
دەیڤید بەرنیع، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد)، ڕۆژی سێشەممە پەردەی لەسەر “ڕۆڵی ناوازە”ی بریکارێکی ناسراو بە “م” لادا لە سەرخستنی هەڵمەتی “نەڕەی شێر”، ئەمەش لە وتارێکی دەگمەندا هات کە لە کاتی مەراسیمی یادکردنەوەی کوژراوانی ئەو دەزگایەدا پێشکەشی کرد.
بەرنیع لە وتارەکەیدا وتی: “لە کاتی ئۆپەراسیۆنی نەڕەی شێردا، هەستی شانازی هزر و دڵمی داگیرکردبوو بەرامبەر بە کەسایەتی و کردەوەکانی ‘م’، کە لە دەرەوەی ئیسرائیل لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکەیدا گیانی سپارد.”
سەرۆکی مۆساد گوتیشی، ئەو ئۆپەراسیۆنانەی بریکارەکە سەرپەرشتی دەکردن، توانییان “داهێنان، فێڵ و تەکنەلۆژیای زۆر پێشکەوتوو تێکەڵ بکەن”.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی “جیروزالیم پۆست”، سەرۆکی مۆساد هیچ زانیارییەکی تری دەربارەی ناسنامەی “م” ئاشکرا نەکرد، تەنها ئەوە نەبێت کە کوژرانی لە “دەرەوەی ئیسرائیل” بووە، بێ ئەوەی کات و شوێن و چۆنیەتی ڕووداوەکە دەستنیشان بکات.
سی ساڵ خزمەت
بەپێی ماڵپەڕی “jfeed”ی ئیسرائیلی، کەسە نزیکەکانی “م” بەشێوەیەک وەسفی دەکەن کە یەکێک بووە لە بەئەزموونترین ئەندامانی مۆساد و سی ساڵ لە تەمەنی بۆ خزمەتی دەزگاکە تەرخان کردووە، لە ئەرک و ڕۆڵگەلێکدا کە تا ئێستا پەردەیان لەسەر لانەدراوە. هاوکارانی کۆدەنگن لەسەر ئەوەی کە ئەو کەسایەتییەکی “شارەزا” بووە لە پەیوەندییە مرۆییەکاندا، کە ئەمەش یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی کاری هەواڵگریی ئاستبەرز.
کۆچێکی کتوپڕ لە ئیتاڵیا
بەپێی میدیاکانی ئیسرائیل، ئەم پیاوە تەنها بە پیتی یەکەمی ناوی “م” دەناسرێت، و لە مانگی ئایاری 2023دا گیانی لەدەستدا کاتێک ئەو بەلەمەی تێیدا بوو لە دەریاچەی “ماجۆری” لە باکووری ئیتاڵیا بەهۆی تۆفانێکی کتوپڕەوە وەرگەڕا.
میدیاکانی ئیتاڵیا ئەو کاتە ڕووداوەکەیان بەوە وەسف کرد کە لە کاتی کۆبوونەوەیەکی باڵای نێوان هەواڵگریی ئیسرائیل و ئیتاڵیا ڕوویداوە. جگە لە “م”، دوو ئەندامی هەواڵگریی ئیتاڵیاش لە هەمان ڕووداودا خنکان.
ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای هەواڵگری لە پرسەکەیدا لە کاتێکدا دەمامک و کڵاویان پۆشیبوو بۆ شاردنەوەی ڕوخساریان، جەختی لەو گرنگییە گەورەیە کردەوە کە ئەم بریکارە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل هەیبووە.
هەڵمەتی “نەڕەی شێر” و بڕینی دڵی سەرکردایەتی ئێران
ئیسرائیل ناوی “نەڕەی شێر”ی لەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەی لەگەڵ ئەمریکا نا، کە لە 28ی شوباتی ڕابردوو لە ناو خاکی ئێران دەستی پێکرد. بەپێی سەرچاوە ئیسرائیلییەکان، مۆساد ڕۆڵێکی کاریگەری بینی لەم هەڵمەتەدا کە توانی دزە بکاتە ناو قوڵایی سەرکردایەتی ئێران، ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ لێدان لە ژمارەیەک سەرکردەی پلە یەک، کە لە سەروویانەوە عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران هەبوو.
بەرنیع هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە ئەرکی مۆساد لە ئێران “کۆتایی نایەت تاوەکو ڕژێمەکە نەڕوخێت”، و جەختی کردەوە کە دەزگاکە “لە ناو جەرگەی تاراندا” کاری کردووە. هەروەها ڕوونی کردەوە کە مۆساد زانیاریی وردی داوەتە هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ بەئامانجگرتنی شوێنە جیاوازەکان لە ناو خاکی ئێراندا.
دیمەنی ئامادەبوونی هاوکارانی “م” لە پرسەکەیدا لە شاری ئەسقەلان بە دەمامک و کڵاوەوە، بیرخەرەوەیەکی بەهێزی سروشتی کارەکەیان بوو؛ چونکە ئەندامانی مۆساد تەنانەت لە کاتی مردنیشدا دەبێت لە ناو سێبەردا بمێننەوە بۆ پاراستنی ناسنامە و ئەرکە بەردەوامەکانیان.





