
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکی، بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە سەرەتای جەنگی ئێراندا پلانێکی نهێنییان هەبووە بۆ ئەوەی مەحموود ئەحمەدینەژاد، سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران لە دەستبەسەریی ماڵەکەی رزگاربکەن و بیگەڕێننەوە سەر دەسەڵات. دۆناڵد ترەمپ پێیوابوو کە باشترە “کەسێک لە نێوخۆی ئێران” وڵاتەکە بەڕێوەببات و ئەو کەسەش کە لە مێشکیدا بوو، ئەحمەدینەژاد بوو.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، ئەم پلانە لە یەکەم رۆژی جەنگدا تێکچوو. فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی ئەحمەدی نەژاد لە تاران بەو ئامانجەی ئەو پاسەوانانە بکوژن کە لە دەوری ماڵەکەی بوون و دەستبەسەریان کردبوو. لەو هێرشەدا ئەحمەدی نەژاد بریندار بوو و پاش ئەوەی لەو مەترسییە رزگاری بوو، تاوەکو ئێستا بە ئاشکرا نەبینراوە و کەس نازانێت لە کوێیە و باری تەندرووستی چۆنە.
بۆچی ئەحمەدی نەژاد بژاردەکە بوو؟
هەڵبژاردنی ئەحمەدی نەژاد بۆ سەرکردایەتیکردنی ئێرانی نوێ بابەتیکی کەمێک سەیر بوو، چونکە لە ساڵانی سەرۆکایەتی (2005-2013) بەوە دەناسرا کە دەیگوت دەبێت “ئیسرائیل لەسەر نەخشە بسڕدرێتەوە.”
هەروەها ئەحمەدی نەژاد لایەنگرێکی سەرسەختی بەرنامەی ئەتۆمی و رەخنەگرێکی تووندی ئەمریکا بوو، بەڵام لە ساڵانی دواییدا کێشەی لەگەڵ سەرکردایەتیی ئێران دروستکرد و بە گەندەڵی تۆمەتباری دەکردن. ئیدارەی ترەمپ پێیان وابوو ئەحمەدی نەژاد کەسایەتییەکی ناسراوە و دەتوانێت دۆخی سیاسی و سەربازیی ئێران کۆنترۆڵ بکات.
ئانا کێلی، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە وەڵامی پرسیارێکدا گوتی: “ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی (توڕەیی داستانئاسا) تێکشکاندنی مووشەکەکان و بنکەکانی بەرهەمهێنانییان بوو. سوپای ئەمریکا هەموو ئامانجەکانی پێکاوە و ئێستا نێوەندگیرەکانمان کاردەکەن بۆ رێککەوتنێک کە کۆتایی بە توانای ئەتۆمیی ئێران بهێنێت.” مۆساد، دەزگەی هەواڵگریی ئیسرائیل، ئامادە نەبوو هیچ قسەیەک لەسەر ئەم پلانە بکات.
مۆدێلی ڤەنزوێلا لە تاران
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، دۆناڵد ترەمپ زۆر سەرسام بووە بە سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا. ترەمپ پێی وابوو ئەو مۆدێلەی لەوێ جێبەجێکرا و هێنانە سەرکاری دێڵسی رۆدریگێز وەک سەرۆکی نوێ کە هاوکاری کۆشکی سپییە، دەکرێ لە ئێرانیش دووبارە بکرێتەوە و ئەحمەدی نەژاد بکرێتە سەرۆک.
بەگوێرەی پلانی ئیسرائیل، جەنگەکە دەبوو بە سێ قۆناغدا تێپەڕێ:
قۆناغی یەکەم: هێرشی ئاسمانی و کوشتنی سەرکردە باڵاکانی ئێران و هاندانی کورد بۆ شەڕی سوپا.
قۆناغی دووەم: دروستکردنی ناسەقامگیریی سیاسی لە نێوخۆی وڵات.
قۆناغی سێیەم: رووخانی دەسەڵات بەهۆی گوشاری زۆری سیاسی و تێکچوونی خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا، تاوەکو حکومەتێکی جێگرەوە بێتە سەر کار.
بەڵام جگە لە هێرشە ئاسمانییەکان و کوشتنی رێبەری باڵا، هیچ کام لە بەشەکانی دیکەی پلانەکە وەک ئەوەی ئیسرائیل و ئەمریکا دەیانویست بەڕێوەنەچوو. ئیسرائیلییەکان پێشتر وایان دەزانی ئێران زۆر زوو دەڕووخێت، بەڵام بەرگریی ئێران لەوە زیاتر بوو کە چاوەڕێیان دەکرد.
مەحموود ئەحمەدینەژاد بۆ 8 ساڵ سەرۆککۆماری ئێران بوو. ئەحمەدینەژاد لە ساڵی 2019دا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نیویۆرک تایمز ستایشی دۆناڵد ترەمپی کرد و گوتی پیاوی بڕیاردانە.





