
سەرچاوەیەکی سیاسیی عێراقی دەڵێت: نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، چەند ڕۆژێکە جموجوڵی چڕوپڕی دەستپێکردووە بۆ پێکهێنانی “ناوەندێکی بڕیاردانی هاوتەریب” لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا، ئەمەش بە ئامانجی گەمارۆدانی حکومەتی نوێی عێراق و ڕێگریکردن لەوەی بڕیاری ستراتیژی بە دوور لە هەژموونی هێزە نەریتییەکانی سەر بە خۆی و هاوپەیمانەکانی بدات.
ئەو سەرچاوەیەی کە لە چوارچێوەی هەماهەنگییەوە نزیکە ڕایگەیاند، مالیکی کار لەسەر بنیاتنانی هاوپەیمانییەکی سیاسیی نوێ دەکات لەژێر ناوی “هاوپەیمانیی بەهێزەکان” ئەمەش هاوتەریب لەگەڵ جموجوڵەکان بۆ سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی هەژموون لە ناو وەزارەتە ئەمنی و ئابورییەکاندا. ڕوونیشی کردەوە کە سەرکردەکەی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا “چوونەدەرەوەی لە کێبڕکێی سەرۆکایەتیی حکومەت وەک دۆڕانێکی کۆتایی نابینێت، بەڵکو وەک قۆناغێک بۆ سەرلەنوێ جێگیربوونەوە دەیبینێت، کە دەرفەتی پێدەدات هاوسەنگییەکان لە پێگەیەکی دیکەوە بەڕێوەببات.”
سەرچاوەکە زیادی کرد کە مالیکی “لە ئێستادا نایەوێت حکومەت بڕوخێنێت، بەڵکو دەیەوێت لەژێر گوشاردا بیهێڵێتەوە و ڕێگریی لێ بکات ببێتە حکومەتێکی سەربەخۆ” ئاماژەی بەوەش کرد، هاوپەیمانییە نوێیەکە بە جۆرێک نەخشەی بۆ کێشراوە کە ببێتە سەکۆیەک بۆ گوشاری سیاسی و پەرلەمانیی کە توانای پەکخستن یان سستکردنی هەر ڕەوتێکی هەبێت، کە لەگەڵ بەرژەوەندیی ئەو هێزانەدا نەگونجێت لە ئێرانەوە نزیکن، بەتایبەتی لە بەر ڕۆشنایی پەرەسەندنی گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر بەغدا.
حکومەتێک لە ژێر چاودێریدا
بەپێی سەرچاوەکە، مالیکی حکومەتەکەی زەیدی وەک “سازانێکی ناچاری” تەماشا دەکات کە هاوسەنگییەکانی قۆناغەکە سەپاندوویانە، نەک وەک فۆرمێکی جێگیر لە ناو ماڵی شیعەدا. بۆیە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەشێوەیەک کاردەکات بۆ هێشتنەوەی حکومەت لەژێر چاودێریی سیاسیی تونددا، بۆ ئەوەی ڕێگریی لێ بکات لە داهاتوودا بڕیارەکانی بە تاکرەویی بدات. هەروەها ڕێگەشی پێنەدات سازشی گەورە لە مەلەفە ئەمنی، سەربازی و داراییەکاندا بۆ واشنتۆن بکات.
لەم چوارچێوەیەدا، سەرکردەکانی ناو دەوڵەتی یاسا دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی مەلەف و ژیاننامەی ژمارەیەک ئەفسەر و سەرکردەی ئەمنی، وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی بەربژێرەکان بۆ وەزارەتە ئەمنییەکان و لە سەرووشیانەوە وەزارەتی ناوخۆ، ئەمەش هەنگاوێکە ڕەنگدانەوەی پێداگریی مالیکییە لەسەر پاراستنی هەژموونی ڕاستەوخۆی لە ناو دامەزراوەی ئەمنیی عێراقدا.
سەرچاوەکە پێی وایە شەڕی وەزارەتی ناوخۆ تەنیا لە هەڵبژاردنی وەزیرێکدا کورت نابێتەوە؛ چونکە بەستراوەتەوە بە پرسیارێکی قووڵترەوە کە پەیوەندیی بەوەوە هەیە: کێ خاوەنی بڕیاری ئەمنیی ڕاستەقینەیە لە بەغداد. مالیکی، بەپێی سەرچاوەکە، درک بەوە دەکات کە لەدەستدانی سەرۆکایەتیی وەزیران دەکرێت بەشێکی لە ڕێگەی گرتنی جومگە ئەمنییەکانی دەوڵەتەوە، یان لانی کەم ڕێگریکردن لە ڕکابەرەکانی لە کۆنترۆڵکردنی تەواوەتییدا قەرەبوو بکرێتەوە.
هاوپەیمانییەک بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی سنووری حکومەت
جوڵە نوێیەکان تەنیا لەسەر دەوڵەتی یاسا کورت نابنەوە، بەڵکو هێزە شیعە دەستڕۆیشتووەکانی دیکەش دەگرێتەوە کە ڕازی نین لە شێوازی دابەشکردنی هەژموون لە ناو حکومەتی ئێستادا. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ئارادان، هاوپەیمانییە نوێیەکە کەسایەتی و هێزی دیاری ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لەخۆدەگرێت، لە نێویاندا لایەنگەلێک کە خاوەنی پێگەی سیاسی، ئەمنی و سەربازیی کاریگەرن.
سەرچاوەکە دەڵێت مالیکی هەوڵدەدات ئەم کۆبوونەوەی ناڕازییانە بگۆڕێت بۆ “هێزێکی کاریگەر” لە ناو پەرلەمان و حکومەتدا، بە جۆرێک حکومەتەکەی زەیدی نەتوانێت بڕیاری هەستیار تێپەڕێنێت بەبێ گەڕانەوە بۆ هێزە نەریتییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی.
گوتیشی: “ئامانجەکە ڕوخاندنی سیستمی سیاسی یان چوونە ناو ئۆپۆزسیۆنی نەریتی نییە، بەڵکو دروستکردنی حکومەتێکی گەمارۆدراوە لە ناو خۆیدا، کە هەمیشە ناچار بێت دانوستانی بەردەوام لەگەڵ ناوەندە کۆنەکانی هەژمووندا بکات.”
ئەم ئاڕاستەیە دوای کشانەوەی هێز و کەسایەتییە شیعەکان لە هاوپەیمانیی “ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان” وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەوەی ناویان نا پەراوێزخستن و پێشێلکردنی لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان، زیاتر بەهێز بوو؛ ئەمەش دەرفەتی بە مالیکی بەخشی کە خۆی وەک ناوەندی کۆکردنەوەی ئەو لایەنانە نیشان بدات کە بەهۆی سەرکەوتنی حکومەتە نوێیەکە زیانیان بەرکەوتووە، نەک تەنیا وەک سەرکردەیەک کە شەڕی سەرۆکایەتیی وەزیرانی دۆڕاندووە.
وەزارەتەکان وەک نەخشەی هەژموون
بەپێی سەرچاوەکە، شەڕی ئێستا تەنیا لەسەر ناوی وەزیرەکان نییە، بەڵکو لەسەر “تێچووی” وەزارەتەکان و قەبارەی ئەو هەژموونەیە کە لە ناو دەوڵەتدا دەیبەخشن. ناڕەزایەتیی پەرەسەندوو لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا هەیە لەسەر شێوازی دابەشکردنی وەزارەتە سیادی و خزمەتگوزارییەکان، بەتایبەتی نەوت و کارەبا؛ ئەمەش بەهۆی ئەو قورساییە داراییە گەورەیەی کە هەیانە.
بەپێی سەرچاوەکە مالیکی پێی وایە، ئەم کورتهێنانە دەرفەتی پێدەدات مەلەفی وەزارەتەکان دوای جەژنی قوربان سەرلەنوێ بەویستی خۆی دابڕێژێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر هەندێک لە بەربژێرەکان تووشی بەربەست یان ڕووبەڕووی تێبینی و ناڕەزایەتیی ئەمریکا ببنەوە، کە پەیوەستە بە پەیوەندیی هەندێک لە بەربژێرەکان بە گروپە چەکدارەکانەوە.
“هاوپەیمانیی بەهێزەکان” تەنیا ناونیشانێکی سیاسیی کاتی نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ سەرلەنوێ کێشانەوەی هاوسەنگییەکانی هێز لە ناو بەغداد، و ڕێگریکردن لە حکومەت تاوەکو نەبێتە ناوەندێکی بڕیاردانی سەربەخۆ لە هێزە نەریتییە شیعەکان.
پەیامێکی دوو لایەنە
سەرڕای ئەوەی مالیکی بەردەوامە لە ناردنی ئاماژەی ئاشکرا لەسەر کراوەیی خۆی بۆ هاوبەشی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەوروپا، بەڵام سەرچاوەکە پێی وایە ئەم پەیامانە بە مانای دەستبەرداربوونی ئەو لە ڕۆڵی خۆی لە ناو هەژموونی نزیک لە ئێران نایەت.
بەپێی سەرچاوەکە، هاوپەیمانییە نوێیەکە ڕەنگە بگۆڕێت بۆ ئامرازێکی گوشاری دوو لایەنە: لە لایەکەوە توانای پەکخستنی حکومەت بە مالیکی دەبەخشێت ئەگەر زەیدی لە لێکتێگەیشتن لەگەڵ واشنتۆندا زۆر بڕواتە پێشەوە، و لە لایەکی دیکەشەوە دەرفەتی پێدەدات مامەڵە لەگەڵ حکومەتدا بکات ئەگەر هەوڵیدا هەژموونی هێزەکانی سەر بە گروپە چەکدارەکان کەم بکاتەوە.
بەم مانایە، حکومەتەکەی زەیدی ڕووبەڕووی ئۆپۆزسیۆنێکی نەریتی نابێتەوە، بەقەد ئەوەی ڕووبەڕووی تۆڕێکی هەژموونی ناوخۆیی دەبێتەوە، کە لە یەکەم ڕۆژەوە هەوڵی چاودێریکردنی دەدات، و دەیەوێت لە ناو سنووری هاوسەنگییە کۆنەکاندا بیهێڵێتەوە. بەڵام ئەو پەیامەی کە مالیکی دەیەوێت جێگیری بکات، ئەوەیە کە چوونەدەرەوەی لە سەرۆکایەتیی حکومەت بە مانای چوونەدەرەوەی لە دەسەڵات نایەت، بەڵکو گواستنەوەیەتی بۆ پێگەیەکی دیکە کە زیاتر توانای ڕێگری، سەودا و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی هاوسەنگییەکانی هێزی لە ناو ماڵی شیعەدا هەیە، وەک ئەوەی سەرچاوە سیاسییە عێراقییەکە دەڵێت.





