
ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا پەنا دەبەنە بەر ڕۆبۆتەکانی چاتی پاڵپشتیکراو بە ژیریی دەستکرد، بۆ وەرگرتنی یارمەتی لە کاروباری داراییاندا؛ لەوێدا پرسیاری پەیوەندیدار بە بەڕێوەبردنی بودجە، پلانی دانەوەی قەرزەکان، ستراتیژییەکانی خانەنشینی و بژاردەکانی وەبەرهێنان دەخەنە ڕوو.
سەرباری ئەو خێراییە بێوێنەیەی ئەم ئامرازانە لە دابینکردنی زانیارییە پێویستەکان بۆ ڕێنمایی دارایی پەیڕەوی دەکەن، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە خەڵکی بۆ بەدەستهێنانی وەڵامی ورد، زانیاریی دارایی زۆر هاوبەشیی پێ دەکەن، بێ ئەوەی درک بەوە بکەن کە ئەم زانیارییانە دەکەونە دەستێکی نادڵنیایەوە، ڕەنگە ببێتە هۆی بەتاڵکردنەوەی هەژمارە بانکییەکانیان یان دزینی ناسنامەکەیان.
ڕاپرسییەک کە لەلایەن کۆمپانیای “سیسکۆ”وە ئەنجامدراوە، دەریخستووە کە 29لەسەدی بەکارهێنەرانی ژیریی دەستکرد لە جیهاندا، زانیاریی کەسی یان نهێنییان داوە بە ڕۆبۆتەکان، لەنێویاندا زانیارییە دارایی و تەندروستییەکانیان، ئەمەش مەترسیی جیددی لەسەر پاراستنی نهێنیی زانیارییەکان دروست دەکات. بەتایبەت کە تۆژینەوەیەکی زانکۆی “ستانفۆرد” نیشانی داوە شەش کۆمپانیا (ئەمازۆن، ئەنسرۆپیک، گۆگڵ، مێتا، مایکرۆسۆفت، و ئۆپن ئەی ئای) ئەو زانیارییانە بەکاردەهێنن کە ڕۆبۆتەکان لە بەکارهێنەرانی وەردەگرن بۆ پرۆسەی ڕاهێنانی بەرنامەکانی ژیریی دەستکرد.
هەروەها دەرکەوتووە کە هەندێک لەم کۆمپانیایانە زانیارییەکان بۆ ماوەیەکی نادیار دەهێڵنەوە، ئەمەش دەرگا لەبەردەم ئەگەری قۆستنەوەی زانیارییەکانی بەکارهێنەران دەکاتەوە، جا چ بە ئەنقەست بێت یان بەهۆی کەمتەرخەمییەوە.
لەو چوارچێوەیەدا، ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “واشنتن پۆست” لیستێکی بڵاوکردووەتەوە کە پێنج پۆلێن لە وردەکارییە داراییەکان لەخۆدەگرێت کە نابێت ڕۆبۆتە زیرەکەکان بیزانن، ئەوانیش:
1. بەڵگەنامە داراییەکان
وەک دەقە بانکییەکان (کەشف حیساب)، زانیاریی مووچە، ڕاگەیاندراوەکانی باج یان هەر فایلێک کە زانیاریی دارایی هەستیاری تێدا بێت. ئەم بەڵگەنامانە تەنیا ژمارەکان ئاشکرا ناکەن، بەڵکو وێنەیەکی گشتگیر لەسەر دۆخی دارایی، سەرچاوەکانی داهات و شێوازی خەرجکردنت دەخەنە ڕوو. ئەگەر لایەنێکی باوەڕپێنەکراو دەستی بەم زانیارییانە بگات، دەکرێت لە ساختەکاریی دارایی یان تەنانەت بۆ سەرانەسەندن و باج وەرگرتن (سەپاندنی سەرانە) بەکاربهێنرێن. هەروەها هەندێک لە سیستمەکان ڕەنگە ئەم فایلانە بۆ مەبەستی باشترکردنی کارایی پاشەکەوت بکەن، ئەمەش ئەگەری دزەکردنیان لە داهاتوودا زیاتر دەکات.
2. زانیاریی وردی مامەڵە داراییەکان
کاتێک وردەکاریی وردی وەک ڕێکەوتی مامەڵەکان، بڕی پارەکان یان ئەو لایەنانەی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەیت هاوبەشیی پێ دەکەیت، تۆ لە بازنەی “بەکارهێنەری نەناسراو” دێیتە دەرەوە بۆ کەسێک کە دەکرێت بە وردی چاودێری بکرێت و شیکاری بۆ بکرێت. ئەم زانیارییانە هەندێک جار وەک نیشاندەری پشتڕاستکردنەوە (Verification) بەکاردێن، بۆیە ئەگەر بکەونە دەستی نەشیاو، دەکرێت لەگەڵ زانیارییە دزەپێکراوەکانی دیکەی وەک کارتەکانی کرێدیت تێکەڵ بکرێن بۆ پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەکەت. ئەم جۆرە زانیارییانە پرۆسەکانی ساختەکاریی پێشکەوتوو ئاسان دەکەن کە پشت بە بنیاتنانی وێنەیەکی تەواو لەسەر قوربانییەکە دەبەستن.
3. زانیاریی دیاریکراو لەسەر قەرزەکان
هاوبەشکردنی وردەکارییەکانی قەرزەکەت، وەک ناوی قەرزدەرەکان یان بڕی پارەی شایستە، دەرفەت دەداتە ساختەکاران بۆ داڕشتنی سیناریۆی زۆر باوەڕپێکراو بۆ ساختەکاری. بۆ نموونە، کەسێکی خەڵەتێنەر دەتوانێت پەیوەندیت پێوە بکات و بانگەشەی ئەوە بکات کە لە لایەنی قەرزدەرەکەوەیە، ئەمەش بە پشتبەستن بەو زانیارییە ڕاستانەی کە پێشتر لەگەڵ ژیریی دەستکرددا هاوبەشت کردوون.
بۆیە دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگریت کە هاوبەشکردنی زانیاریی دیاریکراو لەسەر قەرزەکان ڕەنگە ببێتە هۆی بەدواداچوونت و بەستنەوەی زانیارییەکانت بە یەکترەوە، و ئەگەر بە ناسنامەتەوە بەسترانەوە، ئەوا دەبیتە ئامانجی پرۆسەکانی ساختەکاری کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و کەسی دەکرێیتە ئامانج.
4. زانیارییە کەسییەکان
ئەم پۆلە ناوی تەواو، ژمارەی تەلەفۆن، ناونیشانی ماڵ و شوێنی کار، ژمارەی ناسنامە یان پاسپۆرت دەگرێتەوە. مەترسیی ئەم زانیارییانە لەوەدایە کە ڕاستەوخۆ بۆ دیاریکردنی ناسنامەکەت بەکاردێن. کاتێک دەخرێنە ناو سیستمەکانی ژیریی دەستکردەوە، ڕەنگە لەناو بنکەدراوە گەورەکاندا کۆبکرێنەوە یان شیکارییان بۆ بکرێت. لە حاڵەتی ڕوودانی دزەکردن یان خراپ بەکارهێناندا، دەکرێت ئەم زانیارییانە ببەسترێنەوە بە تەواوی زانیارییەکانی دیکەت لەسەر ئینتەرنێت، ئەمەش وا دەکات ناسنامەکەت بە ئاسانی ئاشکراببێتە.
5. زانیارییەکانی کارکردن
ئەم پۆلە ناوی کۆمپانیا، پۆستی کار، مووچە یان هەر وردەکارییەکی پەیوەندیدار بە کارەکەوە دەگرێتەوە. ئەم زانیارییانە زۆر لە پرۆسەکانی ساختەکاریدا بەکاردێن چونکە ڕەهەندێکی باوەڕپێکراو دەدەن بە هێرشەکە. زانینی شوێنی کارەکەت ڕەنگە ڕێگە بە ساختەکارەکە بدات کە خۆی وەک لایەنێکی فەرمی نیشان بدات، یان نامەیەک بنێرێت کە وەک ئەوە دەرکەوێت لە بەشی سەرچاوە مرۆییەکانەوە (HR) هاتووە. هەروەها دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ پێشکەشکردنی داواکاریی قەرز یان کارتی کرێدیت بە ناوی تۆوە، بەتایبەت ئەگەر لەگەڵ زانیارییە کەسییەکانی دیکەدا تێکەڵ بکرێت، بۆیە ئەم زانیارییانە بە ئەڵقەیەکی هەستیار لە زنجیرەی ئاسایشی دیجیتاڵیدا دادەنرێن.
کاتێک ساختەکارەکە خاوەنی وردەکاریی ورد بێت لەسەر ناو و ناسنامەی بەکارهێنەران و هەژمارە بانکییەکانیان و مامەڵە و گواستنەوەکانی پێشوویان، بۆ لایەنە چاودێرییەکان قورس دەبێت جیاوازی لە نێوان کەسی ڕاستەقینە و کەسی ساختەکاردا بکەن، ئەمەش ئەگەری وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی گواستنەوەی پارە یان هاوبەشکردنی کۆدەکانی پشتڕاستکردنەوە لەگەڵ لایەنی هەڵەدا زیاتر دەکات. ئاماژەی بەوەش کردووە کە توانای هاکەرەکان بۆ بەستنەوەی ناوی ڕاستەقینەی بەکارهێنەر بە ناسنامە داراییەکەی و ڕەفتاری بەکاربردنی بە تەواوی، بە یەکێک لە مەترسیدارترین شێوەکانی هێرشە سیبرانییە هاوچەرخەکان دادەنرێت.
بەکارهێنەران ئێستا بە جۆرێک مامەڵە لەگەڵ بەرنامە و ڕۆبۆتەکانی ژیریی دەستکرددا دەکەن وەک ئەوەی لە دانیشتنێکی چاتی تایبەتدا بن، بێ ئەوەی تێبگەن کە ئەو زانیارییانەی هاوبەشی دەکەن، بەناو چەندین چینی کارپێکردندا تێپەڕدەبن کە بریتین لە: سیستمەکانی کۆگای هەورى (Cloud storage)، تۆمارەکانی کارپێکردن و سیستمەکانی ڕاهێنان. ئەم فرەچینییە لە چینەکانی کارپێکردندا ئاستی مەترسییەکان دوو هێندە دەکات، بەتایبەت کاتێک بابەتەکە پەیوەندی بە زانیاریی دارایی هەستیارەوە هەبێت، کە ڕەنگە بە شێوازێک بەکاربهێنرێت یان شیکاری بۆ بکرێت کە لە خواست و نیەتی سەرەتایی بەکارهێنەرەکە تێپەڕێت.
خودی ژیریی دەستکرد، بە سەرچاوەیەکی ڕاستەوخۆی مەترسی دانانرێت، کێشەکە لە تەکنەلۆجیاکەدا نییە، بەڵکو لە زێدەڕۆیی لە هاوبەشکردنی زانیارییەکانە لەگەڵیدا. لەم سۆنگەیەوە، کەمکردنەوەی ئاشکراکردنی زانیارییە دارایی و کەسییەکان، دەبێتە توخمێکی سەرەکی لەناو ڕاهێنانەکانی ئاسایشی دیجیتاڵیی کەسیدا، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەی ئەگەرەکانی قۆستنەوە یان دزەکردن.





