
بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەدەست سێ حاڵەوە داناڵێنێت، یەکێکیان جەنگی ئێرانە، دوانەکەی دیکە شێرپەنجەی پرۆستات و دادگایکردنەکەیەتی، پیاوێک رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، خۆیشی گرفتاری سێ کێشە بووە.
دان بەتاوانەکەتدا بنێ، پاشان دەبەخشرێی
ئیسحاق هێرتسۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە ڕەتی کردەوە لێبووردن بۆ بنیامین نەتەنیاهۆ دەربکات، بەڵام بەپێی میدیاکانی ئیسرائیل، ئەم هەنگاوەی بەستراوەتەوە بەوەی کە نەتەنیاهۆ دان بە تاوانەکەیدا بنێت.
ئەم هەڵوێستەی هێرتسۆگ وەک کاردانەوەیەک بوو بۆ ئەو ڕاپۆرتەی کە ڕۆژنامەی “نیویۆرک تایمز” ڕۆژی یەکشەممە بڵاوی کردەوە و پەردەی لەسەر “ڕاگرتنی لێبووردنی بنیامین نەتەنیاهۆ” لادا.
کەناڵی 14ـی عیبری ئەم بڕیارەی بە “درامایەکی سیاسی و یاسایی” وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا کە نووسینگەی سەرۆکایەتی لە بەیاننامەیەکدا دووپاتی کردووەتەوە: “سەرۆک هێرتسۆگ بڕیاری داوە لەم قۆناغەدا لێبووردن بۆ سەرۆک وەزیران بنیامین نەتەنیاهۆ دەرنەکات، لەبری ئەوە هێڵێکی چالاک دەکاتەوە بۆ خستنەڕووی ڕێککەوتنێک کە بەپێی ئەوە نەتەنیاهۆ پێش دەرچوونی بڕیاری لێخۆشبوونەکە، دان بە تاوانەکەیدا بنێت”.
نەتەنیاهۆ تۆمەتبارە بە بەرتیل و فێڵکاری و خیانەت لە متمانە، بانگەشەی ئەوە دەکات کە قوربانیی “هەڵمەتێکی چەواشەکارانەیە”. نەتەنیاهۆ پێیوایە ئەوەی هەڵمەتەکە بەڕێوەدەبات “دەوڵەتی قووڵ”ە. تا ئێستاش سەرۆک وەزیران هیچ ئامادەییەکی بۆ دانپێدانان بە هەڵە یان کشانەوە لە ژیانی سیاسی نیشان نەداوە و وا دیارە بە هەموو توانایەوە خەریکی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووە.
دادگاییکردنی نەتەنیاهۆ نزیکەی 6 ساڵە بەردەوامە و جەخت لەسەر 3 دۆسیە دەکاتەوە کە پەیوەندییان بە تۆمەتی لایەنگری بۆ بازرگانان هەیە لە بەرامبەر ڕووماڵی میدیایی ئەرێنی و وەرگرتنی دیاری. لە تشرینی دووەمی ڕابردوودا، نەتەنیاهۆ داواکارییەکی فەرمی سەرەتایی بۆ لێبووردن پێشکەش کرد و بانگەشەی ئەوەی کرد کە هەڵوەشاندنەوەی دادگاییکردنەکە دەبێتە هۆی چاککردنەوەی کەلێنەکانی ناوخۆی ئیسرائیل و ڕێگەی پێ دەدات سەرنجی بخاتە سەر کاروباری دەوڵەت.
شێرپەنجەی پڕۆستات
بنیامین نەتەنیاهۆ بۆ یەکەمجار ڕایگەیاند کە چارەسەری بۆ گرێیەکی شێرپەنجەیی لە پڕۆستاتدا وەرگرتوە، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە لە (کانونی یەکەم/12)ی 2024دا نەشتەرگەرییەکی بۆ چارەسەرکردنی گەورەبونی بێوەی (ناشێرپەنجەیی) پڕۆستات ئەنجامدابو.
بەپێی ڕۆژنامەی “تایمز ئۆف ئیسرائیل”، نەتەنیاهۆ ئەم زانیارییانەی لە ناو بەیاننامەیەکی درێژدا لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکردەوە، کە هاوکات بو لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی ساڵانەی پشکنینی تەندروستییەکەی.
سەرباری ئەو گرێیەی کە نەتەنیاهۆ دەڵێت بە سەرکەوتویی چارەسەرکراوە، هەڵسەنگاندنە پزیشکییەکە دەڵێت سەرۆکوەزیرانی تەمەن 76 ساڵانی ئیسرائیل، تەندروستیی باشە و ئەنجامی هەمو پشکنینەکانی خوێن و توانای جەستەیی ئاسایی بون.
هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردوە کە تەندروستیی دڵی نەتەنیاهۆ جێگیرە و هیچ کێشەیەکی بۆ دروست نەبوە لەو کاتەوەی كە ئامێری ڕێکخەری لێدانی دڵی بۆ چێندراوە لە ساڵی 2023. هەروەها لە مانگی (ئازار/3)ی 2024یشدا نەشتەرگەرییەکی بۆ چارەسەرکردنی فتق ئەنجامداوە.
گرێی ئێران و لوبنان
ئەمریکا نەدانوستانەکانی لەگەڵ ئێران دەباتە پێشەوە، نە هێرشیش دەکاتەوە سەر تاران، ئیسرائیل لەم نێوانەدا هەموو ئامادەکارییەکی کردووە و تەنیا چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی واشنتۆنە، بەڵام وادیارە هێشتا کۆشکی سپی وەڵامی دڵخۆشکەری نەداوەتە تەلئەبیب.
نەتەنیاهۆ بۆ جەنگ لە بەرەی لوبنانەوە باسی لەوەکرد، کردەوەکانی حیزبوڵڵا هەڕەشەن بۆ سەر ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان. هەروەها بەڵێنی دا “بە تووندی” گرووپەکەی نزیک لە ئێران بکاتە ئامانج.
لەبارەی ئێرانەوە نەتەنیاهۆ داوای ئامادەکاریی لە کابینەی جەنگی ئیسرائیل کردووە، ئەوانیش پلانێکی وردیان بۆ هێرشی نوێ داڕشتووە، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتەش یەکەم ئامانجی ئیسرائیلی ئاشکراکرد ئەگەر هێرشەکان دەستیان پێکردەوە؛ کوشتنی موجتەبا خامنەیی، ڕابەری باڵای ئێران.
ئیسرائیل پێیوایە دانوستان لەگەڵ ئێران جۆرێکە لە کات کوشتن، بەڵام درکی بەو ڕاستیەش کردووە کە بەبێ ئەمریکا ناتوانێت دەست بە هێرشەکانی بکاتەوە.





