
دەوڵەتی یاسای نووری مالیکی کار لەسەر لابردنی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکات. بەرپرسێکی باڵاش دەڵێت، دوای تەواوبوونی پشووی جەژن، ژمارەی پێویستی پەرلەمانتاران بۆ ئەم هەنگاوە کۆدەکرێتەوە.
گۆڕەپانی سیاسیی عێراق لە دوای دانیشتنی پێدانی متمانە بە حکومەتەکەی عەلی زەیدی، بەرەو قۆناغێکی نوێی گرژی و جەمسەرگیریی تووند هەنگاو دەنێت. لەم چوارچێوەیەدا، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی، جموجۆڵێکی بەرفراوانی بۆ گۆڕینی هاوکێشەکان دەستپێکردووە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەو شکستە سیاسییەی کە لە کاتی دەنگدان لەسەر کاندیدانی کابینە نوێیەکە تووشی بوو.
لە نوێترین پێشهاتدا، ڕەسول ڕازی، ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ئاشکرای کرد، هاوپەیمانێتییەکەیان بە فەرمی کار بۆ لادانی هەیبەت حەلبوسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکات.
ڕازی ئاماژەی بە بوونی هەوڵێکی گەورە و بەهێز لە ناو گۆڕەپانی سیاسیدا کرد بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەو “دژایەتی و پێشێلکارییانە” دەگەڕێنێتەوە کە لە کاتی بەڕێوەبردنی دانیشتنی پێدانی متمانە بە حکومەتەکەی زەیدی ڕوویانداوە.
بە گوتەی ڕەسول ڕازی، دوای تەواوبوونی پشووی جەژن، ژمارەی پێویستی پەرلەمانتاران بۆ ئەم هەنگاوە کۆدەکرێتەوە و گۆڕانکاریی سەرەکی و سەرکەوتوو لە پرۆسەی سیاسیدا دێتە ئاراوە.
ئەم بەرەیە نوێیەی دەوڵەتی یاسا دوای ئەوە دێت کە کاندیدەکانیان بۆ وەزارەتەکانی ناوخۆ و خوێندنی باڵا لە پەرلەمان تێنەپەڕێندران، کێشەیەک کە ڕەسول ڕازی وەک “پیلانگێڕی و بە ئامانجگرتنی سیاسی” لەلایەن چەند لایەنێکی شیعی و سوننە و کورد وەسفی دەکات.
ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوەش کردەوە کە ناوی وەزیرە پێشنیازکراوەکانیان پێش دانیشتنی متمانەدان بە فەرمی پێشکەشی سەرۆکوەزیران کرابوو و هیچ تێبینی یان ڕەتکردنەوەیەک لەسەریان نەبوو، بۆیە ئەوەی ڕوویداوە جۆرێکە لە پەراوێزخستنی بەئەنقەست.
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرای کردووە کە پەرتبوونی ناوخۆیی لە ناو ماڵی شیعەدا خەریکە دەگاتە قۆناغی جیابوونەوەی یەکجاری، بە شێوەیەک کە چوارچێوەکە دەبێتە دوو بەرەی دژ بەیەک. بەرەی یەکەم بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی و لە ژێر ناوی “هاوپەیمانیی بەهێزەکان” لەدایک دەبێت و ئەم هێزانە لەخۆ دەگرێت:
-هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی.
-هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆکایەتیی هادی عامری.
-هاوپەیمانیی عەقدی وەتەنی کە سەر بە دەستەی حەشدی شەعبیە بە سەرۆکایەتیی فالح فەیاز.
-هاوپەیمانیی ئەبشیر یا عێراق کە هوومام حەموودی سەرۆکایەتیی دەکات.
-فراکسیۆنی سەنەدی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری پێشووی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی.
-هاوپەیمانیی ئەساسی عێراقی کە موحسین مەنەدەلاوی سەرۆکیەتی.
-هاوپەیمانیی خەدەمات کە شبل زەیدی سەرۆکایەتیی دەکات و باڵی چەکداریی هەیە.
-فراکسیۆنی حقوق بە سەرۆکایەتیی حوسێن موئنیس و باڵی چەکداریی هەیە.
-هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەڕایی نزیکە لەم هاوپەیمانێتیە نوێیە بەڵام تاوەکو ئێستا بە تەواوی هەڵوێستەکەی یەکلایی نەبووەتەوە.
ئەم بەرەیە کە بەشێکی زۆری لە باڵە سیاسییەکانی گرووپە چەکدارەکان پێکدێت ژمارەی کورسییەکانی نزیکەی 80 پەرلەمانتارە، ئامانجی سەرەکیی ڕووبەڕووبوونەوەی فشارە دەرەکییەکان و ڕەتکردنەوەی هەر یاسایەکە بۆ داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارەکان یان هەڵوەشاندنەوەیان.
لە بەرامبەردا، جەمسەری دووەم کە بە “تەوەرەی پشتیوانی حکومەت” دەناسرێت، بە ئامانجی ئەنجامدانی گۆڕانکاری و سنووردارکردنی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا پێکدێت. ئەم بەرەیە هێزە جیاوازەکانی وەک؛
-هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی.
-هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی عەممار حەکیم
-هاوپەیمانیی تەقەدووم کە محەممەد حەلبووسی سەرۆکایەتیی دەکات.
-هاوپەیمانیی سیادە بە سەرۆکایەتیی سەرمەد خەمیس خەنجەر.
-هاوپەیمانیی حەسمی وەتەنی کە سابت عەباسی، وەزیری پێشووی بەرگری سەرۆکایەتیی دەکات.
-بزووتنەوەی سادیقوون، باڵی سیاسیی گرووپی چەکداریی عەسائیبی ئەهلی حەق کە قەیس خەزعەلی ئەمینداریەتی.
-بزووتنەوەی بابلیوونی کریستیانەکان بە سەرۆکایەتیی ڕەیان کلدانی کە باڵی چەکداریشی هەیە لەپاڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ.
پێشبینی دەکرێت ئەم بەرەیە بتوانێت زۆرینەی پەرلەمانی بە لانی کەمەوە 170 کورسی مسۆگەر بکات، لە کاتێکدا هێشتا بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی دیکە چاوەڕێ دەکەن پێش ئەوەی لایەنگری خۆیان بۆ هەرکام لە هاوپەیمانێتییەکان ڕابگەیەنن.





