکرێت سەبارەت بە کاندیدی سەرۆک وەزیران و میکانیزمی سپاردنی وەزارەتەکان لە حکومەتی داهاتوودا.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، کە ناوەڕۆکەکەی بریتییە لە هەنگاونان بەرەو کاندیدکردنی باسم بەدری بۆ سەرۆکایەتی حکومەت، لە بەرامبەر ئەوەدا هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی پێنج وەزارەت وەربگرێت، کە لە نێوانیاندا پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزارەتێکی سیادی هەبێت.
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، ئەو لێکتێگەیشتنە سەرەتاییانەی کۆبوونەوەکە پێی گەیشتووە، خاڵێکی تری تێدایە کە بریتییە لە “نەکردنەوەی دۆسیەکانی حکومەتەکانی پێشوو”، هەروەها کارکردن بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، ئەمەش لە چوارچێوەی دیدگایەکی سیاسیدا کە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.
وادیارە بۆ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، پرسی هەڵنەدانەوەی مەلەفی ڕابردووی سەرۆک وەزیران و بەرپرسەکان، چارەنوسسازتر بێت لە خزمەتکردنی خەڵکی عێراق و لابردنی ئەو هەورە ڕەشەی شەڕ کە ئاسمانی وڵات و ئابوورییەکەی گرتووە.





