پەرلەمانی مۆزەخانە و حکومەتی سەر کاغەز؛ هەرەسی خانووە کارتۆنییەکەی هەرێمی کوردستان

دەنگی نووساوی “شاخەوان. م” بێدەنگیی ئەو هۆڵەی شکاند کە دوای بڕانی کارەبا تاریکی باڵی بەسەردا کێشابوو، وتی: “بیر لە کۆچکردن دەکەمەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بەم مەینەتییە بهێنم”. ئەو فەرمانبەرە حکومییە هیچ وەڵامێکی لەو برایەی وەرنەگرت، کە لەو کاتەدا میوانی بوو، وەک ئەوەی تاریکی و سەرما و لافاوی دەرەوە پرسیارەکەی قووتدابێت، فەرامۆشی کرد.

لەگەڵ هاتنەوەی کارەبا دا، ئەو پیاوە تەمەن پەنجا ساڵەی کە لە خانوویەکی دوو ژوور و هۆڵێکدا لە پەراوێزی شاری سلێمانی دەژی، پرسیارەکەی دووبارە کردەوە و ئەمجارەیان ڕاستەوخۆ سەیری برا بچووکەکەی کرد کە چەند ساڵێکە زانکۆی تەواو کردووە و تا ئێستا نیمچە بێکارە، ئەویش بە ساردییەوە وەڵامی دایەوە: “چۆن؟ تۆ پارەی کڕینی بەرمیلێک نەوتی سپیت نییە و دەترسیت گەرمکەرەوەی کارەبایی دابگیرسێنیت”. پاشان هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و وتی: “ناترسیت دەریا خێزانەکەت قووت بدات، وەک چۆن هەزارانی تری قووتدا؟”.

لە ئێوارەی ئەو ڕۆژەدا، “شاخەوان” چوار کاتژمێر چاوەڕێی کرد بۆ دەستکەوتنی بتڵێک غاز بە نرخی فەرمی، دوای ئەوەی نرخەکەی بۆ زیاتر لە دوو هێندە بەرزبووەوە ئەویش بەهۆی جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، هەرچەندە غازەکە بەرهەمێکی ناوخۆییە. بڕی 100 هەزار دیناریشی لە براکەی قەرز کرد بۆ دانی کرێی کارەبا تاوەکو لێی نەبڕن، دوای ئەوەی کۆتا دیناری مووچەکەی لە کڕینی پێداویستیی خۆراکدا خەرج کردبوو بەهۆی ئەو شەپۆلە گرانبوونەی بازاڕی گرتبووەوە.

هەر ئەو بەیانییە، ئەرکی وەزیفی ناچاری کردبوو وردبینی لە باری دەیان بارهەڵگردا بکات کە خاوەنەکانیان دەیان هەزار دۆلاریان دابوو بۆ ئەوەی ڕێگەی تێپەڕبوونیان پێ بدرێت. ئەو دەزانێت ئەو پارانە ناچنە سەر حیسابی حکومەتی هەرێم، بەڵام بە وردی نازانێت حزبە دەسەڵاتدارەکان لە کوێ و چۆن خەرجی دەکەن!

شاخەوان وەک هەزاران هاوڵاتی تری هەرێمی کوردستان، توڕەیی خۆی لە کەڵەکەبوونی قەیرانە سیاسی و ئابووری و کارگێڕییەکان دەردەبڕێت، کە دەرەنجامی بەردەوامیی لێکترازانی ناوخۆی حزبەکانی هەرێمی کوردستانە کە ساڵ و نیوێکە ڕێگرە لە پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ و پەرلەمانی پەکخستووە. ئەمەش بژێوی نزیکەی شەش ملیۆن کوردی لە ژێر سێبەری جەنگی ئەمریکا و ئێراندا قورستر کردووە.

شاخەوان دەڵێت: “لەکاتێکدا ئەوان لە ژیانێکی شاهانەدا دەژین، ئێمە بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستی تێدەکۆشین.. ئەوان باکیان بەو مەترسیانە نییە کە هەڕەشەمان لێدەکات، نە بە گرانی بژێوی و نە بە دواکەوتنی مووچە.. ئەوان سەرقاڵی گەشتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیانن وەک چۆن لە کەناڵەکانیانەوە دەردەکەوێت، ئێمەش لە لیستی لەبیرکراواندا بێ چارەسەر چاوەڕێی ڕۆژگار دەکەین”.

هەروەها دەڵێت: “لە هەرێمێکدا دەژین کە دەوڵەمەندە بە سامانە سروشتییەکان، بەڵام تەمەنمان لە دوای پارووە نانێک و کرێی کارەبا و سووتەمەنی و چاودێریکردنی ململانێی سیاسییەکان لەسەر ئیمتیازاتەکان بەسەر دەبەین”.

نزیکەی ملیۆنێک و 250 هەزار مووچەخۆر و خانەنشین لە کوردستان بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان دەجەنگن، لە کاتێکدا ئەوانەی مووچەخۆر نین و لە کەرتی خزمەتگوزاریدا کار دەکەن دۆخیان خراپترە و لەگەڵ هەر دواکەوتنی مووچەیەکدا لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە ،خۆیان لەسەر لێواری هەژاری دەبیننەوە. ئەمەش بەهۆی نەبوونی کەرتە بەرهەمهێنەکان و کێشە گەورەکانی کەرتی نەوت بەهۆی کۆنترۆڵی کۆمپانیا وەبەرهێنەکانەوە.

پەککەوتنی گفتوگۆکان و پەککەوتنی ژیانی سیاسی

کۆتا خولی گفتوگۆکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە 11ی شوباتی 2026 بە بەشداریی بافڵ تاڵەبانی و مەسعود بارزانی بەڕێوەچوو، بەڵام گفتوگۆکان شکستیان هێنا لە ڕێککەوتن لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، کێشەکانی تریش سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستەکان لە حکومەتی هەرێم وەک خۆیان بە هەڵپەسێردراوی مانەوە.

هەڵگیرسانی جەنگی “ئەمریکا- ئیسرائیل – ئێران” و پێشهاتەکانی ناوچەکە، نەبووە هۆی ئەوەی هەردوو حیزب کۆبوونەوەی نوێ بکەن و دۆسیەی پێکهێنانی حکومەت لە هەرێم و بەغدا بە هەڵپەسێردراوی مانەوە، تەنانەت دوای ئەوەی دەیان پێگەی مەدەنی و ئابووری و ئەمنی ڕووبەڕووی هێرشی ئێران و گروپە چەکدارەکان بوونەوە، کە قەیرانی کارەبا و سووتەمەنی و مووچەی لێکەوتەوە. ئەوان هێشتا وەک ئەوەی هیچ ڕووینەدابێت بێدەنگ لە ئۆفیس و ماڵەکانی خۆیان دانیشتوون.

لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا، تەنها چەند دانیشتنێکی خێرا هەبوون. هێزە بچووکەکان بێلایەنییان هەڵبژارد، و هەردوو حیزبە سەرەکییەکەش خۆیان لەبەردەم هاوکێشەیەکدا بینییەوە کە هیچ کامێکیان خاوەنی ڕێژەی (50+1) نین بۆ پێکهێنانی حکومەت بەبێ لایەنەکەی تر.

ئەم ململانێیە کاریگەری کردە سەر پەرلەمان کە تەنها یەک دانیشتنی ئەنجامدا و دواتر کارەکانی پەککەوتن، هەروەها کێشە داراییەکانی داهاتی دەروازە سنوورییەکانیش قووڵتر بوونەوە.

“حسێن ئەسکەندەر” هاووڵاتیەکی هەرێمی کوردستانە و دەڵێت هەموو شتێک لە کوردستان ئاسایی و جوان دەردەکەوێت، بەڵام لە پشت ئەو وێنەیە کێشەی قووڵ هەن: “پەرلەمان سێ ساڵە پەککەوتووە، واتە بێ بوودجە و یاسا و چاودێریین. هەرێم بە کردەیی دابەش بووە بۆ دوو ئیدارەی حیزبی بە داهاتی جیاوازەوە. پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان و تەنانەت دادوەریش دابەش بوون”.

شاخەوان کە 20 ساڵە فەرمانبەرە، دەڵێت هەرگیز بیری لە کۆچ نەکردبووەوە، بە تایبەت کە کوڕ و برای دوو شەهیدی ڕاپەڕینی 1991ە، بەڵام بینینی منداڵەکانی کە لەبەر مۆم وانە دەخوێنن و بێتوانایی لە دابینکردنی چارەسەری هاوسەرە نەخۆشەکەی، پەشیمانی کردووەتەوە لەوەی 20 ساڵ لەمەوبەر کۆچی نەکردووە.

مووچەخۆرانی هەرێم لە ساڵی 2014وە بەدەست دواکەوتنی مووچەوە دەناڵێنن. مووچەخۆران دوو کۆتا مووچەی 2025 و زیاتر لە 30 مووچەی ساڵانی ڕابردوویان وەرنەگرتووە.

ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (20ی تشرینی یەکەمی 2024) بووە هۆی بردنەوەی سێ لیستی سەرەکی (پارتی، یەکێتی، نەوەی نوێ) کە 82٪ی کورسییەکانیان بردەوە. ئۆپۆزسیۆنیش (نەوەی نوێ، یەکگرتوو، هەڵوێست) نزیکەی سێیەکی کورسییەکانیان هەیە.

ڕۆژنامەنووس “سامان نووح” دەڵێت: “پێش دە ساڵ و نیو سەرکردە کوردەکان باسیان لە چەسپاندنی بنەماکانی دەوڵەتی کوردی دەکرد و هەرێم تەوەرێکی گرنگی بڕیارەکان بوو لە عێراق، بەڵام ئەمڕۆ هەرێم لە لاوازترین دۆخیدایە، پەرلەمان نییە و حکومەتێکی یەکگرتووش لەسەر زەوی بوونی نییە”.

پەرلەمان بە ویستی دەسەڵاتداران دەکرێتەوە

لە دوای هەڵبژاردنی 2024، پەرلەمان تەنها یەک دانیشتنی لە 2-12-2024 ئەنجامدا بۆ سوێندخواردن و دواتر دەرگاکانی داخران. ئەندامانی پەرلەمان سەرەڕای بێکارییان، مووچە و ئیمتیازاتی مانگانە وەردەگرن، کە ئەمەش بە بە هەدەردانی سامانی گشتی دادەنرێت.

شارەزایان هۆشداریی دەدەن لەوەی، کاریگەری ئەم دۆخە لەسەر پێگەی کورد لە بەغدا و دەڵێن، وا بڕوات هەرێم پێگەی خۆی لەدەست دەدات.

عەلی حەمە ساڵح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست، دەڵێت حکومەتی ئێستا شەرعییەتی یاسایی نییە، چونکە لە 2018 پێکهاتووە و تەمەنی لە 2023 کۆتایی هاتووە. ئەو دەڵێت هەرێم بەرەو “سیستەمی دوو ئیدارەیی” دەچێت، سلێمانی بە داهاتی خۆی و هەولێر و دهۆکیش بە داهاتی خۆیان بەڕێوەدەچن.

ئۆپۆزسیۆن؛ تەماشاکەر یان بەشدار لە ئاڵۆزییەکان

ئۆپۆزسیۆن لە لایەک هیوای وایە ئەم لێکترازانە پێگەی ئەوان بەهێز بکات، بەڵام لە لایەکی ترەوە بێدەسەڵاتییان پێوە دیارە. “نەوەی نوێ” کە وەک براوەی سێیەم دەرکەوت، شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆکی دوای تەواوکردنی 6 مانگ زیندانیکردن، چووە ناو هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی (بۆ دروستکردنی بلۆکێکی 38 کورسیی)، ئەمەش هاوسەنگییەکی دروستکرد کە بووە هۆی ئاڵۆزبوونی زیاتری لێکتێگەیشتن لەگەڵ پارتی.

ئۆپۆزسیۆن “پەرش و بڵاوە” و بەرژەوەندی تایبەتیان خستووەتە پێش هەر شتێک، بۆیە ناتوانن کاریگەرییەکی ڕاستەقینە دروست بکەن و تەنها قسەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەمێنێتەوە بێ ئەوەی هیچ چاکسازییەکی پێ بکرێت.

Back to top button