
کێشەی پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کار دەکاتە سەر توانای هەرێمە نیمچە سەربەخۆکە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ لێکەوتەکانی جەنگی ئێران، هەروەها بووەتە هۆی لاوازکردنی قەوارەکەی. ئەوەش بەگوێرەی نوێترین توێژینەوە دامەزراوەی (چاتم هاوس).
زیاتر لە 18 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستا حکومەتێکی نوێ پێکنەهێنراوە. ئەم بنبەستە هەرێمی کوردستانی خستووەتە سەر دۆخی “فڕۆکەوانی خۆکار” لە کاتێکدا ئاڵنگارییە سیاسی و ئابوورییەکان لە نێو هەرێمەکە کەڵەکە دەبن، کە گرنگترینیان لێکەوتەکانی جەنگی ئێرانە.
لە ناوەندی ئەم بنبەستەدا، نەبوونی تەبایی نێوان دوو پارتە سەرەکییەکە هەیە؛ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. (ناکۆکییەکانیان ڕێگرە لەوەی هەرێمی کوردستان پابەندی بنەماکانی حوکمڕانی دیموکراسی بێت، توانای کاریگەریی هەرێمەکەی لاواز کردووە، هەروەها وای لێکردووە لە هاوکێشە سیاسییەکاندا بەراورد بە ئەکتەرەکانی دیکە، بێبایەخ دەربکەوێت.
ئەگەر ئەو دامەزراوە و ڕێککەوتنە سیاسییانەی کە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی یەکگرتوو ڕادەگرن چیدی کار نەکەن، ڕەنگە هەرێمەکە بەرەو لێکترازانێک بڕوات کە تەنها ئاڵنگارییەکانی بەردەمی قورستر دەکات.
بۆچی هەماهەنگی نێوان پارتی و یەکێتی تێکشکا؟
لە مێژوودا پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بە گرژییەکی زۆر ناسراون، بەڵام قۆناغی هەماهەنگیش هەبووە. یەکێک لەو قۆناغانە لە ناوەڕاستی ساڵانی 2000دا بوو کە ڕێگەی دا قەوارەی هەرێم بە فەرمی لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا جێگیر بکرێت. ئەم ڕێککەوتنە پڕ لە ئاڵۆزییەی نێوان هەردوو پارتەکە – کە بە ڕێککەوتنی ستراتیژی ساڵی 2006 ناسرا – ئێستا وا دیارە بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت.
ئەمەش بەو هۆیەوەیە کە پارتی و یەکێتی هەڵسەنگاندنی بنەڕەتییان بۆ پێگەی سیاسی خۆیان جیاوازە، نەوەیەکی نوێی سەرکردایەتی لە هەردوو پارتەکە دروستبوون کە ئامادەی سازش نین.
پارتی پێیوایە کە هێزی سەرەکی و باڵادەستە لە کوردستان، وەک لە ئەنجامی دەنگەکان و ژمارەی کورسییەکانی لە هەڵبژاردنە فیدراڵی و هەرێمییەکاندا ڕەنگی داوەتەوە. پارتی دەیەوێت واز لە “دابەشکردنی دەسەڵات” لەگەڵ یەکێتی بهێنێت کە ئەمە بۆچوونێکی ئاشکرای مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەو پارتەیە، هەروەها گومانێکی زۆریشی لە سەرکردایەتی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی هەیە.
لە بەرامبەردا، یەکێتی دەیەوێت خۆی وەک هاوتایەکی سیاسی پارتی، دووبارە جێگیر بکاتەوە. دوای زیاتر لە دە ساڵ لە بێ ئامانجی سیاسی، ململانێی ناوخۆیی و ئاڵنگارییەکانی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان. هەر ڕێککەوتنێکی پێکهێنانی حکومەت بەبێ دابەشکردنی ڕاستەقینەی دەسەڵات لای یەکێتی قبوڵنەکراوە. یەکێتی هەروەها نیگەرانە لە چڕبوونەوەی دەسەڵات لای مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم (لە پارتی) و داوای گەرەنتی دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە.
دوای چەندین مانگ لە بنبەستی پێکهێنانی حکومەت، هیچ پەیوەندییەکی سیاسی لە نێوان هەردوو پارتەکەدا نەماوە. لە هەمان کاتدا، ئەم ناکۆکییە توانای ئەوانی لاواز کردووە بۆ وەڵامدانەوەی کاریگەرانە بۆ ئاڵنگارییە ناوخۆییە مەترسیدارەکان و قەیرانە جیۆپۆلیتیکیانەی کە ئێستا ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە.
بارودۆخی ناوخۆ و پەیوەندی لەگەڵ بەغدا
لە چوارچێوەی عێراقدا، ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دیارترین نیشانەی ئەم دووبەرەکییەیە. لە ساڵی 2005ەوە، پۆستی سەرۆک کۆمار بەپێی سیستەمی دابەشکاری پێکهاتەیی نافەرمی عێراق، بۆ کورد بووە. یەکێتی لە کاتی پەیڕەوکردنی ئەم سیستەمەوە پۆستەکەی لابووە.
بەڵام لە دوو خولی ڕابردووی هەڵبژاردندا، پارتی پێگەی خۆی وەک گەورەترین پارتی کوردی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی بڵێت پۆستی سەرۆک کۆمار نابێت چیتر بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بۆ یەکێتی بێت، بەڵکو دەبێت بکەوێتە نێو وتوێژی ناوخۆیی کورد. لە ساڵی 2021دا، ئەمە بووە هۆی ساڵێک دواکەوتن لە پێکهێنانی کابینەی حکومەتی فیدراڵ کاتێک پارتی کاندیدی خۆی بۆ پۆستەکە پێشکەش کرد. بنبەستێکی هاوشێوەش، هەرچەندە کورتتر، دوای هەڵبژاردنی 2025ی عێراق دروست بوو.
ئەگەر ئەم لێکترازانە تەنها لەسەر کێبڕکێی پۆستە سیاسییەکان بوایە، دەکرا بە ئاسانی چارەسەر بکرێت. بەڵام ئەمە بووەتە هۆی ڕێخۆشکردن بۆ تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان. لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، حکومەتی فیدراڵی عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو توانای حکومەتی هەرێمی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری دارایی سنووردار کردووە. بۆ نموونە، دەسەڵاتە فیدراڵییەکان بەرپرسیارێتی هەناردەکردنی نەوتیان لە ڕێگەی بۆرییەکەوە بۆ تورکیا گرتووەتە دەست کە بە ناو هەرێمی کوردستاندا تێپەڕ دەبێت، وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی سێپتەمبەری 2025 بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دوای دوو ساڵ لە ڕاگرتن. لە مانگی ئازاردا، مەسرور بارزانی هەوڵیدا بۆرییەکە وەک کارتی فشار دژی حکومەتی فیدراڵ بەکاربهێنێت، کە بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە لەژێر گوشارێکی توندی ئابووریدا بوو. بەڵام نەیتوانی لەسەر هەڵوێستەکەی بەردەوام بێت، چونکە پشتگیری یەکێتی و هاوبەشە بیانییەکانی نەبوو. حکومەتی فیدراڵ هەروەها سیستەمێکی نوێی گومرگی سەرتاسەری بەناوی “ئەسیکۆدا” (ASYCUDA) جێبەجێ کردووە، ئەمەش بەو مانایەیە کە دوو حزبە کوردییەکە چیتر کۆنترۆڵی کۆکردنەوەی داهاتی خاڵە سنوورییەکانیان لەگەڵ تورکیا و ئێران نامێنێت.
لێکەوتەکانی جەنگی ئێران
کەمبوونەوەی کاریگەریی حزبەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لە پێگەی جیۆپۆلیتیکی هەرێمی کوردستاندا ڕەنگی داوەتەوە. سەرەڕای گرنگیی ستراتیژی شوێنەکەی کە هاوسنوورە لەگەڵ عێراقی فیدراڵ، ئێران، تورکیا و سوریا، بەڵام زیاتر لە جاران کەوتووەتە ژێر ڕەحمەتی ئەکتەرەکانی دیکە – وەک لە جەنگی ئێراندا دەرکەوتووە.
بەگوێرەی ئاماری چاودێری شەڕی ناوخۆیی “تیمی دروستکەرانی ئاشتی کۆمەڵایەتی”، هەرێمی کوردستان لە سەرەتای جەنگەوە لانی کەم ڕوبەڕووی 695 هێرشی ئێرانی بووەتەوه، لەنێویاندا 48 هێرش لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە. 22 کەس کوژراون و زیاتر لە 100 کەس برینداربوون، لە کاتێکدا ژێرخانی گرنگ و بنکە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا چەندین جار کراونەتە ئامانج.
بێمتمانەیی نێوان پارتی و یەکێتی ڕێگرە لەوەی بەرەیەکی یەکگرتوو پێکبهێنن و کاریگەری خۆیان لە واشنتۆن و تاران بەکاربهێنن بۆ دوورخستنەوەی هەرێم لە جەنگ، لە بەغداش بۆ سنووردارکردنی هێرشی میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران. ڕێکخراوی CPT مەزندە دەکات کە ئەم گرووپە میلیشیایانە بەرپرسیارن لە نزیکەی 453 هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە سەرەتای جەنگەوە. هێرشەکان زیاتر بەو هۆکارەن کە کوردەکان وەک هاوپەیمانی ئەمریکا دەبینرێن، هەرچەندە گرژییەکانی نێوان بەغدا و هەولێریش هۆکارێکی دیکەن.
ئەمە هەڵسەنگاندنێکی نائومێدکەرە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام هەڵسەنگاندنێکە کە ماوەیەکی زۆرە بەدی دەکرێت. سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی لە کۆتاییدا خۆیان بڕیار دەدەن ئایا دابڕانەکەیان قووڵتر بکەنەوە یان ڕێڕەکەو بگۆڕن و بەرەو ئاشتەوایی بڕۆن، بەڵام بژاردەی دووەم دوور دەردەکەوێت. ئەوان دەتوانن ناوبژیوانی دەرەکی قبوڵ بکەن. بۆ نموونە ئەمریکا لە ساڵی 1998دا یارمەتیدەر بوو بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆی کورد، بەڵام هەوڵەکانی ئەم دواییانە نەیانتوانیوە چارەسەری ڕیشەیی بێدەنگی و دووبەرەکییان بکەن. هەروەها ڕەنگە قورس بێت ناوبژیوانێکی ئامادە بدۆزرێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کەمییە قووڵەی لە سەرکردایەتیکردن کە هەردوو پارتەکە نیشانیان داوە.
هەرچەندە بنبەستەکەی هەولێر درێژە بکێشێت، متمانە بەوەی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی کارا بمێنێتەوە زیاتر دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. بەڵام جیابوونەوەیەکی فەرمی لە یەکتر (جیابوونەوەی هەولێر و سلێمانی) ئەگەرێکی دوورە، چونکە پێویستی بە گۆڕانکاری دەستووری و پێداچوونەوەیەکی قورس بە بنەماکانی عێراقی دوای بەعس هەیە. بەڵام یەکێک لەو بژاردانەی لە ڕابردوودا هەڕەشەی لێکراوە، ئەوەیە کە پارێزگاکانی هەرێم ڕاستەوخۆ بودجە لە بەغداوە وەربگرن و بە تەواوی حکومەتی هەرێم تێپەڕێنن.
گەشبینەکان دەڵێن لە کۆتاییدا پارتی و یەکێتی ڕێککەوتن دەکەن و حکومەت پێکدەهێنن. بەڵام گریمانە کۆنەکان خەریکن نامێنن، ئەو شتانەی پێشتر “بڕوانەکراو” بوون، ئێستا زیاتر لە هەموو کاتێک ئەگەری ڕوودانیان لێ دەکرێت.






