
لە زانکۆی ئەمریکی لە (واشنتۆن دی سی) تێزی ماجستێرەکەی لەسەر “چارەسەرکردنی ململانێکان و ئاشتی” بوو، بەڵام سەردەمەکەی زۆرترین ململانێ و کەمترین ئاشتی تێدا بوو.
مەسرور بارزانی لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا بۆ درێژەدان بە خوێندن ڕووی لە ئەمریکا کردووە، و قۆناغەکانی خوێندنی باڵای لە زانکۆی ئەمریکی لە واشنتۆن بەم شێوەیە بووە: ساڵی 1997 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بواری سیاسەتی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە. ساڵی 1998 درێژەی بە خوێندن داوە و بڕوانامەی ماجستێری لە بواری خوێندنی نێودەوڵەتی بە گرنگیدان بە چارەسەری ململانێکان و ئاشتی وەرگرتووە.
دوای تەواوکردنی خوێندنەکەی لە ئەمریکا، مەسرور بارزانی لە ساڵی 1998، گەڕایەوە بۆ هەرێمی کوردستان و دەستی بە کارکردنی فەرمی لە کایەی سیاسی و ئەمنیدا کرد. لە دەرگای ئاشتیەوە چووە نێو ڕاڕەوە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان.
“برا گەورە” لەنێوا جۆرج ئۆروێڵ و پارتی دیموکراتی کوردستان دا
کاتێک بووە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ساڵانێک بوو لەنێو پارتی دیموکراتی کوردستان بە نازناوی “برا گەورە” بانگ دەکرا.
چەمکی “برا گەورە” (Big Brother) یەکێکە لە ناسراوترین و کاریگەریترین چەمکە فیکری و سیاسییەکان لە ئەدەبیاتی جیهانیدا، چەمکەکە لەڕۆمانی “1984”ی نووسەری بەناوبانگی بەریتانی جۆرج ئۆروێڵ-ەوە هاتووە، کە ساڵی 1949 بڵاوکراوەتەوە
لەم ڕۆمانەدا، “برا گەورە” تەنها ناوێک نییە، بەڵکو هێمایەکە بۆ سیستمێکی سیاسیی تۆتالیتار (دکتاتۆری ڕەها) کە کۆنترۆڵی تەواوی ژیانی گشتی و تایبەتی مرۆڤەکان دەکات.
لە ژێر سایەی فەرمانڕوایی برا گەورەدا، ڕاستی شتێکی جێگیر نییە، بەڵکو ئەوەیە کە حیزب دەیەوێت. مێژوو ڕۆژانە دووبارە دەنووسرێتەوە بۆ ئەوەی هەمیشە وا دەربکەوێت کە برا گەورە ڕاست دەکات و هیچ هەڵەیەک ناکات.
نەیارەکانی مەسرور بارزانی (کە خۆی لە چاوپێکەوتنێکی میدیایدا دەڵێت نەیارم زۆر نیە، بەڵام نەیارەکانم دەنگیان بەرزە) هەوڵدەدەن پەیوەندییەک لەنێوان “براگەورە” لەلای پارتی و “برا گەورە”ی نێو ڕۆمانەکەی ئۆروێڵ دروست بکەن و بۆچوونیان وایە، هاوشێوەی ڕۆمانەکە مەسرور بارزانیش دەیەوێت حزب کۆنترۆڵی هەموو جومگەکانی دەسەڵات بکات.
بەڵام لایەنگرەکانی مەسرور بارزانی بۆچوونێکی دیکەیان هەیە و پێیان وایە “ناهەقی” بەرامبەر بارزانی دەکرێت، چونکە بەکارهێنانی نازناوی “برا گەورە” بۆ ئەو، جۆرێکە لە نەریتی کۆمەڵگەی کوردیی و پەیوەندیی بە سیاسەتی چەوساندنەوە و مۆنۆپۆڵکردنەوە نیە.
ململانێکان لە کابینەکەی مەسرور بارزانی
مەسرور بارزانی، کە خولێک بە یاسایی و نزیکەی خولێکی دیکە لە دەرەوەی پەرلەمان و یاسا سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانە، لەماوەی حوکمڕانیی کابینەکەیدا هەرێمی کوردستان شاهیدی چەندین ململانێی قورسی سیاسی بوون، هەم لەنێوخۆ لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لایەنەکانی دیکە، هەم لەگەڵ بەغدا و تەنانەت ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش.
ململانێکان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەکە و شێوازی بڕیاردانی ئەمنی و دارایی لە زۆنی زەرد و سەوز هەر لە سەرەتاوە دەستیپێکرد. لەو ساڵانەدا (2019 – 2021) کە لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی ئەوکاتەی یەکێتی لە لوتکەی دەسەڵات دا بوو، بەهۆی ململانێکانی لەگەڵ مەسرور بارزانی دۆخێکی سەخت بۆ خەڵکی کوردستان دروست ببوو، لە هەر ساتێکدا ئەگەری جیابوونەوەی سلێمانی لە هەولێر و دروستبوونی دوو ئیدارەیی دەکرا.
هەرچەندە لەگەڵ دەستبەکاربوونی حکومەتەکەیدا، مەسرور بارزانی بانگەشەی ئەوەی کرد کە کابینەی نۆ، کابینەی حوکمکردنی هەموو کوردستان دەبێت لە زاخۆوە تا خانەقین، بەڵام لە دەستپێکدا ئەزموونی ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بانگەشەکەی پێچەوانە کردەوە، چونکە هەر بڕیارێک لە هەولێرەوە دەردەچوو، لە سلێمانی جێبەجێ نەدەکران.
دواتریش لەسەر داهاتی ناوخۆ و کۆکردنەوەی داهاتەکە چووە قۆناغێکی توندی ململانێوە لەگەڵ یەکێتی، باجی ململانێکەش پارێزگای سلێمانی و خەڵکەکەی بە کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییەکان دایان.
یەکێتی لە بەغداوە پاڵپشتی لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەکرد بۆ گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنی کوردستان و کەمکردنەوەی کورسیی کۆتاکان (کە پارتی وەک گورزێک لە قەوارەی هەرێم دەیبینی). هەڵوەشاندنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن دادگای فیدراڵیی عێراق و دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، وای لە پارتی کرد لە سەرەتای 2024دا هەڕەشەی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکە بکات، بەڵام یەکێتی ڕایگەیاند، کە ئەوان بەبێ پارتیش لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردن دەکەن، ئەمەش لوتکەی جیابوونەوەی سیاسیی دوو حزبە سەرەکییەکەی پێکهێنەری حکومەت بوو.
لەمێژووی بەشداریی یەکێتی لە کابینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بایکۆتکردن بابەتێک بووە لە دەرەوەی بیرکردنەوەی ئەو حزبە، بەڵام لە کابینەی نۆ-دا، یەکێتی بایکۆتی گەورەی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی لە تشرینی دووەمی 2022 تا ئایاری 2023 کرد، کە ئەمە درێژخایەنترین و توندترین هەڵوێستی فەرمی یەکێتی بوو لە مێژووی بەشداریکردنی لە حکومەتدا.
لەسەرەتادا کێشەکە لەسەر شێوازی دابەشکردنی داهاتەکان و گەمارۆی دارایی سەر سلێمانی بوو، بەڵام دوای تیرۆرکردنی عەقید هاوکار جاف لە هەولێر (تشرینی یەکەمی 2022) و تۆمەتبارکردنی بەرپرسانی ئەمنیی سلێمانی لەلایەن دژەتیرۆری هەولێرەوە، دۆخەکە تەقییەوە.
پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی و مێژوویی بەخۆیەوە بینی. ئەم قۆناغە لە جیاتی “ململانێی سیاسیی تەقلیدی” گۆڕا بۆ “شەڕی یاسایی و دارایی فەرمی”، کە تێیدا بەغدا ستراتیژیەتی بەکارهێنانی دامەزراوە دەستوورییەکانی گرتەبەر بۆ لاوازکردنی سەربەخۆیی ئابووریی هەرێمی کوردستان، لەبەرامبەردا وەڵامی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا لێدوانی توند و پابەند نەبوون بوو بە داواکارییەکانی بەغداوە.
لە دوای پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی لەساڵی 2022 و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی دواتر، جڵەوی دەسەڵات لە بەغدا زیاتر کەوتە دەست هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، کە دیدگایەکی مەرکەزیی توندیان هەیە بەرامبەر دەسەڵاتەکانی هەرێم.
کابینەکەی مەسرور بارزانی، سەرەڕای ئەنجامدانی چەندین سەردانی فەرمی بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، نەیتوانی ڕێککەوتنێکی کۆتایی و جێگیر واژۆ بکات کە زامنی مانەوەی سەربەخۆیی دارایی هەرێم بکات.
مەسرور بارزانی لەماوەی حوکمڕانیەکەی دا ڕەخنەی ئەوەی لە دەسەڵاتدارانی بەغدا دەگرت کە دەیانەوێت بەرامبەر هەرێمی کوردستان “مەرکەزییەت” لە بڕیاردان دا جێبەجێ بکەن، ئەو داوای لامەرکەزییەت و جۆرە سەربەخۆییەک لە بڕیاردانی دەکرد، بەڵام هاوکێشەکە لە هەرێمی کوردستان پێچەوانە بوو، مەسرور بارزانی بە تەواوی بەرامبەر سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی مەرکەزیی بوو.
ئاشتی لە کابینەکەی مەسرور بارزانی
دوای نێوەندگیریی چڕی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سەردانی تیمی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، تیمی یەکێتی لە ئایاری 2023دا بە مەرجی جێبەجێکردنی داواکارییە داراییەکانیان گەڕانەوە ناو کۆبوونەوەکان، واتا ئەو ئاشتیەی مەسرور بارزانی بۆی خوێند، بۆ ململانێکانی لەگەڵ یەکێتی سودێکی ئەوتۆی نەبوو، تا ئەو کاتەی ئەمریکییەکان دەستوەردانیان کرد.
لەکاتێکدا مەسرور بارزانی خوێندنی لە ئەمریکا بووە و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی واشنتۆن هەبووە، بەڵام لەسەردەمی ئەودا پەوەندییەکانی هەرێم و ئەمریکا لە شۆکێکی بەردەوامدا بوو، بەهۆی پاشەکشەی دیموکراسی و ئازادییەکان (کە کونسوڵخانە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چەندین جار لە ڕاپۆرتەکانیاندا باسیان کرد).
لەماوەی کابینەی نۆدا، پرسی کۆچکردنی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوروپا ڕووی لە هەڵکشان کرد، (بە تایبەت قەیرانی سنوورەکانی بیلاڕووس لە 2021)، هەرێمی کوردستان شاهیدی گەورەترین شەپۆلی کۆچی گەنجان و خێزانەکان بوو بەرەو ئەوروپا، بەهۆی بێهیوایی لە چاکسازی و نەبوونی ئاسایشی ئابووری و ململانێی بەردەوامی حزبەکان.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی کورد مۆنیتەر، لەنێوان ساڵانی 2019 تا 2024 نزیکەی 85 هەزار هاووڵاتی هەرێمی کوردستان کۆچیان کردووە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، بەشێک لەوانە لە ڕێگەی کۆچکردندا گیانیان لەدەستدا.
مەسرور بارزانی هەمیشە پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە ئاشتیی ڕاستەقینە و سەقامگیری لە ڕێگەی “سەپاندنی یاسا، بنبڕکردنی فرەبڕیاری، و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت”ەوە دێت. لە ڕوانگەی کابینەکەیەوە، چاوپۆشیکردن لە هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا یان ڕێگەدان بە ئابووریی حزبی، خۆی لە خۆیدا سەرچاوەی ناسەقامگیرین. بۆیە هەوڵەکانی بۆ ناوەندیکردنی دەسەڵات و دارایی وەک هەنگاوێک بەرەو دابینکردنی ئاشتییەکی بەردەوام دەبینران.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک دووەم بەهێزترین لایەنی پێکهێنەری حکومەت لە دوای پارتی، خاوەنی نزیکەی 100 هەزار هێزی چەکدارە بەمشێوەیە:
- هێزی (70)، ئەم لەنزیكەی (56 هەزار) پێشمەرگە پێكدێت.
- هێزی بەرگریو فریاكەوتنی یەكێتی (26 هەزار) كەسە.
- ئاسایشی یەكێتی زیاتر لە (14 هەزار) كەسە.
- جگە لە دژە تیرۆر و کۆماندۆ کە ژمارەیان نادیارە
لەبەرامبەردا پارتیش خاوەنی زیاتر لە 100 هەزار هێزی چەکدارە بەمشێوەیە:
- هێزی (80)، ئەم هێزە ژمارەی پێشمەرگەكانی زیاتر لە (56 هەزار) كەسە.
- پارتی هێزێكی تری سەربازی هەیە بەناوی هێزی “زێرەڤانی”، ئەم هێزە (44 هەزار) كەسە.
- ئاسایشی پارتی زیاتر لە (16 هەزار) كەسە.
- جگە لە دژە تیرۆر و کۆماندۆ کە ژمارەیان نادیارە
هەرچەندە بەشێکی زۆر لەو هێزانەی یەکێتی کە پارتی دەیگوت لەدەوەی دەسەڵاتی حکومەتن، لە ڕاستیدا لە دەرەوەی حکومەتن و تەنها لەڕێگەی مووچەوە بە حکومەتەوە بەستراونەتەوە، بەڵام لەبەرامبەردا ئەو دۆخە لەنێو پارتی-شدا بەهەمانشێوەیە و بەشێکی زۆر لە هێزەکانی لە دەرەوەی حکومەت هەڵسوکەوت دەکەن. تەنانەت هەندێکیان لە ململانێ نێوخۆییەکاندا قسەی خۆیان هەیە.
زمان و توانای چارەسەکردنی ململانێکان لەنێوان پارتی و یەکێتی لەماوەی کابینەی نۆ هەتا ئێستا، لە گفتوگۆی پەرلەمانییەوە گۆڕا بۆ شەڕی سوپای ئەلیکترۆنی و شکاندنی کەسایەتییە سیاسیەکان، ئەمەش درزێکی قووڵی لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سیاسیی هەرێمدا دروست کرد، سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی لەجیاتی ڕوبەڕوبونەوەی یەکتر لە کۆبوونەوەکان و ژوورە دیبلۆماسیەکاندا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕوبەڕوی یەکتریی دەبونەوە.
یەکێک لەو ڕەخنانەی کە بەردەوام لەم کابینەیە دەگیرا، کەمبوونەوەی ڕووبەری ئاشتیی مەدەنی بوو. دۆسیەی دەستگیرکراوانی بادینان و مامەڵەکردنی توندی دەزگا ئەمنییەکان لەگەڵ خۆپێشاندان و دەنگە ڕەخنەگرەکان، وایکرد کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕوانگەیەکی نەرێنییان لەسەر دۆخی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی ڕادەربڕین لەم سەردەمەدا هەبێت، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر چەمکی ئاشتیی ناوخۆیی جێهێشت.
لەسەر ئاستی دەرەوە، هەرێمی کوردستان نەیتوانی لە ململانێ هەرێمایەتییەکان دووربکەوێتەوە، هەولێر بووە ئامانجی هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و میلیشیا عێراقیەکانی نزیک لە ئێران، حکومەتی هەرێم لەجیاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکە لەگەڵ ئێران و میلیشیا عێراقیەکان، زمانی توندی هێرشکردنە سەر میلیشیاکانی هەڵبژارد.
پرسی ئاشتی لە سەردەمی مەسرور بارزانیدا دووچاری “کێشەی جێبەجێکردن” بوەوە. تێزی ئەکادیمیی “ئاشتی و چارەسەری ململانێکان” کاتێک بەر واقیعی ئاڵۆزی سیاسیی کوردستان کەوت، نەیتوانی مۆدێلێکی نەرم و سازشکارانە بەرهەم بهێنێت، بەڵکو ستایلی حوکمڕانییەکە زیاتر بەرەو ململانێی “سەپاندنی ئیرادە و مەرکەزییەت” چوو، ئەمەش وایکرد واقیعی کابینەکە کەمترین ڕەنگدانەوەی تێزی خوێندنەکەی سەرۆک وەزیرانی پێوە دیار بێت.





