
لە دڵى (بازاڕی زێڕنگران)ی شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان، لەو شوێنەی کە بریقەی زێڕ و ئەو دەموچاوانەی لە چاوەڕوانیی هەوراز و نشێوە ئابوورییەکان ماندوو بوون، بە هۆی گۆڕانکارییە جیهانییەکانەوە بەر یەک دەکەون، دەشتی ئەحمەد (45ساڵ) وەک شایەتحاڵێکی زیندوو وەستاوە لەسەر شکانی خەونەکانی کاتێک لەگەڵ ڕاستی و واقیعە سەختەکاندا بەریەک دەکەون قسە دەکات.
دەشتی کە ساڵانێکی زۆری تەمەنی لە پشتی سوکانی تەکسییەکەیەوە بەسەر بردووە لەپێناوی کۆکردنەوەی دینار بە دیناری ڕەنجی ماندووبونەکەی، ئەمڕۆ خۆی بە ڕوخسارێکی خەمبارەوە دەبینێتەوە کاتێک جانتایەکی چەرمیی بچووکی بەدەستەوەیە و لە ناویدا هەشت لیرەی زێڕی جۆری “دوبەی” تێدایە.
ئەم لیرانە تەنها پاشەکەوت نین، بەڵکو پاشماوەی گروپێکی وەبەرهێنانی دۆڕاون کە نەگەیشتنە ئامانج، وێنەیەکی زیندووی ئەو هاووڵاتییەن کە هەوڵیدا لە ڕێگەی کانزا زەردەکەوە خۆی لە زریانی هەڵاوسان بپارێزێت، کەچی خۆی لە بەردەم گۆڕانکارییەکانی بازاڕێکدا بینییەوە کە بەزەیی بە حیسابە سادەکاندا نایەتەوە.
لە نێوان بڕیقە و درەوشانەوەی دوکانەکان و بێدەنگیی درێژی دەشتی، چیرۆکی هەزاران کەسی ئاسایی دەردەکەوێت کە خەونەکانیان لە ناو ژاوەژاوی ژمارە گۆڕاوەکاندا ون بوو، تا زێڕ لە دەستیاندا لە پەناگەیەکی ئارامەوە بگۆڕێت بۆ بارێکی گران، کە ساتەکانی ماڵئاوایی لەو هیوایانە تۆمار دەکات کە تەواو نەبوون.
چیرۆکەکە تەنها دە ڕۆژ پێش ڕاگەیاندنی لەناکاوی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا لە 8ی نیسانی 2026 دەست پێدەکات؛ لە کاتی گرژییەکاندا، دەشتی پەلەی بوو بۆ کڕینی یەک لیرە بە بڕی (1.300) دۆلار، لە کاتێکدا نرخی دیناری عێراقی لە سەرووی (154 هەزار دینار بۆ 100دۆلار) بوو.
گرەوەکە لەسەر ئەو گریمانەیە بوو کە وەستانی جەنگ نرخی زێڕ دەگەیەنێتە ئاستێکی پێوانەیی بێوێنە، بەڵام بێدەنگیی مووشەکەکان و پاشان دابەزینی نرخەکان، کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و لێکەوتەکانی گەمارۆی گەرووی هورمزەوە بوو، هاوکێشەی پێشبینییەکانی دەشتی هەڵگەڕاندەوە.
ئێستا دەشتی خۆی لە بەردەم دەرگای دوکانەکانی زێڕدا بە گەمارۆدراوی دەبینێتەوە، بە نرخێک کە لە (980) دۆلار تێپەڕ ناکات بۆ یەک لیرە، ئەمەش خستوویەتییە ناو بازنەیەکی ترسناک لە دڵەڕاوکێ و پەشیمانی.
لە کاتێکدا بە نیگەرانییەوە دەستەکانی دەگوشێت، بە چرپەوە پرسیار دەکات: ئایا دەستبەجێ بیفرۆشێت بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان، یان بەردەوام بێت لە ڕاوکردنی “سەرابی قازانجێک کە بەدی نەهات”، و بە تاڵییەوە دان بەوەدا دەنێت کە “باووبۆرانە سیاسییەکان بەو ئاراستەیەدا ڕۆیشتن کە کەشتییەکەی ئەو نەیدەویست”.
لیرەی زێڕ شکۆکەی لەدەست دەدات
بازاڕی زێڕ لە نێوان بژاردەی وەبەرهێنان و مێژووەکەی دا دابەش بووە؛ لیرەی ڕەشادیی عوسمانی لەسەر لوتکەی ڕەسەنایەتییە بە کێشی 7022 گرام و عەیاری 22، ئەو پاشەکەوتکەرانە ڕادەکێشێت کە دەیانەوێت بەهای کانزا و بۆنی مێژوو تێکەڵ بکەن.
لە هەمان چوارچێوەی متمانەی نێودەوڵەتیدا، لیرەی ئینگلیزی (جۆرج و ئەژدیها) وەک دراوێکی جیهانی دەردەکەوێت کە بە ئاسانی گەرەنتی بۆ خاوەنەکەی دەکات لە هەر بازاڕێکی جیهانیدا بیفرۆشێتەوە.
بۆ وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆش، (لیرەی دوبەی) وەک جێگرەوەیەکی پراکتیکی پێشکەش دەکرێت کە کێشەکەی جیهانییە و تێچووی دروستکردنی کەمترە.
لە بەرامبەردا، سکە ناوخۆییەکان (سلێمانی) وەک بژاردەیەکی جەماوەری دەردەکەون کە لەژێر چاودێری سەندیکاکاندان، هەرچەندە کێشیان وەک ئەوانی ترە، بەڵام ئاستی مامەڵەکردن پێیانەوە تەنها لە کوردستان و عێراقدایە و ڕەنگە جیاوازیی نرخەکەی 15 دۆلار بێت لەگەڵ لیرەی دوبەی.
ئیسماعیل حەمەڕەحیم، زێڕنگرێک لە سلێمانی دەڵێت: “داواکاری لەسەر لیرە تا کۆتایی مانگی شوباتی 2026 زۆر زیاتر بوو لە خستنەڕوو”. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە خەڵک چاوەڕێی گەیشتنی نرخی ئۆنسە بوون بۆ سەرووی 5000 دۆلار، بۆیە پاشەکەوتەکانیان خستە ناو زێڕەوە.
بەڵام ئەو جەنگەی لە 28ی شوباتی 2026 لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی تر هەڵگیرسا و تێوەگلانی گروپە چەکدارەکانی عێراق و بە ئامانجگرتنی شوێنەکان لە هەرێمی کوردستان: “دیمەنەکەی بە تەواوی هەڵگەڕاندەوە!”
ڕوونیشی کردەوە: “لە جیاتی بەردەوامبوون لە کڕین، فرۆشتنێکی پڕ لە ترس بازاڕی گرتەوە و سەدان کەس ناچار بوون لیرەکانیان بفرۆشنەوە لە ترسی دابەزینی زیاتری نرخەکان یان سستییەکی ئابووری درێژخایەن”.
محەمەد جەلال (52 ساڵ) فەرمانبەرە، دەگێڕێتەوە چۆن بە قسەی هاوڕێیەکی 10 لیرەی کڕیوە بە (10 هەزار و 80 دۆلار). لە کاتی گرژییەکاندا تووشی دڵەڕاوکێ بووە و پاش دەوام خێرا چۆتە بازاڕ، بەڵام لەوێ تووشی شۆک بووە کاتێک زێڕنگران وتوویانە “بازاڕ تێر بووە” و لێیان نەکڕیوەتەوە. سەرەنجام لای زێڕنگرێک هەر لیرەیەکی بە 980 دۆلار فرۆشتووە و دەڵێت: “هەرچەندە زیانم کرد، بەڵام ئەو ئارامییە دەروونییەی دوای فرۆشتنی لیرەکان بۆم دروست بوو لە ئازاری زیانەکە گەورەتر بوو”.
شێرزاد یوسف، خاوەن نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی، باس لەوە دەکات کە گۆڕانکاری دراماتیکی بەسەر بازاڕدا هاتووە. ناوەڕاستی شوباتی 2026 بە لوتکەی متمانەی خەڵک بە زێڕ دادەنێت کە نرخی لیرە گەیشتبووە 1100 دۆلار.
دەشڵێت: “بەڵام ئەم وێنە ڕەنگالەییە بەهۆی قەیرانە جیۆسیاسییەکانەوە نەما؛ کاتێک نرخی نەوت 100 دۆلاری تێپەڕاند و ئاسایشی گەرووی هورمز کەوتە مەترسییەوە، گۆڕانکاریی پێچەوانە لە ڕەفتاری زێڕدا ڕوویدا”.
شێرزاد هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ سەرەڕای گرانیی وزە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە بانکە ناوەندییە گەورەکان ڕێژەی سوودیان بەرزکردەوە، ئەمەش وایکرد دۆلار و پسووڵە داراییەکان سەرنجڕاکێشتر بن بۆ وەبەرهێنەران و زێڕەکانیان بفرۆشن بۆ دابینکردنی نەختینە.
ئێستا لە ناو بازاڕی سلێمانیدا، زێڕنگران لیرەی دوبەی بە (975 تا 978) دۆلار لە هاووڵاتیان دەکڕنەوە و بە (982 تا 985) دۆلار دەیفرۆشنەوە.
پەیوەندی نێوان زێڕ و دۆلار
ساجد محەمەد، کە 30 ساڵە لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی کار دەکات، دەڵێت ئەوەی ناوی ناوە “شێتیی زێڕ” تەنها بەرزبوونەوەیەکی کاتی نییە، بەڵکو پەیوەندی بە ناجێگیریی نرخی دراوەوە هەیە لە بازاڕی ڕەشدا.
دەڵێت بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ 154 هەزار دینار، نرخی لیرە لە نێوان 320 بۆ 350 هەزار دیناردا یاری کردووە. ساجد هۆشداری دەدات لە “یاریی قەرەبووکردنەوە” کە پاشەکەوتی خەڵک دەخوات، چونکە خەڵک لە کاتی ترسدا زێڕەکانیان دەفرۆشن و زیانی گەورە دەکەن، لە کاتێکدا زێڕنگران بە نرخێکی کەمتر لێیان دەکڕنەوە. ئامۆژگاری خەڵک دەکات کە زێڕ وەک پاشەکەوتێکی درێژخایەن ببینن نەک بۆ قازانجی خێرا لە کاتی قەیراندا.
پسپۆڕان دەڵێن ئەوەی لە سلێمانی ڕوودەدات زیاتر “مامەڵەی سیاسییە” نەک بازرگانییەکی ئاسایی. ڕێبوار قادر، زێڕنگرێکی دێرین، دەڵێت زێڕنگران تووشی کێشە بوون لە دیاریکردنی نرخدا چونکە لە لایەک بۆرسەی جیهانی و لە لایەکی تر نرخی دۆلار لە سلێمانی کاریگەرییان هەیە.
ڕێبوار ڕوونی دەکاتەوە کە نرخی دۆلار لە سلێمانی هەمیشە 100 بۆ 250 دینار لە شارەکانی تر گرانترە، چونکە سلێمانی ناوەندێکی داراییە بۆ گۆڕینەوەی “تمەنی ئێرانی” و بازرگانانی هەموو عێراق بۆ حەواڵەکانیان ڕوو لەم شارە دەکەن.
هیوا سەردار، زێڕنگرێکی تر، دەڵێت ئێستا خەڵک زیاتر لیرە دەکڕن چونکە تێچووی دروستکردنی کەمە، بەڵام هۆشداری دەدات لە “فرۆشتنی بەپەلە” کە دەبێتە هۆی زیانی ڕاستەوخۆ بۆ هاووڵاتیان.
سەرکەوتن و شکست
لە بازاڕەکەدا دوو چیرۆکی جیاواز هەن؛ نەوزاد جەمیل، خانەنشینێکە کە بە هێمنی وەبەرهێنانی کردووە و لە ساڵی 2024وە دەستی پێکردووە و کاتێک لیرە 1100 دۆلار بووە فرۆشتوویەتی و 2500 دۆلار قازانجی کردووە و قستی شوقەکەی پێ داوەتەوە.
بەڵام شیلان کوێخا، کچێکی گەنجە کە لە کاتێکی درەنگدا (18ی نیسانی 2026) چووەتە ناو بازاڕ و لیرەی بە 1000 دۆلار کڕیوە بەو هیوایەی نرخەکەی ببێتە ملیۆنێک و 750 هەزار دینار، بەڵام دواتر لە ترسی دابەزینی نرخ بە 975 دۆلار فرۆشتوویەتییەوە و لە هەر لیرەیەکدا 50 هەزار دینار زیانی کردووە.
ژمارە و پێشبینییەکان
دلێر تاهیر، سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی سلێمانی، دەڵێت تێکچوونی نرخی لیرە زیانی گەورەی بە وەبەرهێنەرە بچووکەکان گەیاندووە، بەڵام بازرگانە گەورەکان سوودیان لەم دابەزینە بینیوە و ڕۆژانە 300 بۆ 500 لیرەیان کڕیوە بۆ پاشەکەوتی درێژخایەن.
ئاماژەی بەوەش کرد کە هاوردەکردنی زێڕ لە دوبەی و تورکیاوە بە ڕێژەی 40٪ کەمی کردووە بەهۆی مەترسییەکانی گواستنەوە و دڵنیایی (تأمین).
لە ناوەڕاستی نیسانی2026دا، هەرچەندە ئۆنسەی جیهانی گەیشتە 4700 دۆلار، بەڵام لە سلێمانی لیرە بە 1000 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرا. بانکە جیهانییەکانی وەک “جی بی مۆرگان” پێشبینی دەکەن نرخی ئۆنسە بگاتە 6300 دۆلار تا کۆتایی 2026، بەڵام هۆشداریش دەدەن لە ئەگەری دابەزینی کتوپڕ بۆ 3700 دۆلار ئەگەر بارودۆخەکە هێمن بێتەوە.
پەناگەی هەڵخەڵەتێنەر
گوڵاڵە سدیق، پسپۆڕی ئابووری، پێی وایە ئەم کۆچە بەکۆمەڵە بۆ کڕینی لیرە ئەنجامی پڕوپاگەندەی میدیایی چەواشەکارانە بووە. دەڵێت ئەمە نیشانەی بێهیوایی خەڵکە لە سیستەمی بانکیی عێراق و هەرێم.
گوڵاڵە ئاماژە بەوە دەکات کە دەوڵەمەندەکان دەتوانن ساڵانێک چاوەڕێ بکەن، بەڵام هەژارەکان بە دوای 5 دۆلار قازانجەوەن و بەوەش دەدۆڕێن. هەروەها دەڵێت زێڕ چیتر وەک جاران بەهای سامان ناپارێزێت؛ لە ساڵانی هەشتاکاندا 5 ئۆنسە زێڕ پارەی زەوییەکی باش بوو لە سلێمانی، بەڵام ئێستا بەو پارەیە تەنها دەتوانیت زەوییەکی بچووک لە شوێنێکی دوورەدەست بکڕیت.
بریقەی زێڕ خیانەتی لێکرد
ئاسۆ نەجیب عەزیز، مامۆستا لە سلێمانی، لە ئایاری 2025ەوە دەستی بە کڕینی لیرە کردووە بۆ پاراستنی پاشەکەوتەکەی. لە شوباتیئەمساڵ دا 20 لیرەی هەبووە و نرخەکەی گەیشتووەتە 1130 دۆلار، پسپۆڕان داوایان لێکردووە بیفرۆشێت بەڵام ئەو “چاوچنۆکیی” گرتی و نەیفرۆشت بەو هیوایەی گرانتر بێت. بەڵام لە کۆتایی نیسانی 2026 نرخەکەی دابەزی بۆ 975 دۆلار و ئێستا تەنها چاوەڕێی کات دەکات تاوەکو هاوسەنگیی نرخەکە بگەڕێتەوە.
سەرچاوە: تۆڕی “نیریج”ی عێراقی





