ئەمریکا بە دوو مەرج عەلی زەیدی کاندیدی سەرۆک وەزیران قبووڵ دەکات

 

  • عەلی زەیدی؛ کاندیدێکی ته‌کنۆکرات لەبەردەم ئاڵنگارییه‌کانی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق دا
  • بۆ قبووڵکردنی، ئەمریکا دوو مەرجی بۆ زەیدی هەیە

عەلی زەیدی، کە بازرگان و شارەزایەکی دارایی و یاساییە، زیاتر وەک “کاندیدی سازان” تەماشا دەکرێت نەک وەک کەسایەتییەکی سیاسی تەقلیدی، چونکە خاوەنی ئەزموونە لە کەرتی بانکی و کارگێڕیدا و لە ڕابردوودا ئامادەییەکی سنوورداری لە کایەی سیاسیدا هەبووە.

ئەم خەسڵەتە “تەکنۆکراتییە” ڕەنگە دەرفەتێکی فراوانتری قبوڵکردنی ناوخۆیی پێ ببەخشێت، بەڵام لە بەرامبەردا پرسیار لەبارەی توانای ئەو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیە ئاڵۆزە ئەمنییەکان و سیاسییەکان دروست دەکات.

شەوی ڕابردوو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە دوای زیاتر لە پێنج مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەسەر ناوی عەلی زەیدی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق ڕێککەوتن، هەر هەمان شەو نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراق زەیدی بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەتەکەی ڕاسپارد.

واشنتۆن زەیدی قبووڵ دەکات؟

قبوڵکردنی هەر سەرۆک وەزیرانێکی عێراق لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، زۆرجار بە دوو فاکتەری سەرەکییەوە بەستراوەتەوە:

  • ڕادەی سەربەخۆییەکەی بەرامبەر بە هەژموونی ئێران
  • توانای کۆنترۆڵکردنی گروپە چەکدارەکان

هەرچەندە تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی فەرمی ئەمریکا ئاشکرانەبووە، بەڵام پاشخانی زەیدی وەک بازرگانێک کە بە شێوەیەکی تەقلیدی لە ڕیزی یەکەمی هێزە سیاسییەکاندا نەبووە، ڕەنگە لە واشنتۆن وەک دەرفەتێک بۆ مامەڵەیەکی پراگماتیانە لێک بدرێتەوە، بەڵام ئەمە نیگەرانییەکانی پەیوەست بە کاندیدکردنی لەلایەن هێزە نزیکەکانی ئێرانەوە ناڕەوێنێتەوە. هەروەها پەیوەندی پێشووی بە کەرتی بانکییەوە، کە سزای ئەمریکای لەسەر بووە، وێنەکە بۆ بڕیاربەدەستدانی واشنتۆن ئاڵۆزتر دەکات و ڕەنگە هانیان بدات پەنا بۆ سیاسەتی “چاوەڕوانی و چاودێریکردن” ببەن لەبری پشتگیری ڕاستەوخۆ.

گەورەترین ئاڵنگاری؛ کۆنترۆڵکردنی ئاسایش و چەکی دەرەوەی دەستی دەوڵەتە

لە ناوخۆدا، زەیدی ڕووبەڕووی ژمارەیەک دۆسیەی یەکجار ئاڵۆز دەبێتەوە کە بریتییە لە:

  • گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەوڵەت
  • گرژییەکانی نێوان هێزە سیاسییە شیعە، سوننە و کوردەکان
  • بەردەوامیی هەڕەشە ئەمنییەکان لە هەندێک ناوچەدا

سەرکەوتنی ئەو لەم دۆسیەیەدا فاکتەری یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ سەقامگیری حکومەتەکەی، بەتایبەت کە حکومەتەکانی پێشوو لە بەدیهێنانی هاوسەنگی نێوان دەوڵەت و گروپە چەکدارەکاندا ڕووبەڕووی سەختی بوونەتەوە.

ئابوورییەکی فشۆڵ و چاکسازییە دواخراوەکان

لەپاڵ ئاسایشدا، زەیدی خۆی لەبەردەم ئاڵنگارییە ئابوورییە درێژخایەنەکاندا دەبینێتەوە:

  • پشتبەستنی زۆر بە نەوت
  • بێکاری و دۆسیەی خزمەتگوزارییەکان
  • گەندەڵی کارگێڕی و دارایی

سەڕەڕای ئەزموونە داراییەکەی، بەڵام جێبەجێکردنی چاکسازییە ڕاستەقینەکان بەرکەوتنی دەبێت لەگەڵ بەرژەوەندییە سیاسییە ناوخۆییە ڕەگداکوتاوەکان. لەسەر ئاستی دەرەوەش، دەبێت سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو پەیوەندییە هەستیارەکان بەڕێوە ببات کە بریتین لە:

  • پاراستنی هاوبەشی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان
  • ڕووبەڕونەبوونەوە لەگەڵ ئێران
  • بەهێزکردنی پەیوەندییە عەرەبی و ئیقلیمییەکان

ئەمە هاوسەنگییەکی وردە کە هەمیشە ئاڵنگارییەکی گەورە بووە بۆ حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق

تاقیکردنەوەیەکی پێشوەختە بۆ شەرعییەت پێدانی

وا دیارە زەیدی لە دەروازەی “سازانی سیاسییەوە” دێتە ناو مەیدانەکەوە، بەڵام شەرعییەتی ڕاستەقینەی بەم شتانە دەپێورێت:

  • پێکهێنانی حکومەتێک کە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکراو بێت
  • هێورکردنەوەی گرژییە ئەمنییەکان
  • بەدیهێنانی دەستکەوتی ئابووری بەرجەستە و دیار

لە کۆتاییدا، زەیدی تەنیا ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەی پێکهێنانی حکومەت نابێتەوە، بەڵکو ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەی توانای بەڕێوەبردنی دەوڵەتێک دەبێتەوە کە لە نێوان خاڵی بەیەکگەیشتنی قەیرانە ناوخۆییەکان و فشارە دەرەکییەکاندا وەستاوە، ئەمەش ئەرکەکەی دەکاتە یەکێک لە ئاڵۆزترین ئەرکەکان لە مێژووی هاوچەرخی عێراقدا.

Back to top button