
- سەدر مەرجێک و مۆڵەتێکی 90 ڕۆژی دەداتە زەیدی
- ئەمریکا دانانی تەنها یەک وەزیری میلیشیاکانیش ڕەتدەکاتەوە
- لەنێوان مالیکی و سودانی ناکۆکی گەورە دروستبووە
حکومەتەکەی عەلی زەیدی نیوەی وادە دەستوورییەکەی تێپەڕاند بێ ئەوەی بە کردار لە هێڵی کۆتایی پێکهێنان نزیک ببێتەوە؛ لە هەمان کاتدا لەناو بەغدا پێشبینییەکان بەرەو ئەوە دەچن کە تێپەڕاندنی کابینەکە لەو ماوە کەمەی ماوەدا کارێکی ئەستەم بێت. ئەمەش ڕەنگە وڵات بگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سفر و دەرگا بە ڕووی گەڕان بەدوای کاندیدێکی بەدیلدا بکاتەوە، دوای قەیرانێک کە نزیکەی شەش مانگی خایاندووە.
سبەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەبەخشین بە حکومەتەکەی زەیدی ئەنجامدەدرێت، حکومەتێک کە وەک “سازانێکی ناچاری” لە نێوان هێزە شیعەکاندا هاتە کایەوە، ئەمرۆ لە نێوان سێ گرێی سەرەکیدا گەمارۆ دراوە؛ دووانیان دەرەکین و پەیوەستن بە واشنتۆن و تارانەوە، سێیەمیشیان ناوخۆییە و پەیوەندی بە ململانێی پشک و هەژموون لە ناو ماڵی سیاسیی شیعە و گرێی کوێرەی گرووپە چەکدارەکانەوە هەیە.
کۆسپی یەکەم: ململانێی دەستکەوتەکان
لەناو “چوارچێوەی هەماهەنگی”دا، دانوستانەکان زیاتر لە جەنگێکی کراوە بۆ دابەشکردنی دەسەڵات دەچن نەک پێکهێنانی حکومەت. چوارچێوەکە خاوەنی نزیکەی 12 وەزارەتە لە حکومەتی چاوەڕوانکراودا (کە ڕەنگە بۆ 13 بەرزببێتەوە) لە کۆی 22 وەزارەت، کە 4 دانەیان سیادین. ئێستا فراکسیۆنە گەورەکان کێبڕکێ لەسەر وەزارەتە پڕهەژموونەکان دەکەن، بەتایبەت نەوت و ناوخۆ.
پێشبینی دەکرا هاوپەیمانی “ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان” بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نووری مالیکی هەرکامیان سێ وەزارەتیان بەربکەوێت، لە بەرامبەردا رەوتی حیکمە، عەسائیب و ڕێکخراوی بەدر هەرکامیان دوو وەزارەتیان هەبێت. بەڵام تیمی سودانی ئەمە ڕەت دەکەنەوە و وەک “گەورەترین فراکسیۆنی شیعە” (بە زیاتر لە 50 پەرلەمانتار) داوای وەزارەتی ناوخۆ و پشکێکی سیادی تر دەکەن.
خالید وەلید، سەرکردە لە هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە دەڵێت: “هەندێک هێز دەیانەوێت خاڵی هەڵبژاردن بکەنە پێوەر، ئەمە ڕاستە، بەڵام هەندێکی تر دەیانەوێت بە لۆژیکی ڕازیکردنی هەموان مانۆڕ بکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کەلێنی متمانە لەگەڵ شەقامدا.” هەروەها جەختی کردەوە کە ئەگەر وەزارەتی نەوت بەپێی ئیستحقاقی خاڵەکان پشکی ئەوان بێت، دەستی لێ هەڵناگرن.
لەلایەکی ترەوە، ململانێیەکی هەستیار لەسەر وەزارەتی ناوخۆ هەیە. باڵی مالیکی دەیەوێت “یاسر سخیڵ”ی زاوای مالیکی بۆ ئەو پۆستە کاندید بکات، کە لەلایەن بەرەی سودانییەوە ڕەت دەکرێتەوە. هەندێکی تر پێشنیار دەکەن عەلی زەیدی خۆی وەزیرەکە هەڵبژێرێت، یان “عەبدولئەمیر شەمەری” لە پۆستەکەی بمێنێتەوە.
“پاسەوانە کۆنەکان”
ناکۆکییەکان تەنیا لەسەر پۆستەکان نین، بەڵکو گەڕانەوەی کەسایەتییەکانی ناو “پاسەوانە کۆنەکان” وەک ئەحمەد ئەسەدی، فالح فەییاز و تەیف سامی بووەتە جێی مشتومڕ. لە ماڵی سوننەشدا، دۆخەکە ئاڵۆزترە و دوای دابەشبوونی “ئەنجومەنی سیاسیی نیشتمانی” و جیابوونەوەی موسەنا سامەڕائی لە لێکتێگەیشتنەکانی حەلبووسی و خەنجەر.
“بۆنی مقاوەمە”
گرێی هەرە قوڵ، پشکی گرووپە چەکدارەکانە. ئەو گرووپانەی لە ئێرانەوە نزیکن خاوەنی نزیکەی 100 کورسین لە پەرلەمان، ئەمەش دوورخستنەوەیان لە دەسەڵات ئەستەم دەکات. کەتائیبی حزبوڵڵا پێشتر هۆشداری دابوو کە هیچ حکومەتێک بێ “بۆنی مقاوەمە” تێپەڕ نابێت.
لە بەرامبەردا، موقتەدا سەدر دەسپێشخەرییەکی خستووەتە ڕوو بۆ گۆڕینی گرووپە چەکدارەکان بۆ “سەربازی دروشمە ئایینییەکان” (واتە هیچ پۆستێکی حکومەتییان نەبێت). سەدرییەکان دەڵێن سەدر “ڕەزامەندییەکی مەرجدار”ی بۆ ماوەی 90 ڕۆژ بە زەیدی داوە، بەو مەرجەی گرووپە چەکدارەکان دووربخاتەوە و مەلەفەکانی گەندەڵی وەک “دزی سەدە” هەڵبداتەوە.
کۆسپی دووەم: “ڤیتۆ”ی ئەمریکا
فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر حکومەتی نوێ ڕوو لە زیادبوونە. باس لە لیستێکی ئەمریکی دەکرێت کە 6 گرووپی چەکدار (لەوانە کەتائیب، نوجەبا و سەیدولشوهەدا) قەدەغە کراون لە بەشداری لە حکومەتدا. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشداریی تەنیا “یەک وەزیر” لەم گرووپانە، ڕەنگە ئیدارەی تڕەمپ هان بدات بۆ بایکۆتکردنی حکومەت و سەپاندنی سزای ئابوری. فادی شەمەری، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی پێشوو، دەڵێت مەرجی ئەمریکا ڕادەستکردنی چەکیش دەگرێتەوە، کە جێبەجێکردنی لەم کاتە کورتەدا زۆر ئەستەمە.
کۆسپی سێیەم: کۆبوونەوەکانی جەنەڕاڵ
لە پشت پەردەوە، ئێران هەوڵ دەدات هەژموونی خۆی لە بەغدا نەدۆڕێنێت. دوای جەنگی چل ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە مانگی نیساندا، ئیسماعیل قائانی دوو جار سەردانی بەغدای کردووە. تاران دەترسێت هەر ڕێککەوتنێکی ئەمریکی-عێراقی ببێتە هۆی داماڵینی چەک و هەژموونی هاوپەیمانەکانی. تاران فشار دەکات بۆ مسۆگەرکردنی “باشترین ڕێککەوتن” بۆ هاوپەیمانەکانی تاوەکو لە حکومەتدا بمێننەوە.





