بۆچی سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لۆبی دەکەن لە دژی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران؟

کورد مۆنیتەر-چاتم هاوس

تێگەیشتنی هەڕەشەکردن گۆڕاوە. قەتەر و تورکیا و سعودیە و میسر، کە ڕۆژانێک دژی ئێران لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە کاریان دەکرد، ئەمڕۆ دەیانەوێت خۆیان لە شەڕێک بەدوور بگرن کە ئاژاوەی زیاتر بۆ ناوچەکە دروست بکات.

ساڵانێک لەمەوبەر، زۆربەی سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەمریکا نائومێد بوون، چونکە هەڵوێستی توندتری بەرامبەر ئێران نەگرتووەتە بەر. زۆرێک لە دەستەبژێری سەرکردەکانی ناوچەکە لە ئیدارەی ئۆباما تووڕە بوون، بەهۆی پەیڕەوکردنی دیپلۆماسیەت لەگەڵ تاران و گرتنەبەری ڕێگەی ئاشتبوونەوە و دانانی ڕێکەوتنی ئەتۆمی، وەك پێشینەی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی واشنتۆن و تاران.

هۆکاری ئەو لۆبیە فراوانەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ لێدان لە ئێران ڕوون بوو: تاران بە شێوەیەکی فراوان وەک هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەقامگیری ناوچەکە تەماشا دەکرا.

لەنێوان ساڵانی 2003 و 2023، کاریگەریی ئێران لە سەرانسەری ناوچەکەدا گەشەی کرد. دوای داگیرکردنی ئەمریکا لە ساڵی 2003، عێراق زیاتر کەوتە ژێر هەژموونی تارانەوە، هاوکات هاوپەیمانی درێژخایەنی ئێران لەگەڵ سوریا (لە ژێر دەسەڵاتی ئەسەددا) و دەسەڵاتی گەورەی ئێران لە لوبنان لە ڕێگەی حیزبوڵڵاوە. ململانێی یەمەن کاریگەری ئێران لە وڵاتەکەدا قووڵتر کردەوە بەهۆی پشتیوانیکردنی بۆ حوسییەکان. لە ئەنجامدا ئێران تۆڕێکی بەهێزی هاوپەیمانی دەوڵەتیی و نادەوڵەتیی لە ناوچەکەدا دروست کرد، کە بە “بەرەی مقاوەمە” ناسراوە.

ئەم تۆڕە ڕێگەیەکی زۆر کاریگەر بوو بۆ تاران بۆ قۆستنەوەی ناکۆکی و ناسەقامگیری بۆ فراوانکردنی نفووزی خۆی. سەرکردە عەرەبەکان نیگەران بوون لەم تۆڕە: شا عەبدوڵڵا، پادشای ئوردن دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە بە “هیلالێکی شیعە” ناویبرد.

بەڵام ئێستا، لەگەڵ ئەگەری راستەقینەی هێرشی سەربازی ئەمەریکا لە دژی ئێران، وڵاتانی ناوچەکە چالاکانە بەشداریی دیپلۆماسی دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە هێرشی واشنتۆن بۆسەر تاران. عومان و قەتەر و تورکیا هەوڵەکانیان بۆ ناوبژیوانی زیاتر کردووە. سعودیە و میسر داوای هێورکردنەوەی گرژی و دیپلۆماسی دەکەن. هۆکاری ئەم وەرچەرخانە سەرنجڕاکێشە چییە؟

گۆڕینی تێگەیشتن لە هەڕەشە

کاریگەری و خواستەکانی ئێران لە ناوچەکەدا کەم بووەتەوە و بیرۆکەی سیستەمێك کە تیایدا ئێران “سەنتەر” بێت کاڵ بووەتەوە. بۆ سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سروشتی هەڕەشەکان گۆڕاوە: مەترسییە سەرەکییەکان ئێستا لە ئیسرائیلێکی فراوانخواز و شەڕانگێزەوە سەرچاوە دەگرن، هەروەها لە ناسەقامگیریی ئەگەری ڕووخانی دەوڵەتی ئێرانی.

بەرەی مقاوەمە بە سەرکردایەتی ئێران کە پێشتر تۆڕێکی بەهێز بوو، ئێستا زیاتر گۆڕاوە بۆ بەرەیەک بەبێ سەرکردە. لە دوای هێرشەکانی حەماس لە 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 و شەڕی غەززە و زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئیسرائیل، بەرەی مقاوەمە زۆر لاواز بووە.

حیزبوڵڵا لە لوبنان بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیلەوە لاواز بووە. ئەسەد لە سوریا ڕووخێنرا. میلیشیا شیعەکانی عێراق و حوسییەکان لە یەمەن ڕووبەڕووی فشاری زیاتر دەبنەوە. ئێران خۆی بەهۆی زیانەکانی ئەو تۆڕەی لە ناوچەکە دروستیکردبوو گرفتارە، شەڕی 12 رۆژی لەگەڵ ئیسرائیل و هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکەی ئێران بەتەواوی هەڕەشەکانی ئەو وڵاتەی لە ناوچەکە بچوککردوەتەوە. ئەمەش وایکردووە هەڕەشەی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە کەمببێتەوە. پێشتر ڕۆژ نەبوو تاران هەڕەشە لە وڵاتێکی ناوچەکە نەکات، ئەمڕۆ وای لێهاتووە بە دانوستان ڕازی ببێت هەرچەندە مل بۆ مەرجەکانی ئەمریکا نادات.

لەلایەکی ترەوە، فراوانخوازی ئیسرائیل زیادیکردووە و نیگەرانی لای وڵاتانی دراوسێی دروستکردووە. بەتایبەتی هێرشەکەی مانگی ئەیلولی 2025 بۆ سەر دەوحە و ئامادەیی ئیسرائیل بۆ شکاندنی نۆرمە پەسەندکراوە نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش تیگەیشتنێکی دروستکردووە کە وڵاتانی کەنداو هەست بکەن هەڕەشەکە لە تاران نییە، بەڵکو لە تەلئەبیبە.

بۆچوونی گشتی لە ناوچەکەدا ئەوەیە، وڵاتانی کەنداو هەڕەشەی ئێرانیان زیاد لە قەبارەی خۆی وەرگرتووە و هەڕەشەی ئیسرائیلیان کەم نرخاندووە. هەرچەندە سەرکردەکانی ناوچەکە کەمتر ئێران وەک هەڕەشە ببینن، ئەوەندە زیاتر هەست بە هەڕەشە دەکەن لەلایەن ئیسرائیلەوە و زیاتر هەوڵ دەدەن هاوسەنگی هێز ڕابگرن.

چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران

بە شێوەیەکی گشتی، سێ سیاسەتی سەرەکی هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران: گۆڕینی رژێم، کۆنترۆڵکردن، بەرپەرچدانەوەی سیاسەتەکانی تاران.

ئەمەریکا و ئیسرائیل بەردەوامن لە پابەندبوون بە دوو بۆچوونی یەکەم. هەندێک جار هەندێک لە وڵاتانی هەرێمیش پشتگیری ئەم ستراتیژانە دەکەن. لە ساڵی 2018دا، لە ماوەی سەرۆکایەتی ترەمپدا، ئەمریکا هەوڵی دامەزراندنی هاوپەیمانی ستراتیژی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا کە بە ناتۆی عەرەبی ناسراوە ، کە لە شەش وڵاتی کەنداو لەگەڵ میسر و ئوردن پێکهاتووە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەڵام هێشتا سیاسەتی گۆڕینی رژێم و گەمارۆدانی تاران پشتگیرییەکی کەمی لە نێو وڵاتانی عەرەبیدا بەدەستهێناوە.

گۆڕینی ڕژێم لە ڕێگەی جەنگەوە زۆر مەترسیدار دەبینرێت. ئێران ئۆپۆزسیۆنێکی ڕێکخراو و جەماوەریی و باوەڕپێکراوی نییە، ڕژێم و دەوڵەت ئەوەندە بەیەکەوە بەستراون کە هەر ڕووخانێکی ڕژێم دەبێتە هۆی ڕووخانی دەوڵەت یان گۆڕینی ڕژێمێک بۆ شتێکی زیاتر سەربازی.

دەرەنجامەکانی ڕووخانی دەوڵەت زۆر گەورەتر دەبێت لەوەی، کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ململانێکانی عێراق و سوریا و یەمەندا بەسەری هاتووە، چ لە ڕووی ناسەقامگیریی، کۆچبەریی، توندڕەویی، سەرهەڵدانی گروپە چەکدارەکان.

پێکهاتەی دیمۆگرافیای ئێران، کە کەمایەتییە نەژادییەکانی لە هەندێک ناوچەی وڵاتدا چڕبونەتەوە، ترسی ئەوە زیاد دەکات کە وڵاتەکە لە ناوخۆیدا پەرت و بڵاو ببێتەوە.

سەرەڕای ئەوەش، زۆرێک لە سەرکردەکانی ناوچەکە پێیان وایە ئەگەر ئێران لە هاوکێشەکە لاببرێت، ئەوا هانی ئیسرائیل دەدات هەوڵ بدات ناوچەکە بە خواستی خۆی دابڕێژێتەوە.

هەڵوێستی ناڕوونی ترەمپ سەبارەت بە مەودا و ئامانجی هەر کردەوەیەکی سەربازیی، نیگەرانییەکانی ناوچەکە سەبارەت بە ئەگەری هێرشی سەربازی زیاتر دەکات.

گەمارۆدانی ئێران یەکێک بوو لە بژاردە سەرەکییەکانی دەستپێشخەرییە ناوچەییەکان کە ئەمەریکا پاڵپشتی دەکات، وەک ڕێککەوتنی ئیبراهیم کە لەسەر بنەمای سیستەمی هاوکاری عەرەب و ئیسرائیل لە چوارچێوەیەکی ناوەندی ئەمەریکا دامەزراوە.

ئەم ستراتیژەی گەمارۆدان زیاتر پەیوەندی بە سیاسەتی ئیسرائیلەوە هەبوو وەک لە سیاسەتی وڵاتانی عەرەبی کەنداو. لەگەڵ ئەوەشدا، وڵاتانی کەنداوی عەرەبی زیاتر ئەو بۆچوونە ڕەتدەکەنەوە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، سیاسەتەکانی گەمارۆدان بە دەگمەن ئامانجەکانیان بەدەست هێناوە، زۆرجار شکستیان هێناوە لە کۆنترۆڵکردنی کێشەکان و لەبری ئەوە یارمەتیدەر دەبن بۆ جەمسەرگیری و پەرتەوازەیی زیاتری ناوچەکە.

بە لەبەرچاوگرتنی تێچوونی بەرز و مەترسییەکانی هەردوو بژاردەی (گۆڕینی رژێم، کۆنترۆڵکردن)، وڵاتانی ناوچەکە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرپەرچدانەوەی سیاسیی بەرامبەر ئێران پەیڕەو دەکەن. ئەمە بریتییە لە دژایەتی کردن و بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتە دیاریکراوەکانی ئێران نەک گۆڕینی رژێم یان گەمارۆدانی فراوان. لە ناکۆکی بەردەوامی ئەمەریکا و ئێراندا، بابەتە سەرەکییەکان بەرنامەی ئەتۆمی تاران، مووشەکی بالستیکی و تۆڕ و سیاسەتە ناوچەییەکانە.

ئەمریکا و ئەم وڵاتانەی کەنداو لە یەک خاڵدا هاوبەشن؛ نایانەوێت ئێرانێکی ئەتۆمی ببینن. بەڵام واشنتۆن و کەنداو لەوەدا جیاوازن کە یەکەمیان پێیوایە ئێران بە زوویی دەستی بە چەکی ئەتۆمیی دەگات، بەڵام دووەمیان پێشبینی ئەوە ناکات لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەوە ڕووبدات.

تورکیا پێشنیازیکردووە لە دانوستانەکانی تاران و واشنتۆندا، ئەنقەرە و زۆر وڵاتی تر بەشداربن، بەڵام تاران ئەوە ڕەتدەکاتەوە، چونکە دەزانێت ئەگەر دانوستانی دوولایەنەی ئێران و ئەمریکا شکستبهێنێت، لایەکیان بە ڕەهایی ناتوانێت شکستەکە بخاتە ئەستۆی لایەنەکەی تر، بەڵام ئەگەر لە دانوستانەکان دا وڵاتانی ناوچەکە بەشداربن، لەحاڵەتی شکستهێنانی دانوستانەکان دا، ئەو وڵاتانە ئۆباڵەکەی دەخەنە ئەستۆی تاران.

رژێمی ئێران لەسەر کاتی قەرزکراو دەژی، پشت بە نەبوونی ئۆپۆزسیۆنی جەماوەری ڕێکخراو دەبەستێت بۆ مانەوە لە دەسەڵات دا. سەرەڕای ئەمەش، سەرکردەکانی ناوچەکە پێیان وایە ئەمریکا دەبێت بەڕاستی دیپلۆماسی ناوچەیی تاقی بکاتەوە. ئەگەرنا دەرەنجامەکە لەوانەیە جەنگێکی وێرانکەر و بازنەیەکی نوێی کارەساتباری ململانێ بێت.

بژاردەی دیبلۆماسی کەمترین دەرئەنجامی خراپی هەیە، ئەگەر ئەنجامی هەبێت ئەوا بە بەهێزی ناوچەکە لە پشێوییەکی گەورە دوردەخاتەوە. پاش دەیان ساڵ لە داڕشتنی داهاتووی ناوچەکە لەلایەن هێزە دەرەکییەکانەوە، ئێستا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپەلە پێویستی بەوەیە ئەم بژاردەیە تاقیبکاتەوە.

Chatham House - Kurd monitor
بۆچوونی زیاتر
Back to top button