ڕاپۆرتێکی ئەمریکی گومان لە تواناکانی عەلی زەیدی دەکات بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە ئێران

 

پەیمانگایەکی ئەمریکی، پێش دەستبەکاربوونی حکومەتەکەی عەلی زەیدی کەوت، بۆ ئەوەی گومان لە توانای ناوبراو بکات لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی بە ئەمریکییەکانی داوە، سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئێران لە عێراقدا. پەیمانگاکە پێی وایە زەیدی “نەیسەلماندووە کە دەتوانێت ئەو بەڵێنەی بە واشنتۆنی داوە، جێبەجێی بکات”، بەتایبەتی بەهۆی ئەو پێکهاتەیەی حکومەتەکەی کە ئامادەی کردووە.

پەیمانگای “کۆڕبەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە جەنەراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، بە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکای ڕاگەیاندووە کە زەیدی بەڵێنی داوە عێراق لە ئێران دوور بخاتەوە، بەڵام ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە یەکەمین هەنگاوەکانی زەیدی لە دوای گرتنەدەستی پۆستەکەی، ئەوە نیشان دەدەن کە ئەو پابەندی ئەو بەڵێنە نییە.

پێکهێنانی حکومەت لەژێر سێبەری قائانی دا

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، زەیدی حکومەتەکەی لەژێر فشاری ئێراندا پێکهێناوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی، لانی کەم دوو جار سەردانی بەغدای کردووە لە کاتی بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێدا؛ کە تێیدا وا دیارە ــ بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان ــ لە دۆسیەکانی پەیوەست بە ئێران و واشنتۆن، هێڵە سوورەکانی بۆ گرووپە چەکدارەکان دیاری کردووە

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردوە، کە پێکهاتەی حکومەتەکەی زەیدی هێشتا تەواو نەبووە و وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ ناگرێتەوە، ڕوونی کردەوە کە ئەم دوو وەزارەتە بەرپرسیارن لە ئاسایش، چەک، دارایی، دامەزراندن و پەیوەندی دەوڵەت بە گرووپە چەکدارەکانەوە؛ بۆیە حکومەتێک کە کارەکانی بەبێ وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ دەست پێبکات، ناتوانێت پابەندبوونە ئەمنییە سەرەکییەکانی بەرامبەر بە واشنتۆن جێبەجێ بکات.

پەیمانگەکە پێی وایە زەیدی نەیسەلماندووە کە نیازی هەیە عێراق لە ئێران دوور بخاتەوە، و دەڵێت کاتێک لە بەغدا قسە دەکات، زمانی هاوسەنگی و هێورکردنەوەی گرژییەکان بەکاردەهێنێت، بەڵام لە میدیا فارسییەکاندا وا دەردەکەوێت کە زیاتر جەخت لەسەر پێگەی عێراق لەناو هێڵی ستراتیژیی ئێراندا دەکاتەوە.

دابەشکردنی پۆستەکان و پێدانی پێگە بە دۆستەکانی ئێران

بەپێی ڕاپۆرتەکە، وەزارەتی پەیوەندییەکان دراوە بە مستەفا سەنەد، کە یەکێکە لە گرنگترین وەزارەتەکان لە دەوڵەتێکدا کە لەسەر تۆڕەکان، داتا و ژێرخانی دیجیتاڵی وەستاوە، و پێدانی ئەم وەزارەتە بۆ دەستی کەسایەتییەکی نزیک لە هێڵەکەی ئیسماعیل قائانی، پەنجەرەیەک بە فەیلەقی قودس دەبەخشێت بۆ سەر پەیوەندییەکانی عێراق.

وەک نموونەیەکی تر، ڕاپۆرتەکە ڕایگەیاندووە کە زەیدی وەزارەتی گواستنەوە و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی بەخشیوەتە ڕێکخراوی بەدر، هەروەها قاسم ئەعرەجی وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی هێشتووەتەوە، کە ئەویش کەسایەتییەکی ناو ڕێکخراوی بەدرە و هەژموونی بەدری ڕاکێشاوە بۆ ناو وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانی وەڵامدانەوەی خێرا؛ بۆیە ناکرێت حکومەتەکەی زەیدی دوو وەزارەت و ئاسایشی نەتەوەیی بداتە ڕێکخراوی بەدر و پاشان بانگەشەی ئەوە بکات کە عێراق لە ئاڕاستەی ئێران دوور دەخاتەوە.

هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە ئامادەبوونی قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق کردووە لە پرۆسەی دەنگدان بەکابینەکەی زەیدی، ئەمەش بەو مانایەیە کە زەیدی یاریزانێکی سەربەخۆ نەبووە لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا، بەڵکو ئەو بەربژێری خەزعەلییە؛ چونکە ئەگەر زەیدی نیازی دوورخستنەوەی عێراقی لە ئێران هەبووایە، ڕێبەری عەسائیب دژایەتی دەکرد نەک یارمەتی بدات لە تێپەڕاندن و پەسەندکردنی حکومەتەکەیدا.

لە جیاتی داماڵینی چەکی میلیشیاکان، ڕاپۆرتەکە دەڵێت زەیدی پێشنیاری گواستنەوەی ئەوان دەکات بۆ ناو هێزەکانی حەشدی شەعبی، و دەشڵێت ئەگەر سەرکردە، شەڕکەر، دڵسۆزی و پێکهاتەی یەکەکان وەک خۆیان بمێننەوە، ئەوا گۆڕینی ناوی گرووپێکی چەکدار بۆ لیوایەکی سەربازیی ڕێکخراو کێشەکە چارەسەر ناکات.

دووبارەبوونەوەی هەڵەکانی واشنتۆن

لەسەر ئەم بنەمایە، ڕاپۆرتەکە دەڵێت واشنتۆن هەڵەکانی خۆی دووبارە دەکاتەوە، چونکە پێشتر پاڵپشتی ئەو حکومەتانەی کردووە کە بەڵێنی بەدیهێنانی هاوسەنگییان لە نێوان دەوڵەت و میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی دابوو، بەڵام ئەنجامەکە هەمیشە کارگەرییەکی قووڵتری گرووپە چەکدارەکان بووە لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا. ڕاپۆرتەکە دەشڵێت زەیدی لە هەمان دەرگاوە دێتە ژوورەوە کە ئەوانەی دیکە لێوەی هاتوون، ئەویش لە ڕێگەی پێشکەشکردنی بەڵێن بە ئەمریکییەکان، و لێکتێگەیشتن لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی، و دواخستنی دابەشکردنی ئەو پۆستانەی کە پێگەی ئێران لە ناو عێراقدا دیاری دەکەن.

له‌ به‌شێکی تری ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە زۆر کەس پێشبینییان دەکرد ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە ڕێبازی باراک ئۆباما و جۆ بایدن جیا ببێتەوە، بەڵام لە جیاتی ئەوە دەبینن واشنتۆن پاڵپشتی لە حکومەتی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات و بەڵێنە ناڕاستەکان قبوڵ دەکات.

ڕاپۆرتە ئەمریکییەکە لە کۆتاییدا دەڵێت، حکومەتەکەی زەیدی “لەژێر سێبەری قائانی”دا پێكدێت، ڕەزامەندی ئێرانی بەدەستهێناوە، بە پاڵپشتی گرووپە چەکدارەکان تێپەڕێنراوە، بە ناتەواوی دەستی پێکردووە، هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی بەبێ چارەسەر جێهێشتووە، وەزارەتی پەیوەندییەکانی خستووەتە دەست کەسایەتییەکی نزیک لە ئاڕاستەکەی قائانی، و هێزەکانی حەشدی شەعبی لە لوتکەی بەرنامەی کارەکەیدا داناوە.

ڕاپۆرتەکە پێی وایە ئەم ڕاستییانە ناتوانن وا لە حکومەتی نوێی عێراق بکەن کە لە ئێران دوور بکەوێتەوە، و دەڵێت زەیدی نەیسەلماندووە کە دەتوانێت ئەوەی بە واشنتۆنی گوتوە جێبەجێی بکات، بەڵکو تەنها ئەوەی سەلماندووە کە دەتوانێت ڕووبەڕووبوونەوەکە دوا بخات؛ بەڵام ئێستا پێویستە لەسەر واشنتۆن نیشانی بدات کە ئامراز و ئازایەتی پێویستی هەیە، بۆ ناچارکردنی زەیدی تاوەکو بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات.

Back to top button