
ڕۆژانێک ئاسمانی هەولێر و سلێمانی لەبەر فڕۆکەی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا بەرنەدەکەوت، لەسەر ئاستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا، دیبلۆماتکار و بەرپرسانی باڵای وەزارەتەکانی دەرەوەی ئەو وڵاتانە پەیتا پەیتا دەهاتنە هەرێمی کوردستان، لەو کاتانەی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاسایی بوو، تا ئەو کاتانەش کە گرژیی لە نێوانیاندا هەبوو ئەو بەرپرسە نێودەوڵەتیانە پێیان لە هەرێمی کوردستان نەبڕی، ئەگەر سەردانی هەولێریشیان نەکردایە لە پەیامەکانیاندا داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر – سلێمانی و هەولێر – بەغدا-یان دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ دۆخەکە بە تەواوی گۆڕاوە، نزیک دەبینەوە لە دوو ساڵ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکنەهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، زیاتر لەوەش ئەوە چوار ساڵە هەرێمی کورستان بێ پەرلەمان ماوەتەوە، بەڵام وادیارە چیتر ئەو پرسە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جێگەی بایەخ نیە.
لە برێت مەکگۆرک-ەوە بۆ تۆم باراک
ساڵی 2015 و لە سەروبەندی ئەو کێشانەی بەهۆی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە دروستبوون، دۆخێکی سیاسی قورس لە هەرێم دروستبوو، پارتی و گۆڕان وەک دوو بەرەی دژ بەیەک، دوو بۆچونی جیاوازیان لەسەر یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەبوو، یەکێتی تا ڕادەیەک بێلایەنی نیشان دابوو، بەڵام لەوکاتەدا چونکە نەوەی یەکەمی سەرکردەکانی حزبەکە لە دەسەڵاتدا بوون و هێشتا نەوەی دووەم (تاڵەبانیە گەنجەکان) نەگەیشتبوونە سەر کورسی دەسەڵات، یەکێتی ڕەچاوی دۆخی پارتی دەکرد و بێدەنگ بوو بەرامبەر ڕێکارە توندەکانی پارتی بەرامبەر گۆڕان (ڕێگریی لە سەرۆکی پەرلەمان و ناردنەوەی وەزیرەکان بۆ ماڵەوە).
دیارترین ڕووخساری ئەو کاتە برێت مەکگۆرک، نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش) بوو. مەکگۆرک و باڵیۆزی ئەو کاتەی ئەمریکا لە عێراق (ستیوارت جۆنز) سەردانی بەردەوامیان بۆ هەولێر و سلێمانی دەکرد، مەکگۆرک لەگەڵ سەرکردەی سەرجەم حزبە سەرەکییەکان (پارتی، یەکێتی، گۆڕان، و لایەنە ئیسلامییەکان) کۆبووەوە.
پەیامی واشنتۆن زۆر ڕوون بوو: “ئێستا کاتی ململانێی سیاسی و دەستووری نییە” ئەمریکییەکان داوایان دەکرد یەکلاکردنەوەی پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ دوای شەڕی داعش دوابخرێت.
هەر ئەمریکییەکان نەبوون، بەڵکو (یان کۆبیش) نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەو سەردەمەدا، وەک لایەنێکی بێلایەن بەشداریی لە کۆبوونەوە پێنج قۆڵییەکانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی دەکرد. نەتەوە یەکگرتووەکان هانی لایەنەکانیان دەدا کە بگەنە ڕێککەوتنێکی کاتی.
کاتێک لە ساڵی 2015 پارتی بە بڕیارێکی تاکلایەنە ڕێگریی لە د. یوسف محەمەد، سەرۆکی ئەوکاتەی پەرلەمانی کوردستان کرد بگەڕێتەوە هەولێر و پەرلەمانی داخست، دیپلۆماتکارە ئەوروپییەکان هۆشداری توندیان دایە هەموو لایەنەکان کە پەکخستنی پەرلەمان و حکومەت، وێنەی هەرێم لە ڕۆژئاوا تێکدەدات و کاریگەری دەکاتە سەر هاوکارییە سەربازییەکان. بەڵام ئەوە تەنها هۆشداریی بوو، نەچووە قۆناغی پێداچوونەوە بە هەڵوێستی ڕۆژئاوا بەرامبەر دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان (پارتی و یەکێتی)، بۆیە شارەزایان باس لەوە دەکەن، ئەگەر ئەو سەردەمە ڕۆژئاواییەکان ڕێگرییان لەو جوڵانەی پارتی بکردایە، هەرگیز لە داهاتوودا ئەو مامەڵەیەی بەرامبەر دامەزراوە شەرعیەکانی هەرێمی کوردستان کران، ڕوویان نەدەدا.
تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سوریا و باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە تورکیا، دیارترین ڕووخساری ئەم چەند ساڵەی ڕابردووە، ئەو هەرچەندە سەرەتای ئەمساڵ سەردانی هەولێری کرد، بەڵام سەردانەکەی لە دۆخێکدا بوو کە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان لەبەردەم مەترسیی کۆمەڵکوژیی دا بوون لەلایەن دەسەڵاتەکەی ئەحمەد شەرع.
هاتنی تۆم باراک و گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەربارەی رۆژئاوای کوردستان، لەمیدیاکانی پارتی دا وا لێدرایەوە کە بەهێزیی پێگەی ئەو حزبەیە وایکردووە ئەمریکییەکان بۆ پرسی ڕۆژئاوای کوردستان بگەڕێنەوە بۆ هەولێر، بەڵام لە ڕاستیدا واقعێکی تاڵ بوو هەم بۆ ئەو حزبە هەم بۆ کورد، چونکە تۆم باراک لە کاتێکدا هاتە هەرێمی کوردستان کە کێشەکانی پارتی و یەکێتی لە لوتکەدا بوون، پەرلەمان پەکخرابوو، حکومەت پێکنەهێنرابوو، سەرباری هەموو ئەم کێشانە بەڵام هێشتا بۆ ئەمریکییەکان ڕۆژئاوای کوردستان دۆسیەی لەپێشینە بوو نەک باشووری کوردستان.
ڕیفراندۆمی 2017
ئەمە گەورەترین تاقیکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەرێم و ڕۆژئاوا بوو. دوای ڕیفراندۆمەکەی 25ی ئەیلوولی 2017 و گرژییەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەپەلە دەستوەردانی کرد. ئەمریکا و فەڕەنسا فشارێکی دیپلۆماسی توندیان خستە سەر بەغدا بۆ ڕاگرتنی پێشڕەوییە سەربازییەکانی بەرەو هەولێر دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی کەرکووک. بەڵام لەبەرامبەردا جۆرێک لە گۆڕانکاریی لە دیدگایان بەرامبەر هەرێمی کوردستان بۆدروست بوو، ئەگەر بەر لە ڕیفراندم برێت مەکگۆرک داوای کردبێ دەسەڵاتەکانی سەرۆک کەم بکرێنەوە، بەڵام پۆستەکە بە بەتاڵی نەمێنێتەوە، تا ئەو کاتەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، ئەوا دوای ڕیفراندۆم بە فشاری ڕۆژئاوا مەسعود بارزانی دەستبەرداری پۆستەکەی بوو، هەڵبژاردنی سەرۆک لە (دەنگدانی راستەوخۆی خەڵک)ەوە گۆڕا بۆ (هەڵبژاردنی لەنێو پەرلەمان)دا.
بێدەنگیی ئەمریکا و ئەوروپا بەرامبەر پێشێلکردنی ئازادییەکان
دەستگیرکردنی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی دەڤەری بادینان و دادگاییکردنیان، کاردانەوەی توندی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و پەڵەیەکی ڕەش بوو لەسەر تۆماری مافی مرۆڤی هەرێم.
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، کونسوڵخانەی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی (بەتایبەت ئەڵمانیا بەهۆی ئەوەی هەندێک لە دەستگیرکراوەکان پێشتر لەوێ بوون) بەیاننامەی فەرمی هاوبەشیان دەرکرد و لە کۆبوونەوە گشتی و تایبەتەکاندا فشاریان دروست کرد.
ئەم پرسە وایکرد کە لە ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەشێکی تایبەت و ڕەخنەیی توند بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان بکرێت.
بەڵام فشارەکان نەبوونە هۆی ڕاگرتنی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ کەیسی ئەو ڕۆژنامەنووسانە، لەمساڵدا جارێکی دیکە سزای شێروان شێروانی ڕۆژنامەنووس درایەوە (کە دەبوو ئازاد بکرێت) بەڵام ئەمجارە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگیی هەڵبژارد و هیچی نەگوت.
ساڵی ڕابردوو لە سلێمانی هێزە ئەمنییەکان لە گەمارۆیەکی چەند کاتژمێریی و پاشان هێرشکردنەسەر هۆتێل لالەزار، لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل و پۆڵاد شێخ جەنگی برای و ژمارەیەک بەرپرسی سەربازیی و مەدەنی ئەو حزبەیان دەستگیرکرد، لەڕووی یاساییەوە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کودەتا بەسەر بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی دراوەتە پاڵ کوڕانی شێخ جەنگی، بەڵام تا ئەم ساتە نە دادگا تۆمەتەکانی سەلماندووە، نە لاهور و پۆڵاد شێخ جەنگیش بێتاوانیی خۆیان سەلماندووە.
ئەوەی لەشەوی ئەو هێرشەدا جێگەی سەرنج بوو، بەکارهێنانی چەک و بەشێک لەو هێزانە بوون کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە یەکێتی بەخشیبوو، بەڵام ئەمریکی و ئەوروپییەکان لەم ڕووداوەشدا جگە لە چەند بەیاننامەیەکی ئاسایی، هیچ هەڵوێستێکیان نەبوو.
کورد وەك شەڕکەر نەک وەک سیاسی
لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا (2024 تا 2026) ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکی و ئەوروپی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، بەڵام لەزۆرینەی سەردانەکاندا پرسی سەربازیی تاوتوێکراوە نەک سیاسی، ئەوەش ئەو دیدە زیاتر دەچەسپێنێت کە کورد لە دیدی ئەوانەوە “شەڕکەرە” نەک “سیاسی و دیبلۆمات”.
باربارا لیف، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک
ئامانجی سەردانەکە: بۆ پاڵپشتی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان و چارەسەرکردنی کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پشکی پێکهاتەکان.
جەیول ڕەیبێرن نێردراوی تایبەتی پێشووتری ئەمریکا و ڕاوێژکاری باڵای ئێستای پنتاگۆن:
ئامانجی سەردانەکە: تایبەت بوو بە دۆخی شنگال، ڕۆژاوای کوردستان و هەماهەنگی سەربازی پێشمەرگە و هاوپەیمانان.
جەنەراڵ جوێل ڤاوێل فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا
ئامانجی سەردانەکە: بەهۆی سروشتی کارەکەیەوە چەندین جار سەردانی هەولێری کردووە و لەگەڵ فەرماندەکانی پێشمەرگە کۆبووەتەوە بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی 70 و 80.
تۆماس ئێستیوارت جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا
ئامانجی سەردانەکە: تایبەت بە نوێکردنەوە و بەدواداچوونی مەرجەکانی “یاداشتی لێکتێگەیشتنی پنتاگۆن و پێشمەرگە” سەردانی هەرێمی کرد
ئامۆس هۆکستاین ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری وزە و وەبەرهێنان (سەردانی ناڕەسمی/دیپلۆماسی)
ئامانجی سەردانەکە: پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی تورکیاوە تەوەری سەرەکی بوو.
دەیڤید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا
ئامانجی سەردانەکە: دوای گۆڕانکارییەکانی حکومەتی بەریتانیا، لە چوارچێوەی سەردانێکیدا بۆ عێراق هاتە هەولێر بۆ جەختکردنەوە لە پەیوەندییە مێژووییەکانی لەندەن و هەولێر.
مارشا دی کۆردۆڤا نێردراوی تایبەتی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا
ئامانجی سەردانەکە: زیاتر ڕەهەندی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، پێکهاتەکان و پاڵپشتی پرۆسەی دیموکراسی هەبوو.
سێباستیان لێکۆرنو وەزیری بەرگری فەڕەنسا
ئامانجی سەردانەکە: فەڕەنسا وەک هاوپەیمانێکی نزیکی کورد، وەزیرەکەی نارد بۆ بەسەرکردنەوەی هێزەکانی فەڕەنسا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرکردایەتی هەرێم.
ئۆلیڤیا گۆریا وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری بازرگانی و گەشتوگوزار
ئامانجی سەردانەکە: بۆ بەهێزکردنی کەرتی ئابووری و وەبەرهێنانی کۆمپانیا فەڕەنسییەکان لە هەرێم.
ئانالینا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا
ئامانجی سەردانەکە: ئەڵمانیا گرنگییەکی زۆر بە دۆخی ئێزدییەکان و شنگال دەدات؛ سەردانەکەی بێربۆک بۆ بەدواداچوونی پڕۆژە مرۆییەکان و دۆخی ئۆردوگاکانی ئاوارەکان بوو لە دهۆک و هەولێر.
تۆبیاس لیندنەر وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا
ئامانجی سەردانەکە: تایبەت بە پرسی درێژکردنەوەی مۆڵەتی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق سەردانی هەرێمی کرد.
کورد مۆنیتەر لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قسەیکرد، ئەو نەیشاردەوە پەیوەندیی دیبلۆماتیی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا چوەتە قۆناغی شەخسیەوە نەك دامەزراوە، گوتیشی: هەفتانە لەنێوان یەکێتی و دیبلۆماتکار و بەرپرسانی ئەمریکا و ئەوروپا پەیوەندیی هەیە، بەڵام بەداخەوە دۆخەکە وای لێهاتووە لەجیاتی ئەوەی حکومەت و پەرلەمانەکەمان کەناڵی یەکەمی ئەو پەیوەندییانە بن، حزبەکان جێگەی حکومەتی لە پەیوەندیی نێودەوڵەتی گرتووەتەوە.
بەڵام بەرپرسێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان کە قسەی بۆ کورد مۆنیتەر کرد ڕایەکی پێچەوانەی بەرپرسەکەی یەکێتی هەبوو، ئەو گوتی: ڕەنگە هەندێک جموجوڵی دیبلۆماتی ڕۆژئاوا لەگەڵ هەرێمی کوردستان کەمبووبنەوە، بەڵام ئەوە بەمانای فەرامۆشکردنی هەرێمی کوردستان نایەت، چونکە هێشتا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی تیرۆر، ئازادییەکان و شێوازی حوکمڕانیی، بە دوو چاوی جیاواز تەماشای بەغدا و هەولێر دەکات.
دەرئەنجام:
لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا زۆر پرسی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان کە بوونە هۆی دەستپێکردنی ململانێی توند لەنێوان پارتی و یەکێتی، بەبێ قسەی رۆژئاواییەکان ئەو دوو حزبە خۆیان یەکلاییان کردوەتەوە، جا یان پارتی لە هەندێکیاندا براوە بووە، یان یەکێتی. بەڵام لەکۆتایدا ئەوەی شکستیهێناوە ئەو دامەزراوە باڵایانەی هەرێمی کوردستانە، کە بڕیار بوو ببنە نوێنەر و سەرچاوەی دەسەڵاتی هەرێمە فیدراڵییەکەی نێو عێراق. بەڵام ململانێی پارتی و یەکێتی و شێواویی گوتاری ئۆپۆزسیۆن، دۆخێکی دروستکردووە کە هاووڵاتیان باوەڕیان بە هەڵبژاردن نەماوە و هەموو هەڵبژاردنێکیش ڕێژەی بایکۆتکردن بەرەو هەڵکشان دەڕوات.





